وه‌رگێڕان
ئه‌و كه‌سه به هه‌ڵه‌دا چووه ئه‌گه‌ر پێی وابێت ڕمانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، یان ئه‌وه‌ی به بلۆكی سۆسیالیزم ناسرابوو، نیشانه‌یه‌كه بۆ ئاوابوونی ئایدیۆلۆجیا، یان كۆتایی سه‌رده‌می ئایدیۆلۆجیا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له كۆتایی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی (سه‌ده‌ی بیسته‌م - وه‌رگێڕ) له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و ناوه‌ڕاستدا ڕووخا، ڕێكخستنێكی ئایدیۆلۆجیی دیاریكراو بوو، یان به كرده‌نیی و دیاریكراوی ئه‌و ڕێكخستنه ئایدیۆلۆجییه بوو، نه‌ك ئایدیۆلۆجیاكه خۆی، وه‌ك جۆرێك له جۆره‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، وێڕای ئه‌و ڕووخانه، نه‌ك هه‌ر ململانێ ئایدیۆلۆجییه‌كه، به‌ڵكو ئه‌و ئایدیۆلۆجیایه خۆی جۆرێكی دیاریكراوه له ململانێی ئایدیۆلۆجی له‌سه‌ر ئاستی دنیا، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌یش كه ڕاسته‌وخۆ گرنگییان پێی ده‌دا. چونكه ئایدیۆلۆجیا چه‌ندان شێوه‌ی له بوون و ئاماده‌یی و كاریگه‌ری له چه‌ندان وڵاتی دنیا و تۆڕی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ خۆی پاراستووه. به جۆرێك له كوێدا شێوه‌یه‌ك به‌كۆتا بێت، شێوه‌یه‌كی تری نوێ دروست ده‌بێت.
واته كاتێك ڕێكخستنێك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له شوێنی‌دا ڕێكخستنێكی تر دروست ده‌بێت. شتێكی ئاساییه ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له لایه‌نه‌كانی ململانێ و ئاست و ئاراسته‌كانیدا، گۆڕانی به‌دوادا دێت.
زێده‌ڕۆیی له گه‌وره‌كردنی ئه‌ركی ئایدیۆلۆجیا له بیناكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، دواتر كاركردن تێیدا به‌شێوه‌یه‌كی پارێزگارانه، یان ڕیفۆرمخوازیی، یاخۆ شۆڕشگێڕیی، ڕێك وه‌ك زێده‌ڕۆییه له بچووككردنه‌وه و په‌راوێزكردنی. چونكه ئایدیۆلۆجیا ئه‌ركی خۆی یان باشتر بڵێین ئه‌ركه‌كانی خۆی له بیناكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا جێبه‌جێ ده‌كات، هاوكات شێوه‌یه‌كیشه له شێوه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان جۆرێكه له جۆره‌كانی. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتیش هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه ده‌كات هه‌ژموون بكاته سه‌ر شێوه، یان جۆره‌كانی تر، كه له‌گه‌ڵیاندا ئاوێته ده‌بێت. بۆیه هه‌ندێ كات درێژ ده‌بێته‌وه و بڵاوه ده‌كات و باڵاده‌ست ده‌بێت، هه‌ندێ كاتیش ده‌چێته‌وه یه‌ك و چڕ ده‌بێته‌وه و لاواز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه مێژووییه دیاریكراوه‌كانی دیالێكتیكی ئاوێته‌بوونی له‌گه‌ڵ هێزه كاراكانی كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یشه پێویسته به‌بێ گۆڕینی تواناكه‌ی و شێواندنی سروشته‌كه‌ی، سه‌یری بكرێت و به كرده‌نی به‌كار بهێنرێت.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ده‌قه‌كانی ئه‌م په‌رتووكه به ته‌واوی ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه كه تێیدا هه‌ڵده‌ستێت به ده‌رككردنێكی وردی ماهیه‌تی دیارده‌ی ئایدیۆلۆجی و ڕۆڵ و پێگه‌ی له بیناكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات تیشكی شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی بخاته سه‌ر. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ناسینی بابه‌تییانه‌ی ڕاستییه‌كان و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به ئامانجی به‌هێزكردنی عه‌قڵی زانستی و فه‌لسه‌فی له هاوشانبوون و دادگاییكردنی، به‌ڵام ئه‌و ده‌قانه‌ی پێشتر له‌باره‌ی ئایدیۆلۆجیا بڵاوم كردوونه‌ته‌وه، ئه‌وا ته‌نیا چه‌ند زیاده‌كاریی دوور له دووباره‌كردنه‌وه‌ن، ئه‌ویش به كرانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌زموون و مه‌عریفه‌ی نوێ‌دا.
