نووری بێخاڵی
(1)
جنێو وه‌ك كولتووری سیاسی
كوردی و عه‌ره‌بی لێ بترازێت كه ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ریاندا ده‌شكێت، وه‌كوتر كه‌مترین زانیاریم له‌سه‌ر گوتاری ناو سۆشیال میدیای ئه‌وانی تر هه‌یه كه به زمانی تر ده‌نووسن. ڕاستتر بڵێم، نازانم ئه‌و زمانه‌ی كه ئه‌وان له به‌رانبه‌ر یه‌كتر و له پرۆسه‌ی ڕه‌خنه و ناكۆكییه‌كانیاندا به‌كاری ده‌به‌ن، له چ ئاستێكدایه. وه‌لێ له پێوه‌ست به دنیای مه‌جازیی كورد و عه‌ره‌به‌وه، ئه‌م پرسه مایه‌ی گریانێكی قووڵ و داخێكی گه‌وره‌یه.
هه‌رچی پێوه‌ندیی به زمانی سۆشیال میدیای كوردییه‌وه هه‌یه، له دواندنی یه‌كتردا كاره‌ساتێكه بۆ خۆی (ئه‌مه بۆ زمانی عه‌ره‌بی و له‌ناو خۆیاندا هه‌مان شته. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو زمانه سه‌ره‌ڕای جیاوازیی زۆر گه‌وره‌ی ڕێزمان و فه‌رهه‌نگی وشه‌سازییه‌كه‌یان، تۆوی یه‌ك گه‌نم بن و له یه‌ك زه‌وی چێندرابن و له یه‌ك ئاش كرابن، ئاوان!).
سه‌رنجدانێكی خێرای سۆشیال میدیای كوردی (هه‌ندێ جار میدیای فه‌رمی و سێبه‌ریش!)، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ین كه له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌یدا، ئێمه له‌ناو چ دۆزه‌خێكداین. له‌كاتێكدا جنێو وه‌ك شه‌رمه و شووره‌ییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ناو مێژوو و دابونه‌ریت و كولتووری كورده‌واریدا بێزراو بوو، كه‌چی ئێسته و له سایه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای پێوه‌ندیكردن و گه‌یاندندا، له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌یدا خه‌ریكه ده‌بێته كولتوور، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین بووه‌ته كولتوور و خوو و خده‌ی تاك به تاكی ئه‌م وڵاته.
پێویست به‌وه ناكات كه‌سێك ئامۆژگاریم بكات، به‌وه‌ی كه دیارده‌ی جنێو له‌ناو سۆشیال میدیا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار له‌ناو میدیای فه‌رمیشدا، ته‌نیا ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی هه‌یه و ئه‌وانه‌یشی به‌ناوی شه‌ڕی سیاسییه‌وه په‌نا بۆ به‌كاربردنی جنێو ده‌به‌ن، گوزارشت له گوتاری سیاسی ناكه‌ن. چونكه به رژدی ئه‌مه ئامۆژگارییه‌كی زۆر منداڵانه‌یه و ئه‌وپه‌ڕی بێ ئاگاییه به مێژووی ناكۆكیی و ململانێ سیاسییه‌كانی كوردستان.
به‌هه‌رحاڵ، چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته له به‌یرووتی پایته‌ختی لبنان، دیمانه‌یه‌كی دوور و درێژم له‌گه‌ڵ سه‌رنووسه‌ری یه‌كێك له كاریگه‌رترین ڕۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته كرد (ئه‌لنه‌هاڕ). له پرسیارێكمدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكێك گله‌یی له جۆرێك له جنێوبازیی و زمانی زبری ڕۆژنامه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له ساته‌وه‌ختی تۆخبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه سیاسییه‌كانی وڵاته‌كه. (غه‌سان ئه‌لحه‌جاڕ)ی سه‌رنووسه‌ر له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌مدا به‌وپه‌ڕی متمانه و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه گوتی: "نه‌خێر ئه‌مه ڕاست نییه. ئه‌وه زمانی ئێمه نییه كه زبره. ئه‌وه ئێمه نین، ڕه‌واج به‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ جنێوبازی، ده‌ده‌ین، به‌ڵكو ئێمه زمانی زبر و خووی جنێوبازانه‌ی سیاسییه ناكۆكه‌كان خۆیان ده‌گوازینه‌وه. ئه‌وه سیاسییه‌كانن زمانیان له ئاستی یه‌كتریدا زبره و په‌نا بۆ جنێو ده‌به‌ن، ئێمه ته‌نیا جنێوه‌كانی ئه‌وان ده‌گوازینه‌وه".
