دیوە شاراوەكانی ڕێگری لە هاووڵاتییانی ئێران بۆ ئەمەریكا

AM:11:36:23/02/2017 ‌
بەڕێوەبردنی وڵاتێكی وەك ئەمەریكا تەنیا بە پێناسەی ڕەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ بەڕێوە ناچێت، ئەو ئەمەریكایەی ئەمڕۆ قسەی یەكەم دەكات لە دنیادا، جیا لەو چەند ساڵەی ئۆباما سەرۆكایەتی كرد و ئێستەش وا خەریكە هۆكارەكانی دەردەكەون، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە بوێرانەیەی لە مێژووی خۆیدا بوویەتی و زۆرجار ڕاستییەكانیشی دركاندووە و هەمیشە دوژمن و نەیاری خۆی بە گەورە و مەترسی زانیوە، بۆیە نەك وەك هێز، وەك ترس یەكەم هەنگاوی ترەمپ ڕێگریكردن لە هاتوچۆی هاووڵاتییانی حەوت دەوڵەت لەناویاندا ئێران بوو، ئەوەش ڕەنگە پرسیار بێت ئەی بۆ سعوودیە بەشێك نەبوو لەم یاسایە؟ خۆ هاووڵاتییانی سعوودی دەستیان لە تەقینەوەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001دا هەبوو. 
ئەم پرسیارە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لێكۆڵینەوەی پلانەكان لە دوو بواری كورتخایەن و درێژخایەندا زۆر جیاوازن، تیرۆرێكی مافیایی و تیرۆرێكی نێودەوڵەتی پێوەری پێناسەی گرووپ و وڵاتێك لە هێڵەك دەدات، ئەم هێڵەكە ڕاوێژكارانن كە ڕەنگە هیچ كات لە ڕاگەیاندندا نەبینرابن و ناناسرێن. ئەوان تۆڕێكی بێ بەزەیین لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیاندا، ئەم راوێژكار و سیخوڕانە هەڵسەنگاندنی دەروونی و پێوەری تێڕوانینی هاووڵاتییەكی سعوودیەیی، ئێرانی و جەزائیری لە دوو بەرەی پێگەیشتووی خوێندەوار و نەخوێندەواردا لێك دەدەنەوە، نەخاسمە بە لێكۆڵینەوەی ئایدۆلۆژیایەكی پاوانخواز وەك ئێران كە بە ئاشكرا پاڵپشتی تیرۆر و سەرچاوەی تیرۆرە، بەڵام سەرەڕای لێكۆڵینەوەی وردبینانە كە هەندێكمان ئاماژە پێ دا، دێینە سەر دەركەوتنی ئەو نهێنییانەی كە دوو باڵی ڕاوێژكاری و سیخوڕی لەسەر ئێران بە بەڵگەوە داویانەتە حكوومەتەكەی ترەمپ. 
لە سەرەوە ئاماژەمان بە ڕۆڵی نەرێنی ئۆباما كرد كە بە كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق، هەم عێراق و زۆرێك لە سنووری جیۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستە ژێر چنگی پاوانخوازییەكانی ئێرانی شیعیزمەوە، ئەگەر ئەوە كێشە بێت بۆ ناوچەكە، جیا لە مەترسی ئابووری بۆ ئەمەریكا دەبێت، چ مەترسییەكی تری لە پشت بێت؟ بە تەشەنەكردنی ئێران ڕەوتی شیعیزم وەك باوەڕێك بۆ گەڕانەوەیی ئادیای خومەینی، بۆمان دەردەكەوێ ئامانج تەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و دژە ئیمپریالیستی لە هەردوو ئادیای چەپ و ئیسلامی سیاسی و بە تایبەت شیعیزمی ئێرانی بەرچاوە و ئامانجیان پشێوی و تەنانەت ڕووخانی زلهێزێكی وەك ئەمەریكایشە .
