نووری بێخاڵی
(1)
حه‌شده‌كانی حه‌وشه‌ی پشته‌وه!
سه‌یره كورد بیت و له سێبه‌ری خۆت ڕابكه‌یت. كورد بیت و شه‌رم له كوردبوونت بكه‌یت. كورد بیت و به خۆتدا بفسیته‌وه. ئینجا له‌وه‌ش خراپتر، ببیته هه‌رزه وه‌كیلی داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌ت و وه‌ك جۆرێك له نیشاندانی ئه‌ستۆپاكی و گه‌رمكردنی جێ و گیرفانت له به‌غدا، سووكایه‌تیی به ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆت بكه‌یت. ده‌ی ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وپه‌ڕی سه‌ركزیی و خۆبه‌كه‌مزانین نییه، چییه؟
ئاساییه دوژمن و داگیركه‌ران ئازاری ڕیفراندۆمیان بیر نه‌چێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به‌چه كوردێك، زیاتر له دوژمن به ده‌ست ئازاری ڕیفراندۆمه‌وه بتلێته‌وه و پێیدا بڕشێته‌وه، ئه‌وه نه‌ك هه‌ر شووره‌ییه، به‌ڵكو سووكیێكه پێناسه ناكرێت. نموونه‌ی مرۆڤی سه‌ركزی وا كه (كوچك له ئاگر گه‌رمتر)، له جیاتی دوژمنه‌كانی، به خۆیدا بفسێته‌وه، له مێژوودا و له‌ناو هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نادۆزیته‌وه!
له یه‌ك دوو ڕۆژی ڕابردوودا، كاوێژكارێكی سه‌ركۆمار، داخی سه‌ركزیی خۆی به ڕیفراندۆم ڕشت و به (ئاشبه‌تاڵ و به‌ڵا) ناوی برد. ئاخر كورد له‌و به‌غدایه، كاوێژكاری كاسه‌لێسی ئاوای هه‌یه، كه بۆ سڵاوی شۆڤینیێك و ڕازیكردنی ئاغایه‌ك، گاڵته به ماف و ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌وه بۆیه چاره‌نووسی كورد به‌م ڕۆژه گه‌یشتووه!
ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌ڵوێسته بۆ ئه‌وانه، كه (حه‌شدی حه‌وشه‌ی پشته‌وه)ی تاران و به‌غدان، شتێكی نوێ و نامۆ نییه، چونكه سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ی، چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌و گوتی: "به شانازییه‌وه یه‌كه‌م وه‌زیر بووم، كه دژی ڕیفراندۆم بووم”. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێ پێیان بڵێین، كه ڕاست ده‌كه‌ن، ڕیفراندۆم (ئاشبه‌تاڵ) بوو، به‌ڵام ئاشبه‌تاڵی عێراقچییه‌كان و بۆ ئه‌وانه‌ش بووه (به‌ڵا)، كه گوتاری جاش ته‌ڵه‌بییانی ئاشكرا كرد.
به كورتی، ڕیفراندۆم شه‌ره‌ف و شانازییه‌ك بوو كه به‌ر عێراقچییه سه‌ركز و شوكرانه‌بژێره‌كانی مه‌والی بوون، نه‌كه‌وت!
خوێنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه له ده‌متدا، كه ده‌بابه‌كه‌ی حه‌شد و له‌شكره‌كه‌ی عه‌بادی ئه‌نجن ئه‌نجنیان كرد.. شه‌رمه‌زاری قاپیی ئه‌و دایكه جگه‌رسووتاوانه‌ی كه‌ركووك بیت، كه سنگی خۆی له‌تاو فرۆشتنی شاره‌كه‌ی ده‌كوتی.. ڕووڕه‌شی به‌رده‌م سووتووی خانوو و كه‌لاوه‌ی هاووڵاتییانی خورماتوو بیت، كه ئاگری شۆڤینیزم كردنییه قه‌ره‌برووت. ده‌ی ئاخر شاعیر هه‌روا له خۆڕا نه‌یگوتووه:
من یه‌ن, یسهل الهوان علیه
ما لجرح بمیت ایلام
(٢)
سیاسه‌ت و موونه‌رمیی!
