نووری بێخاڵی
(٦)
په‌روه‌رده‌ی ناتوندوتیژ و كه‌سایه‌تی منداڵ
یه‌نۆش كۆرچك كه پێشه‌نگ و زانا و شاره‌زایه‌كی بواری په‌روه‌رده‌یه، له ساڵی 1929دا ده‌نووسێ "ئێمه ڕێیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی منداڵ ده‌زانین و ئامۆژگاری ده‌كه‌ین و په‌ره به خه‌سڵه‌ته‌كانی ده‌ده‌ین و هه‌ڵه‌كانی ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه و ئه‌ركی ئاراسته‌كردن و به‌هێزكردنی به باشترین شێوه ده‌گرینه ئه‌ستۆی خۆمان. له‌و ڕوانگه‌یه‌ی ئێمه ده‌توانین هه‌موو شتێك بكه‌ین و ئه‌و ناتوانێ هیچ شتێك بكات. فه‌رمانی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ین و داوای گوێڕایه‌ڵی لێ ده‌كه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له‌لایه‌نی ئه‌خلاقی و یاساییه‌وه به‌رپرسین و گوایه هه‌موو شتێكمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا ڕه‌چاو كردووه، بۆیه ئێمه تاكه حاكمی كردار و جووڵانه‌وه و بیركردنه‌وه و ڕه‌فتار و پڕۆژه‌كانی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ین كه پێی ده‌گوترێ منداڵ، به جۆرێك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی دیاری ده‌كه‌ین و ناچاری ده‌كه‌ین جێبه‌جێیان بكات. واته هه‌موو شتێك له منداڵدا به ئیراده و تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌وه پێوه‌سته، به‌و پێیه‌ی مادام منداڵی ئێمه‌ن، كه‌واته موڵكی ئێمه‌ن".
ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده بریتی بێت له پرۆسه‌ی ڕاهاتن و گونجان و ئاوێته‌بوونی نێوان تاكه‌كه‌س و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیی، كه‌واته په‌روه‌رده له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی تاكه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و ڕاهاتنه له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیریی كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌ك له سای ئه‌و پێوه‌ندییه‌دا ڕێز له به‌های تاك و جیاوازییه‌كانیان بگرێ، پێوه‌ندییه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ناكۆكه‌كان به‌رهه‌م بێنێ و هۆكارێك بێت بۆ بونیادنانی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ مرۆڤ، كه دواجار له به‌رهه‌مهێنانی پێوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستی نێوانیاندا ڕۆڵیان هه‌بێت.
له پێناسه‌یه‌كی گشتگیر و ساده‌یشدا بۆ ناتوندوتیژی، ده‌گوترێ ڕه‌فتارێكی مرۆییه كه ناكرێ له توانا ناوه‌كی و ڕۆحییه‌كانی تاك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خۆی داببڕێنرێ. به مانایه‌كی تر، ناتوندوتیژی درككردنێكی تۆكمه و قووڵی مرۆڤه به خۆی و تواناكانی.
به بۆچوونی شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده، بۆ به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست، هه‌ریه‌كه له په‌روه‌رده و ناتوندوتیژی پێویستیان به چاودێریكردن و ئاراسته‌كردنی به‌رده‌وام هه‌یه، ئه‌ویش له میانی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی فێركردن و ڕاهێنان و ئاشناكردنی تاكه‌كه‌س هه‌ر له منداڵییه‌وه تا قۆناغه‌كانی تری ته‌مه‌ن، به كۆمه‌ڵێ به‌ها و بنه‌ما، كه له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆیی مرۆڤدا بێنه‌وه و بناغه‌یه‌ك بن بۆ دروستكردنی پێوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستی نێوان تاك و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی.
سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه پێویستی به ڕۆشنبیریی ژیاندۆستی ناتوندوتیژ و هوشیارییه‌كی قووڵ به بنه‌ما ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده و بوونی دامه‌زراوه‌ی كارا و ئامراز و میكانیزمی گونجاو و شێوازی گه‌یاندنی نه‌رمونیان هه‌یه. چونكه كاروانی په‌روه‌رده نه‌ك ته‌نیا وه‌ك شوێنكات، بگره وه‌ك ئه‌و زه‌وینه‌سازییه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی هێزی مرۆیی و ژێرخان و مه‌عریفه پێویستییه‌تی، هه‌روه‌ها وه‌ك سروشتی گۆڕانی هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تی و بارودۆخه سیاسییه‌كان و گۆڕان و گه‌شه‌كردنی قۆناغه‌كان، كاروانێكی دوور و درێژه، به‌و پێیه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌یه‌كه له یه‌ك كاتدا كارتێكراوی ژێر گۆڕانی هه‌لومه‌رجه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌یشه، كه له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه و له‌ناو خۆی و له پێوه‌ندیی به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ڕوو ده‌ده‌ن.
په‌روه‌رده وه‌ك ئه‌وه‌ی (دۆركهایم) ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، بریتییه له پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاك، پێگه‌یاندنێك كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه پێویستییه‌تی. به‌مه‌ش په‌روه‌رده بریتییه له پێگه‌یشتن و باوه‌ڕبوون به بنه‌ما و به‌هاگه‌لێك، كه به خزمه‌تی به‌رده‌وامبوونی ئاشتییانه‌ی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان تاكه‌كه‌سێك و یه‌كێكی تر و گرووپ و گرووپێكی تر بشكێته‌وه.
ڕوونتر بڵێین، په‌روه‌رده له‌سه‌ر بنه‌مای باڵاكردنی عه‌قڵ و گه‌شه‌پێدانی سه‌ربه‌خۆیی فیكر بونیاد ده‌نرێ، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و باڵاكردن و سه‌ربه‌خۆییه دواجار چاكه‌ی گشتی به‌رهه‌م بێنێ، محه‌مه‌د عه‌بده گوته‌نی (مرۆڤ ناچاره چاكه‌كار بێت).
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه گه‌وره‌ترین ئامانجی په‌روه‌رده له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و په‌ره‌پێدانی هوشیاری و ڕۆشنبیریی ناتوندوتیژییه له نێوان تاكه‌كانی نه‌وه‌یه‌ك و گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌وه‌كانی تر، ئه‌م پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و په‌ره‌پێدانه‌ش له خێزانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و له ناو ده‌زگه و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تری ده‌وڵه‌تدا كۆتایی دێت، كه ئه‌ركیان په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاكه كه‌سه. بۆیه په‌ره‌پێدانی ڕۆشنبیریی ناتوندوتیژی كرده‌یه‌كی دابڕاو نییه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و به ته‌نیا ناوه‌ندێك و لایه‌نێكی ژیان و له‌سه‌ر ته‌نیا ئاستێكه‌وه ناكرێ و ئامانجه‌كانی خۆی ناپێكی، چونكه پرۆسه‌یه‌كی گشتگیر و فره ڕه‌هه‌نده.
له‌به‌رئه‌وه‌یه كه لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كانی بواری سایكۆ – سۆسیۆلۆجیا و پسپۆڕه‌كانیان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته ئامانجی سه‌ره‌كیی په‌روه‌رده‌یی له پێگه‌یاندنی ناتوندوتیژی تاك، پشت به په‌روه‌رده‌كردن و له‌سه‌ر ئاستی جیا جیا ببه‌ستێ، له‌وانه (سه‌رجه‌می تاك و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه بكاته ئامانج، ته‌واوی بوار و چالاكییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه له‌خۆ بگرێ، ببێته هۆی به‌دیهێنانی هاوسه‌نگی و به‌یه‌كه‌وه گونجانی نێوان جیاوازییه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، پرۆسه‌یه‌كی هێواش و نه‌رم بێت و له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانی ناو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كانی قۆناغ و وڵاته‌كان و كولتووره‌كان بگونجێ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فیتره و سروشتی مرۆیی تاكه‌كه‌س بێته‌وه و له یه‌ك كاتدا كاریگه‌ری به‌سه‌ر ڕه‌فتار و ئاراسته‌كردنی منداڵ و خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار و ڕۆشنبیره‌وه هه‌بێت).
