سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
نووسه‌ربوون یان رۆشنبیربوون ئه‌ركێكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌كرێ كار بێت، به‌ڵام له بناغه‌دا به‌هره‌یه‌كی زگماگییه ده‌كرێ به رێبازه هه‌مه‌چه‌شنه‌كان په‌ره‌ی پێ بدرێت و به رێ جۆراوجۆره‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی عه‌قڵ و رۆح فراوانتر بكرێت. كه‌سێ نییه له خۆیه‌وه ببێت به رۆشنبیر یان نووسه‌ر، ئه‌گه‌ر په‌نا نه‌باته به‌ر شێوازه‌كانی خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی فیكر و سه‌رچاوه‌كانی خوێندنه‌وه و گه‌ڕان.
به‌ڵام له رووبه‌ری كاری رۆشنبیری ئێمه‌دا، سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره له كه‌سانی رۆشنبیر هه‌ن، به‌ناوه هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی وه‌ك نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس، وه‌رگێڕ، هونه‌رمه‌ند.. تاد. زۆربه‌یان ده‌چنه ئه‌و خانه‌یه‌ی كه نه‌ك ناكرێ ناوی رۆشنبیریان پێ بێته سپاردن، بگره ده‌بێ له نزمترین پایه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌یشدا قبووڵ نه‌كرێن.
سه‌رباری بوونی ئه‌و زۆر و بۆرییه، هه‌ندێ بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه هه‌یه له‌مه‌ڕ كاركردن و بوون به رۆشنبیر، ئه‌وانه‌ی ئه‌م رێچكه‌یه هه‌ڵده‌بژێرن، چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆریان له كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ئه‌وان له ناخی خۆیانه‌وه وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه به‌رانبه‌ر به‌م ناوه‌ی كه هه‌ڵیانگرتووه رێزیان لێ بگرێت، گه‌وره‌تر له كاسبكاران و پیشه‌كاران و فه‌رمانبه‌ران ته‌ماشا بكرێن، وا بیر ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وان ده‌ستێكی باڵان و هه‌رچییه‌ك له پاڵ ئه‌واندایه ده‌بێت وه‌ك سه‌رمه‌شق لێی بڕوانن. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه دروست ده‌كات.
كاتێ كه ئیتر خۆت وا به مه‌زن زانی چاوه‌ڕوانی شتی گه‌وره‌ش ده‌كه‌یت، له‌ناو كایه‌ی رۆشنبیری ئێمه‌دا زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كاره هه‌ڵده‌بژێرن، كه‌سانێكن چاوه‌ڕوانی پاداشتن له كۆمه‌ڵگه، ئه‌وان چاوه‌ڕێی رێزی زیاتر و به به‌رز ته‌ماشاكردنی زۆرتر ده‌كه‌ن. بۆیه له‌م پێودانگه‌وه ده‌ڵێن: كاركردن و ده‌ستنیشانكردنی هه‌ر پیشه و كارێكی رۆژانه، هه‌ڵبژاردنێكه تاك خۆی پێی هه‌ڵده‌ستێ و هه‌ڵیده‌بژێرێت، كاتێك ئه‌و كار و پیشه‌یه بۆ ئاینده‌ی خۆی ده‌ستنیشان ده‌كات، هه‌ر خۆیشی به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر به ده‌رئه‌نجامه‌كانی، زۆربه‌ی زۆری رۆشنبیرانی ئێمه له ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه و ده‌وروبه‌ر و هاوڕێكانیان چاوه‌ڕوانی پاداشت ده‌كه‌ن، وا ده‌زانن ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، مه‌زنترین ئه‌ركه له ئه‌ركه‌كانی كۆمه‌ڵگه.
