له راپۆرته‌كه‌ی كۆنفڕانسی میوشن توركیا له ژێر تایتلی (توركیا: تۆماری كوده‌تا) باس كراوه، هه‌روه‌ها رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له ژێر تایتڵی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: ده‌ستێوه‌ردانه‌كان)، له‌باره‌ی توركیا راپۆرته‌كه ئاماژه به‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌ی ناوخۆی توركیا ده‌كات، دوای كوتادهكهی ته‌مووزی 2016 كه حكوومه‌تی توركیا و سه‌رۆك ئه‌ردۆگان به‌بێ ره‌چاوكردنی هیچ پره‌نسیپێكی دیموكراتی، یان پێوه‌ره‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی دوای ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه كردوویه‌تی، له‌باره‌ی ئه‌و ره‌فتارانه‌ی توركیاش، راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به قسه‌یه‌كی راشكاوانه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا كردووه كه له‌وه‌ڵامی ره‌خنه‌كاندا گوتوویه‌تی: (گرنگ نییه پێم ده‌ڵێن دیكتاتۆر، یان هه‌ر شتێكی تر، ئه‌م قسانه له‌م گوێیه‌م ده‌یبیستم و له‌و گوێیه‌ی ترم ده‌چێته ده‌ره‌وه)، ئاماژه‌كردنی راپۆرته‌كه به‌م قسه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا مانای ئه‌وه‌یه له‌و كاته‌ی توركیا به‌ره‌و 100 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری توركیای نوێ له 2023 هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه چیتر توركیا به سیستمی دیموكراتی به‌ڕێوه ناچێت و هه‌نگاو بۆ ئاراسته‌یه‌كی تری حوكمڕانی هه‌ڵده‌گرێت، به‌تایبه‌تیش كه ئه‌م ره‌فتارانه‌ی دوای كوده‌تاكه به‌ته‌واوه‌تی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوور خستووه‌ته‌وه، توركیاش له بوون به ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا نا‌ئومێد بووه.
توركیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی تازه‌ی هه‌ڵگرتووه، به‌تایبه‌تی نزیكبوونه‌وه و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ رووسیا كه ئه‌مه‌ش به‌و مانایه ئاماژه‌ی پێ كراوه كه توركیا خه‌ریكه له ناتۆ دوور ده‌كه‌وێته‌وه، یانیش توركیا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ته‌نیا به هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ رووسیا (نه‌ك وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ) ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له شه‌ڕی سووریا یه‌كلا بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ناتۆ ده‌سته‌وه‌ستانه له ئاستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سووریا و ئه‌وه‌ی ناتۆ پێی وابوو (هیچ چاره‌سه‌ریكی سه‌ربازی بۆ كێشه‌ی سووریا نییه)، به‌ڵام ئه‌وه‌تا رووسیا ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی كرد و توانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتدا بهێڵێته‌وه و سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی به‌ده‌ست بهێنێت.
له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش راپۆرته‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه له ئێسته‌دا بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه قۆناخی پۆست رۆژئاوا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ربكه‌وێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌وروپا دوودڵه له‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و سووریا به‌تایبه‌تی هه‌ڵبگرێت و ئه‌مه‌ریكاش خۆی خستووه‌ته لاوه، به‌مه‌ش بۆشایییه‌ك دروست بووه و به‌ئاسانی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی تر (رووسیا) پڕ كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا رووسیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سووریا ده‌ستێوه‌ردانی كردووه؟ یان له‌و كاته‌ی هه‌ستی كرد خه‌ریكه رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڕووخێت، ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی كرد؟ له‌مه‌ش زیاتر ئایا كاتێك رووسیا ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له سووریا ئه‌نجام دا، بۆ ئه‌وه‌بوو له تیرۆریستانی داعش بدات، یان یه‌كه‌م جار ئۆپۆزسیۆنی سووریای بۆردومان كرد؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه واقیعی شه‌ڕی سووریا ده‌یداته‌وه و به ئاشكرا ئه‌وه ده‌رده‌خات كه رووسیا كاتێك ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی كرد كه رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر لێواری رووخاندا بوو، بۆیه هێزه سه‌ربازییه‌كانی رووسیا پێش ئه‌وه‌ی له تیرۆریستانی داعش بده‌ن، له ئۆپۆزسیۆنی سووریایان دا بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بڕووخێت، ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه سه‌ربازییه‌ی رووسیا له كاتێكدا بوو كه ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ناتۆ به راشكاوی رایان ده‌گه‌یاند (هیچ چاره‌سه‌رێكی