فیلمی (A PRIVATE WAR) وه‌ك نموونه!
سه‌رنج: چونكه من به‌و ئاسته شاره‌زای هونه‌ره‌كانی سیناریۆ و وێنه‌گرتن و ده‌رهێنانی كاری سینه‌مایی نیم، كه‌م و زۆر خۆم له قه‌ره‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی فیلمه‌كه نه‌داوه. ده‌كرێ له‌م ڕووه‌وه پسپۆڕێكی ئه‌م بوارانه خوێندنه‌وه بۆ فیلمه‌كه بكات و لایه‌نه به‌هێز و لاوازه‌كانی هه‌ڵبسه‌نگێنێت.
تۆ بڕیار ده‌ده‌یت
”گرنگ نییه چ فڕۆكه‌یه‌ك گونده‌كه‌ی بۆمباران كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه، زیان و باجه مرۆییه‌كه‌ی كردهكهیه"
چیرۆكه‌كه له له‌نده‌ن، له شه‌وێكی ئاهه‌نگئامێز و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه له‌وپه‌ڕی مه‌ستیدا، له باوه‌ش به‌یه‌كداكردن و سهرجێیهكی شێتانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. دواجار له شاری (حمس)ی سووریا، له‌ناو باڵه‌خانه‌یه‌كی چه‌ند نهۆمی وێراندا، له ماراسۆنی ڕاكردن به‌ناو پێچی كه‌لاوه‌كاندا له ترسی مردن، له‌ناو ئاگر و دووكه‌ڵی بۆمبێك و ته‌پوتۆز و دوو جه‌سته‌ی ته‌زیو و ڕۆحی فڕیودا، به‌كۆتا دێت.
ده‌سپێكی چیرۆكه‌كه تێكئاڵانی شێتگیرانه‌ی دوو جه‌سته‌ی تینووه بۆ ئاوێزانی و ئاوێته‌بوون، كۆتاكهیشی ساردبوونه‌وه‌ی ڕۆحێكی سه‌ركه‌ش و سه‌ركێشی دوای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی قوربانییه‌كانه، چیرۆكی ئه‌وانه‌ی ته‌نیا شتێكیان له‌م دنیایه بووێت، ژیانێكی عهلاحهدهی دڵنیایی و ئارامییه.
یه‌كێك له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی ئه‌و فیلمه ده‌یورووژێنێت ئه‌وه‌یه، ئاخۆ له دۆخی جه‌نگدا له نێوان لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كاندا و له به‌رانبه‌ر ئه‌و مرۆڤه بێوه‌یی و بێ ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بێ ویستی خۆیان ده‌كرێنه ئامانجی شه‌ڕ و جه‌نگ دروێنه‌یان ده‌كات، ڕۆژنامه‌نووس ده‌كه‌وێته كوێی هاوكێشه‌كه؟ یان ڕاستتر بڵێین، چۆن بڕیار له‌سه‌ر ڕاستی و دروستیی ڕووداوه‌كان ده‌دات و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت؟
ئه‌مه ئه‌و دووڕیانهیه كه لێیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، ئاخۆ ڕۆژنامه‌نووس بوێریی بڕیاردان و خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ی هه‌یه، له‌وه‌ی خۆی ڕاده‌ستی بوون و به‌های مرۆیی خۆی بكات، یان هێشتا له‌ژێر هه‌ژموونی هه‌ست و سۆزی ئینتیما بچووكه‌كانی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه؟
له نێوان هه‌ڵوێستی سیاسیی وڵاته‌كه‌ی و دنیادا كه هێشتا ته‌ماشا ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ باوه‌ڕ به‌وه بێنن، ڕژێمی (ئه‌سه‌د) جینۆسایدی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته مرۆییه‌ی به چاوی خۆی ده‌یبینێت كه چۆن جه‌نگ گیانی مرۆڤی سڤیل دروێنه ده‌كات. دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ویژدانی خه‌وتووی دنیا بێ‌دار بكاته‌وه، "ماری" بڕیار ده‌دات وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه بێ ده‌ره‌تان و بێ نه‌وایه بداته‌وه كه له زه‌وی و ئاسماندا، گه‌رده‌لوولی تووڕه‌یی ڕژێم و ئاگری جه‌نگ، لوولیان ده‌دات و ده‌یانسووتێنێت، ئه‌وانه‌ی بێهووده به گوێی خه‌ڵك و خوادا هاوار ده‌كه‌ن و ده‌پرسن: دنیا بۆ به ته‌نیا جێ‌مان ده‌هێڵێت؟.
