نووری بێخاڵی
یه‌كه‌م
واز له شه‌یتانی ناوه‌وه‌ت بێنه
بووه‌ته مۆد و لاسایی، وه‌ك زۆر بۆنه و یاد، ڕۆژێك له ساڵدا بۆ چه‌ندان به‌ها و پره‌نسیپی مرۆیی دیار كراوه، له كاتێكدا پێویسته ئه‌م به‌ها و پره‌نسیپانه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بژین (ئاشتی، لێبورده‌یی، ناتوندوتیژی، هاوڕێیه‌تی و... هتد).
بۆ نموونه، ڕۆژی ناتوندوتیژی جیھانی، تایبه‌ته به ھه‌وڵدان و كاركردن بۆ خاوكردنه‌وه‌ی ململانێ خوێناوییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، په‌خشكرنی ڕۆشنبیری لێبورده‌یی، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشاریی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و گه‌شه‌پێدانی هزری ناتوندوتیژی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا كه پێویسته بكرێته هه‌وێنی به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هزر و هۆشیاریی ناتوندوتیژی، له ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و كولتووریماندا، كه‌چی لای ئێمه و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و ڕۆژه خۆیشیدا، هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ده‌كه‌وێته‌وه.
دیاره وه‌ك چۆن ڕۆژێك به‌س نییه بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه، ئاوا ئه‌ركی ته‌نیا دامه‌زراوه و ناوه‌ندێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو حزب، حكوومه‌ت، گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی، خێزان، دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی، میدیا، دامه‌زراوه‌ی ئاینی و ناوه‌ندی ڕۆشنبیری. هه‌موو ئه‌وانه، به‌رپرسن له سه‌رخستنیدا.
له‌به‌رئه‌وه‌ی زێده‌تر سه‌روكارم له‌گه‌ڵ میدیا و نووسین و كاری ڕۆشنبیرییه و له نزیكه‌وه پێی ئاشنام، هه‌ست به ئاماده‌یی و مه‌ترسیی دیوی پێچه‌وانه و پابه‌ندنه‌بوون به‌م به‌ها و پره‌نسیپه ده‌كه‌م.
به‌داخه‌وه بارته‌قای حزب و سیاسییه‌كان، ڕۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند و میدیاكاران. له‌ناویشیاندا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێ ده‌سته‌بژێر و پیشه‌یی. هاوكات ئه‌و هه‌موو ده‌زگه و دامه‌زراوه میدیاییه حزبی، سێبه‌ر، به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و ئه‌ھلی و بێلایه‌نه‌ی كوردستان، كه نان و ئاو، هه‌ڵسان و دانیشتن و گه‌ڕان، خه‌و و خواردنی كۆمه‌ڵگه‌یان له سیاسه‌تدا كورت كردووه‌ته‌وه. كوردستان و دۆخه‌كه‌یان له ئاسته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كه‌ی، به‌م دۆخه ناجۆره‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یاند.
ئاخر گرفتی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به گشتی و ڕۆشنبیران، هونه‌رمه‌ندان، ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌یان خه‌ریكی پاشقول له‌یه‌ك گرتنن، یان خه‌ریكی چیلكه ژه‌نینن له ژیله‌مۆی ژێر خۆڵه‌مێشی ململانێ سیاسییه‌كان، یاخۆ به‌شێكن له گه‌مه‌ی ناشیرینی ته‌سفییه‌ی سیاسیی نێوان حزبه‌كان.
به‌داخه‌وه، ھێشتا له‌و ڕاستییه نه‌گه‌یشتووین كه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌كانی سیاسه‌ت.. نه‌ھێشتنی ناشیرینییه‌كانی حوكمڕانی.. چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی و ململانێی توندوتیژیی سیاسی و ئایدیۆلۆجی (با ئه‌و توندوتیژییه له ئاستی زمان و میدیایشدا بێت). دواجار ده‌بێ له ڕه‌گوڕیشه‌ی بابه‌ته كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین.
كۆمه‌ڵگه‌ی داته‌پیو له ئاستی هۆشیاری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مهێنانی سیاسه‌تێكی دروست.. حوكمڕانییه‌كی ڕه‌شید.. ده‌سه‌ڵاتێكی دامه‌زراوه‌یی و دیموكرات.. دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ.. یاسا سه‌روه‌ریی.. ئۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست و ڕاسته‌قینه و ململانێیه‌كی شارستانی نێوان هێز و گرووپه سیاسییه‌كانی لێ ناكرێت.
به‌داخه‌وه ئێمه به‌ر له‌وه‌ی له جۆری مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیماندا نه‌خۆش بین، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین له ئاستی ھۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی و پێوه‌ندیی سیاسی‌دا، كه‌مئه‌ندامین، وه‌ك چۆن له ئاستی كولتووری، فه‌رهه‌نگی، ڕۆشنبیری و مامه‌ڵه‌ی نێوان ڕۆشنبیراندا، په‌ككه‌وته و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌تین.
دووه‌م
یه‌ك جار، ته‌نیا یه‌كجار، دیمه‌نه‌كه پێچه‌وانه ببینه
زۆر ڕه‌فتار و هه‌ڵوێست هه‌ن كه ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له گۆڕینی ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵ به دیوی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندندا هه‌یه، پێش یاسا و سیستم و حكوومه‌ت، پێوه‌ندییان به مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه، به ئاستی هۆشیارییه‌كه‌ی، به ئاستی هه‌ستكردنی به به‌رپرسیارێتیی پابه‌نبوونی مۆڕاڵییانه‌ی به به‌ها و پره‌نسیپه‌كان. بۆ نموونه، ته‌نیا بیر بكه‌وه، تێڕامێنه و بێنه به‌رچاوت:
له‌ناو ئه‌مبوڵانسه‌كه (دایك، باوك، برا، خوشك، كوڕ، كچ)ـه‌كه‌ت هه‌ن كه تووشی خوێنبه‌ربوون، سووتان، ڕووداوێكی نه‌خوازراو بوون، تۆش له ته‌نیشت شوفێری ئه‌مبوڵانسه‌كه‌یت، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ده‌نگی به‌رزی ئاژیر و هۆڕنی ئه‌مبوڵانسه‌كه، شوفێر و پێڕۆ له شه‌قامه‌كه‌دا ڕێتان ناده‌ن و تا ده‌گه‌نه نه‌خۆشخانه، كارله‌كار ترازاوه، هه‌ڵوێستت چی ده‌بێت؟
ئاگر له ماڵی (باوك، برا، خوشك، كوڕ، كچ)ـه‌كه‌ت به‌ربووه، تۆش له پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی به‌رگریی شارستانیت و له ته‌نیشت شوفێره‌كه‌یت، وێڕای ده‌نگی به‌رزی ئاژیر و هۆڕن و هه‌ڵكردنی چواری ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه، كه‌چی شوفێره‌كانی پێشه‌وه و ڕێبواران ته‌قه‌ی سه‌ریان بێت و هه‌ستی لادان و ڕاوه‌ستانیان نه‌بێت، تا ده‌گه‌یته شوێنی ڕووداو، ماڵ بووه‌ته قه‌ره‌برووت، كاردانه‌وه‌ت چۆن ده‌بێت؟
له كاتێكدا ماڵی تۆ، یان (باوك، برا، خوشك، كوڕ، كچ)ـه‌كه‌ت ئاویان نییه و به تانكه‌ر ئاو ده‌كڕن، كه‌چی له‌م گه‌ڕه‌ك و ئه‌و كۆڵان، یان هه‌ر هاوسێكانی خۆت ده‌بینی، په‌نجه‌یان به سۆنده‌وه ناوه و ئۆتۆمبێلی پێ ده‌شۆن، یان غوسلی جاده‌ی به‌رماڵیان ده‌رده‌كه‌ن، په‌رچه‌كردارت (ئه‌گه‌ر له‌ناو دڵی خۆت و به منگه منگ كردن له‌گه‌ڵ خۆیشت بێ)، چی ده‌بێت؟
له ماڵه‌وه‌یت و جگه له (به‌فرگر كه پێویستییه)، ته‌نیا گڵۆپێكی ژووری دانیشتن و ته‌له‌ڤزیۆنت داگیرساندووه، كه‌چی له ده‌وروبه‌ری تۆ هه‌ر ماڵه و گیزه‌رێك، سێ موبه‌ریده (وای دابنێ هاوینه)، نه‌وه‌ڵا سێ سۆپای كاره‌بایی (وا بزانه زستانه)، چوار سپلیتی (جۆكه‌ری هه‌ردوو وه‌رزه) داگیرساندووه و له‌پڕ بگۆڕ (محه‌ویله)ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌تان له‌به‌ر لۆدی زۆر، گڕ ده‌گرێ، هه‌ر به‌راستی له حه‌یفان چی ده‌كه‌یت؟
له ڕیزی فڕنی نان، یان به‌نزینخانه، یاخۆ دكتۆر، یا بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌یه‌ك له فه‌رمانگه‌یه‌ك له ریز وه‌ستاویت (كه ئه‌وه لای خۆمان هه‌ر ده‌گمه‌نه و نوكته‌یه)، له پڕ زڕته‌زلێك هات و چووه پێشی پێشه‌وه، به‌ڕاست له تووڕه‌ییان چ ده‌ڵێی؟
له گه‌شت و سه‌یرانی به‌هارانیت و سایدی خۆتت گرتووه، كه‌چی له‌ناكاو له پێش و پاشت و به هه‌ردوو ته‌نیشتتدا، له سایدی به‌رانبه‌ریشت، هه‌ر شوفێره و ڕۆنگ ساید لێی ده‌دا و گێره‌ی ریزه‌كه ده‌شێوێنێ و تۆش له بری سه‌عاتێك، به سێ سه‌عات ده‌گه‌یته شوێنه‌كه، چۆن هه‌ڵده‌چیت و خۆزگه ده‌خوازی ئه‌و گه‌شته ژه‌هره مارییه‌ت نه‌كردایه؟