دواجار وه‌ك ئه‌وه‌ی "ده‌روێش كه ده‌شێ ببێته خه‌لیفه، وه‌لێ هه‌رگیز نابێته شێخ"، ئه‌و كه‌سه‌یش كه له‌سه‌ر زمانی سه‌ركرده و حزبه‌كه‌ی، جنێو به‌م و به‌و ده‌دات، ڕه‌نگه ببێته كادر، به‌ڵام قه‌ت نابێته سه‌ركرده و هه‌ر به میراتی جنێودانه‌وه سه‌ر ده‌نێته‌وه!
(2)
قسه هه‌زاره و یه‌كی به‌كاره!
هه‌رچی هێزگه‌لی سیاسیی كوردستانه، به چه‌پ و ڕاستییانه‌وه، به گه‌وره و بچووكیانه‌وه، به ده‌سه‌ڵاتدار و به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیانه‌وه، هه‌ر كه ده‌م ده‌كه‌نه‌وه، باس له چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان، ڕێككه‌وتن، لێبورده‌یی، هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی، ته‌بایی، چاكسازیی، به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و ده‌یان دروشمی تری بریقه‌دار ده‌كه‌ن. كه‌چی كاتێ مرۆڤ له هه‌ڵوێسته كرده‌نی و ره‌فتاره‌كانیان و مامه‌ڵه‌یان له ته‌ك یه‌كتردا ورد ده‌بێته‌وه، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بانگه‌شانه‌یانی بۆ روون ده‌بێته‌وه.
له بری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، قه‌یرانسازی وه‌ستا و به ده‌ستوبردن.. له جیاتی ڕێككه‌وتن، په‌یمانشكێنی به ئه‌زموونن.. نه‌ك هه‌ر لێبورده نین، به‌ڵكو گوناه و هه‌ڵه‌كانی خۆیشیان به عه‌لاگه‌ی ئه‌وانی تره‌وه هه‌ڵده‌واسن.. بوێری خودڕه‌خنه‌یی و ده‌رزی ئاژنكردنی هه‌ڵه‌كانی خۆیان نییه، جا چ جای لێبورده‌یی له هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی به‌رانبه‌ر.. ته‌بایی هه‌میشه ده‌مامكێك بووه، له پشتییه‌وه هه‌رچی ڕقی مێژوویی و كینه‌ی ئایدیۆلۆجی و سیاسییه، ده‌یشارنه‌وه و له ساته‌وه‌ختی به‌دحاڵیبوونیكی نێوانیاندا، وه‌ك بوركان ده‌یته‌قێننه‌وه.. چاكسازیی به ده‌ستیانه‌وه ده‌سماڵی سواڵی ده‌سكه‌وتی مادی و ئیمتیازاتی ئیداری و سیاسیی زیاتره.. هه‌تا ئه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدان كه كورسیی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تی و حزبی و ناوچه‌ییه‌كانیان ده‌له‌قێت.
كاتێ ده‌ڵێین هێزه‌كان به ڕاست و چه‌پ و گه‌وره و بچووكیانه‌وه، به ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیانه‌وه وان، مه‌به‌ست هاوتاكردنی هه‌ڵه و تاوان و گوناه و نابه‌رپرسیارێتیی هێزه گه‌وره و بچووكه‌كان نییه، به‌ڵكو خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه هه‌ریه‌كه له‌و هێزانه، به قه‌د قه‌باره‌ی خۆیان دووفاقن و له پێوه‌ست به گوتار و ره‌فتار، ئامانج و نیازه‌كانیاندا له پارادۆكسی قووڵدا ده‌ژین.