نووسه‌رێكی كوردی به‌شداربوو له دیالۆگی كوردی - عه‌ره‌بی، كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته له كۆیه به‌ڕێوه چوو، ده‌یگوت "هیچ نه‌یكوشتبووم، داخی ئه‌و هه‌موو ئه‌كادیمییه كوردییه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌به‌رچاوی عه‌ره‌به‌كان شیرین بكه‌ن، به عه‌ره‌بییه‌كی فه‌سیح و به‌لیغ، دووپاتی عێراقچێتیی خۆیان ده‌كرده‌وه”. سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له حزبه‌كانی كوردستانیش كه به‌شداریی دیالۆگه‌كه بوو، دوای ئه‌وه به دوور و درێژیی، باسی له كه‌شی عێراقچییانه‌ی (دیالۆگه‌كان!) كردبوو”. وێده‌چێ له‌و دیالۆگه‌ی عێراقچێتییه‌دا، ڕیفراندۆمیش بووبێته مۆته‌كه و هێڵنجی به هه‌ندێكیان دابێت، چونكه دواتر له هه‌ڵوێست و وتاری هه‌ندێك كوردی عه‌ڕابی عێراقچێتی بینیمان و خوێندمانه‌وه.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد كه له پێش ڕیفرادندۆم و كاتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه و دوای ئه‌وه‌ش، به ڕاشكاوی سه‌نگه‌ری دژایه‌تیی له پرۆسه‌كه گرت، وێده‌چێ هێشتا دڵی به‌مه ئاوی نه‌خواردبێته‌وه، بۆیه ئه‌و دیالۆگی عێراقچێتییه‌یشی، بۆ جارێكی تر كوتانه‌وه‌ی سه‌ر و سه‌كووتی ڕیفراندۆم، قۆستووه‌ته‌وه.
ناوبراو به‌مدواییه و له وتارێكیدا به ناونیشانی (دایه‌لۆگ له به‌رگێكی ئه‌كادیمیدا)، كه زوو زوو له ماڵپه‌ڕه‌كانیشدا ڕیفرێشی ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت: "ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بێ كه له‌وه‌ته‌ی ریفراندۆم له كوردستان كراوه، عه‌ره‌به‌كان ئه‌و پرسیاره له ناخیاندا ورووژاوه، كه ئایا چی وای له كورد كردووه بیر له جیابوونه‌وه بكاته‌وه؟”.
ڕاستییه‌كه‌ی ده‌بوو فه‌رید ئه‌و پرسیاره به جۆرێكی تر و له خۆی بكات: ئه‌رێ من ئه‌و هه‌موو ساڵه چیم دابوو له شاخ و چۆن بوو دوای كڵاوی بابردوودا كه‌وتم؟
ئاخر ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر خۆی له هۆكاری بیركردنه‌وه‌ی كورد له جیابوونه‌وه بدزێته‌وه، به‌ڵكو پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایدكردنی كوردیش پاساو بداته‌وه، ئاساییه، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه فه‌رید بێت و ئه‌م وه‌سوه‌سه و غایله‌یه‌ی عه‌ره‌ب بخوێنێته‌وه و ببێته وه‌كیلی ئه‌وان و له‌بری ئه‌وان پرسیار له كورد بكات. مه‌گه‌ر ئه‌وه ناڵێم، ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش نه‌یزانیبێ و نه‌زانێت، ئاخۆ بۆچی و له‌پێناو چیدا به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵه بووه‌ته ده‌روێشی (مافی چاره‌ی خۆنووسین)؟
له شوێنێكی تری وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "كاتی ئه‌وه هاتووه كورد ده‌ستبه‌رداری وتاری سته‌ملێكراوی بێ و واز له تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی رابردوو بهێنێ. هه‌موو سه‌رده‌مێك به‌هاكانی خۆی هه‌یه. كاتی ئه‌وه هاتووه به‌هاكانی ئه‌م سه‌رده‌مه تێبگه‌ین”.
