سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
زیاتر له نیو سه‌ده‌یه خوێنه‌ری كورد ده‌زانێ نالی كێیه و چ شیعرێكی نووسیوه، به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتووه نالی هی چ سه‌رده‌مێكه، چ یاخیبوونێ، بوێری و هه‌ستقووڵی و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له شیعره‌كانیدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ له‌م زاته باشتر تێبگات، ده‌بێ كتێبی ∀نالی له به‌لاغه‌وه بۆ مۆدێرنیته∀ی توێژه‌ر رێبوار سیوه‌یلی بخوێنێته‌وه.
له‌م كتێبه‌دا سیوه‌یلی ورده‌كارییه‌كی قه‌شه‌نگ و قشت و پڕئاڵوواڵای به‌كار هێناوه له ریتمی چوونه ناو مێژوو و كاریگه‌ری و بابه‌ته‌كانی شیعر و لادان و سه‌رسه‌ختییه‌كانی نالی، له ئاستی هه‌مه‌چه‌شندا ورده‌كارییه‌كانی شیعری نالی لێكداوه‌ته‌وه، له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌كمه‌ودای نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر، بگره به چوارده‌ور و ئاراسته هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی مرۆیی و فه‌لسه‌فی و ئیتیك، جوانناسی، به‌لاغه‌ناسی، كوردناسی، تا ده‌گاته رۆحناسی و هه‌ستناسی گه‌ڕاوه و سه‌رچاوه‌كانی هه‌ڵداوه‌ته‌وه، بێگومان به ددانپێنانی خۆی به‌بێ سه‌رچاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی توێژه‌رانی پێشووی خۆی ئه‌م كاره وا به‌ئاسانی نه‌ده‌هاته به‌ر. زۆر نوێباوانه ده‌ڕوانێته بیر و جیهانبینی نالی، ئه‌و وه‌ك شاعیرێكی مه‌لای ستاندار ته‌ماشای ناكات، به‌ڵكو وه‌ك شاعیرێك ده‌یبینێت قه‌ید و كۆتوبه‌ندی به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی له خۆیدا پساندبێت.
سیوه‌یلی ئاماژه به نالی ده‌كات وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پێش زه‌وینه‌ی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، به‌دوای شوناسی شیعری كوردیدا گه‌ڕاوه، وه‌ك چۆن له‌و سه‌رده‌مه‌دا بابانییه‌كان به‌دوای شوناسی خۆیاندا ده‌گه‌ڕان و ئاوێزان بوون به ئه‌وروپا، نالی ئه‌م ئاوێزانیه‌ی تێدا بوو، گه‌ڕاوه تا ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، ته‌نیا ناسنامه‌ی خۆی نا، ناسنامه‌ی شیعری كوردیش. ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه ده‌یه‌وێ پێمان بڵێت زۆره، به‌ڵام ده‌یه‌وێ بڵێت به‌لاغه ده‌سه‌ڵاتی سنوورداركردنی مانای شیعره، به سه‌ختی پێوه‌ندی هه‌یه به جیهانبینی به‌ده‌وییانه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامییه‌وه.
نووسه‌ر پێی وایه به‌لاغه جوانترین رێی عه‌ره‌به‌كانه بۆ داگیركردنی كولتووری نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌ر غه‌زوو بریتی بێت له ده‌ست به‌سه‌راگرتنی به زۆر به ئامانجی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتخوازی ئایدیۆلۆجیی ئاینی، ئه‌وه به‌لاغه له ئاستی كولتوور و زماندا هه‌مان كار ده‌كات. هه‌روه‌ك نووسه‌ر ئاماژه‌ی بۆ كردووه، به‌لاغه سیسته‌مێكی داپۆشه‌ر، سنوورداركه‌ر، حه‌رامكه‌ر و پێوه‌رییانه‌یه به‌سه‌ر شیعری ئێمه‌وه، تا هه‌رگیز ئه‌م شیعره له خۆیدا و وه‌ك ئه‌وه‌ی به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه هه‌یه، نه‌ناسین.
پاش ئه‌م هێرشه تونده‌ی نووسه‌ر بۆ سه‌ر به‌لاغه، هێرشبردنه‌كه‌ی به چه‌ندان نموونه و ئارگیومێنتی به‌هێز پاڵپشت ده‌كات، به بڕوای ئه‌و نالی بێده‌نگییه‌كانی شكاندووه و سانسۆر ره‌چاو ناكات و رۆحی كوردبوون له قه‌سیده‌كانیدا ناشارێته‌وه، ئه‌مه‌ش خۆی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پرنسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی به‌لاغه‌یه. بۆیه له ده‌رئه‌نجامدا به‌وه ده‌گات كه به‌لاغه خزمه‌ت به دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی شیعری كلاسیكی ئێمه ناكات. له به‌لاغه‌خستن به‌شێكه له رزگابوون له زه‌وق و چێژی عه‌ره‌بی ئیسلامی به‌رایی.
