یان
"لـه كـێ یـا ڕه‌ب، خهبـهر پـرسـی بكـه‌م من؟"
نووری بێخاڵی
(1)
هه‌تا وێرانی نه‌كردووین، هه‌وڵ و هیمه‌تێ
ته‌شه‌نه‌كردنی مه‌ترسیی بازرگانی به ماده هۆشبه‌ره‌كان و زیاتربوونی به‌كارهێنه‌رانی له هه‌رێمی كوردستان، خه‌ریكه ده‌بنه دیارده‌یه‌كی ترسناك و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر شیرازه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و به‌رپێگرتنی، پێویستی به هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانیی به‌رفره و به‌رده‌وام هه‌یه.
له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌بێ خێزان، دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان و خوێندنی باڵا (باخچه‌ی ساوایان، قوتابخانه بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌ییه‌كان، په‌یمانگه و زانكۆ)، نێوه‌ند و كۆڕ و كۆمه‌ڵه ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كولتوورییه‌كان، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، مزگه‌وت و كه‌نیسه و دێر و په‌رستگه‌كانی تر، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، پۆلیس و ئاسایش، دادگه و داواكاری گشتی و كه‌رتی ته‌ندروستی، هه‌ر هه‌موویان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
ئه‌م مه‌ترسییه زۆر له تیرۆر و كرده‌ی تیرۆریستی ترسناكتره. ئاخر ئاسایی نییه هه‌ر ڕۆژه و 10 تا 15 كه‌سێكی بازرگان، یان به‌كارهێنه‌ری ماده هۆشبه‌ر له شار و شارۆكه‌كانی كوردستان ده‌گیرێن.
وێده‌چێ ئه‌وه‌ی دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌مان به ڕاگواستن، گرتووخانه و ئه‌شكه‌نجه‌دان، تێكدانی ئاواییه‌كان و سووتاندنی ژینگه و ژیانی وڵاته‌كه‌مان، به كیمیاییباران، ئه‌نفال، جینۆساید و تیرۆر، نه‌یانتوانی له به‌رانبه‌رماندا بیكه‌ن و تێكمان بشكێنن، ئه‌مڕۆ له‌م ڕێیه‌دا هه‌لاهه‌لامان بكه‌ن.
له‌م ڕووه‌وه ده‌بێ په‌رله‌مان هه‌تا زووه، له پێوه‌ست به‌م پرسه هه‌ستیاره، كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌كی ورد و هه‌مه‌لایه‌ن بكات، دواتریش ده‌زگه‌كانی هه‌واڵگری، ئاسایش و پۆلیس، ڕێوشوێنی توندتر بگرنه‌به‌ر و دادگه توندترین سزای ئه‌وانه بدات، كه بازرگانیی به‌م مادانه‌وه ده‌كه‌ن، وه‌كوتر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان، په‌له له كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بكه‌ن، تا چاره‌سه‌ری پزیشكیی ئالووده‌بووان بكه‌ن و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كانیش كار له‌سه‌ر ڕاهێنانه‌وه‌یان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواجار به جه‌سته و ده‌روونێكی دروسته‌وه تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵ بكرێنه‌وه. چونكه ئه‌وانه نه‌خۆشن، نه‌ك تاوانبار.
چیتر كاتی ئه‌وه نییه ئه‌م مه‌ترسییه فه‌رامۆش و په‌رده‌پۆش بكرێت، ئه‌مه مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و له پشتییه‌وه هه‌ر باندی بازرگانیی قازانجویست نین، به‌ڵكو زیاتر له‌وه ده‌چێت ئه‌جێندایه‌كی سیاسیی هه‌رێمایه‌تیش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، كه دواجار به هۆیه‌وه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌قامگیریی سیاسیشمان ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی.