سه‌یری ئه‌م وه‌كاله‌ته (ئه‌كادیمییه!)ی بۆ عێراقچێتیی، ئه‌م ئه‌ده‌به به‌رزه‌ی گوزارشتكردن له شانازیكردن به برابچووكی و شوێنكه‌وته‌یی كه له پشتی نه‌گوتراوه‌كانی قسه‌كانیدان. به قسه‌ی فه‌رید بێت، كورد دوای ٢٠٠٣ بیری له تۆڵه كرده‌وه، بۆیه سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد، خۆشباوه‌ڕ و ساوێلكانه، چوون و داروپه‌ردووی عێراقیان بۆ عه‌ره‌ب خسته‌وه سه‌ریه‌ك؟ مه‌گه‌ر مامه‌ڵه شۆڤینییانه‌ی عه‌بادی و ڕه‌فتاری وه‌حشییانه‌ی حه‌شد، سووكایه‌تیكردن به ئاڵا و پیرۆزییه‌كانی كورد له كه‌ركووك و خورماتوو له كاتی خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا، ئه‌و به‌ها نوێ و سه‌رده‌مییانه بوون كه ئێمه تێ‌یان نه‌گه‌یشتین و له‌سه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ی فه‌رید، ده‌بێ له ئاستیاندا ڕابردوو موونه‌رمتر بین؟
(٣)
له بێ خه‌به‌ران ته‌شته‌ك سڵاوات!
بۆ مێژوو ده‌یڵێم، ساڵی ٢٠٠٣ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی ئه‌مریكی كارم ده‌كرد، نزیكه‌ی ساڵێك باره‌گه‌ی سه‌ره‌كیمان له كه‌لار بوو، ئه‌و ماوه‌یه بست بستی گوند و ئاواییه‌كانی گه‌رمیان نه‌ما، نه‌گه‌ڕێین. جارێكیان تیمه‌كه‌مان كاری كه‌وته گوندێكی سنووری خانه‌قین، ئه‌گه‌ر یاده‌روه‌ریم درۆم له‌گه‌ڵ نه‌كات، ناوی (شه‌فیق ئاغا) بوو، ئیتر نازانم ناوی دوای ته‌عریب بوو، یان چی!
ژنێكی ڕه‌ند و سه‌لار كه چاوه‌كانی هه‌ر له چاوه‌كانی شێری ده‌كرد، توند و گورجوگۆڵ، وێده‌چوو ساڵانێك به‌دیار داگیركردن و ته‌عریبی گونده‌كه‌یه‌وه هه‌ناسه‌ی ساردی هه‌ڵكێشا بێت و خۆی خواردبێته‌وه، ببووه سه‌ردار و سه‌ركاری گونده‌كه. لێم پرسی: چۆنه ئێره عه‌ره‌بی لێ نه‌ماوه؟
گوتی: "ئازایه‌تیی (مه‌لا به‌ختیار) بوو كه هاوكاتی پرۆسه‌ی ڕووخاندنی به‌عس، له ناوچه‌كه‌ماندا ڕه‌نگڕێژی به‌رنامه‌ی سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی ته‌عریب بوو و ده‌ستی كردینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شكۆ و سه‌روه‌ریی خۆمان بگه‌ڕێنینه‌وه”. كه‌چی به‌داخه‌وه، هه‌نووكه له سای موباره‌كه‌ی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا، دووباره ته‌عریب نه‌ك هه‌ر بووه‌ته‌وه خێو و مۆته‌كه‌ی سه‌ر سنگی خانه‌قین، ته‌نانه‌ت خه‌ریكه كه‌ركووكیش لووش ده‌كات!