هێزگه‌لی بچووك هه‌ن كه سه‌ری زمان و بنی زمانیان سه‌ركۆنه‌كردنی هێزه گه‌وره‌كانه، كه‌چی له‌پڕ ده‌بینی له‌ناو خۆیاندا له‌سه‌ر پۆست و پاره و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، پاشقول له یه‌كتر ده‌گرن و سه‌ر به‌ره‌و ئینشقاق ده‌كێشن.. ڕاسته‌كه‌یان ده‌بینی، زمانی یه‌ك مه‌تر له‌سه‌ر بێدادیی چه‌په‌كه درێژه، كه‌چی موریده‌كانی له‌سه‌ر لاوازی ئیمان و بێدادییه‌كانی لێی ده‌پرینگێنه‌وه.. دیاره ئه‌زموونی دووڕوویی ئۆپۆزسیۆنبوونیشمان بینی و تێریشمان له هه‌لپه‌رستیی گوتار و هه‌ڵوێسته‌كانیان خوارد!
به كوردی و به كورتی: زۆرینه‌ی ئه‌و هێزه سیاسییانه، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی نا، به‌ڵكو له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان و ده‌سكه‌وتی زیاتردا، ئاماده‌ن "بۆ ده‌سماڵێك، قه‌یسه‌رییه‌ك بسووتێنن!".
(3)
واز له یوئێن بێنن، چاره‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییه!
ئومێد هه‌ڵچنین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یوئێن چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانت بۆ بكات، له خه‌ونی حوشتر زیاتر نییه.
كه دوای 2003 به‌یه‌كه‌وه، هه‌مووتان (حزبه‌كانی كوردستان)، داروپه‌ردووی ڕووخاوی عێراقتان بۆ عه‌ره‌ب خسته‌وه سه‌ریه‌ك و له‌وان زیاتر خه‌مخۆریی بونیادنانه‌وه و هه‌ڵسانه‌وه‌ی بوون. ئه‌وكاته‌ی كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانتان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری، به 140 مسقاڵی بریمه‌ر له عێراقی عه‌ره‌بی ماره كرده‌وه، به‌تایبه‌تیش كه له ئه‌نجامی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، قوڕی داگیركارییه‌كه خه‌ستتر بووه‌وه، ده‌بوو چاوه‌ڕوانی ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆش بن، ته‌عریب بێته‌وه و ده‌غڵودان و خله و خه‌رمانی جووتیارانی كورد بسووتێنرێت و عه‌ره‌بی هاورده به هاوكاریی هێزه نیزامییه‌كانی عێراق، گوندنشینانی كورد له‌سه‌ر زێدی خۆیان ده‌ربكه‌ن!
به‌هه‌رحاڵ، مێژووی كار و ئه‌زموونه‌كانی یوئێن پێمان ده‌ڵێ، ئه‌و ڕێكخراوه پۆلیسی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ته‌كانه، ئینجا پڕۆژه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی بزنس و گه‌نده‌ڵییه. تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌ره دیاری ئه‌و ڕێكخراوه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا ئه‌وه‌یه، كێشه‌كان نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو تا ئه‌و كاته‌ی بۆگه‌ن ده‌كه‌ن، كێشه‌كان ده‌كاته ئامرازی كات كوشتن. ئه‌وان هه‌ر خه‌ریكی (قال و قیل)ی خۆیانن و له كۆنگره و كۆنفڕانسه سواوه‌كانیاندا ده‌ستی ده‌ستی به دۆز و كێشه‌ی گه‌لان و شكۆی مرۆڤ ده‌كه‌ن.
یونامی و دیمستۆرا چی‌یان بۆ دۆخی كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كان و ڕۆژئاوای كوردستان كرد، ستافی ئێسته‌شیان هه‌ر ئه‌وه‌نده بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه داگیركراوه‌كانی تر ده‌كه‌ن.