ماری له دۆخێكدایه به هیچ جۆرێك ناتوانێت ته‌نیا ڕۆژنامه‌نووسێك بێت كه هه‌واڵه‌كانی جه‌نگ، چیرۆكی دووباره‌ی ژماره‌ی قوربانییه‌كان بگێڕێته‌وه، چیتر هیچ بیانوویه‌كی پیشه‌ییبوون و بنه‌ماكانی تری كاری ڕۆژنامه‌نووسی، ناتوانن پاساوی بێده‌نگبوونی له ئاست كوشتنی مرۆڤی سڤیل و ژن و منداڵ بده‌نه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێته به‌شێك له هاوكێشه‌كه و بوون و به‌ها مرۆییه‌كه‌ی به‌سه‌ر لایه‌نی پیشهییبوونهكهیدا زاڵ ده‌كات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دڵنیایه ڕژێم به ئامانجی كوشتنی، شوێنپێی ئه‌و و هاوكاره‌كانی هه‌ڵگرتووه، كه‌چی به ڕاشكاوی و له پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی (كه‌ناڵ ٤ و بی بی سی و سی ئێن ئێن) ده‌ڵێت: ”ئه‌وه‌ی لێره ڕوو ده‌دات به هه‌موو ماناكان كاره‌ساته، ڕژێم به بیانووی به ئامانجگرتنی تیرۆریستان، به‌ر بووه‌ته گیانی خه‌ڵكی سڤیل و سڵ له كوشتنی ژن و منداڵ ناكاته‌وه. پێویسته دنیا بزانێت ئه‌سه‌د دیكتاتۆره، ئه‌و ژن و منداڵ ده‌كوژێت".
سه‌ركێشیی وه‌ك خولیا
”پێم وایه ترس دوای ئه‌وه دێت كه هه‌موو شتێك به‌كۆتا هاتووه"
ماری بۆ یه‌كه‌م جار ساڵی ١٩٨٦ ده‌ستی داوه‌ته كاری په‌یامنێری جه‌نگی. له‌و ڕۆژه‌وه و تا كوژرا، له به‌ره‌كانی پێشه‌وه، له هێڵه گه‌رمه‌كانی ئاگر و فیشهكباریندا، له پێشی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و ناكۆكییه چه‌كدارییه‌كاندا، رووماڵی ڕووداوه‌كانی كردووه و چیرۆكی كاره‌ساته‌كانی جه‌نگی نووسیوه‌ته‌وه و یاداشتی كردوون.
له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی كاری په‌یامنێری جه‌نگی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌دا، به‌سه‌ر ده‌یان ته‌رمی ڕه‌نگ جیاوازدا كه‌وتووه.. دوا نركه و هه‌ناسه‌ی ده‌یان جه‌سته‌ی ته‌زیوی ژنه‌وتووه.. گوێی بۆ خاوبوونه‌وه‌ی لێدانی دڵی ده‌یان قوربانیی جه‌نگ، كه له سه‌ره‌مه‌رگ و ئاوزنگداندا بوون، گرتووه. فرمێسكی ده‌یان ژنی ڕه‌نگپه‌ڕیوی ناو ژێرزهوینهكانی خۆحه‌شاردانی سڕیوه‌ته‌وه. ده‌ستی دڵدانه‌وه‌ی به سه‌ری ده‌یان منداڵی زراوتۆقیودا هێناوه. دیمه‌نی ده‌یان سیمای ئهبڵهقبووی ناو تهپوتوتۆز و دووكه‌ڵی دوای بۆمباران و بۆردمانه‌كانی گرتووه. ده‌ستی به‌سه‌ر برینی قووڵی ده‌یان برینداره‌وه ناوه، به‌ڵكو لێیه‌وه خوێن فیچقه نه‌كات و ئومێدێكی ژیان بۆ ڕووخساری ڕه‌نگپه‌ڕیوی كه‌سه‌كه بگه‌ڕێته‌وه. بۆ خۆیشی چه‌ندان جار له‌سه‌ر لێواری خه‌ره‌ندی مه‌رگ ڕزگاری بووه و قه‌ده‌رێك ده‌ستی گرتووه ههڵنهدێرێت.
بۆیه كه پرسیاری چیرۆكه‌كانی جه‌نگ و ئه‌دگاره‌كانی ترسی لێ ده‌كه‌ن، به بزه‌یه‌كه‌وه ده‌ڵێت: ”پرسیارێكی زۆر قورسه، وه‌ك ئه‌وه وایه پرسه‌نامه بۆ خۆت بنووسیت.. پێم وایه ترس دوای ئه‌وه دێت كه هه‌موو شتێك به‌كۆتا هاتووه".
