شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی و سەرەقەڵەمێك

AM:09:30:01/02/2020 ‌

دوای تێپەڕینی مرۆڤایەتی بە چوار چاخی سەرەكیی ژیانی كۆمەڵگەیی و پێوەندیی بەرهەمهێنان، یان چوار شۆڕش، یاخۆ چوار قۆناغ و فۆڕمی كۆمەڵگەیی جیاوازدا (ڕاوشكار، كشتوكاڵ، پیشەسازی و زانیاری)، ئێستە لە قۆناغێكی نوێدا دەژین كە شارەزایان بە (كۆمەڵگەی دوای زانیارییەكان) ناوی دەبەن.

كۆمەڵگەیەكی نوێ كە هەنووكە پێی ناوەتە ناو سەردەم و فۆڕمێكی كۆمەڵگەیی و قۆناغێكی تەواو جیاواز لە پێوەندیی نێوان مرۆڤ و زانیاری، مرۆڤ و ئامێر، ئەویش ئەو كۆمەڵگەیەیە كە تێیدا بەهۆی ئاوێتە و تێكەڵبوونی زانیاری و ئامێر لەگەڵ عەقڵی مرۆڤ، ئیتر ئەركی زانیاری و تەكنەلۆجیا لەوە دەردەچێت بەرفەرمانی مرۆڤ بێت.

بەشێوەیەكی گشتی، چەند ساڵی داهاتوو گۆڕانكارییە خێرا و ڕەنگدانەوە ڕاستەوخۆكانی ئەم فۆڕمە لە كۆمەڵگە، لە تەواوی كەرت و بوارەكانی ژیان دەردەكەون، دەركەوتنێك كە گۆڕانێكی ڕیشەیی لە فۆڕمی ژیانی تاكەكەس، جۆری ناكۆكیی و ململانێ، ئاراستە و ماهیەتی جەنگەكان، تەنانەت شێوازەكانی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی دامەزراوە و سروشتی پێوەندیی نێوان مرۆڤەكان خۆیان، پێوەندیی نێوان مرۆڤ و زانیاریی، پێوەندیی نێوان مرۆڤ و دامەزراوەكان، پێوەندیی نێوان مرۆڤ و ئامێر دەكەن. 

ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەییە ڕاستەوخۆ پێوەستە بە دەركەوتنی تەكنەلۆجیای زیرەك و وردبین و بە تواناتر لە تواناكانی مرۆڤ خۆی، ئەویش خۆی لە سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد دەبینێتەوە. ئێستە سەرەتاكانی ئەم شۆڕش و گۆڕانكارییە كەم و زۆر لە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوودا دەركەوتوون. 

بۆ نموونە، ڕۆبۆتی خۆكار، ئۆتۆمبێلی خۆكار، درۆن، چاپی سێ و چوار ڕەهەندیی، لەگەڵ سیستمی (بلۆك چین) كە توانای بەڕێوەبردنی تەواوی كاروبارە مرۆییەكانی هەیە، بەمەش مرۆڤایەتی پێ دەنێتە ناو سەردەمێكی نوێی مێژوویی تەواو جیاواز و دابڕاو لە قۆناغەكانی تر، ئەو قۆناغانەی كەم و زۆر مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ئاراستەكردنی زانست و تەكنەلۆجیا و تەواوی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەیی، نابێت.
پسپۆڕ و شارەزایانی بواری تەكنەلۆجیای زانیاری، ئەم قۆناغە بە (شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی) ناو دەبەن، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر تایبەتمەندیی كۆمەڵگەكان، داڕشتنەوەی جۆر و سروشتی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و ئامێر، شێواز و پەیكەری بەرهەمهێنان،

