به‌شی یه‌كه‌م
گرفتی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌گشتی ئه‌وه‌یه كه زیاتر له ئێسته‌دا ده‌ژێت، به‌و واتایه‌ی كه زۆرتر بیری لای ساته‌وه‌خته چێژبه‌خشه‌كانی ئێسته‌یه و كه‌متر بیر له داهاتوو ده‌كاته‌وه. ئه‌وه ئه‌گه‌ر بۆ كه‌سی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕاست بێت، ئه‌وا بۆ مرۆڤی ڕۆژئاوا كه ئه‌خته‌بووتی سه‌رمایه‌داری و به دیاركراویش لیبرالیزمی نوێ، له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌ستی ناوه‌ته بیناقاقاكه‌ی، زۆر ڕاستتره.
له ڕۆژگارێكدا ده‌ژین كه كه‌مینه‌یه‌كی زۆر كه‌می لی ده‌ربچێت، وه‌كوتر زۆربه‌ی مرۆڤایه‌تی ڕوانگه و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ واقیع و ئاینده نییه، تا ئه‌وه‌ی ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م و داهێنانیان له كایه و بواره جیاوازه‌كانی فیكر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر لێ ده‌كرێت، به‌وانه‌شه‌وه كه هه‌میشه له ڕابردووی دوور و نزیكی مرۆڤایه‌تیدا، ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه له به‌رهه‌مهێنانی گفتوگۆی ڕه‌خنه‌یی و بنیاتنه‌رانه له‌باره‌ی كێشه و ته‌نگژه هه‌مه‌جۆره‌كان كه یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تییان گرتووه.
ڕاستییه‌كه‌ی له‌وانه‌یه كه‌م و زۆر ئه‌مه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌و بۆچوونه هه‌بێت كه ده‌ڵێت: "شارستانییه‌ته‌كان وه‌ك مرۆڤی ئاسایی وان، پیر ده‌بن، نه‌خۆش ده‌كه‌ون، دواتر ده‌مرن و له‌سه‌ر داروپه‌ردوویاندا، شارستانییه‌تێكی تر له دایك ده‌بێت"، ئه‌و بۆچوونه‌ی كه هه‌ریه‌كه له بڕۆكینز، میشێل ئۆنفری و زۆری تر، له گۆشه و دیدگه‌ی جیاوازه‌وه دووپاتیان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێی كرد، ئه‌و نه‌خۆشییه كوشنده‌یه‌ی كه هه‌نووكه شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تی و شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و له‌ناویشیدا ڕۆژهه‌ڵاتی، كه كه‌م و زۆر لێره و له‌وێ چووه‌ته ناو بازنه‌ی سیستمه‌كه، به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، سه‌رچاوه‌كه‌ی لیبرالیزمی نوێیه كه فه‌لسه‌فه خۆپه‌رستی و یاساكانی خۆی له به كاڵاكردنی مرۆڤ به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌یه‌كی ژیاندا سه‌پاندووه. فه‌له‌سه‌فه و سیستم و یاساگه‌لێكی چاوچنۆك كه مرۆڤی له بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه و به‌رهه‌مهێنه‌ر و داهێنه‌ر، بۆ كه‌سێكی پاسیڤ و به‌كاربه‌ر گۆڕیوه، هاوكات خه‌ریكه له هه‌موو هه‌ست و سۆزه مرۆییه‌كان دایده‌شۆرێت.