ماری كۆڵڤین - Marie Colvin (١٩٥٦ - ٢٠١٢)، ژنه ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی كه به درێژایی دوو ده‌یه كاری بۆ ڕۆژنامه‌ی (سه‌نده‌ی تایمز)ی به‌ریتانی ده‌كرد، وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگ ناسراوه.
ئه‌و ژنه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كاری ڕۆژنامه‌نووسیی خۆیدا، وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگی، كه‌مترین جه‌نگه خوێناوییه‌كانی دنیا هه‌ن، له نزیكه‌وه ڕووماڵی نه‌كردبن. ساڵی ٢٠٠١ له كاتی ڕووماڵیی جه‌نگی حكوومه‌تی سریلانكا له‌گه‌ڵ پڵنگه‌كانی تامیل، چاوێكی له ده‌ست دا.
ماری كه خوێندنی زانكۆی له بواری ئه‌ده‌بی ئینگلیزی‌دا ته‌واو كردووه، یه‌كێك بووه له چالاكه هه‌ره دیاره‌كانی وڵاته‌كه‌ی (ئه‌مه‌ریكا) كه ڕۆڵی به‌رچاو و كارای له ڕێكخستن و به‌شداریكردن له‌و خۆپشاندانانه‌دا بینیوه كه بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی شه‌ڕی وڵاته‌كه‌ی له دژی ڤێتنام, ئه‌نجام دران.
ئه‌و له ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا دووجار شووی كردووه، هه‌ردووكیشی به جیابوونه‌وه به‌كۆتا هاتوون، خه‌ونی گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو ببێت به دایك و منداڵێكی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌ی نه‌هاته دی و له‌گه‌ڵ خۆیدا بردیه گۆڕه‌وه.
له كاری ڕۆژنامه‌نووسیی خۆیدا، ڕووماڵی جه‌نگه‌كانی (بۆسنه، سیرالیۆن، زیمبابۆی، ته‌یمووری ڕۆژهه‌ڵات، سیریلانكا، چیچان، عێراق، ئه‌فغانستان، لیبیا و سووریا)ی كردووه.
دواجار له ٢٢ی شوباتی ساڵی ٢٠١٢ له ئاكامی بۆمببارانی شاری حمس له سووریا, له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌سه‌د (كه له‌و ڕۆژه‌وه‌ی پێی نایه ناو خاكی سووریا، ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د شوێنپێی هه‌ڵده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته ئامانج، تا چیتر هاوار و نزای خه‌ڵكه سته‌ملێكراوه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته نه‌گه‌یه‌نێته دنیا)، له‌گه‌ڵ هاوكارێكی تری به ناوی (ڕیمی ئۆشلیك) كوژران و وێنهگرهكهیشی (بۆڵ كونرۆی)ی به‌ریتانی و هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووس (ئیدیت بۆفێی فڕه‌نسی، ویلیا‌م دانیێڵز) و (وائیل ئه‌لعومه‌ر)ی چالاكی میدیایی سووری، به سه‌ختی بریندار بوون.
خستنی ده‌مامكه‌كان
ماری تا ئه‌وكاته‌ی چاوه‌كه‌ی له‌ده‌ست نادات، هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆشی ده‌وێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه، ئه‌ویش ده‌مامكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و ڕووخساره ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌خات، به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی به به‌رچاوی ئه‌وه‌وه، ژوان له‌گه‌ڵ كچۆڵه‌یه‌كی نه‌شمیله داده‌نێت.
ئه‌م دیمه‌نه بازدانێكی دراماتیكییه له پێوه‌ندیی سۆزداریی قووڵیی نێوان ماری و هاوسه‌ره ڕۆماننووسهكهی (كه جیابوونه‌ته‌وه و به گفتوگۆكانیانهوه دیاره، به نیازن دووباره بچنه‌وه ناو ژیانی هاوسه‌رێتی). ده‌مامكه‌كه‌ی سه‌ر ڕووخساری دۆسته‌كه‌ی كه ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی چڵێسی و شه‌هوه‌تبازیی شاردبوویه‌وه، شه‌وی ئاهه‌نگی ڕێزگرتنی ڕۆژنامه‌كه له ماری دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سیریلانكا و له‌ده‌ستدانی چاوێكی، به ته‌واوی ده‌كه‌وێ. به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی به ماری ده‌ڵێ: ”چه‌ندم پێ گوتی ئه‌و ڕیسكه مه‌كه، تۆ پێشتر زۆر جوان بوویت".