(2)
زمانه بهستهزمانهكهمان
ئاخۆ به‌راورد به ئێمه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت كه ته‌نیا ستاتۆیه‌كی وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێممان هه‌یه، ده‌چێته عه‌قڵه‌وه ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیا كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تێكی ته‌مه‌ن سه‌تان ساڵه بنیات نراوه‌ته‌وه، چه‌ندان سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زمان و كولتووری و فه‌رهه‌نگیی هه‌یه، له ئێمه زیاتر ترسی له له‌ناوچوونی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی و باڵاده‌ستبوونی زمانی عه‌ره‌بی به‌سه‌ر زه‌ین و ئاگایی نه‌وه‌كانیدا هه‌بێت؟ به‌راورد به ئێمه‌یه‌ك كه زمانێكی ستانداردی یه‌كگرتوومان نییه، ئه‌كادیمیای زمان‌ناسی و فهرههنگسازیمان نییه.
ڕێی تێده‌چێت ئێرانێك كه ته‌مه‌نی نووحی له حوكمڕانی و ده‌وڵه‌تداریدا هه‌یه و خاوه‌نی حافز، فیرده‌وسی، خه‌یام و كێ و كێی تری هه‌یه، له ئێمه زیاتر له خه‌می زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیدا بێت و گه‌شه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی بێگانه، به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی بزانێت؟
ده‌ی كاتێك ده‌ڵێین ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمه خاوه‌ندارێتیی له‌م زمانه بكات كه شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمانه و یه‌كێكه له پته‌وترین كۆڵه‌گه‌كانی مانه‌وه‌ی كورد و ڕێ نه‌دات چیتر بكرێته قه‌شمه‌رجاڕی ده‌ستی بابا نه‌خوێنده‌واره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و شاره‌وانی، چیتر له زمانه‌كانی تر به كه‌متر نه‌زانرێت، كه خه‌ریكه به هۆیه‌وه ڕۆڵه و نه‌وه‌كانمان هان شه‌رمیان به‌وه‌یه شانازیی پێوه بكه‌ن، له بۆشاییه‌وه ئه‌و گله‌ییه ناكه‌ین و ڕه‌خنه له عه‌قڵیی حوكمڕانیی ناگرین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م گله‌یی و ڕه‌خنانه‌مان به توندڕۆیی و په‌ڕگیریی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڤینییه‌ت لێ وه‌رده‌گرن، سه‌د جار شانازیی به‌م بیركردنه‌وه شۆڤینی و توندڕۆییهمان ده‌كه‌ین.
له كوێی دنیا بووه له سه‌رووی 90%ی تابلۆی شوێنه گشتییه‌كان، به زمانی بێگانه، یان به كوردییه‌كی په‌ڕپووت و سه‌قه‌ت نووسرابن (به تابلۆی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تیشه‌وه)؟ له كوێی دنیا هه‌یه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هێنده بێ به‌ها و سووك بكه‌ن؟
تكایه عه‌قڵ و په‌ندێك له نوێترین بڕیار و هه‌نگاوه‌كانی توركیای هاوسێتان وه‌ربگرن، كه خه‌ریكه زراوی له باڵاده‌ستبوونی زمانی عه‌ره‌بیی سه‌ر تابلۆی شوێنه گشتییه‌كان ده‌ڕژێ، به‌تایبه‌تی دوای ڕووداو و شه‌ڕ و شۆڕه‌كانی عێراق و سووریا، كه له‌بن باری ژماره‌ی ئاواره و په‌ناهه‌نده عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته، هه‌ناسه‌بڕكێیه‌تی.