بواری ئایدیۆلۆجیا، یان ئایدیۆلۆجی، له ڕووی نه‌رمیی و نیانی، پته‌وترین بواره‌كانی ژیانی ڕۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، هاوكات له ڕووی شاراوه‌یی و ده‌ركه‌وتنیشدا، ئاڵۆزترینیانه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زیاتر تێكه‌ڵاوی ته‌واوی بواره كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ڕۆشنبیریی، سیاسی، په‌روه‌رده‌یی و ئابوورییه‌كانی ژیانه. بۆیه وا ده‌رده‌كه‌وێ كه له به‌رگریكردن و شیكردنه‌وه و ده‌رچوون له چنگی ڕه‌خنه، له بواره‌كانی تر سرك و به تواناتره .
لێره‌وه ده‌كرێ بگه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی پێداگرتن له‌سه‌ر بنیاته ناوه‌كییه‌كه‌ی، وه‌ك پێویست ده‌مانباته‌وه سه‌ر پێداگرتن له‌سه‌ر ئاوێته‌بوونه ده‌ره‌كییه‌كانی، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته.
وه‌كووتر، چه‌مكی (بوار)، یه‌كێكه له‌و چه‌مكه سه‌ره‌كییانه‌ی ده‌توانین به بایه‌خێكی زۆره‌وه له زانست و فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌وزیفی بكه‌ینه‌وه. چونكه ئه‌م چه‌مكه به ڕۆڵی خۆی جۆرێك له ڕه‌گه‌زی جووڵه و جووڵان بۆ چه‌مكی شوێن، هه‌روه‌ها خود و خودگه‌رایی بۆ چه‌مكی (فه‌زا) زیاتر ده‌كات. ئینجا ئه‌گه‌ر سێ چه‌مكه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هاوواتا بن، ئه‌وا چه‌مكی بوار باشترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترینیانه بۆ بیركردنه‌وه له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژیان و پێوه‌ندییه‌كان.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، كاتێك باس له ئایدیۆلۆجیا ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌و به‌شه‌یه كه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا داگیریان ده‌كات، هاوكات مه‌به‌ستمان ئه‌و بواره‌یه كه بنیاته‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
به واتایه‌كی تر، وێناكردنه ئایدیۆلۆجییه‌كان له‌باره‌ی بواری ناوه‌كیی ده‌ستنیشان ده‌كرێن، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش كۆمه‌ڵێك چوارچێوه و ئاماژه‌ن ئایدیۆلۆجیایان لێ پێك دێت، هه‌روا له‌باره‌ی بواری ده‌ره‌كیش كه له به‌رده‌م ئایدیۆلۆجیادا كۆمه‌ڵێك ڕایه‌ڵ و پێوه‌ست و ئاوێته‌بوون و ئاسۆی كراوه‌ن.
به‌و پێیه‌ی جووڵه یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه‌كانی بوار جا ناوه‌كی بێت یا ده‌ره‌كی، ئه‌وا گواستنه‌وه له چه‌مكی بواری ئایدیۆلۆجی بۆ چه‌مكی زه‌مه‌نی ئایدیۆلۆجی، ده‌بێته پێویستیی. چونكه له بواری ئایدیۆلۆجیدا زه‌مه‌نێكی تایبه‌ت له زه‌مه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و شته ڕێك زه‌مه‌نی ئایدیۆلۆجییه. ئه‌ویش سێ واتای هه‌یه:
یه‌كه‌میان وێناكردنی ئایدیۆلۆجیا بۆ زه‌مان و مێژوو. دووه‌میان سه‌روه‌ربوونی ئایدیۆلۆجیا له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسیی سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا، به‌جۆرێك سه‌رده‌مه‌كه‌ی پێ بناسرێته‌وه. سێیه‌میش چۆنیه‌تیی ملكه‌چبوونی ئایدیۆلۆجیا بۆ فاكته‌ری زه‌مه‌ن و ڕاهاتن له‌گه‌ڵیدا، ئه‌ویش له هه‌ر چوار حاڵه‌ته‌كانی ده‌ركه‌وتن، به‌رده‌وامیی، گه‌شه‌كردن و له‌ناوچووندا.