ئه‌م ڕووداوه، خراپتر له له‌ده‌ستدانی چاوه‌كه‌ی، كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیی قووڵ له ده‌روون و ناخی ماری ده‌كات، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش بێت وای لێ ده‌كات، وه‌ك جۆرێك له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، له‌و دووری دووره‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه كه له‌ناو گه‌رمه‌ی جهنگهكاندایه، هه‌میشه ده‌رفه‌تێك بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وی پیاوێكی تر سوور بكات.
ماری به پشتبه‌ستن به ئه‌زموونه‌كانی، نه‌ك هه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی ناچار ده‌كات دهمامكهی فڕێ بدات، به‌ڵكو له میانی ڕووماڵكردنی ڕووداوه‌كان و دیداری به‌رپرس و سه‌ركرده‌كاندا، به زیره‌كیی خۆی كه به‌ری ئه‌زموونی ژیانییه‌تی له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا، ده‌مامكی به‌رپرسه‌كه‌ی پڵنگه‌كانی تامیلیش به پرسیارێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو فڕێ ده‌دات. كاتێك به‌رپرسه‌كه به‌سه‌ر دارشهقهكهیهوه و به‌ڕێوه باسی برسێتی و نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی، دڕنده‌یی حكوومه‌ت و بێده‌نگیی دنیا بۆ ماری ده‌كات، وه‌لێ ئه‌و به وه‌ڵامی ”زانیاریم هه‌یه هه‌موو ئه‌و خۆراك و پێداویستییانه‌ی له‌لایه‌ن ڕێكخراوه مرۆییه‌كانه‌وه بۆتان دێت، نیوه‌ی ده‌شارنه‌وه و ئه‌وه‌ی تریش به‌سه‌ر چهكدارهكانتاندا ده‌به‌شنه‌وه"، زله‌یه‌ك له بناگوێی ده‌سره‌وێنێت و بێده‌نگی ده‌كات.
وه‌ك چۆن له توێی وه‌ڵامی پرسیارێكی (قه‌زافی)دا كه هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات خۆی له پرسیاره‌كانی ئه‌و ژنه ڕۆژنامه‌نووسه بدزێته‌وه، وشه‌ی ئه‌لقاعیده ”ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده"ی كردووه‌ته بنێشته خۆشه‌ی سه‌رزاری، كه‌چی ماری دوای ئه‌وه‌ی به بیر قه‌زافی دێنێته‌وه كه جاری یه‌كه‌م هاتووه‌ته دیداری، به ساده‌یی بیری ده‌كرده‌وه و كه‌مئه‌زموون بووه و دواتر له پڕ به پرسیارێك، له‌باره‌ی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و بۆ ناوچه گه‌رمه‌كانی شه‌ڕ له دنیادا، ده‌مامكی سه‌رهه‌نگ قه‌زافیش فڕێ ده‌دات.
به‌وه‌ش وازی لێ ناهێنێت، به‌ڵكو پێی ده‌ڵێت: "ئه‌ركی ئێمه‌یه له ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا ڕاستی بڵێین، ئێسته تۆ ئاماده‌یی ئه‌وه‌ت تێدایه وڵاته‌كه‌ت بخه‌یته ناو شه‌ڕێكی ناوخۆیی وێرانكار”.
له‌ناو ئه‌م هه‌موو جه‌نگی دهمامكانهدا، له ئاست ئه‌م بێده‌نگی و دووڕووییه‌ی دنیادا، شتێك كه به‌ده‌ستییه‌وه بمێنێت و بتوانێ له ڕێیه‌وه په‌یامێك بۆ نه‌وه‌كانی دواتر جێ بهێڵێت، ڕیكۆرده‌ر و قه‌ڵه‌م و په‌ڕاوی یاداشتهكانیهتی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه بكاته مێژوو كه ده‌ڵێ: ”جه‌نگ بۆ حكوومه‌ته‌كان زۆر قێزه‌ون نییه، چونكه ئه‌وان بۆ ڕۆژێكیش وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی بریندار نه‌بوونه، یان نه‌كوژراون و ناكوژرێن".
*****
پارادۆكس و خۆخواردنه‌وه
”جه‌نگ ئازایه‌تیی خه‌ڵكی سڤیله بێوه‌ی و ئارامهكانه، ئه‌وانه‌ی به‌رگه‌ی زۆر زیاتر له‌و كاره ده‌گرن، كه من ده‌یكه‌م".