كورد و سه‌رسامی به مۆدێرنیته، به‌لاغه وه‌ك رێگر، دووانه‌ی ∀من∀ و ∀ئه‌ویتر∀ له شیعری نالی‌دا سێ به‌شی سه‌ره‌كی ئه‌م كتێبه‌ن. پاش ئه‌وه‌ی پێشه‌كییه‌كی تێروته‌سه‌ل ده‌خوێنینه‌وه له‌سه‌ر به‌لاغه و مۆدێرنێته به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئینجا له به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی نووسه‌ر زۆر به‌وردی باس له ده‌وڵه‌تمه‌دارانی میرنشینی بابان ده‌كات، ئه‌و لایه‌نانه ده‌خاته ڕوو كه وایكردووه زه‌وینه‌ی پێشكه‌وتنی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌دا گه‌شه بكات، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ رۆڵی هه‌ریه‌ك له عوسمان به‌گ، مه‌حموود پاشا، ئه‌حمه‌د پاشا. ئاشكرایه كه ئه‌و سه‌رده‌مه، سلێمانی ناوچه‌ی ململانێی نێوان ئینگلیز و عوسمانییه‌كان ده‌بێت، كوردیش له‌و ناوه‌نده بۆ ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسی خۆی ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام كورد زیاتر به‌ره‌و ئاراسته‌ی نوێخوازی ده‌ڕوات به‌ره‌و لای ئه‌ورپاییه‌كاندا ده‌یشكێنێته‌وه، نووسه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و جۆره پێوه‌ندییه پیشان ده‌دات، له رێی باسكردنی كه‌سایه‌تییه‌كانی وه‌ك جه‌یمس ریچ و جیمز فرێزه‌ر و ئۆژین فلاندین، هه‌روه‌ها زڕنگی كه‌سایه‌تییه‌كانی بابان له‌باره‌ی زانیاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی هزری كولتوورییان.
نووسه‌ر ده‌پرسێ ∀نالی بۆچی له په‌راوێزدا گرنگتره وه‌ك له خولگه و چوارچێوه‌ی ستاندارده چاوه‌ڕوانكراوه به‌لاغییه‌كه‌دا؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش ده‌ڵێت: له‌به‌رئه‌وه‌ی نالی په‌راوێز ده‌كاته خاڵی جیاوازیی و له‌و جیاوازییه‌دا ئه‌و شته تایبه‌تییه‌ی كه شوناس به ئه‌و، وه‌ك كوردێك ده‌یبه‌خشێت، دێته قسه، كه كولتووری سه‌رده‌سته، ئایدیۆلۆجیاكه‌ی، ئاینه‌كه‌ی و زمانه‌كه‌ی بواری ناداتێ و به‌پێی بنه‌ما شه‌رعی و ستاندارده زه‌وقییه‌كه قه‌ده‌غه‌ی كردووه، یان به‌و ئاشكراییه قسه‌ی له‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو وه‌ك شتێكی نامۆ و بێزراو.∀.
دیاره گرنگی نالی له‌وێدایه چه‌ندان ئه‌كشنی گرنگ له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، پێش هه‌موو شتێ قه‌ڵه‌مڕه‌وی حه‌رام له نێو به‌لاغه‌دا به‌جێده‌هێڵێت، له قه‌سیده‌ی ∀مه‌ستووره∀ ئه‌م راستییه ده‌رده‌كه‌وێ كه چۆن به‌سه‌ر هه‌موو تابۆكانی ناو ئاین و به‌لاغه‌دا بازی داوه. وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێ، له‌م قه‌سیده‌یه نالی تابۆكانی ناو روانگه‌ی ئاینی ئیسلام و گوتاری قورئانی له‌باره‌ی ژنه‌وه، ره‌چاو ناكات، چونكه ئه‌و باسی جه‌سته به گشتی و جه‌سته‌ی مێینه به‌تایبه‌تی و به‌شێك له جه‌سته‌ی مێینه ده‌كات كه ژنێتی و سێكسواڵیته‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش له ئایندا تابۆ و قه‌ده‌غه‌ی له‌سه‌ره.
پاشان له بڕگه‌یه‌كی تردا ده‌چینه سه‌ر لایه‌نێكی تری زۆر گرنگ له كه‌سایه‌تی نالی كه ئه‌ویش هیومانیزمی كه‌سایه‌تی ئه‌م شاعیره‌یه، مرۆڤدۆستی و مرۆڤنۆڕی لای نالی بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنه. له قه‌سیده‌كه‌یدا بۆ (كه‌ر) و له چه‌ند كارێكی تری‌دا له‌باره‌ی سروشت و باڵنده و گه‌ردوون قسه ده‌كات، نالی مرۆڤدۆسته، ئه‌ویتری خۆش ده‌وێت له پێناویان‌دا تێده‌كۆشێت، ستایشیان ده‌كا، كه‌رامه‌تیان ده‌پارێزێت، به‌ڵام پیرۆزی ناكات و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت و لۆمه‌ی ده‌كات و له لووتبه‌رزییه‌كانی ده‌هێنێته خواره‌وه.
دیاره سیوه‌یلی بۆ پاساودانی ئه‌و هه‌موو نموونانه‌ی له‌سه‌ر نالی هێناویه‌تیه‌وه، په‌نا ده‌باته به‌ر قورئان و فه‌رمووده و گێڕانه‌وه‌كان و زۆر له‌و راڤه‌كارانه‌ی كه به‌رگرییان له تێكسته پیرۆزه‌كان كردووه، تا بیسه‌لمێنی كه چۆن نالی له‌ناو ئه‌و ته‌لبه‌ندانه‌دا رێچكه‌ی خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت باس له ئیبن ته‌یمییه و قه‌ده‌غه‌كانی ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش به دوور و درێژی خۆی سه‌رقاڵ كردووه به‌و په‌رژینانه‌ی ئاین دایناون و نالی له ده‌ره‌وه‌یاندا ماڵی خۆی كردووه. شه‌ش قه‌ده‌غه‌كه‌ی ئیبن ته‌یمییه وه‌ك نموونه‌یه‌كی زه‌ق به‌راورد ده‌كات به تێكسته‌كانی نالی.
ئه‌و ده‌یه‌وێ بڵێ نالی به نووسینی شیعر له‌سه‌ر (كه‌ر) و (ژن) و (جه‌سته‌ی مرۆڤ) و كه‌تنێكی ناوه‌ته‌وه. بۆیه دواجار نووسه‌ر ده‌ڵێ ∀ئه‌م شیعره‌ی نالی هه‌ستێكی به‌رزی (دڵ به گیانه‌وه‌ران سووتان)ی تێدایه، به‌رانبه‌ر به‌م شیعره‌ی نالی شایانی ئه‌وه‌یه به یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كوردی گیانه‌وه‌ردۆست دابنرێ.
پاشان له‌م باسه ده‌رده‌چێ و دێته سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی شوناس، نووسه‌ر پێی وایه نالی له رێی زمانه‌وه شوناسی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات، چونكه زمان به‌شێكی گرنگی شوناسه. زمانی نالی زمانێكی خۆهۆشیاره به‌وه‌ی له‌وێدا به وه‌رگر و خوێنه‌ر ده‌ڵێت ئه‌و كێیه و سه‌ر به چ نه‌ته‌وه و مێژوویه‌كه، هه‌روه‌ها هۆشیاره نالی له‌وه‌ی كه گرنگی به زمان ده‌دات له پێوه‌ندی به خۆی و چۆنێتی به‌رجه‌سته‌بوونی خۆیه‌تی له زماندا. نالی ئه‌م هه‌ستوخرۆشه‌ی له ده‌قی (ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من، كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا) به‌رجه‌سته كردووه.
له پاش ئه‌مه شێوه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تری نالی ده‌بینین، نالی وه‌ك نه‌ته‌وه‌په‌رستی رێزدار به‌رانبه‌ر به كولتووره‌كانی تر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ریچه‌یه بكاته‌وه نووسه‌ر ده‌مانباته‌وه بۆ كورته‌یه‌كی مێژوویی له‌مه‌ڕ بزاڤی هه‌وڵی نووسه‌ر و شاعیرانی كوردی پێش نالی بۆ داكۆكیكردن له بنه‌ما مێژووییه‌كه‌ی كورد و زمانه‌كه‌ی، له‌مه‌یاندا نووسه‌ر باس له شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی و شه‌ره‌فنامه‌كه‌ی، ئه‌حمه‌ی خانی و شیعره‌كانی، خانای قوبادی و وه‌رگێڕانی نیزامی گه‌نجه‌وی بۆ زمانێكی كوردی و به‌كوردیكردنی داستانی ئه‌شقی شیرین و خه‌سره‌و، فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ند و شه‌ڕی به‌رگریكردنی له زمان و مێژووی كورد. له‌م ره‌وته‌دا نالی ده‌بێته نموونه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر له‌وانیش زیاتر نه‌بێت كه‌متر نییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای لێ كردووه به ته‌بعێكی شه‌ككه‌رباره‌وه ئینشای كوردی بخاته ناو شیعره‌كانی تا خۆی تاقی بكاته‌وه تا چه‌ند بونیادی ئه‌و زمانه‌ی پاراستووه.