بۆیه به‌لامه‌وه ئاساییه، (مه‌لا به‌ختیار)، جیاواز له هه‌موو هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی، له برینی قووڵ و ژانی به سوێی ته‌عریب بگات و د‌رك به مه‌ترسییه‌كانی دۆخی ئێسته‌ی ناوچه داگیركراوه‌كان و پرۆسه‌ی نوێی ته‌عریب بكات و بڵێت: "ته‌عریبێكی نوێ له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و هێزی چه‌كدار بۆ پشتیوانیی ئه‌و ته‌عریبه دروست ده‌كرێت... هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه حوكمی عه‌سكه‌ری سه‌پێنراوه به‌سه‌ریاندا، له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئه‌مانه سپۆنسه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته ده‌كه‌ن كه ته‌عریبی تازه بێته‌وه.. ئه‌وه‌تا به به‌رچاوی حكوومه‌تی عێراقی، به به‌رچاوی حاكمی عه‌سكه‌ریی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، به قافڵه‌ی چه‌ك و بیكه‌یسی، ئه‌مانه‌ی ئێسته دێن و به ئاشكرا و به رۆژی رووناك له به‌رده‌م ته‌له‌ڤزیۆن، به جووتیاری كورد ده‌ڵێن خواحافیز بڕۆن ئه‌مه هی ئێمه‌یه”.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌دا بۆ من مایه‌ی شۆك بوو، قسه‌كانی (مه‌حموود سه‌نگاوی)ن كه ڕۆژگارێك له‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد و به مانایه‌ك له ماناكان ده‌یگوت، هێز نییه بتوانێ ته‌عریب بگه‌ڕێنێته‌وه گه‌رمیان، ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكاته‌وه، با بیر له بردنه‌وه‌ی ته‌رمی خۆیشی بكاته‌وه. كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره به مسۆگه‌ركردنی پۆستی وه‌زاره‌تێك بۆ كوڕه‌كه‌ی سه‌رقاڵه، له‌سه‌ر خێر ئێسته بێ‌دار بووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "ته‌عریبێكی خراپتر له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، له سنووری شارۆچكه‌ی خانه‌قین ده‌ستی پێ كردووه.. له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه بارودۆخی ئه‌و ناوچانه زۆر خراپ بووه، حه‌شدی شه‌عبی ده‌غڵودانی كورده‌كان ده‌سووتێنن، هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچه كوردستانییانه خه‌ریكی تاڵانن”.
ئای له‌وه، ئه‌ی ئه‌م هه‌موو جه‌به‌ڕووته‌ی له ناوچه‌كه هه‌ته، چی به‌سه‌ر هات؟ مه‌گه‌ر ناڵێن له گه‌رمیان پیاو نییه له ئاست تۆدا بوێریت بڵێت "من له‌و توخمه‌م كه به پێوه میز ده‌كه‌م!”، ئه‌دی خێره تازه بیرت ده‌كه‌وێته‌وه كه دوای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر (ڕووداوه‌كان نا!) بارودۆخی ناوچه‌كه تێكچووه؟ چۆنه به‌به‌رچاوته‌وه ڕێی ته‌عریبكردنه‌وه، به‌تاڵانبردنی ماڵی كورد، سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیاره‌كانی كورد ده‌ده‌یت و له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌عریبچییه‌كان ته‌رمه‌كانیان ببه‌نه‌وه، كوردی به‌دبه‌خت شڕوشیتاڵی بپێچێته‌وه، نه‌بادا گیانیشی بكه‌وێته به‌ر كه‌ڵبه‌ی ته‌عریبی نوێ؟
(٤)
خه‌نجه‌ری دواوه!
سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندان یه‌كه‌ی سه‌ربازیی و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانی تر، كه‌چی به بیانووی دابینكردنی ئاسایش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و پۆلیسی فیدڕالی، ئه‌میان فه‌وجێكی سه‌ربازیی و ئه‌وه‌ی تریان دوو لیوای پۆلیسی ڕه‌وانه‌ی ئه‌و سنوورانه كردووه. له‌م ڕۆژانه‌ی دواییشدا باس له ناردنی هێزی زیاتری حكوومه‌تی عێراقی ده‌كرێت بۆ كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانی تری كوردستان.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه هێرشكردنه سه‌ر گوندی په‌لكانه و هه‌ڕه‌شه‌كردن له كورده‌كان بۆ چۆڵكردنی زێدی باوك و باپرانیان، 23 شوباتی ئه‌مساڵ عه‌ره‌به‌كانی هۆزی شه‌مه‌ر نووسراوێكیان ئاراسته‌ی راكان جبووری پارێزگاری به زۆر سه‌پێندراو به‌سه‌ر كه‌ركووكدا كرد، تیایدا ده‌ڵێن "ئێمه‌ی ڕۆڵه‌كانی هۆزی شه‌مه‌ر له پارێزگای كه‌ركووك، ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، ساڵی 2003 له‌لایه‌ن حزبه كوردییه‌كانه‌وه له گونده‌كانمان ده‌ركراین و به‌و هۆیه‌وه 16 گوندیان داگیركردین" له به‌رامبه‌ردا، ڕاكانی به وه‌كاله‌ت پارێزگار ئه‌م په‌راوێزه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌یان نووسیوه: "بۆ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین، رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌وادانه بۆ ماڵه‌كانی خۆیان و ده‌ركردنی ئه‌وانه‌ی زیاده‌ڕۆییان كردووه, له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گوندانه ده‌كه‌ونه ناوچه‌ی تایبه‌تی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه” ” و ڕۆژی 19/5/2019یش له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، به ڕوون و ڕاشكاوی پاڵپشتیی خۆی بۆ ئه‌و داوایه عه‌ره‌به‌كان دووپات كرده‌وه و كوردی ئه‌و ناوچانه‌یشی به "هاورده بۆ ناوچه‌كه” وه‌سف كرد.