حوكمڕانانی خۆمان فه‌رموون، پێوه‌ست به‌م مه‌ترسییه و به‌هۆی سكاڵا و فشاری خه‌ڵكی توركی شاره‌كه، نووسینگه‌ی پارێزگاری ئیستانبوڵ، بڕیاری دا نووسینی عه‌ره‌بیی سه‌ر فرۆشگه و دووكانه‌كانی ئه‌و پارێزگایه، قه‌ده‌غه و سنووردار بكات. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی كرده‌نی ناوه بۆ لابردنی ئه‌و لافیته و رێكلام و تابلۆیانه‌ی به عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه نووسراون، یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌تیشی له ناوچه‌كانی (فاتیح، زهیتنبورون و بایرام پاشا) ده‌ست پێ كردووه، چونكه له‌و ناوچانه زیاتر له نیو ملیۆن ئاواره‌ی عه‌ره‌بی عێراقی و سووری لێی ده‌ژین.
ئه‌م بڕیار و هه‌ڵمه‌ته دوای ئه‌وه هات كه ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلۆ، سه‌رۆكی نوێی شاره‌وانیی ئیستانبوڵ، له به‌رنامه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی ته‌له‌ڤزیۆنیی ڕه‌خنه‌ی توندی له زۆربوونی نووسین و لافیته و رێكلامی عه‌ره‌بی گرت و گوتی: "به‌داخه‌وه، وای لێ هاتووه هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ ناتوانن نووسینی سه‌ر فرۆشگه‌كان بخوێننه‌وه". دوای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیمامئۆغڵو، ئیسماعیل چهتاكلێ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا دڵنیایی دایه هاووڵاتییه توركه‌كانی و گوتی: "دڵنیایی به هاووڵاتییانمان ده‌ده‌م كه نووسینه عه‌ره‌بییه‌كان لا ده‌برێن و ده‌كرێنه توركی".
(3)
میدیا و سه‌خافه‌ت
ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی نه‌بێت و به وردبوونه‌وه و قووڵبوونه‌وه له گوتار و په‌یامی میدیای كوردی، ده‌توانین ئه‌و مافه به خۆمان بده‌ین بڵێین میدیای كوردی له‌م سه‌رییه‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری، له ڕاستییه‌وه بۆ چه‌پی، به حزبی و سێبه‌رییه‌وه تا ده‌گاته ئه‌و درۆزنانه‌ی ناویان له خۆیان ناوه سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی و ئازاد، هه‌ریه‌كه‌یان و به‌شێوه‌یه‌ك و به‌رمه‌بنای ئامانجی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و ئه‌ركی پێ ڕاسپێردراوی خۆی، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیان تووشی سه‌رئێشه و سه‌رلێشێوان كردووه. یه‌كێكیش له هۆكاره هه‌ره دیاره‌كانی ئه‌م پاشاگه‌ردانییه، بریتییه له‌وه‌ی میدیا و میدیاكاری كورد له بری ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی ڕۆشنگه‌ری و به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، خویان داوه‌ته ورووژاندن و له خشته‌بردن و كوێركردنی هۆشیاریی خه‌ڵك.
چارڵس وۆرنه‌ر له په‌رتووكی (فرۆشتنی میدیا)دا ده‌ڵێ: "رێ به عه‌قڵی هه‌رزه‌كارانه مه‌ده‌ن، میدیاكانتان به‌ڕێوه به‌رن، چونكه دواجار به هۆی ناكامڵیی عه‌قڵییانه‌وه، كۆمه‌ڵ به‌ره‌و فه‌وتان ده‌به‌ن". ده‌ی خۆ مه‌به‌ستی ناوبراو له عه‌قڵی هه‌رزه‌كارانه، ته‌مه‌ن و به‌ساڵداچوونی كاره‌كته‌ره‌كان نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی له عه‌قڵێكی ناكامڵی هه‌ڵچووی كۆتكراوه كه ناتوانێ له‌به‌رپێی خۆی زیاتر، دوورتر ببینێت.