 بە هەلقۆستنەوەی بەرژەوەندخوازی ئۆباما كە تەنیا بۆ وەدەستهێنانی خەڵاتی ئاشتی بوو وەك سەركۆمارێكی ڕەشپێستی ئەمەریكایی، ئێران بە كەڵكاوەژووكردنی ئامانجەكانی ئاشتی لە ڕێككەوتەنامەی ناوەكی وڵاتانی 5+1 پێشتر ئۆبامایان هەڵخەڵەتاند و دوو هەزار و 800 كەسایەتی ئێرانی و عەرەبی ئایدیا شیعی كە جێی متمانەی ئێران بوون، بە دەستووری ڕاستەوخۆی ئۆباما و جۆن كێری گرین كارت و هەلی وەگەڕخستنی سەرمایەی ئابوورییان لە سایەی یاسای كاپیتالیستیەوە بۆ ڕەخسا، بە تایبەت  ئێرانییەكان بە ملیاران دۆلاریان لە بانكەكەنی ئێرانەوە گواستەوە ئەمەریكا و بە پڕۆژەكانی بیناسازی سەرچاوەی داهاتیان بۆ ئێران دابین كرد و كێشەی گەمارۆكانیان پێ چارەسەر دەكرد. ئەمە جیا لەو هەشت هەزار ئێرانییەی لە سەردەمی سەركۆماری ئەحمەدی نەژاددا خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیخوڕی خزاندبووە ئەمەریكاوە، ئەمە لە كاتێكدابوو بە ئێستەیشەوە زۆرینەی خەڵكی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و بەشێكیان گورچیلەی خۆیان دەفرۆشن و 18 سەعات كار دەكەن، بۆیە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئەم هەموو پارەیە لە كوێوە هاتووەتە ئەمەریكاوە، داهاتەكەیان چۆن بەڕێ دەكرێتەوە بۆ ئێران، مزگەوتی گەورە بورلی هێڵز لە لۆس ئانجلێس بە چ هۆكارێك ساز كراوە؟ 
لێرەوە دەردەكەوێ لۆبییەكانی ئێران لەم هەشت ساڵەی ئۆبامادا زیاتر لە 100 جار دانیشتنیان لەگەڵ كۆنە سیناتۆر و بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرێس هەبووە، ڕوون بووەتەوە بەشێكی زۆر لە لێكۆڵەرانی سیاسیی و كارمەندانی تی ڤی وەك "ڤی ئۆ ئای و بی بی سی" و زۆرێكی تر ناڕاستەوخۆ نەك تەنیا وەك لۆبی، بگرە لە بەشی لێكۆڵینەوە ستراتیجییەكاندا بە شیكاری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە حكوومەتی ئێرانیان تێگەیاندووە چۆن وەڵامی ئەم سیاسەتانە بداتەوە، وەك سیخوڕی پێشكەوتوو لە توێی كراسێكی زێڕیندا، ڕاوێژكاران دەیانبینی چۆن بەبۆنەی دنیای ئازادەوە كارمەندانی ئەم دەزگەی ڕاگەیاندنانە چۆن بە دەم فتواكانی خامنەیییەوە دەچن و لەسەر سندووقی دەنگدانی دەرەوەی سنووری ئێراندا لە بەریتانیا و ئەمەریكا بەشداری دەكەن، لەبەرچاویان پەرەپێدانی باوەڕی شیعیزم لەژێر ناوی دنیای ئازاددا چۆن ڕۆژانی تاسوعا و عاشوورا لە لۆس ئەنجلۆس، ئێرانییەكان لە خۆیان دەدا و ڕاستە شەقامێكیان دادەخست بۆ وەرگرتنی ئاشی نەزری حوسێنی كوڕی عەلی. 
پرسیار ئەوەبوو ئەوەی ئەوان دەیكەن هەمان تۆوی توندڕۆیی حاكمانی ئێرانە؟ ئەی بڵێی تەنیا لەبەر سەر ڕووتكردن ئێرانیان بەجێ هێشتبێت؟ ئەم پرسیارانە لە لای ڕاوێژكارانی ترەمپ بە (نا) وەڵام درانەوە، دەركەوت پڕۆژە نییە، پرۆسەیەكی نەرمەبڕی ئابووریی ئایدیاییە كە دواتر لە مزگەوتەكانەوە توندڕۆكان لە نموونەی وڵاتی فڕەنسا بەرهەم دێنی، بۆیە پڕۆژەیەكی گرووپی كورتخایەن هەرچەند توندڕۆیانەش بێت زۆر جیاوازە لە پرۆسەی تیرۆری هزری لاوانی وڵاتێك كە درەنگ دەگاتە ئامانج، بەڵام كە گەیشت ئیتر بەربەرەكانی لەگەڵیدا مەحاڵە. ئەمەبوو نهێنییەكانی رێگریكردن لە هاووڵاتییانی ئێرانی، ئەو نهێنییانەی ڕەفسنجانی كردی بە هەڕەشەی ئاشكراكردن.