دیاره ئه‌م كتێبه له‌و سنووره ناوه‌ستێ، له سیاسه‌ته‌وه ده‌مانبات بۆ شه‌ڕی زمان، ئینجا شه‌ڕی كولتوور و مه‌له‌كانی نالی دژ به شه‌پۆلی ئه‌و سه‌رده‌مه، پاشان دێته سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دنیابینی فه‌لسه‌فییانه‌ی نالی له‌مه‌ڕ مرۆڤ و سروشت و گه‌ردوون، له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕوا تا ئه‌و ئاسته‌ی پێی وایه نالی له چوارچێوه‌ی ئاین و كولتوورێكی تایبه‌تیدا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام نالی راسته‌قینه كه‌سایه‌تییه‌كی فره تاكایه‌تی و فره كه‌سایه‌تییه.
له به‌شی سێیه‌م كه تایبه‌ته به دووانه‌ی (من) و (ئه‌ویتر) سیوه‌یلی زۆر شێلگیرانه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، كه منی نالی منێكی ئیگۆیزمی (خۆپه‌رست) نییه، له خۆیه‌وه ده‌ره‌وه و له ده‌ره‌وه خۆی ده‌بینێت، بۆیه به‌شێكی زۆری ده‌قه‌كانیشی به ده‌وری ئه‌م دوو چه‌مكه و مانا و پێوه‌ندییانه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه. به‌پێی ئه‌و میتۆدانه‌ی كه بابه‌ته‌كان ده‌یخوازن، سیوه‌یلی زیاتر به‌ناو راڤه‌كردنی شیعره‌كاندا ده‌چێته خوارێ، ئه‌و میتۆده‌ی شیعری (وه‌ك قه‌فه‌س)ی پێ شی ده‌كاته‌وه میتۆدێكه بۆ تێگه‌یشتن له سوژه‌ی رووت و قووتی، له‌م ده‌قه‌دا مانا له‌ناو لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كاندا خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه. كۆتایی مانا له كۆتادا شتێكی ترمان پێ ده‌ڵێت. له‌م ده‌قه‌دا نووسه‌ر له شوێن و كات و مێژووه‌وه قسه له ده‌قه‌كه ده‌كات. زۆر له‌سه‌ر راڤه‌كارییه‌كانی ئه‌م قه‌سیده‌یه وه‌ستاوه، ئێمه ناتوانین به كورتی هیچی له‌باره‌یه‌وه بڵێین، بۆ خوێنه‌ر باشه روو بكاته خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه.
دواجار ده‌توانین بڵێین فره‌مه‌ودایی خوێندنه‌وه‌كان و په‌لهاویشتنی نووسه‌ر بۆ ئه‌دگاره هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی وێنه و ناوه‌ڕۆكه شیعرییه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ماناكان، وا ده‌كه‌ن نه‌توانین له نووسینێكی ئاوه‌ها كورت كاڵایه‌ك به‌قه‌د باڵای كتێبه‌كه بدوورین، ره‌نگه ئه‌م كورته نووسینه غه‌دریش له هه‌ندێ بابه‌تی گرنگی ناو كتێبه‌كه بكات، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا گرتنی په‌لی خوێنه‌ره به ئاراسته‌ی ئه‌و تووله رێیه‌ی كه ده‌یگه‌یه‌نێته ده‌روازه‌ی ناوه‌ڕۆكه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ناو كتێبه‌كه. سه‌رباری هه‌ندێ تێبینی تایبه‌تی خۆم، ده‌ستخۆشی له سیوه‌یلی ده‌كه‌م.
سه‌رچاوه:
نالی له به‌لاغه‌وه بۆ مۆدێرنیته
توێژینه‌وه‌یه‌كی راڤه‌كارانه له‌باره‌ی (نالی)یه‌وه
1800−1877
هه‌ولێر 2018
بڵاوكراوه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی ژماره 264