ماری به‌ده‌ست پارادۆكسێكی كوشنده‌وه ده‌ناڵێنێت، دوالیزمێك كرمێی كردووه و ده‌یخواته‌وه. ئه‌و له یه‌ك كاتدا له قه‌ڵه‌وبوون ده‌ترسێ، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بۆ ڕێجیم و كهمخۆریی ده‌بات، كه‌چی كاتێك له جه‌نگه‌كاندا مرۆڤگه‌ل ده‌بینێت له برسان سكیان ده‌گوشن و خه‌ون به پارووه نانێكه‌وه ده‌بینین، ترسێك دایده‌گرێ و ده‌ست ده‌كاته‌وه به خواردن و برسێتیی له‌به‌رچاودا ده‌بێته ئه‌ژدیها.
ئه‌و ویستێكی سه‌یری بۆ منداڵ خستنه‌وه و بوون به دایك هه‌بوو، به‌ڵام ڕقی له‌وه‌یه ببێته ژنی ماڵه‌وه و له ژیانێكی ئارام‌دا بژی. ترسێكی زۆری له به ته‌مه‌نداچوون و پیربوون هه‌یه، وه‌لێ ترسێكی كوشندهتری له مردن هه‌یه و لێی ڕا ده‌كات و ده‌یه‌وێ زیاتر و زیاتر بژی، با به ساڵانیشدا بچێت.. ڕقی له ئاژاوه و پشێوی و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌یه كه توندوتیژی و شه‌ڕیان لێیه، به‌ڵام ئاره‌زوویه‌كی سه‌یری بۆ چوونه به‌ره‌كانی جه‌نگ و بینینی دیمه‌نه‌كانی هه‌یه.
ته‌نانه‌ت پێی وایه ناچاره و ده‌بێ ئه‌و شته بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه به چاوی خۆی ڕووداوه‌كانی جه‌نگ ببینێت. تا ئه‌و ئاسته‌ی (بۆڵ)ی وێنه‌گر و هاوڕێی لێی ده‌پرسێت: ده‌ڵێی ئالووده‌ی جه‌نگ بوویت؟ ئه‌و به ئاماژه‌ی سه‌ر پێی ده‌ڵێت: ”به‌ڵێ، ئالووده‌ی جه‌نگم و خووم پێیه‌وه گرتووه".
ته‌نانه‌ت له شوێنێكدا ده‌ڵێ: ”زۆر ڕقم له‌وه‌یه بچمه ناوچه‌كانی جه‌نگ، به‌ڵام له ناوه‌وه‌مدا هه‌ست ده‌كه‌م ناچارم ئه‌و كاره بكه‌م، ڕه‌نگه وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر بمه‌وێ ژیانێكی ئاسایی بژیم، به‌ڵام له‌وانه‌یه نه‌زانم چۆن ئه‌مه بكه‌م".
ئه‌م دوالیزمه كه تووشی بارودۆخێكی سه‌ختی ده‌روونیی كردووه، هه‌ر له ژیانی ئاسایی ڕۆژانه و له‌كاتی بێداریدا له‌گه‌ڵیدا ناژیی، به‌ڵكو به‌هۆیه‌وه خه‌ونه‌كانیشی پڕن له خێو و مۆته‌كه. ئه‌و له بێداریدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له ده‌ست ئه‌م هه‌موو وه‌سوه‌سه و دڵه‌ڕاوكێیه ده‌رباز بكات كه به‌ده‌ستیانه‌وه تووشی ژانه‌سه‌رێكی سه‌خت دێت، په‌نا بۆ خواردنه‌وه ده‌بات و تا لووتكه‌ی به‌دمه‌ستیی، بین به ڤۆدگاوه ده‌نێت و ئه‌و ناوه پڕ ده‌كات له هه‌را، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی و هه‌موو شتێكی تر له‌بیر بباته‌وه، به‌ڵام له شه‌ودا ئه‌و چهكهیشی نییه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی مۆته‌كه‌ی ناو خه‌ونه‌كانی پێ بكات.
یه‌ك به یه‌ك دیمه‌نی برین و خوێنی مرۆڤه‌كان، كوشتن و ته‌رمی بێ‌ناز كه‌وتوو، مرۆڤی سه‌رگه‌ردان و رهنگپهڕیوی ناو كۆڵان و په‌نا و پهسێوهكانی خۆشاردنه‌وه له مۆته‌كه‌ی مه‌رگ، سووتان و وێرانبوونی ئاواییه‌كانی دێنه‌وه به‌رچاو. ئێسك و پرووسكی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان ده‌بینێت كه به‌سه‌ر كه‌ڵبه‌ی شۆفڵه‌وه چیرۆكی دڕنده‌یی مرۆڤ ده‌گێڕنه‌وه. منداڵه‌كان ده‌بینێت، برسێتی بڕستی لێ بڕیون. دایك ده‌بینێت به‌سه‌ر ته‌رمی ڕۆڵه‌كانیانه‌وه شین ده‌گێڕن. بریندارگهلێك ده‌بینێت له خوێنی خۆیاندا ده‌گه‌وزێن و كه‌سێك نییه تیماریان بكات. پیاوێكی ئیماندار ده‌بینێت، له‌كاتی له‌ده‌ستدانی منداڵه‌كه‌ی و له‌وپه‌ڕی بێهووده‌ییدا به ڕووی خه‌ڵك و خوادا هاوار ده‌كا و دهقیژینێت. باڵه‌خانه‌كان ده‌بینێت له چركه‌ساتێكدا ده‌بنه خۆڵه‌مێش و... هتد.
هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌بینێت و هێشتا ناتوانێ نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و شوێنانه. ویژدانی ئازاری ده‌دات ئه‌و چیرۆكانه نه‌نووسێته‌وه، ئه‌و دیمه‌نانه نه‌گوازێته‌وه، ئه‌و دڕنده‌ییانه یاداشت نه‌كات. بۆیه به زمانێكی ڕوون و ڕه‌وان، به ڕاشكاوی ئامۆژگاری (كایت ڕیچاردسۆن)ی كچه ڕۆژنامه‌نووسه هاوكاره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: "سه‌یری ئه‌م ڕه‌شنووسه دڵڕه‌قه‌ی مێژوو بكه، پێویسته ڕاستیی بدۆزیته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت نه‌كرد، نا‌توانیت یارمه‌تی هیچ كه‌سێك بده‌یت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه وا ده‌كه‌یت بۆ خۆت هه‌ست به كه‌مێك باشبوون بكه‌یت، ئه‌مه‌ش شته ڕاسته‌قینه‌كه نییه".
*****
دواتر چی؟
” هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت، كاتێ له‌پێناو پارچه كانزایه‌كی ڕه‌ق و ته‌قدا كه وه‌ك خه‌ڵاتێك له‌سه‌ر ڕه‌فه‌كانی ژووره‌كه‌تدا داتناوه، ده‌بیته ئه‌و كه‌سه‌ی هانمان ده‌ده‌یت بچینه ئه‌وپه‌ڕی دنیا و ناو قووڵایی و جه‌رگه‌ی دۆزه‌خه‌كانی جه‌نگه‌كان؟"
له كاتێكدا ماری له‌م سه‌ری دنیا بۆ ئه‌وسه‌ری، له‌پێناو نووسینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی كوشتنی مرۆڤ و وێرانكردنی ئاوه‌دانی، به ئامانجی یاداشتكردنی سه‌ربورده‌كانی برسێتی، تینوێتی، ئاواره‌یی و كوێره‌وه‌ری، له چه‌قی ڕووداوه خوێناوییه‌كاندا، له‌ژێر بێبه‌زه‌یی ئاگر و ئاسندا، له سای غه‌زه‌بی فیشه‌ك و بۆمباراندا، له‌ناو گه‌رده‌لوولی دووكه‌ڵ و ته‌پوتۆزدا، شه‌و و ڕۆژه‌كانی به‌سه‌ر برینی مرۆڤدا ده‌كاته‌وه. له‌ولاوه خاوه‌نی ڕۆژنامه‌كه‌ی كه دواجار لای ئه‌و قازانج و سه‌رمایه ئامانجه، ده‌یه‌وێ به‌شی سه‌ره‌كی هه‌واڵ له ڕۆژنامه‌كه‌یدا بدرێته باشبوونی دۆخی یۆرۆ و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی له به‌رانبه‌ر دراوه‌كانی تردا، به‌ڵام (شۆن)ی سه‌رنووسه‌ر به‌ر به‌م چڵێسییه‌ی ده‌گرێت و بیری ده‌خاته‌وه كه له‌وسه‌ری دنیا مرۆڤ له برسا ده‌مرن، جه‌نگ دره‌ختی ته‌مه‌ن و ژیانیان له ڕه‌گه‌وه وشك ده‌كات، وێوهتریش، هاوكاره ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی له نێوان ئه‌گه‌ری ژیان و مردندایه.
تا ئێره ئاساییه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه، دواتر دڕدۆنگیی (شۆن) خۆیه‌تی له ئاست ماری و گومانكردن له تواناكانی. ماری پێشتر له سای له‌ده‌ستدانی چاوێكی و خه‌وش كه‌وتنه جه‌سته و جوانییه‌كه‌ی، چه‌قۆی سپڵه‌یی و ناپاكیی هاوسه‌ره‌كه‌ی، یان ڕاستتر بڵێین ئه‌و كۆنه هاوسه‌ر و دۆسته‌ی به نیاز بوو دووباره له‌گه‌ڵیدا بچێته‌وه ناو ژیانی هاوسه‌ری، به جگه‌ریدا چووبوو.