هاوسەنگیی هێز و ئاراستەی ململانێكان دەبێت، تا دەگاتە ئاستی گۆڕینی ڕوانگەی مەعریفیی مرۆڤایەتی بۆ تەواوی شتەكان. 
لە سای ئەم شۆڕشە نوێیەی تەكنەلۆجیادا، كۆمەڵگەیەكی زیرەكی وا دێتە ئارا كە ئیتر تا ئاستێكی زۆر و بە جۆرێكی سەرسوڕهێنەر، ئامێر بەسەر مرۆڤ خۆی و تواناكانیدا زاڵ دەبێت. بە جۆرێك ڕەنگە بەلای مرۆڤەكانەوە، بەتایبەتی مرۆڤی كۆمەڵگە دواكەوتوو و تازە گەشەكردووەكان، مرۆڤی كۆمەڵگە نەریتگەرا و باوەڕسالارەكان، ئەم بازدان و وەرچەرخانە، نەك هەر مایەی سەرسامیی، بەڵكو شۆك و حەپەسانیش بێت، كاتێك دەبینین لە شوێنكاتی جیاواز و لەناو كۆمەڵگەكانی تردا، زۆر لە پێشبینییەكانی ناو فیلمەكانی خەیاڵی زانستی دەبنە واقیع، تا ئەوەی جیاوازییەك لە نێوان كاركردنی مرۆیی و تەكنەلۆجی نەكەن.

زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئێستە ئەو شۆڕشە بووەتە ڕاستی، بە لایەنی كەمەوە بۆ وڵاتان و كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان. ئەوەتا ئۆتۆمبێلی خۆكار كە بەبێ ئەوەی پێویستیان بە مرۆڤ بێت، خەریكە دەكەونە كار. ئەمە بۆ ڕۆبۆتیش هەر ڕاستە، ئیتر بەبێ ئەوەی پێویستیان بە فەرمان و ئاراستەكاریی مرۆڤ هەبێت، زانیارییەكان شی دەكەنەوە و ئەركەكانی خۆیان ڕادەپەڕێنن. درۆن و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەوە هەر هیچ، ئێستە ڕۆڵی بەرچاویان لە یەكلاكردنەوەی ململانێ و شەڕ و تەنانەت لە زۆر بواری تریشدا هەیە. 

ئەم گۆڕانكاریی و پێشكەوتنە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت كە ئیتر زانیاری، یان زیرەكیی دەستكرد لە میانی ئامێر و داهێنراوی تەكنەلۆجیدا، تەو‌اوی كارەكانی مرۆڤ و لەبری ئەو ڕادەپەڕێنێت. نەك هەر ئەوە، بەڵكو هەموو چەمكەكانی پێوەست بە پێوەندیی مرۆڤ بە دەوروبەری مرۆیی و مادیی خۆی، هاوكات چەمكەكانی پێوەست بە ژیانی كۆمەڵگەیی و دامەزراوەیی و پێوەندیی نێوانیان، لەگەڵ چەمكەكانی پێوەست بە جەنگ، ململانێ، ئاشتی، ئاسایش، دادپەروەری و كۆمەڵێك پرەنسیپی تریش، دەخاتەوە بەردەم سەرلەنوێ پێناسەكردنەوە.  

ئەو هێزە تەكنەلۆجییەی بزوێنەری شۆڕشی زیرەكیی دەستكردە، كاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر ئایندەی مرۆڤایەتیەوە دەبێت، ئیتر كۆتایی بە قۆناغێكی ژیانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دێنێت و دەیخاتە ناو سەردەمی باڵادەستیی عەقڵی دەستكرد بەسەر عەقڵی مرۆڤدا، بەمەش مرۆڤایەتی باوەش بە سەردەم و چاخێكدا دەكات كە دیار نییە ئاسۆكانی ژیانی ئاسایی و هەست و سۆز و لایەنە ڕۆحییەكانی مرۆڤ بە چ ئاقارێكدا دەبات.

بە كورتی و بە كوردی، ئەم چوارەم شۆڕشەی پیشەسازیی و هەژموونی تەكنەلۆجیا و زانیاری و عەقڵ و زیرەكیی دەستكرد، هەموو شت و پێوەندییەك سەراوژێر و لە بەرگێكی تردا فۆڕمۆڵەیان دەكاتەوە.