زاناكانی په‌روه‌رده و ده‌روونناسی دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی په‌روه‌رده بریتییه له‌وه‌ی وێڕای ئه‌و توانایانه‌ی له ساته‌وه‌ختی له‌دایكبووندا له‌گه‌ڵ منداڵ له دایك ده‌بن، كۆمه‌ڵێ شاره‌زایی و توانای تر له میانی قۆناغه‌كانی ژیان و له چوارچێوه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌شی تاكه‌كه‌س بكات. یه‌كێكیش له گرنگترین ئه‌و شتانه، فێركردنی تاكه بۆ ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕۆك و ڕووخساردا، له گوفتار و ڕه‌فتاردا، له بیركردنه‌وه و بڕیار و هه‌ڵوێست وه‌رگرتندا مرۆڤ بێت. به‌و مانایه‌ی باوه‌ڕی ته‌واو و نه‌گۆڕی دوور له مه‌یلی تۆڵه و توندڕۆیی و په‌ڕگیری، به بوون و به‌های مرۆڤی به‌رانبه‌ری هه‌بێت، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌كردنی ناتوندوتیژه‌وه به‌رهه‌م دێن، كه تاك له چوارچێوه‌ی خێزان و دواتریش له ڕێی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه فێریان ده‌بێ.
شاره‌زایان ده‌ڵێن ناتوندوتیژی، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی توانای تاكه‌كه‌سه بۆ به مرۆڤبوون، مرۆڤبوونێك له ئاستی ڕه‌فتار و گوفتار، له مامه‌ڵه و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كانیدا پابه‌ندی ئه‌و سروشته ناتوندوتیژه‌ی مرۆڤبوون بێت.
به كورتی، بنه‌ما و به‌های ناتوندوتیژی له‌سه‌ر تاكه تێگه‌یشتنێك وه‌ستاوه، ئه‌ویش ڕێزگرتنی مرۆڤه وه‌ك بوونه‌وه‌رێك كه ناكرێ له‌ناو ببرێ و تێك بشكێنرێ، بۆیه ده‌بێ سیسته‌م و پرۆگرامی په‌روه‌رده و سروشت و جۆری مامه‌ڵه و پێوه‌ندیی نێوان تاكه‌كان، چ له‌ناو خێزاندا وه‌ك یه‌كه‌م یه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی، یان له‌ناو یه‌كه و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا، به ئاراسته‌ی خزمه‌تكردنی ئه‌و تێگه‌یشتنه و هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه باڵایه بێت.
سه‌ره‌تا هه‌ندێك له بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌كان وای بۆ چوون كه مرۆڤ به سروشتی خۆی دڕنده و دوژمنكاره و توندوتیژی غه‌ریزه‌یه‌كی سروشتی ژیانی تاكه‌كه‌سه، به‌ڵام دواتر لێكۆڵینه‌وه هاوچه‌رخه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوون و بانگه‌شانه‌یان سه‌لماند، به‌وه‌ی كه توندوتیژی به‌رهه‌می بارودۆخێكی ده‌روونیی سه‌ختی شكست و نائومێدبوونه كه تاكه‌كه‌س پێیدا ڕه‌ت ده‌بێت.
بۆ نموونه، ویستی تێركردنی مه‌یل و پێداویستییه‌كان، غه‌ریزه‌یه‌كه له منداڵ خۆیدا له دایك ده‌بێ، له‌وانه هه‌ستكردن به له‌ده‌ستدان و بێبه‌شبوون له سۆزی دایباب، یان هه‌ستكردن به جیاوازیكردنی دایباب له نێوان ئه‌و و برا، یان خوشكه‌كه‌ی، ئه‌مه هه‌ستی به‌كه‌مزانین و بێ كه‌ڵكی له‌ناو خێزانه‌كه‌ی بۆ دروست ده‌كات، ڕه‌نگه هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌یشی له ژینگه‌ی ده‌ره‌وه، له‌ناو كۆمه‌ڵگه و له قوتابخانه بۆ دووباره ببێته‌وه، له‌وه‌ی كه هه‌ست بكات مامۆستا به‌رمه‌بنای هه‌ندێ پێوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، جیاوازی له نێوان ئه‌م و قوتابییه‌كی تردا ده‌كات، یان هه‌ست بكات كۆمه‌ڵگه هاوكاری نین له دروستكردنی كه‌سایه‌تی و گه‌شه‌پێدانی تواناكانی.