هاوكاتی ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه كه به ئاماژه‌كانیانه‌وه دیارن، پێشوه‌خته پلان بۆ داڕێژراون. ماوه‌یه‌كه له سنووری مه‌خموور، شارۆكه و شاره‌دێكانی سه‌ر به هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركووك و دیاله. به‌دیاریكراویش له خانه‌قین، دووبز، داقووق، قه‌ره‌ته‌په و جه‌له‌ولا و ده‌وروبه‌ریان و ناوچه داگیركراوه‌كانی تر، عه‌ره‌به هاورده‌كان به زه‌بری هێز و به هاوكاریی هێندێ لیوای سه‌ر به سوپای عێراق، شه‌وانه به‌ناوی داعشه‌وه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر زه‌ویوزار و ده‌غڵودانی جووتیارانی كورد، جیا له دوورینه‌وه و به‌تاڵانبردنی به‌شێكی، ئاگریان له سه‌دان دۆنم زه‌ویوزاری تری به ده‌غڵودان چێندراو به‌ردا.
به‌گوێره‌ی لێدوانێكی وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق خۆی "له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا زیاتر 1185 دۆنم ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه سووتێنراون كه به گه‌نم و جۆ چێنراون” و زانیارییه‌كانیش ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، ته‌واوی ئه‌و زه‌وییانه هی جووتیارانی كورد بوون. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و ته‌عریبه نوێیه‌دا، به‌ھۆی نه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایشی كوردستان له ناوچه‌كه‌یان، به پێداگریی عه‌ره‌به ھاورده‌كان كه داوای پشكی به‌روبوومی جووتیاره كورده‌كانیان كردووه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر داواكاریی ھێزه عێراقییه‌كان له مه‌خموور، دوورێنه‌كردنی گه‌نمی جووتیارانی كورد ڕاگیرا.
به‌هه‌رحاڵ، هه‌ندێ زانیاری ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانه‌ی گه‌نمی جووتیارانی كورد ده‌سووتێنن، به ته‌نیا عه‌ره‌بی هاورده، یان تیرۆریستانی داعش نین، به‌ڵكو حه‌شد و به‌شێك له یه‌كه سه‌ربازییه‌كان و پۆلیسیش له پشتی ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ن. ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كرێت كه دیوێكی ئه‌م یارییه، سیناریۆی به‌شێك له به‌رپرسانی حزبێكی كوردییه له ناوچه‌كه، كه به به‌رنامه كارئاسانی بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و پشێوییه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك كارتی فشار بۆ سه‌ر پارتی به‌كاری ده‌هێنن، تا به‌هۆیه‌وه، پارتی ببه‌نه ژێرباری مه‌رجی ده‌ستنیشانكردنی پارێزگارێكی به‌دڵی خۆیان بۆ كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ پێدانی پشكی زیاتری پۆسته‌كان له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا!
سه‌یری جووتیار و هاووڵاتیی به‌دبه‌ختیی كوردی مارانگه‌سته‌ی ته‌عریب و ته‌بعیس، له‌لایه‌ك تیرۆریستانی داعش داوای باج و سه‌رانه‌ت لێ بكه‌ن، له‌لایه‌كی تر حه‌شد و عه‌ره‌به هاورده‌كان ده‌غڵودان و به‌رووبوومه‌كانت بسووتێنن، سوپا و پۆلیسی عێراقیش له ڕووخساردا ته‌ماشكاری دۆخه‌كه و له سێبه‌ریشدا زه‌مینه‌ساز و هاوكار بێت، له‌وه‌ش پڕ ئازارتر، له‌سه‌ر حیسابی ناكۆكیی حزبی و له‌پێناو ئیمتیاز و ده‌سكه‌وت و پۆست‌دا، هاوخوێنی خۆت له دواوه خه‌نجه‌رت لێ بدات!