سعوودیە و ئێران لە كێشەی مەزەوی بۆ ناتۆی عەرەبی

                                 
شەماڵ بۆكانی

بە باشی دەزانم بە كورتە مێژوویەك وەك وەبیرهێنانەوە، باسی سەرهەڵدانی كێشەكانی سعوودیە و ئێران لە ساڵی 1987 تا 2015 بكەم، كە جیا لە تاوانباركردنی یەكتر بە وەهابییەت و شیعیزم، دواتر دەچینە ناوئاخنی كێشەكانی ئەمڕۆیانەوە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، ساڵی 1987 یەكەم هەنگاوی هەناردەكردنی ئایدیای شیعیزم بۆ هاندانی شیعەكانی وڵاتانی عەرەبی لە سعوودیەوە لە رێی كاروانی حاجییانی ئێرانییەوە دەستی پێ كرد، كە زۆربەیان بە پلانێكی داڕێژراو لە حەجی ئەو ساڵەدا بە دروشم دژی وەهابییەت و هێرشبردن بۆ زیارەتی ئەو شوێنانەی گوایە ئیمامی شیعەیان تێدا نێژراوە، كێشەكانیان دەست پێ كرد و زیاتر لە سەتان حاجی لەو هێرشەدا كوژران و بریندار بوون، دواتر دەركەوت كوژراوەكان زۆرینەیان سەربە سوپای پاسداران و بەسیج و حزبوڵا بوون، ئیتر ئەمە بوو بە كولتووری ساڵانەی ئێران لە فەریزەی حەج و تا ساڵی 2015 كە دیسان نزیك بە 1300 كوژراوی لی كەوتەوە و بەهۆیەوە دەستدرێژی كرایە سەر كونسوڵی سعوودیە لە تاران. ئیتر درێژەی كێشاوە. 

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا شەڕی ناڕاستەوخۆی سعوودیە و ئێران لە فەلەستین و لبناندا بەردەوام بوو، چونكە بەرپرسانی ریاز نەیانهێشت پلانی ئاخوندەكان لەو وڵاتە سەر بگرێت و بە چەندان رێگەی جیاواز پێشیان بە سەرهەڵدانی شیعەكانی ناو عەرەبستان گرت و لە سەردەمی یاسر عەرەفاتیش لە فەڵەستین، سعوودیە سیاسەتێكی نەرمەبڕی گرتە بەر تا ساڵی 2011 كە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ كرد، سعوودیە پێی وا نەبوو مەترسی پلانەكانی ئێران لە سنوورەكانی یەمەنەوە دەگاتەوە سعوودیە، دواتر تێگەیشت یارمەتیدانی بەلێشاوی حووسییەكانی یەمەن بە چەك و تەقەمەنی و پارە لەلایەن ئێرانەوە، خەریكە دەبێت بە سەرئێشە بۆی، بۆیە شەڕی راستەوخۆی راگەیاند و لە حووسییەكانی دا و بۆ چاوترسانی شیعەكانی ناوخۆیش، شێخ باقر نمری لە سێدارە دا.
 بەڵام لە دوای  دەست بەسەرداگرتنی چەند تۆڕێكی سیخوڕی ئێران لە سعوودیە، دەركەوت لە ڕێگەی سیاسەتی هەڵەی باراك ئۆباماوە، برینەكە لە بەغداوە تەشەنەی كردووە و سووریا و یەمەن و عێراق لە دەست ئێراندان، لێرەوە سعوودیە پێشنیازی پێكهێنانی بەرەیەكی هاوپەیمانی عەرەبی كرد و بە سەردانی فەرمی و بەخشینی پڕۆژەی ئابووری بە وڵاتانی ناوچەی كەنداوی عەرەبی، توانی بە سەرەتای بیرۆكەكانی ڕا بگات و گرینگتر لە هەموو ئەمانە، هاوپەیمانی وڵاتانی پاكستان بوو لەم بەرەیەدا كە دەتوانێ سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی ئێران بە چەندان فاكتەری سەرەكی كە لێرەدا بۆ باسكردن نابێت، بخاتە مەترسییەوە.