واز له گوتاری ژه‌هراویی میدیای حزبی، میدیای سێبه‌ری نه‌خۆش، دووفاقیی و ته‌ڵه‌كه‌بازیی میدیای به‌ناو ئه‌هلی و ئازاد، ڕۆڵی تێكده‌رانه‌ی كولتووری و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و تهلهڤزیۆنانهیش كه كاریان بووه‌ته شۆ و دۆبلاجی بێماناترین زنجیره توركییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ناڵه ناوخۆییانه‌ی به ئاشكرا كار بۆ زیندووكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی فیكری تیرۆریستی و داعشی ده‌كه‌ن و ئه‌م ئافات و شێرپه‌نجه‌یه‌ی په‌یج و ئه‌كاونتی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێنن، كه ده‌توانین هه‌زاران نموونه‌ی كوشنده له‌باره‌یانه‌وه بێنینه‌وه. به‌ڵكو ته‌نیا نموونه‌یه‌كی ترسناكی میدیا وه‌رده‌گرین كه ئه‌گه‌ر له گه‌نده‌ڵی و بێدادیی مه‌ترسیدارتر نه‌بێت، ئه‌وا مه‌ترسییه‌كه‌ی كه‌متر نییه، ئه‌ویش ئه‌و گوتاره میدیاییه سه‌قه‌ته ژه‌هراویه‌یه كه ویست و وزه و گیانی كاركردن له گه‌نجی ئێمه‌دا ده‌كوژێ.
له كاتێكدا كچ و كوڕی ئێمه ده‌بێ فێر بن و شه‌رم له‌وه نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له زانكۆش بێت، كارێكی ڕۆژانه بۆ خۆی بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی له ستایلی قژ و مۆدی جلوبه‌رگ و ئه‌ته‌كێتی نانخواردندا لاسایی خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ته‌نیا جارێكیش له كاركردن، چاو له‌وانی تر بكه‌ن.
چ ئه‌وروپام نه‌بینیبوو، بۆ یه‌كه‌م جاریشم بوو له ماڵ دوور بكه‌ومه‌وه و ئاوه‌دانییه‌كی زۆر جیاواز و گه‌وره‌تر له گونده بچكۆلانه‌كه‌م ببینم، به‌ڵام له زانكۆی به‌غدا، دوای نیوه‌ڕۆیان كه ده‌وامی زانكۆم ته‌واو ده‌بوو، ده‌چووم له چێشتخانه‌ی (نازناز) له شه‌قامی فه‌له‌ستین، دواتریش له چێشتخانه‌ی (الشامی)ی گۆڕه‌پانی نه‌سڕ، كاری شاگردیم ده‌كرد. هه‌موو ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یی و گه‌نجیشم له ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی، هاوینهكانی، شاگردی گازینۆكهی باوكم بووم له بێخاڵ، كاری تاقهتپڕووكێنی گوندیش له‌ولا بوه‌ستێ (گیادوورین، دێكردن، داركهری، كارهوانی، گاوانی، بڕێ جاریش شوانی).
هه‌ر به جدی به‌عزه میدیایه‌كی سهخیفمان هه‌یه، به درۆی خه‌مخۆریی بۆ گه‌نجان، ژه‌هرێكی كوشنده ده‌ڕێژن و ده‌یانه‌وێ به‌های كار و مانای ژیان له‌و گه‌نجانه‌مان زه‌وت بكه‌ن.
كچ و كوڕی زانكۆ، ئه‌گه‌ر دوای ده‌وام كار بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر شووره‌یی نییه و جێی به‌زه‌یی نین (وه‌ك میدیای سه‌خیف ده‌هۆڵی بۆ ده‌كوتن)، به‌ڵكو ده‌بێ ده‌سته ماندووه‌كانیان ماچ بكه‌ین.
ژماره‌یه‌كی زۆری كچ و كوڕی ئه‌وروپا، كوڕه هه‌ر ئه‌و توركیایه‌ی ته‌نیشتمان كه قوتابی زانكۆن، له ڕێستورانت، كافێ و كڵهپهكان (به زمانی لاساییكهرهوهكانمان!)، دوای ده‌وام كار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر میدیای سه‌خیف ڕاست ده‌كات، با نموونه‌یه‌كیان بگوازێته‌وه.