هه‌نووكه و هه‌ر به‌هۆی ئه‌و چاوه‌یه‌وه، خه‌نجه‌ری به‌دگومانیی سهرنووسهرهكهیشی به كه‌له‌كه‌ی دا ده‌چه‌قێت. بۆیه كاتێ دووڕوویی سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌كه‌ی ده‌بینێت كه به‌هۆی له‌ده‌ستدانی چاوهكهیهوه، متمانه‌ی پێ ناكات و بۆ هه‌ر گۆڕه‌پانێكی جه‌نگیش كه ناچار له‌به‌ر سووربوون و پێداگیریی ماری خۆی ده‌ینێرێته ناوچه گه‌رمه‌كان، له‌ولا و له پشتی ئه‌وه‌وه، تیمێكی تر به‌ڕێ ده‌كاته هه‌مان شوێن، ئه‌و شێتانه به ڕوویدا ده‌ته‌قێته‌وه و بیری ده‌خاته‌وه كه ئه‌و له سای به‌ڕێكردنی كارمه‌نده‌كانی بۆ ناو دۆزه‌خه‌كانی جه‌نگ و سپاردنیان به مه‌رگ، مێزه‌كه‌ی پێشی و دیواره‌كانی ژووره‌كه‌ی، پڕ پڕن له مه‌دالیای ڕێزلێنان و ستایش و ده‌ستخۆشی و سوپاسنامه.
*****
په‌یامنێرێكی نائاسایی
”دوای 50 ساڵی تر، كه‌سێك ئه‌م كاسێت و سیپارانه ده‌ردێنێت، ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌وه بڕیار بدات ببێته ڕۆژنامه‌نووس، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و كه‌سه ده‌یه‌وێ چی له‌باره‌ی ماری كۆڵڤین و په‌یامنێری جه‌نگ بزانێت؟"
خه‌م و خه‌ونی سه‌ره‌كیی ماری له كاره‌كه‌یدا، گه‌ڕانبوو به دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی، ڕاستیی ڕووداوه‌كان و ڕاستیی هۆكاره‌كانی پشتی ترسناكترین ململانێ خوێناوییه‌كانی دنیا، بۆ ئه‌مه‌ش ڕیسكی به ژیانی خۆی كرد و به دوای بچووكترین ده‌رفه‌تدا گه‌ڕاوه، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ. ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی بچێته سیریلانكا، سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی واده‌ی دیدارێكی له یاسر عه‌ره‌فات بۆ وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌و پێشتر واده‌ی له به‌رپرسێكی پڵینگهكانی تامیل وه‌رگرتبوو، بۆیه پشت ده‌كاته ئۆفه‌ری سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی و سواری سه‌ری خه‌ونه‌كانی ده‌بێت و له‌ناو دارستانه چڕه‌كانی سیریلانكا له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای ڕاستییه‌كاندا، چاوێكی ده‌كاته قوربانی و بۆ تا هه‌تایه نیگایه‌كی له‌وێ به‌جێ دێڵێت.
ئه‌و به ته‌نیا چاوێكیشهوه، هێشتا كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان به شوێن چیرۆكه‌كانی جه‌نگ، خه‌یاڵی چۆڵ ناكه‌ن. جێ بهخۆنهگرتوو، ئۆقره لێبڕاو، هه‌میشه گوێیه‌كانی له بۆسه‌ی بیستنی هه‌واڵی جه‌نگه‌كانه كه هه‌رجاره و له شوێنكاتێك و به پاساوی جیاواز، ههڵدهگیرسێنرێن و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌نه سووته‌مه‌نی. بۆیه دوای چاكبوونه‌وه له برینه‌كانی، ڕوو ده‌كاته سهرزهوینێكی تری شه‌ڕ كه شه‌ڕكه‌ره‌كان هاوار و نزا و قیژه‌ی مرۆڤه بێوه‌ی و سڤیله‌كان له‌ناو گرم و هۆڕی بۆمب و مووشه‌كه‌كاندا ده‌خنكێنن و ڕێ ناده‌ن چاوی دنیا دیوی ئه‌ودیوی دووكه‌ڵ و ته‌پوتۆزی دوای بۆمباران و بۆردمانه‌كان ببینن، به‌ڵام ماری خێراتر له تیشك، چڕی ئه‌م دووكه‌ڵ و بارستایی قورسی ئه‌م هه‌موو ته‌پوتۆزه ده‌بڕێت، وه‌ك برووسكه به‌ناو ده‌نگدانه‌وه‌ی فیشه‌كدا ڕه‌ت ده‌بێت و له ژێرزه‌وین و تونێل و حه‌شارگه‌كاندا، ده‌نگی مرۆڤه لانه‌واز و سه‌رگه‌ردانه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته دنیا. بۆیه كه‌سێكی دڵخوازی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و وڵاتانه نییه و خۆشیان له چاره و ده‌نگ و ڕه‌نگی نایه‌ت، هه‌ر ئه‌مه‌یش وا ده‌كات، ڕژێمی سووریا، كوڵی دڵی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره سته‌مكار و سه‌ركوتكاره هاوشێوه‌كانی، به كوشتنی ئه‌و ژنه ڕۆژنامه‌نووسه دابمركێنێت.
