یه‌کتریتان خۆشبوێت
به‌ڵام خۆشه‌ویستی مه‌که‌ن به کۆتێ
ڕێگه‌ش مه‌ده‌ن
له‌نێوان که‌ناری ڕۆحی هه‌ردووکتاندا
ببێته ده‌ریایه‌کی سه‌رشێت
په‌رداخی یه‌کتری پڕ بکه‌ن،
به‌ڵام له په‌رداخی یه‌کتر مه‌خۆنه‌وه.
(جبران خه‌لیل جبران، پێخه‌مبه‌ر، له زمانی سوێدییه‌وه)
سه‌ر ده‌به‌م سه‌ر ده‌هێنم وا هه‌ست ده‌که‌م زۆرمان خراپ له خۆشه‌ویستی گه‌یشتووین، خۆشه‌ویستی مانای ئازادی ڕۆحه‌کانه نه‌ک کۆیله‌کردنی. خۆشه‌ویستی له نێوان دوو که‌سدا چه‌ند قوڵ بێت، گه‌ر گه‌یشته سڕینه‌وه‌ی سنووری نێوان ئه‌و دوو که‌سه، دیاره ده‌بێت که‌سێکیان بچێته ناو سنووری بازنه‌ی تاکه‌که‌ی تره‌وه که ئه‌و سنووره‌ش نه‌ما چی بکه‌یت بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌ت ناتوانێ به‌خته‌وه‌ری بکه‌یت، چونکه بوویت به که‌سێکی داگیرکه‌ر. ره‌نگی سووری خۆشه‌ویستی کاڵ ده‌بێته‌وه.
خه‌ریکبوو بیرم بچێت چیرۆکی ئه‌و پیاوه‌تان بۆ باس بکەم. له‌وانه‌یه وابزانن کۆتاییه‌که‌ی وه‌ک کۆتای فیلمه هندییه‌کانه، یان داستانه‌کان و ئه‌فسانه فۆلکلۆرییه‌کان، هه‌ردوو خۆشه‌ویسته‌که هه‌موو ته‌مه‌نیان به به‌خته‌وه‌ری ده‌به‌نه سه‌ر. به‌داخه‌وه وانه‌بوو. ئه‌م پیاوه به‌سته‌زمانه ته‌واو دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت به‌و ژنه و به‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که هه‌ستی پێ ده‌کات. شه‌وێک ته‌ماشای ئاسمان ده‌کات و سه‌ری له جوانی ئه‌ستێره‌کان سووڕ ده‌مێنێ، به‌تایبه‌تی یه‌کێکیان، هێنده نابا ئه‌و ئه‌ستێره‌یه ده‌کشێ و ده‌که‌وێته ناو هه‌ردوو ده‌ستییه‌وه. له خۆشیاندا نازانێ چی بکات، هێنده‌ی نه‌برد ڕۆحی له‌ناو ئه‌ستێره‌که‌دا تێکه‌ڵ بوو. بوونه گڵۆڵه‌یه‌ک له ڕووناکی. بڕیاری دا هه‌ردووکیان پێشکه‌ش به خۆشه‌ویسته‌که‌ی بکات. خستیه ناوده‌ستی ژنه‌که‌وه، ئه‌ویش ته‌واو شڵه‌ژاو له ده‌ستی که‌وته خواره‌وه، هه‌پرون هه‌پرون بوو. پیاوه سه‌رگه‌ردانه‌که دڵیش و هه‌سته‌کانی له‌ده‌ست دا. گه‌ڕایه‌وه سه‌ر دۆخه‌که‌ی جاران و ده‌گه‌ڕا به جیهاندا ده‌یویست بۆ خه‌ڵکی بسه‌لمێنێ که خۆشه‌ویستی وجودی نییه. ڕویز له‌م ڕووداوه‌دا ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌مان پێبڵێت که خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه نایه‌ت، به‌ڵکو له ناوه‌وه‌ی خۆتدایه، هه‌ر خۆشت به‌رپرسی له پاراستنی ئه‌و هه‌سته.
پیاوه‌که هه‌ستی به به‌خته‌وه‌ری ده‌کرد له ئه‌نجامی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی هه‌ستی پێده‌کرد به‌رامبه‌ر ژنه‌که، کاتێ ویستی بیخاته ناوده‌ستی ژنه‌که‌وه بیکاته به‌رپرسی ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه، هه‌ردووکیانی له‌ده‌ست چوو.
گرفته‌که ئه‌وه‌یه که یه‌کێکمان خۆش ده‌وێت ده‌بێت ئه‌و که‌سه ببێته موڵکمان، به‌پێی بۆچوون و حه‌ز و پێوه‌ره‌کانی ئێمه هه‌ڵسوکه‌وت بکات، خۆشه‌ویستی لای هه‌ندێ خه‌ڵک خۆبه‌ختکردن و قوربانیدانه بۆ ئه‌و که‌سه‌ی خۆشی ده‌وێت، بێ بیرکردنه‌وه له خۆمان.
مرۆڤ دره‌نگ له‌و ڕاستییه تێبگات که خۆشه‌ویستی مانای سڕینه‌وه‌ی خۆمان نییه، به‌ڵکو رێزگرتنه له بوونی خۆت و خۆشه‌ویستی. گه‌ر تۆ خۆت به‌خته‌وه‌ر نه‌بیت و خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه له دڵته‌وه هه‌ڵنه‌گرێ ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌یت بۆ که‌سانی تر به هه‌ر ناوێکه‌وه بێت، ئه‌نجامی نابێت و هه‌رگیز به‌خته‌وه‌ریان ناکه‌یت. وه‌ک ئه‌و ژنه‌ی هه‌موو شتێکی بۆ مێرده‌که‌ی ده‌کرد ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕازی بکات و ئازاری نه‌دات، که‌چی له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی به‌خته‌وه‌ر نه‌بوو و رێزی بۆ خۆی دانه‌ده‌نا و به‌ردوامیش ترس له دڵیدابوو، بۆیه هه‌رگیز مێرده‌که‌ی دڵی به‌و شتانه خۆش نه‌بوو که ده‌یکرد. ئه‌و قوربانیدانهشی که‌سیانی به‌خته‌وه‌ر نه‌ده‌کرد و خۆشه‌ویستیشی له ده‌روونی هه‌ردووکیاندا دروست نه‌کرد.
خۆشه‌ویستی ده‌بێت بێ مه‌رج بێت، به‌رامبه‌ره‌که‌ت خۆشبووێ بێ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ کۆت و مه‌رجی بۆ دابنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ته‌نیا له ئامێزی ئازادی تاکه‌کاندا ده‌توانێ هه‌ناسه بدات.
تۆ گه‌ر منت خۆش ده‌وێت ده‌بێت که وشه‌ی ده‌بێ که‌وته نێوان دوو خۆشه‌ویسته‌وه ئه‌وا ته‌نیا مانای نه‌بوونی خۆشه‌ویستییه. پاولۆ کاییلۆ له رۆمانی زههیرهدا ده‌ڵێت: ئه‌و ته‌نیا ژنێک بوو له مه‌سه‌له‌یه‌کی یه‌کجار ساکار تێگه‌یشت، منی تێگه‌یاند پێش ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ببمه‌وه ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی خۆم ببمه‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی داوا له به‌رامبه‌ره‌که‌مان بکه‌ین لێمان تێ‌بگا ده‌بێ پێش هه‌موو شتێ خۆمان له خۆمان بگه‌ین، بزانین چیمان ده‌وێت و به‌ته‌مای ئه‌وه‌ش نه‌بین به‌رامبه‌ره‌که‌مان به‌و جۆره بگۆڕێ که ئێمه ده‌مانه‌وێت.
به‌و هیوایەی به‌و گۆڕانه‌ی ئه‌و به‌خته‌وه‌ر ده‌بین و خۆشه‌ویستی دروست ده‌بێت. رویز هه‌ر له‌و کتێبه‌یدا باس له پێوه‌ندی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ ده‌کات، ئێمه چه‌ند سه‌گه‌که‌مان یان پشیله‌که‌مان خۆشبووێ ناتوانین سه‌گه‌که بکه‌ین به پشیله یان به پێچه‌وانه‌وه. سه‌گ هه‌ر سه‌گه و پشیله هه‌ر پشیله‌یه.
جا تۆش چه‌ند هاوسه‌ره‌که‌تت خۆشبووێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه مه‌که ئه‌و وه‌ک تۆی لێ بێت یان وه‌ک ئەو که‌سه‌ی لێ بێت که تۆ ده‌ته‌وێ. ده‌بێت یه‌کتریمان خۆشبووێ هه‌ریه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ین، یه‌کتریش قبووڵ بکه‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ین، ئه‌گینا یه‌کتر ده‌خه‌ینه ناو ئه‌و چوارچێوه‌ی که خۆشه‌ویستی ناتوانێ هه‌ناسه‌ی تێدا بدات.
یه‌کێك له‌و قسانه‌ی له زۆر وڵات‌دا باوه ده‌ڵێن غیره‌کردن نیشانه‌ی خۆشه‌ویستییه. به دیدی من پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته. چونکه که غیره هه‌بوو مانای ئه‌وه‌یه بڕوات به خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ره‌که‌ت نییه, به‌رده‌وام ترست هه‌یه له‌وه‌ی به‌جێت بێڵێ و دوای یه‌کێکی تر بکه‌وێت. که ترسیش که‌وته نێوان دوو که‌سه‌وه مانای ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستییه‌که درزی تێکه‌وتووه و به‌م زوانه ده‌شکێ.
جا گه‌ر له‌مه‌ودوا غیره‌تان له یه‌کتر کرد به‌دوای کهتیرهدا بگه‌ڕێن که ئه‌و درزانه دهلكێنی به‌یه‌که‌وه، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و درزانه چه‌ند به‌رگه ده‌گرێ؟.