زانكۆی پۆلەتەكنیك چی لە پارەی خوێندنی ئێواران كرد؟

AM:11:14:18/02/2017 ‌
بەهۆی بێتوانایی حكوومەتی هەرێم لە پێدانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكان لە كوردستان بەهۆی ته‌نگژه‌ی دارایی, زۆربەی زانكۆ حكوومیەكان لە هەموو بەشەكاندا خوێندنی ئێوارانیان كردەوە و كارئاسانی زۆریان كرد بۆ خەڵك بۆ وەرگیران بێ رەچاوكردنی نمرە و مەرجەكانی تر. 

تەنیا بۆ ئەوەی پارەیەكی زۆر كۆ بكەنەوە لە خەڵك لە بەرامبەر ڕێگەدانیان بە خوێندن، ژمارەیەكی زۆر قوتابی وەرگیراون بۆ ئەمساڵ تا پارەی مووچە بۆ مامۆستایان دابین بكەن, بەڵام سەیر لەوەدایە كە چارەنووسی ئەم هەموو پارەیە چی لێهات لە سایەی نەبوونی چاودێرییەكی وردی وەزارەت و حكوومەتی هەرێم؟

لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی، لە سەرجەم ئەو بەشانەی لە كۆلیژی و پەیمانگا تەكنیكیەكان كراونەتەوە, زیاتر لە 500 ملیۆن دینار كۆكراوەتەوە و لە حیسابی زانكۆ دانراوە. ئەم پارەیە پێویست بوو خەرج بكرێت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران كە ئێواران دەوام دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ چاودێریەكیان لەسەر نییە، سەرۆكایەتیی ئەم زانكۆیە لە كۆتای مانگی رابردوو كانوونی دووه‌م و سەرەتای ئه‌م مانگه‌ شوبات، بەشێوەیەكی نهێنی و تایبەت و دوور لە هەموو یاسایەك لە پارەی كۆكراوەی قوتابیانی ئێواران تەواوی مووچەی مانگی (7 ، 8، 9، 12ی 2016 و مانگی 1ی 2017)یان بۆ خۆیان بڕیووەتەوە و وەرگرتووە, لە كاتێكدا لە هیچ شوێنێكی ئەم زانكۆیە دەوام نەكراوە. 
هەروەها هەرچی ڕاگری كۆلێژ و پەیمانگای سەر بەم زانكۆیە و جێگرەكانیان هەیە, هەمووی مووچەی مانگی (10 ، 11، 12)یان بۆ خەرج كراوە لە كاتێكدا ئەمانیش هیچ دەوامێكیان نەكردووە و بایكۆت بووە!

هەر بە بڕیاری سەرۆكی ئەم زانكۆیە، مووچەیەكی 700 هەزاری دیناری و 600 هەزار دیناری خەرج كراوە بۆ سەرۆكی بەشەكانی كولیژ و پەیمانگاكان و هەندێ فەرمانبەری نزیك لە خۆیان و بڕیاردەری بەشەكان، بەڵام تا ئێستا یەك مامۆستا لە پەیمانگا و كولیژەكانی ئەم زانكۆیە  فلسێكیان وەرنەگرتووە لە كاتێكدا هەرچی پارەیە كە كۆكراوەتەوە بۆ ئەوە بووە مووچەی مامۆستایانی پێ دابین بكرێت.

ئەگەر لە زانكۆ كە شوێنی زانستە بەم شێوەیە هەموو پارەكان بۆ بەرژەوەندی بەرپرسانی زانكۆ تەرخان بكرێت و پارە تەخشان و پەخشان بكرێ بۆ كۆمەڵێ كەسی بڕیار بەدەست لە زانكۆكە, ئیتر بۆچی گلەیی لە حكوومەت و به‌رپرسان دەكەن كە گەندەڵی لە نەوت دەكەن؟. چۆن ئەبێ وەزارەتی خوێندنی باڵا و حكوومەت لەم نادادییه‌ بێدەنگ بن و چاودێری دارایی لێپرسینەوە نەكات؟.

تابان كه‌ركووكی