ئه‌وه‌تا هه‌ریه‌كه له (بۆڵ كونرۆ)ی وێنه‌گر، (ئیدیت بۆفیێ و ویلیا‌م دانیێڵز)ی ڕۆژنامه‌نووس كه هه‌رسێكیان له بۆمبارانه‌كه به برینداری ده‌رچوون و له مردن ڕزگاریان بوو، دوای ده‌رچوونیان له دۆزه‌خه‌كه‌ی (گه‌ڕه‌كی بابا عه‌مرو)ی شاری حمس و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، له لێدوانه‌كانیاندا دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه "هێزه‌كانی ڕژێمی سووریا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، ماری كۆڵڤین و ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی تریان له گه‌ڕه‌كه‌كه كردنه ئامانج".
*****
دادگاییكردنی وههم
ماری كۆڵڤین له ٢٢ی شوباتی ٢٠١٢ كوژرا، دواتر له مانگی ته‌مووزی ساڵی ٢٠١٨، سه‌نته‌ری دادپه‌روه‌ری و لێپرسینه‌وه /ڕێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكاییه/ سكاڵایه‌كی یاسایی به‌ناوی (كاسلین كۆڵڤین)ی خوشكی ماری و خێزانی قوربانییه‌كانی تری پێشكه‌شی دادگاكانی ئه‌مه‌ریكا كرد و تێیدا هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، به كوشتنی به ئه‌نقه‌ستی ئه‌و ژنه ڕۆژنامه‌نووسه تاوانبار ده‌كه‌ن.
ده‌قی سكاڵاكه كه دواتر له ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز) بڵاو كرایه‌وه، به پشتبه‌ستن به چه‌ندان زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیی حكوومه‌تی سووریا، تێوه‌گلانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و ڕژێمه‌ی له‌و تاوانه‌دا خستووه‌ته ڕوو، به‌تایبه‌تی ڕۆڵی هه‌ندێك به‌رپرسی هێزه‌كانی ڕژێمی ئه‌سه‌د و به دیاریكراویش ڕۆڵی (ماهیر ئه‌سه‌د)ی برای سه‌رۆكی سووریا كه له پشتی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌وه بوونه.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا تا ئێسته زیاتر (٥٠٠) هه‌زار كه‌سی سڤیلی سووری به ده‌ستی هێزه‌كانی ڕژێمی ئه‌سه‌د كوژراون، ئایا ئه‌م دادگاییه جۆرێك نییه له گاڵته‌جاڕیی، به‌تایبه‌تی تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش لایه‌كی دنیا به‌رگریی له‌و تاوانكارییانه‌ی ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌كه‌ن؟
ماوه‌ته‌وه ئاماژه به‌وه بكه‌م كه فیلمی شه‌ڕێكی تایبه‌ت (A PRIVATE WAR)، به‌رهه‌می ساڵی ٢٠١٨ی كۆمپانیای "Aviron Pictures”، له ده‌رهێنانی ماتیۆ هاینمان. هه‌ریه‌ك له (ڕۆزامۆند بایك له ڕۆڵی ماری، جیمی دۆرنان له ڕۆڵی بۆڵ كونرۆی، ستانلی توچی، تۆم هۆڵانده‌ر و كۆری جۆنسۆن) ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕن.
شه‌ڕێكی تایبه‌ت له نووسینی ئارش عامل، بیرۆكه‌كه‌ی له وتارێكی ماری برێنه‌ر به ناونیشانی (شه‌ڕی تایبه‌تی ماری كۆڵڤین) وه‌رگیراوه كه ساڵی ٢٠١٢ بڵاو كراوه‌ته‌وه. باس له ژیانی ئه‌و ژنه ڕۆژنامه‌نووسه ده‌كات و كاندیدی خه‌ڵاتی گۆڵدن كڵۆپ بوو بۆ باشترین ئه‌كته‌ر و باشترین گۆرانی.