به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌بیر چووه كه ئه‌ركی پۆلیس، یان مامۆستایه‌ك، یان پاككه‌ره‌وه‌یه‌ك كه به‌یانیان شه‌قامه‌كانمان بۆ پاك ده‌كاته‌وه، هیچی كه‌متر نییه له كاره‌كه‌ی ئه‌وان. ره‌نگه هه‌ندێ بڵێن كاری ئێمه بزاڤ و هه‌وڵی عه‌قڵی و گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌یان بیر چووه، ئه‌و ژنه‌ی به‌یانیان له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌رزییه‌ك له نه‌خۆشێك ده‌دات، یان ئه‌و شۆفێره‌ی به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك منداڵی په‌ككه‌وته ده‌بات بۆ قوتابخانه تایبه‌تییه‌كان، هیچی له‌وان كه‌متر نییه و بگره زیاتریشه.
پێوانه‌ی روانینی رۆشنبیر بۆ خۆی وایكردووه نه‌توانێ هه‌ندێ راستی هه‌یه قبووڵی بكات، واته ئه‌و ئه‌وه‌ی قبووڵ نابێت وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ته‌ماشای بكرێت، بۆیه زۆربه‌یان چاوه‌ڕوانی پێشوازی گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن و هه‌میشه له ده‌وڵه‌ت ده‌خوازن زیاتر ئاوڕیان لێ بداته‌وه، پاداشتیان بكات، رێزیان لێ بگرێ، زه‌وی، خانه‌نشینی و زۆر شتی تر، به شایانی خۆیان ده‌زانن. ئه‌م شێوه روانینه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
بێگومان ئه‌م روانینه له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه لای ئێمه كاری رۆشنبیری پێگه‌یشتن و خۆدروستكردن نییه زیاتر له‌وه‌ی ده‌رفه‌ت و دامه‌زراندنه، واته ئه‌وانه‌ی به‌ناو رۆشنبیرن وه‌ك فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر داده‌مه‌زرێن یان ده‌رفه‌تێكیان بۆ ده‌ڕه‌خسێ له ده‌زگایه‌كی رۆشنبیری كار ده‌كه‌ن. ئه‌مانه ئه‌و كاره‌ی ده‌یكه‌ن سه‌رچاوه‌كه‌ی پیشه‌یییه نه‌ك رۆحی، زۆربه‌یان ده‌رچووی قوتابخانه‌كانی پارتن، قه‌ڵه‌م و كاریان بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌ركێك كه پێیان هاتووه‌ته سپاردن جێبه‌جێی بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك حه‌ز و به‌هره‌یه‌ك.
له زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی دنیا، رۆشنبیر حه‌ز و خۆپێگه‌یاندنه، له ناخه‌وه له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژ له خۆپێگه‌یاندن و ماندووبوون ده‌گات به ترۆپك و گه‌شانه‌وه، بۆیه له ئه‌نجامدا به به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ده‌ژی و به‌رهه‌مه‌كانی ده‌گۆڕێن بۆ ده‌ستكه‌وتی دارایی، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زۆربه‌ی رۆشنبیران له ئه‌نجامی دامه‌زراندنه‌وه ده‌ستكه‌وتی دارایی‌یان ده‌بێت، به‌مه‌ش ته‌مه‌ڵی فیكری هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ناخیاندا دروست ده‌بێت.
من دژ به‌وه نیم ژیانێكی خۆشگوزه‌ران بۆ كه‌سی رۆشنبیر ده‌سته‌به‌ر بێت، دژ به‌وه نیم رۆشنبیر باشترین هه‌لومه‌رجی دارایی و پاداشتی له به‌رده‌ست بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ زیاتر داهێنان بكات، به‌ڵام نابێ ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر حیسابی زۆری و بۆری، له‌سه‌ر حیسابی دروستكردنی سوپایه‌ك له نه‌خوێنده‌وار به‌ناوی رۆشنبیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند. ئه‌گه‌ر بڕوانین و بیخه‌مڵێنین ئه‌و بودجه دارایییانه‌ی له رۆشنبیرانی نه‌خوێنده‌وار له كوردستان خه‌رج ده‌كرێت، باشتره بكرێت به ژێرخانێكی گه‌وره بۆ گه‌شه‌دان به سه‌رچاوه فه‌رهه‌نگییه‌كان، بكرێت به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ چاككردنی ژیانی كه‌سه داهێنه‌ره‌كان.