"سه‌ربوورده‌ی سه‌لیم به‌ره‌كاتی كورد و سه‌رۆك بارزانی"

PM:12:29:30/06/2019 ‌

نووری بێخاڵی
ڕۆمانی (ماذا عن السيدة اليهودية راحيل؟)، سەربووردەی کوێرەوەریی کورد و جووەکان و ئەرمەن و پێکهاتەکانی ترى قامیشلۆیە، لە سای شۆڤینیزم و عرووبەی بەعسدا.

ئەمەی خوارەوە گۆشەیەکی بچووکی گفتوگۆی نێوان دوو عاشقی ناکام (لینا)ی کچە جوو و (کیهات)ی کوڕە کوردە، لە ڕۆمانی (ماذا عن السيدة اليهودية راحيل؟)، کە نوێترین کاری ئەدەبیی (سەلیم بەرەکات)ە، ڕۆمانێک کە دڵۆپ دڵۆپ خوێنی برینە قووڵەکانی کوردبوونی لێ دەتکێ.

لینا ڕوو دەکاتە کیهات و دەڵێت: "هیچ کتێبێکمان بە عیبری نییە…  جگە لە تەورات، لە ماڵەوە هیچ شتێکمان نییە بە عیبری”
کیهات بە حەسرەتەوە لێی وەردەگرێتەوە و دەڵێ: 
"ئێمەش هەروا، هیچ شتێکی بە کوردی نووسراومان نییە، لینا”. وەک ئەوەی بیبڕێت، کیهات بە پەنجەکانی ئاماژە بۆ گەردنی دەکات:
"لەوانەیە سەرمان ببڕن”
لینا: "نازانیت بە کوردی بنووسیت؟”
کیهات: "نووسین بە کوردی نییە، خوێندنەوە بە کوردی نییە، قسەکردن بە کوردی لە پۆلەکانی قوتابخانە نییە، خواردن بە کوردی نییە”
لینا بە سەرسوڕمانەوە: "خواردن بە کوردی نییە؟ ئەی بە چ زمانێک نان دەخۆن؟”
کیهات: "بە ددانی زمانی عەرەبی!”

ئەگەر هەڵە نەبم، ساڵی 2006 و لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە دیمەشق بوو، کە ئەوکات تەلەڤزیۆنی سووریا ڕاستەوخۆ دیمەنەکانی دەگواستەوە، شاعیری ناسراوی فەلەستینی (مەحموود دەروێش) هاتە سەر ستەیج و گوتی: "چەند پارچە شیعرێکی پێشکەشی ئەوانە دەکەم، کە خۆشم دەوێن” و چەند پارچە شیعرێکی پێشکەش کرد. 

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاوی نووسەر و ئەدیبی ناسراوی عەرەب و بەرپرسە باڵا حزبی و حکوومییەکانی سووریا ئامادەی بوون. هەتا ئەو شوێنەی "دەروێش” ناوی چەند نووسەر و شاعیر و ئەدیبێکی عەرەبی هێنا و هەریەکە و شیعرێکی بە دیاریی پێشکەش کردن، هەموو ئامادەبووان گەشانەوە و چەپڵەیان بۆی دەکوتی، بەڵام کە گوتی: "ئێسته‌ش شیعرێک پێشکەشی برا و هاوڕێم، ئەدیب و ڕۆماننووسی گەورە (سەلیم بەرەکات) دەکەم، ئەو کەسەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا باشترینی ئەوانە بووە کە بە عەرەبی و لە عەرەبەکانیش باشتری نووسیوە". دانە دانەیان لێ دەربچێ، دەنا هەموو ئامادەبووان مڕومۆچ بوون. شیعرەکەیشی (لیس للكوردی الا الریح - الی سلیم برکات) بوو کە خوێندییەوە.

(دەروێش) لە شوێنێکی ئەو شیعرەیدا ئاوا وەسفی (بەرەکات) دەکات:
يَتَذكّرُ الكرديُّ حين أزورُهُ، غَدَهُ ..
فيُبعدُهُ بُمكْنسة الغبارِ: إليك عنّي!
فالجبالُ هِيَ الجبالُ. ويشربُ الـﭭودكا
لكي يبقى الخيالَ على الحياد: أَنا
المسافرُ في مجازي، و الكراكيُّ الشقيَّةُ
إخوتي الحَمْقىَ. وينفُضُ عن هُويَّتِهِ
الظلالَ: هُوِيَّتي لُغتي. أنا.. وأنا.
أنا لغتي. أنا المنفيّ في لغتي.
وقلبي جمرةُ الكُرْديِّ فوق جبالِهِ الزرقاء ..
بەهەرحاڵ، بۆیە تەنیا و بەخێرایی جەخت لەسەر ئەم چەند دێڕە وەسفەی (دەروێش) بۆ (بەرەکات) دەکەمەوە، چونکە دەگمەنن ئەوانەی لەناو کورددا لە هەناسە و ڕۆحی کوردبوونی ناو ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەرەکات دەگەن. ئیتر سەرباری ئەو تێنەگەیشتنیشیان لەو هەناسە و ڕۆحە و هەست نەکردن بە ئازار و برینی کێمتێزاوی کوردبوون لە یادەوەریی و زەین و خەیاڵی (بەرەکات)دا، کەچی وەک جۆرێکیش لە فرۆشتنەوەی کوردایەتی بە هەموومان، دوور نییە بە دەنگی بەرزەوە بڵێن: کابرا بە عەرەبی دەنووسێت، ئیتر بە ئێمە چی؟

پێموایە ئەوەی لەم گفتوگۆ کورتەی سەرەوەی نێوان (لینا و کیهات) تێ بگات، دەزانێ بۆچی (بەرەکات) نەیتوانیوە بە زمانی دایکی بنووسێ و بخوێنێتەوە، بەڵام خۆ مەرج نییە ئەوەی بە کوردی بخوێنێتەوە و بنووسێت، کوردی عەیاری بێ غەلوغەش بێت!
ئاخر کوردبوون بریتییە لە ئاگایی، لە هۆشیاری و درککردن بەو بوونە، لە ئینتیمایەکی خۆڕسک، لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی خاوەندارێتیکردن لەو بوون و شوناسە، یان ئەوەی کە ڕەوانشاد (جەمال نەبەز) لە هەندێ لە نووسینەکانیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان بە (لەخۆوە کوردبوون) ناوی دەبات. (بەرەکاتیش چونکە لەخۆوە کوردە و هۆشیارە، لەبەرئەوەی ئاگایی بە کوردبوونی خۆی هەیە و درک بەو شووناس و بوونەی دەکات، زمان هەرگیز نەبووەتە ڕێگر لەبەردەمیدا بۆ ئەوەی گوزارشت لە برینی قووڵی کوردبوون، لە ئازارە سەخت و بە سوێکانی کوردبوون بکات.

(بەرەکات) پەناهەندەیەکی کوردە لەناو زمانی ئەوی تردا و هەر لە ڕێی زمانی ئەوی داگیرکەریشەوە، خۆی شوناس دەکاتەوە و لە پێوەست بە بێبەشکردنی لە زمان و خواردن بە کوردی، بوێرانە و بە زمانی خۆیان، دەچەقێتە ناو چاویانەوە، ئەمە و بەبێ ئەوەی کەسیان بوێریی ئەوەیان هەبێت، بەرپەرچی بدەنەوە! 

(بەرەکات) کوڕی هەر نەتەوەیەکی ترى نەک سەردەست و خاوەن ئاڵا و سەروەریی نیشتمانی، تەنانەت هی هەر نەتەوەیەکی ژێردەستەی تینووی ئازادی بوایه‌، ئێسته‌ پەیکەرێکیان لە زێڕ بۆی دروست کردبوو، بەرهەمەکانی کرابوونە وانەی منداڵان. کەچی چش لەوەی ڕەنگە کەمترینی کتێبخانەی ماڵی کوردان بە بەرهەمێکی ئەو ئاوەدان بێت، یان تەنانەت سێبەری تابلۆیەکیشی بەلا دیواری ماڵێکەوە بێت، وەکوتر لەناو ئەو هەموو کوردە وەرگێڕەی خۆیان بە وەرگێڕانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی فڵانی عەرەب و شیعر و پەخشانەکانی قیساری عەرەب سەرقاڵ کردووە، نەیانداوەتە بەر خۆیان بەرهەمێکی ئەم لووتکەیە وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی و بە نەوەکانمانی ئاشنا بکەن (ڕاستە من دەرچووی عەرەبیم، بەڵام دەرەقەتی وەرگێڕانی زمانی بەرەکات نایەم!).
لەوەش وێوەتر، لەکاتێکدا سێ پارچەی نیشتمان داگیرکراون و تەنیا باشوور بووەتە ڕووگە و ئومێدی کوردان، کەچی دەسەڵاتدارانی ئێرەش، ڕۆژێک خەیاڵیان بە لای ئەو کوردە بریندارە پەناهەندەیە، ئەو کوردە سەرڕێژ لە چیرۆکی برین و ئازارەکانی کوردبووندا نەچوو. 

بە رژدی ئەگەر کەسێک هەبێت، نەک بۆ خۆی شیاوی ڕێزلێنان بێت، بەڵکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزلێنان لەو کەسەی وەک شەرەفێکی مێژوویی و دەسکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرکەوێت، ئەو کەسە (سەلیم بەرەکات)ە.

دواجار لێرەوە و لە پێوەست بە زەروورەتی ڕێزلێنان لەو ئەدیبە گەورەیە، نامۆیەی ناو گەلەکەی و پەناهەندەی ناو زمانی عەرەبی کە خەریکە دەچێتە تەمەنەوە، زانیارییه‌کی نوێ و سەرنجێکی گرنگی برا و هاوڕێم (سەلام عەبدوڵڵا - سەرنووسەری خەبات) سەبارەت بە نامەیەکی (بەرەکات) بۆ هێژا(سەرۆک بارزانی )دەخەمە ڕوو. 

کاک سەلام لە پای ئەم نووسینەدا کە لە بنەڕەتدا ستاتووسێکی کورتی فەیسبووکەکەم بوو، بۆی نووسیوم: "دەستخۆش، من لە ساڵی ١٩٩٥ نامەیەکی بەرەکاتم لەگەڵ چەند کتێبێک، کە پێشکەشی کاک مەسعوودی کردبوون، دام بە بەڕێزیان. بۆ مێژووش، وێنەی کاتی ڕادەستکردنی نامە و کتێبەکانی سەلیم بەرەکاتم ماوە. هەتا لە قوبرس بووین، پێوەندیم لەگەڵی هەبوو، پێم گوت با بچینە کوردستان، بەڵام دیار بوو بۆ ئەو زەحمەت بوو بێت، بۆیە ئەو چووە سوید”.سەلیم بەرە ە پەناهەندەەی ناو زمان!