سه‌ربازی بۆ كێشه‌ی سووریا بوونی نییه)، به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی درێژه‌یان به كرده‌وه سه‌ربازییه‌كانی خۆیان دا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د بارودۆخه‌كه‌یان یه‌كلا كرده‌وه. بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا راپۆرته‌كه ده‌پرسێت: (ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه ئێسته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له قۆناخی پۆست رۆژئاوادایه؟) راشكاوانه‌تر مانای ئه‌وه‌یه ئایا رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی نه‌بوونه‌ته ئه‌و میحوه‌ره‌ی كه بێ به‌شداریی رۆژئاوا، خۆیان چۆن بیانه‌وێت كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه. له‌مه‌ش زیاتر راپۆرته‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه ده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانی رووسیا به ئاشكرا بۆردۆمانی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌یان كردووه، به‌ڵام ئایا له‌سه‌ر ئه‌م پێشێلكارییانه، سیستمی نێوده‌وڵه‌تی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی هه‌بووه؟ له‌مه‌ش خراپتر هێزه‌كانی رووسیا له گرتنه‌وه‌ی حه‌له‌بدا كۆمه‌ڵكوژییه‌كی هێجگار گه‌وره‌یان كرد، له‌مه‌شیاندا ئایا هیچ لایه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه رابگیرێت، یان ئایا هیچ لایه‌ك رای گه‌یاند، ئه‌وه جینۆسایده و ئه‌نجام دراوه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، ئایا سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له قۆناخی پۆست سیستمی جیهانی به‌ڕێوه ناچێت؟
دیاره رووسیا ته‌نیا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان سووریا، بنه‌ماكانی ئاسایش و سیستمی جیهانی پێشێل نه‌كردووه، به‌ڵكو له ئۆكرانیاش كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی گرنگی ئاسایشی ئه‌وروپای پێشێل كردووه و ئه‌و سزایانهشی له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتارانه‌ی خرایه سه‌ر رووسیا، نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری له‌سه‌ر رووسیا نه‌بووه، به‌ڵكو بوونه فاكته‌ری ئه‌وه‌ی كه رووسیا یه‌ك خاڵی رێككه‌وتنی (مینسك) جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه رووسیا ئێسته وه‌ك سۆپه‌ر پاوه‌ر له دنیادا ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ده‌یكات، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه كاتێك ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ رووسیا رێك ده‌كه‌وێت، ئایا رێككه‌وتنی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی تازه به سیستمی جیهانی ده‌به‌خشێت؟ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا راپۆرته‌كه به‌و جۆره وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا و رووسیا رێك بكه‌ون، مانای ئه‌وه‌یه سه‌رده‌مێكی تازه‌ی رۆڵی هێزه گه‌وره‌كان دێته‌وه پێش، به‌وه‌ی هێزه گه‌وره‌كان ده‌توانن چاره‌نووسی هێزه گچكه‌كان دیاری بكه‌ن و سیستمی جیهانی هیچ بایه‌خێكی نامێنێت، واته هێز ده‌بێته فاكته‌ری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، نه‌ك یاسا و رێسای نێوده‌وڵه‌تی له چوارچێوه‌ی سیستمی جیهانیدا، ئه‌م مه‌ترسییه وای له زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌وروپا كردووه، (پێش ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌ستبه‌كار بێت، هۆشداری ئه‌وه بده‌ن) كه ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی و ئاسایشی ئه‌وروپای له‌سه‌ر دامه‌زراوه، به رێككه‌وتنی نێوان رووسیا و ئه‌مه‌ریكا، هێنده‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ڕێكی تر خۆش ده‌كات، هینده نابێته هۆكارێك بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی له دنیادا.
له‌باره‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی ئه‌وروپا و رۆژئاوا له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌و ئاسته بێت كه ده‌سته‌وه‌ستان بن له ئاستی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان و به‌مه‌ش بۆشایییه‌ك دروست بووبێت و رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ئاسانی بتوانن پڕی بكه‌نه‌وه، ئایا ئایندهی ئازادی و دیموكراتی و سه‌قامگیری له‌م ناوچه‌یه به‌ره‌و كام ئاراسته هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌وانه‌یه ره‌فتاره‌كانی حكوومه‌تی توركیا دوای كوده‌تاكه‌ی ته‌مووزی 2016 بیداته‌وه و پێمان بڵێت، به‌ره‌و شێوازی حوكمڕانیی پۆتین له رووسیا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و زه‌مینه‌یه‌ك دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیرییه‌كی فراوان بۆ ده‌سه‌ڵاته ئهسۆریتاریانیزمهكان بێته ئاراوه و جارێكی تر چاره‌نووسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به چه‌ند رژێمیكی دیكتاتۆری بسپێرێته‌وه.