هه‌موو ئه‌وانه وا له منداڵ ده‌كه‌ن په‌نا بۆ ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێز و دوژمنكارانه ببات، تا له ڕێی ئه‌و ڕه‌فتاره توندوتیژانه‌یه‌وه پێداویستییه‌كانی خۆی تێر بكات و قه‌ره‌بووی ئه‌و بێبه‌شبوون و په‌راوێزخستنه‌ی بكاته‌وه و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ناچار به‌وه بكات كه هه‌ست به بوونی ئه‌م بكات، تا ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رانبه‌ره هه‌ست به توانای ئه‌م بكات له كۆنتڕڵكردنی ئه‌ودا.
له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌یه، شاره‌زا و پسپۆڕانی بواری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تیی توندوتیژ و شه‌ڕانگێزدا و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه، لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی خێزان به پله‌ی یه‌كه‌م دێت. واته ئاستی هوشیاری و ڕۆشنبیریی هه‌ر خێزانێك و سروشتی پێوه‌ندی و جۆری مامه‌ڵه‌ی نێوان ئه‌ندامه‌كانی، به به‌ردی بناغه‌ی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی منداڵ داده‌نرێ، به‌وه‌ی ئاخۆ سروشت و جۆری ئه‌و په‌روه‌رده‌یه منداڵێكی ته‌ندروست، یان منداڵێكی نه‌خۆش و توندوتیژ به‌رهه‌م دێنێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕاستییانه‌ی ڕۆڵی خێزانیشدا، كاریگه‌رییه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆكانی هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابووری و بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌سه‌ر خێزان خۆی، فه‌رامۆش ناكه‌ن و نادیده ناگرن.
كه‌وابێت به دیوێكدا و به‌ر له هه‌ر شتێك، جۆری مامه‌ڵه و سروشتی پێوه‌ندیی ئێمه‌ی دایباب له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان ڕۆڵێكی گه‌وره له بونیادنانی كه‌سایه‌تی و جۆری ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌كانی جگه‌رگۆشه‌كانمان و ئاسۆی ئاینده‌یان ده‌گێڕێ. پێڕه‌وكردنی توندوتیژی جه‌سته‌یی و مه‌عنه‌وی و خراپ مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ جگه‌رگۆشه‌كانمان، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه شێواو و سه‌قه‌ته‌یه كه دواجار له نێوان منداڵ و په‌روه‌رده‌كارانیدا ده‌كه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و شێوه مامه‌ڵه توندوتیژه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر پێوه‌ندیی منداڵ به ژینگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆیشی ده‌بێت.
كاره‌ساتی گه‌وره‌ش له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كات، كه هه‌مان جۆری ئه‌و كولتووری مامه‌ڵه و پێوه‌ندییه له‌ناو دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا له‌گه‌ڵ منداڵ دووباره ببێته‌وه. به‌م پێیه ده‌ره‌نجامی كۆتا له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا و له پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كه‌سدا، پێداگیری و پابه‌ندبوونه به په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ له‌سه‌ر ناتوندوتیژی، مه‌رجی سه‌ره‌كیش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه باڵایه‌ی گۆشكردنی ناتوندوتیژانه‌ی جگه‌رگۆشه‌كانمان چ له‌ناو خێزاندا بێت، یان له‌ناو دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه و سیسته‌می په‌روه‌رده سه‌رچاوه‌ی له بنه‌ما و به‌هاكانی ناتوندوتیژییه‌وه گرتبێت، یان وه‌ك (كارڵ پۆپه‌ر) ده‌ڵێ، "په‌روه‌رده‌ی ناتوندوتیژ له ناتوندوتیژیی په‌روه‌رده خۆیه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات".