وەرگێڕان لە نێوان تیۆری و زانستیی وەرگێڕان و سەرگەردانیدا

AM:10:46:23/05/2017 ‌

رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی

سنووری حەز و هەوڵەكانی مرۆڤ بۆ دروستكردنی دنیایەكی پڕسۆز و ئارامی بەردەوام لە فراوانبووندا بووە، بەردەوام مرۆڤ هەوڵی داوە سەرچاوەی هۆكارەكانی دەوڵەمەندكردنی بیروهۆش و ژیان بدۆزێتەوە وەك مەزەی شەرابی رۆحی خۆی وەگەڕی بخات. وەرگێڕانی بەرهەمەكانی هۆمیرۆس و كتێب و سەرچاوە ئاینییەكان و چیرۆكی هەزارویەك شەوە و چەندان سەرچاوەی تر، هەنگاوێك بوون بۆ نزیكبوونەوەی ڕۆح و قووڵبوونەوە لە مرۆڤدا خۆیدا. 

ئەگەر وەرگێڕان نەبووایە، چۆن دەمانتوانی كەڵك و چێژ لە خوێندنەوەی بەرهەمی كەڵەنووسەر و شاعیر و فەیلەسووف وەربگرین كە بە زمانەكانی تر نووسیویانە، لەناو دنیای فەنتازیا و بیر و زانستدا خۆمان بدۆزینەوە. وەرگێڕان وەك بروسكە دەنگ و سیمای  كەڵەنووسەرانمان پێ دەگەیەنێ، دەبێتە پردی نێوان ئێمە و ئەوانی تر، دەبێتە پەیژەی نێوان زەمین و ئاسمان. وەرگێڕان لەگەڵ پەیدابوونی زمان و نووسیندا پەیدا بووە، وەرگێران زانستێكە بەردەوام لە خزمەتی بەرزبوونەوەی ئاستی زانست و قووڵبوونەوەی هۆشمەندی مرۆڤ بووە. بەردەوامیش داودەزگە پێوەندارەكان بەم بوارە هەوڵیان داوە وەرگێڕان لە ڕەوتە ‌تیۆری و زانستییەكەی دەرنەكەن.

وەرگێڕان واتە گواستنەوەی تێكست لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر كە مەبەستی لێی گەیاندنی پەیامی نووسەرەكەیە بە خوێنەرێكی تر كە لە زمانی نووسەر حاڵی نابێت. هەر لە كۆنەوە دوو جۆرە وەرگێڕان هاتوونەتە ئاراوە، وەرگێڕانی دەمی، ئەمیش لە سەردەمی پەیدابوونی بازرگانی و پەرەسەندنی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان نەتەوە و وڵاتان. وەرگێڕانی نووسراو، ئەمەیان لەگەڵ پەیدابوونی نووسیندا سەری هەڵداوە. ئەم دوو شێوەیە هاوشان لەگەڵ پێشكەوتن و پێداویستییەكانی‌ كۆمەڵدا بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندا بوونە. 

وەرگێڕان پرۆسەیەكە پێویستی بە تێكست، زمان و وەرگێڕ هەیە، ئەگەر وەرگێڕ تێكستەكە لە زمانێكی ترەوە بكاتە سەر زمانی خۆی واتە زمانی دایك، ئەو وەرگێڕانە پێی دەگوترێ وەرگێڕان لە زمانی فێربوو بۆ زمانی دایك. لێرەدا وەرگێڕ پێویستە شارەزایییەكی زۆری هەبێت لە بواری زمانی فێربوو، جۆری تێكستەكە پێداویستی شارەزایی وەرگێڕ دیاری دەكات، بۆ نموونە هەر تێكستێكی زانستی، مێژوویی، فەلسەفی و ئەدەبی پێداویستی خۆی هەیە و هەریەكەیان تێگەیشتنی جیاوازیان لە وشە و ناوەڕۆك دەوێ. لەوانەیە بۆ پسپۆڕێكی بواری فەلسەفە گران بێت تێكستێكی زانستی لەبارەی بەرنامەی مایكرۆسۆفت وەربگێڕێتە سەر زمانەكەی خۆی. 

وەرگێڕ‌ لە كاتی وەرگێڕانی تێكستێكی مێژوویی، پێویستە شارەزایییەكی تەواوی هەبێت لەبارەی ئەو بابەتەی وەری دەگێڕێت، ئەگەر نا لەوانەیە بكەوێتە هەڵەی سەیرەوە، بۆ نموونە پێش وەرگێڕانی بابەتێك لەسەر شۆڕشی فڕەنسا وەرگێڕ دەبێت زانیاری باشی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت. 

دەكرێ وەرگێڕانی تێكست لە زمانی وەرگێڕەوە بێت بۆ زمانی فێربوو، واتە نووسەرێكی كورد بەرهەمێكی كوردی وەربگێڕێتە سەر زمانیكی تر كە فێری بووە. لێرەدا دەبێت نووسەر دەستەڵاتی باشی هەبێت بەسەر زمانی فێربوودا و بتوانێ مانای مەبەست و جوانكاری تێكستەكە بگەیەنێتە خوێنەری دووەم. هەروا ئەو وەرگێڕانەی چەند زمانێك فێر بوون دەتوانن وەرگێڕانەكە لە نێوان زمانە فێربووەكاندا بێت. پێداچوونەوە و وردبوونەوەی وەرگیڕان لەلایەن كەسێك یان دوو كەسەوە كە شارەزایی زۆریان هەبێت لە هەردوو زمانەكەدا  گرنگییەكی زۆری هەیە لە دەستپاكی و ڕاستگۆیی ئەم پرۆسەیەدا.

دیارە وەرگێڕان بۆ زمانی كوردی دیاردەیەكی تازەیە، زیاتر لەم 10 ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە، پێداویستی وەرگێڕان لەم 20 ساڵەی دواییدا بەرەو زیادبوون دەڕوات، لەلایەكەوە بەهۆی خوێندن بە زمانی كوردی لە هەموو قۆناغەكاندا و هەروا فێربوونی زمانەكانی تر بۆ نموونە عەرەبی و ئینگلیزی بەرەو كزبوون دەڕوات، جاران زمانی عەرەبی سەرچاوەی فێربوون و ڕۆشنبیری بوو، خەڵك زیاتر بەو زمانە دەیخوێندەوە، بەڵام نەوەی ئێستەمان نایانەوێ ئەم زمانە فێر ببن. لەگەڵ ئەوەی كورد بەشێوەیەكی گشتی لەهەر پارچەیەكی كوردستان بووبێت دوو زمانی زانیوە، كوردی و عەرەبی، كوردی و فارسی و كوردی و توركی. 

ئەم دوو زمانزانینە وای لە كورد كردووە زوو فێری زمانەكانی تر بێت، بەتایبەتی ئەوانەی ڕوو دەكەنە وڵاتێكی تر بۆ ژیان بێت یان خوێندن. بەڵام فێرنەبوونی زمانی تر و كەمی سەرچاوە بە زمانی كوردی پرۆسەی وەرگێڕانی بەرەو هەڵدێر بردووە، بە ڕاست و چەپدا بەبێ كۆنترۆڵ بەهەڕەمەكی ئاشی وەرگێڕان لە گەڕدایە، كەس بیر لەوە ناكاتەوە ئەو ئاشە چی دەهاڕێ و چۆن دەیهاڕێ، گرنگ ئەوەیە ئاشەكە لە گەڕدایە. 

هاوین گەڕامەوە كوردستان و هەموو شێوە بەرهەمێكی وەرگێڕاوم بەرچاو كەوت، لە بواری سێكسەوە تا فەلسەفە و سایكۆلۆژی... هتد ئەمە دڵخۆشی كردم، لە دڵی خۆمدا وتم وەرگێڕانەكە هەرچۆنێك بێ باشە، هیچ نەبێت كۆمەڵێ بابەتی نوێ دێتە ئاراوە، وەرگێڕ ناچار دەبێت بەدوای كۆمەڵە وشەیەكی نوێدا بگەڕێت یان وشەی بێگانە زیاتر دێتە ناو زمانی كوردییەوە و جێی خۆی دەكاتەوە بەتایبەتی لە بوارەكانی زانستدا. 

بەرهەمێكی وەرگێڕاوی پاولۆ كایلۆم كڕی، زۆربەی بەرهەمەكانی ئەم نووسەرەم خوێندوەتەوە تەواو لە دڵ و هۆشمدا جێی گرتووە، پێم خۆش بوو بەرهەمەكانی بە زمانی دایكم بخوێنمەوە، وشەكانی، تێكست و ناوەڕۆك تەواو پێم نامۆ بوو، لە مەبەستەكانی نەدەگەیشتم، كتێبەكەم داخست و لەگەڵ خۆمدا هێنامەوە بۆ سوێد، بەو نیازەی ئەگەر هەمان كتێبم دەست بكەوێت بەراوردی بكەم. بە ڕێكەوت پاولۆ لەلایەن ئەو دەزگەیەی بەرهەمەكانی وەردەگێڕێت بۆ زمانی سوێدی، بانگهێشتی سوێد كرا، سەرۆكی دەزگەكە باسی ئەوەی كرد كە بەرهەمەكانی كایلۆ بۆ سەر 57 زمان هاتوونەتە وەرگێڕان، منیش كتێبە وەرگێڕاوەكەی پاوڵۆم لەگەڵ خۆمدا بردبوو، كتێبەكەم دەرهێنا و گوتم 58، پاوڵۆ بەمە دڵی خۆش بوو  و كتێبەكەی لێ وەرگرتم و بەسەرەوخواری پێشانی ئەوانەی دا كە لەوێ بوون،  لە دڵی خۆمدا گوتم هەی بەستەزمان ناوەڕۆكەكەشی سەرەوخوار وەرگێڕاوە.

لێرەدا ئەركێكی گەورە دەكەوێتە سەر داودەزگەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و لایەنە لێپرسراوەكان. بیر لە چۆنایەتی و بابەتی بەرهەمەكان بكرێتەوە، هیچ بەرهەمێك چاپ نەكرێ ئەگەر لە زمانی دووەمەوە بێت بە تایبەتی زمانی فارسی و عەرەبی و توركی. دەكرێ كەڵك لەو كەسە بەتوانا و زمانزانانەی ئەوروپا وەربگیرێ و بە هاوكاری لەگەڵ نووسەرانی كوردستاندا كاری باش وەربگێڕنە سەر زمانی كوردی.

 # Rune Ingo,1991,  Från källspråk till målspråk.