واتای یه‌كه‌م، واته زه‌مه‌ن به‌گوێره‌ی ئایدیۆلۆجیا كه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له گوته ئایدیۆلۆجییه‌كاندا له‌باره‌ی مێژوو و بڕیاردان له‌سه‌ر قۆناغه‌كانی ئاماده‌یه. ئه‌میش به‌پێی وێناكردنه‌كانی زه‌مه‌ن به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه و ئاین و فه‌لسه‌فه و زانست كه به پله‌یه‌ك و یه‌كێكی تر جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام دوو واتاكه‌ی تر له ده‌قی ئایدیۆلۆجیدا ئاماده نین. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و به ڕوانین بۆ ئایدیۆلۆجیا بخوێنرێنه‌وه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێویسته ئاگاداری ئه‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه‌ی نێوان واتای كۆتایی سه‌رده‌می ئایدیۆلۆجیا و سه‌رده‌می كۆتایی ئایدیۆلۆجیا بین. چونكه واتای كۆتایی چاخی ئایدیۆلۆجیا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌رده‌مێك هه‌یه تێیدا ئایدیۆلۆجیا و ململانێ ئایدیۆلۆجییه‌كان باو بوون، دواتر سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ڕووی له دابه‌زین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه كردووه، به‌ڵام شتێكی دیاریكراو له چاره‌نووسی ئایدیۆلۆجیا دوای نه‌مانی سه‌روه‌ری و باڵاده‌ستییه‌كه‌ی، ناسه‌پێنێت. ئه‌مه‌یان پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ستی چاخی كۆتایی ئایدیۆلۆجیایه كه واتای ئه‌وه ده‌دات، ئه‌وه‌ی كۆتایی دێت ئایدیۆلۆجیا خۆیه‌تی، نه‌ك ته‌نیا سه‌روه‌رییه‌كه‌ی، ئه‌م كۆتاهاتنه‌ش له سه‌رده‌مێكی دیاریكراو و له‌به‌ر هۆكارگه‌لی دیاریكراو ڕوو ده‌دات.
ئه‌وه‌ی ڕاستیش بێت خلیسكان له واتای كۆتایی سه‌رده‌می ئایدیۆلۆجیا بۆ واتای چاخی دواییهاتنی ئایدیۆلۆجیا، ئاسانه، به‌تایبه‌تی كاتێك ئایدیۆلۆجیایه‌كی دیاریكراو ته‌واوی بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی داگیر ده‌كات و وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه ئایدیۆلۆجیا خۆیه‌تی، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕووخانی سه‌رده‌مه‌كه وه‌ك ڕووخانی ته‌واوی ئایدیۆلۆجیاكه‌یه.
له‌م ناوه‌دا چاودێریكردنی هۆشیار و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی واقیع، یه‌كێكه له‌و بنه‌ما و ئامرازانه‌ی ده‌توانرێ له ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و خلیسكانه سوودی لێ وه‌ربگیرێت. چونكه پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئایدیۆلۆجیا و سه‌رده‌مێك به واتا كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌كه‌ی، ناكرێ له دیدی ئایدیۆلۆجیایه‌ك یان له تێڕوانین بۆ چاره‌نووسی یه‌ك ئایدیۆلۆجیا بخرێته ڕوو. به‌و پێیه‌ی هه‌ر ئایدیۆلۆجیایه‌ك ته‌مه‌نی تایبه‌تی خۆی هه‌یه (ئه‌گه‌ر بتوانرێ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌كار بهێنرێت)، وه‌ك چۆن هه‌ر ئایدیۆلۆجیایه‌كیش له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه و ته‌نگژه و گێژاوه‌كاندا، توانایه‌كی تایبه‌تی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی، گونجان و گه‌شه‌كردن، هه‌روه‌ها ژیانه‌وه‌ی دوای داكه‌وتن و چه‌قبه‌ستنی هه‌یه.
به‌مپێیه، بواری ئایدیۆلۆجیا بواری دامه‌زراوه‌یه‌كی كراوه‌ی ئاڵوگۆڕیی ئاڵۆز و تێكڕژاوه: ئاڵوگۆڕێك له ئایدیۆلۆجیا خۆی ڕوو ده‌دات، ئاڵوگۆڕێكی تر كه سه‌رچاوه له ئایدیۆلۆجیاوه وه‌رده‌گرێت، ئاڵوگۆڕێكیش كه له دژی ئایدیۆلۆجیا ڕوو ده‌دات.
به‌ڕاست، ئایا یاسایه‌كی گشتگیر بۆ گشت ئایدیۆلۆجیاكان هه‌یه كه حوكم به‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییانه بكات؟ دیاره ئه‌م پرسیاره ته‌نیا پرسیار نییه، كه تیۆری ڕه‌خنه‌یی بۆ ئایدیۆلۆجیا چاوه‌ڕێی ده‌كات.
* ئه‌م وتاره پێشه‌كی په‌رتووكی (ئایدیۆلۆجیا له مه‌حه‌كدا - چه‌ند به‌شێكی نوێی شیكردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن له ئایدیۆلۆجیا)یه كه (ناسیف نه‌ساڕ) نووسیویه‌تی و ساڵی ١٩٩٤ له به‌یرووت چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.