به كوردی و به كورتی، زۆر شت پێوه‌ندییان به خۆمانه‌وه هه‌یه، به‌و مه‌رجه‌ی ته‌نیا یه‌ك جار و به ویژدانه‌وه خۆمان بخه‌ینه شوێنی به‌رانبه‌ره‌كه‌مان.. ئاخر ئێوه و خواتان، ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه چ پێوه‌ندییان به خراپ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌سه‌ڵات، گه‌نده‌ڵیی و بێسه‌روبه‌ریی حكوومه‌ت و دووڕوویی و هه‌لپه‌رستیی ئۆپۆزسیۆنی عه‌نتیكه‌ی كوردییه‌وه هه‌یه؟
سێیه‌م
خه‌می جه‌سته، یان جه‌وهه‌ر؟
خراپ نییه سه‌رنجی زۆر له‌و كچ و ژنانه‌ی باشووری كوردستان كه خه‌می پڕ و تاس و لووسكردنی (گۆنا و كوڵم، لووت و لێو، سنگ و سمت، كه‌مه‌ر و كه‌فه‌ڵ)ـه‌كانیانه و كوێرانه كه‌وتوونه‌ته لاساییكردنه‌وه‌ی دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان. ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ن هه‌زاران دۆلار له نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵیان لای جه‌وهه‌ری مرۆیی، قووڵایی مێینه‌یی، ئاستی هۆشیاریی و مه‌عریفیی خۆیان نییه، بۆ سه‌ربورده‌ی شازاده‌یه‌كی به‌ریتانی ڕابكێشین.
شازاده (یوجینی) نه‌وه‌ی شاژنی به‌ریتانیا، له زه‌ماوه‌ند و شه‌وی بووكێنیدا، فیستانێكی وای پۆشیبوو، خاڵ و شوێنه‌واری ته‌واوی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی پشتی دیار بوو، كه له منداڵیی و بۆ چاككردنه‌وه‌ی شێواویی بڕبڕه‌ی پشتی، كردبووی.
كاتێكیش هاوڕێیانی لێیان پرسی: بۆچی جلوبه‌رگێكت نه‌پۆشی كه شوێنه‌واری نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ت بشارێته‌وه، یان نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكاریت بكردایه، بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه شوێنه‌واره‌كه‌ی نه‌مێنێت؟
ئه‌ویش به بزه‌كردنێكی گاڵته‌جاڕانه و به متمانه و باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌وه، وه‌ڵامی دانه‌وه و گوتی:
"ده‌رچووی ئۆكسفۆردم، دكتۆرام له سێ بواری جیاواز هه‌یه، به پێنج زمان قسه ده‌كه‌م. كه‌چی ئێوه باسی شوێنه‌واری برین و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی كۆنم بۆ ده‌كه‌ن؟"
ڕاستییه‌كه‌ی مرۆڤ ده‌بێ كاتێك هه‌ست به شانازیی، یان شه‌رم و شووره‌یی بكات كه بزانێ عه‌قڵه‌كه‌ی چی تێدایه، نه‌ك له شتێكی تر. پاشان من ئه‌و كاره‌م بۆ ئه‌وه كرد، تا گوزارشت له ستایش و سوپاسگوزاریی خۆم بكه‌م بۆ تیمه‌كانی چاودێریی پزیشكی، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی هانی كچان بده‌م كه له به‌رانبه‌ر هیچ (خه‌وشێكی جوانی) له جه‌سته‌یاندا، هه‌ست به شه‌رم و ته‌ریقبوونه‌وه نه‌كه‌ن و ئه‌و ڕاستییه بزانن، جوانیی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ، له ڕۆح و عه‌قڵیدایه، ده‌نا وه‌كتر، ئه‌گه‌ر به ڕووخسار بێت، هه‌موو كه‌سێك جوانه".
ئه‌رێ به‌ڕاست كچ و ژنگه‌لی كوردان، ئه‌م هه‌موو نه‌شته‌رگه‌ری و فیله‌ر و بۆتۆكس و سلیكۆنه، عه‌قڵ و ڕۆحتانی جوانتر كردووه، یان هه‌ر بۆ لاساییكردنه‌وه و هه‌ستكردن به كه‌میی، پاره‌یه‌كی زۆر ده‌خه‌نه گیرفانی پزیشكه بازرگانه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی؟