ئەوەشمان بیر نەچێت، سیاسەتە ناڕوونەكانی ئۆباما دیسان لە دانیشتنەكانی (كەمپدەیڤید)دا كە بە ئاشكرا وەك هەڕەشە ڕای گەیاند: ناتۆی عەرەبی سەر ناگرێت و نابێت سەر بگرێت. بەڵام وا دەبینین بە هاتنە سەركاری دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی 100 رۆژ كاركردنی فەرمیدا، سیاسەتەكانی كۆشكی سپی وەرچەرخانێكی تەواوی بەسەردا هاتووە و یەكەم بەزاندنی هێڵی سوور لێدانی بارەگاكانی ئاسمانی سووریا بوو كە لە بنەڕەتدا بنكەی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی ئێران بوو بۆ داڕشتنی پلانەكان. دواتر هەڕەشە ڕاستەوخۆكانی ترەمپ بۆ سەر ئێران بە هەموو شێوەیەك بوو بە هۆی ئەوەی لە ماوەی ئەو 100 رۆژەدا، ئێران لە چەندان بنكەی ڕاگەیاندنی فەرمی دنیاوە لە هەموو بوارەكاندا بە پاڵنەڕ و هاریكاری سەرەكی تیرۆر ناو دەبەن كە لە ماوەی 39 ساڵدا هیچ وڵاتێك دانی بەوەدا نەناوە.

ئێستە وا دەبینین لە ڕێگەی شازادە بن سەلمانی سعوودیەوە، هەڕەشە لە ئێران دەكرێت و تاران لە وەڵامدا كە نازانرێ هەڕەشەیە یان پاڕانەوە، لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا دژی سعوودیە تۆمار دەكات. بەڵام ئەوەی گرینگە هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی و پاكستان بە سەرهەڵدانی ئاژاوەكانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لەلایەن هێزە ئازادیخوازەكانی بەلووچەوە كە یەك ساڵ لەمەوبەر پێشبینیم كردبوو هۆكارێكی نوێی لە پشتە و ئێرانی بەرەو پەلەقاژە ناوخۆیییەكان ڕاكێشاوە، لە هەمان كاتیشدا سیاسەتەكانی ترەمپ وەك گوشار و ئیمتیازی ئابووری بۆ هاوپەیمانانی ستراتیژی ئێران وەك رووسیا و كۆریای باكور و بواری ئابووریی چین، ئەو بەڵێنانەن كە ترەمپ توانیویەتی تێیدا سەركەوتوو بێت . 

بە سەردانە فەرمییە چاوەڕوانكراوەكەی ترەمپ بۆ سعوودیە وەك یەكەم گەشت بۆ دەرەوەی ئەمەریكا، ترەمپ بە واژووكردنی گرێبەستی چەند سەت ملیار دۆلاری لە بواری فرۆشتنی چەكی پێشكەوتوو و تەكنەلۆجیای سەربازی، ئامانجی سعوودیە لە هاوپەیمانێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ "ناتۆ"یەكی عەرەبی دەچێتە جێبەجێكردنەوە، دوای لێدانی گورزی نیزامی لە هێزەكانی سەربە ئێران لە یەمەن و سووریا، ئێران لەناو زەلكاوی ئایدیای خۆیدا نوقمی ئاژاوە و شەڕی ناوخۆیی لەلایەن هێزەكانی نەتەوەیی كورد و عەرەب و بەلووچ و ئازەری دەبێتەوە، بەوەیش دابەشبوونی ئێران و دروستبوونی ناتۆی عەرەبی دوو لاپەڕەی بەرچاو دەبن تا ساڵی 2022 . 


AM:10:02:16/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 419 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