بۆ یوئێن و جووڵێنه‌ره‌كانی، خاترخوایی و دڵڕاگرتنی عه‌ره‌بی ده‌وڵه‌تدار و توركمانی پشت ئه‌ستوور به ده‌وڵه‌تی دۆست، له‌سه‌ر حیسابی كوردی بێ ده‌وڵه‌ت و دۆست و بێ پشت و په‌نا، پێشینه‌یه. ڕۆشنتر بڵێین، كورد بۆ ئه‌وان تاكتیك و ئه‌وانی تری ده‌وڵه‌تدار، ستراتیجن.
بۆیه، چیتر یه‌كتر ته‌خوینكردن (ئه‌و قه‌وانه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده‌یه بۆ یه‌كتر لێی ده‌ده‌نه‌وه!)، به شه‌یتانكردنی یه‌كتر، یه‌كتر بوغزاندن، كه‌له‌ڕه‌قیی سازش نه‌كردن بۆ یه‌كتر و له پاڵ ئه‌وه‌شدا نزا و نزوله و نووزانه‌وه له یوئێن و كێ و كێی تر، دادی ده‌ردی كورد نادات. به‌ڵكو نزیكترین ڕێ بۆ كۆتاهێنان به‌م ده‌ردی سه‌ری 100 ساڵه‌ییه‌مان، بوونه‌وه به كورده، كوردبوونێك له سه‌رووی ئینتیمای ئایدیۆلۆجی و ناوچه‌گه‌رێتی.
ڕاستییه‌كه‌ی له بری سوعبه‌ته‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمیدیای لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كه بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌م پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه، یه‌كه‌میان یاداشتی داوه‌ته یوئێن و دووه‌میش به ته‌ما بوون عه‌رزوحاڵ بده‌نه یوئێن.. ڕاشكاوتر بڵێین، له جیاتی ئه‌و قوماره پێشوه‌خت دۆڕاوه‌ی كه به قازانجی عرووبه‌یی عێراق و كلكی تۆرانییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، ڕاست ئه‌وه‌یه ببنه‌وه به كورد، له‌گه‌ڵ خۆتان ئاشت ببنه‌وه، سنوورێك بۆ خۆخۆریی، ناكۆكیی ناوخۆیی، په‌رته‌وازه‌یی، یه‌كتر خستنه‌چاڵ و له دواوه خه‌نجه‌ر له یه‌كتر وه‌شاندن دابنێن.
چاره‌ی ده‌ردی كورد لای یوئێن نییه، به‌ڵكو لای خۆیه‌تی. لای كوردبوون و یه‌كبوونیه‌تی، لای ئاشتبوونه‌وه و له یه‌كتر به‌خشینیه‌تی.
حكوومه‌ت و حزبه كوردستانییه‌كان (كه پاشگری كوردستانیبوونیشیان جێی گومان و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه!) ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ كۆتا به‌م شكۆ شكاندنه‌ی كورد بهێندرێت، بۆ خۆتان ڕێز له شكۆی نه‌ته‌وه‌یی خۆتان بگرن و به‌هایه‌ك بۆ سه‌روه‌ریی نیشتمانیتان دابنێن و كوردانه وه‌رنه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه.
ده‌ردی كورد بێ ده‌وڵه‌تییه، ڕیفراندۆمتان بینی، له‌كاتێكدا كه ئه‌ژنۆی دوژمن و داگیركه‌رانی شكاندبوو و هه‌موو دنیای به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كرد، كه‌چی به‌هۆی دێزه‌یی ئه‌م و ئه‌و و دژایه‌تیكردنی له ناوخۆدا، چۆن هه‌مووانی برده‌وه خاڵی سفر.
ئێسته‌ش نه‌چووه بچێ، ئاشتبوونه‌وه و یه‌كبوونتان، ده‌بێته گه‌وره‌ترین ڕیفراندۆم و به دڵنیاییه‌وه به‌رهه‌مێكی بۆ ئێسته و ئاینده‌ی كورد و كوردستان ده‌بێت.