ئینجا ئه‌م كاریگه‌رییه ترسناكه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه، ته‌نیا له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ و مامه‌ڵه‌كردنی له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كه‌یدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ڕۆچووه‌ته قووڵایی بوونه مرۆییه‌كه‌ی و خه‌ون و ئومێده‌كانی بۆ ژیان و داهاتوو. له‌مه‌شدا سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می نیولیبرالیزم، نه‌ك هه‌ر بۆ له مرۆڤخستنی مرۆڤ سوودی له فه‌لسه‌فه ئابوورییه‌كه‌ی و یاسا داپلۆسێنه‌ره‌كانی ئه‌و سیستمه و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌رگرتووه، به‌ڵكو له كایه‌ی كولتووری و هونه‌ری و ڕۆشنبیریشدا، وه‌ك مۆرانه له مرۆڤی داوه، تا ئه‌وه‌ی واتا و به‌هایه‌كی بۆ كرده و چالاكیی هونه‌ری و كولتووری و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی و داهێنه‌رانه‌ش نه‌هێشتووه‌ته‌وه.. چۆن؟
ئه‌وه‌تا هه‌ژموونی فه‌لسه‌فه و یاسا و سیستمه ژیان و مرۆڤكوژه‌كه‌ی ئه‌م ئه‌ژدیهایه‌ی نیولیبرالیزم، له به‌رهه‌مهێنانی هونه‌رێكی سووك و كرچوكاڵ و ئاست نزم، ته‌نانه‌ت له بۆنه و چالاكییه كولتووری و ڕۆشنبیرییه جیهانییه‌كانیشدا، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. گۆرانیی گاڵته‌جارانه كه ته‌نیا غه‌ریزه‌ی شه‌هوه‌ت ده‌ورووژێنن. زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیی بێ مانا و سواو كه خاڵین له به‌ها مۆڕاڵی و ویژدانییه‌كان. میدیایه‌كی قه‌شمه‌ر كه به هه‌موو توانا مادی و مرۆییه‌كه‌ی، كار له‌سه‌ر ڕه‌واج پێدان به‌بابه‌تی پووچ و سواو ده‌دات، له‌وانه‌ش مۆد و ماركه، فاشیۆن، نیوستایل، شاجوان و وه‌رزشی باریككردنی كه‌مه‌ر و ئه‌ستووركردنی سنگ و سمتی كچان. سینه‌مایه‌كی بێ هه‌ست، بێ ناوه‌ڕۆك، بێ په‌یامی به‌رزی مرۆیی كه ته‌نیا كار له‌سه‌ر ئاكشن و هونه‌ره‌كانی كوشتوبڕ و خوێن ده‌كات. ته‌نانه‌ت ئه‌م په‌تایه له‌سه‌ر ئاستی داهێنانی ئه‌ده‌بی و له‌ناویاندا به‌دیاركراوی (ڕۆمان)، له پێشانگه شێوه‌كارییه‌كانیش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، تا ده‌گاته به سیاسیكردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی به‌خشینی خه‌ڵاته جیهانییه‌كانی بواری داهێنانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی (ئۆسكار، نۆبڵ)، كه ساڵانێكه هه‌ر ئه‌وانه ئه‌و خه‌ڵاتانه ده‌چننه‌وه كه (به ته‌شیی!) گوتار و فه‌لسه‌فه و ستراتیجی ئه‌و ئه‌ژدیهایه‌ی نیولیبرالیزم ده‌یڕسن و هاوڕا و هاوهه‌ڵوێستی ئه‌و سیستم و فه‌لسه‌فه‌ین، له پێوه‌ست به ڕوانگه و تێڕوانینی بۆ كۆمه‌ڵیك پرس و بابه‌ت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیی!
سه‌رقاڵكردنی مرۆڤایه‌تی به ڕێكلام و ڕه‌واجدان به كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانی به‌هێزكردنی توانای سێكسیی ژن و پیاو، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌می سه‌ره‌كیی مرۆڤایه‌تیی ته‌نیا تێركردنی ئاڵووش بێت. زه‌قكردنه‌وه و بایه‌خدانی زیاد له پێویست به وه‌رزشی ده‌سته‌بژێر و تاكه‌كه‌سیی وه‌ك گۆڵف و تێنسی سه‌ر زه‌وی و كردنیان به سه‌رچاوه‌ی بازرگانیی و دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌وه‌ی تواناكانی له بواری وه‌رزشیی به كۆمه‌ڵ و كاری كۆله‌كتیڤ بخاته گه‌ڕ. بره‌ودان و فراوانكردنی پانتایی جه‌نگی بایۆلۆجی و ترساندنی به‌رده‌وامی مرۆڤایه‌تی به ڤایرۆس و په‌تا، وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك له بازاڕی ململانێی ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆجی.
به كوردی و به كورتی، له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه له سای ئه‌و سیستم و فه‌لسه‌فه مرۆڤ و ژیان و ژینگه‌كوژه‌دا، وای لێ هاتووه بارته‌قای دووركه‌وتنه‌وه‌ی له پێوه‌ندیگرتنی مرۆییانه له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی، بگره زیاتریش له‌وه، مرۆڤ بۆشایی دابڕان و گۆشه‌گیرییه‌كه‌ی، به پێوه‌ندیگرتن و دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی ماڵیی پڕ بكاته‌وه!
ئه‌گه‌ر ئه‌مه ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه بێت كه شارستانییه‌تی نیولیبرالیزم له‌سه‌ر دار و په‌ردووی شارستانییه‌كانی ڕابردوو مرۆڤی پێوه گیرۆده و سه‌رگه‌ردان كردووه، ئاخۆ ئه‌و شارستانییه‌ته‌ی ڕۆژهه‌ڵات (ئیسلام)، كه گوایه خۆی به ئه‌لته‌رناتیڤی شارستانیه‌تییه نوێیه ڕۆژئاواییه‌كه ده‌زانێت و موژده‌ی ڕزگاركردنی مرۆڤی له‌و گۆشه‌گیریی و هه‌ستكردن به نامۆیی هه‌ڵگرتووه، له ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوو و تا ئێسته، چی باشتر و جیاوازتری له‌و بۆ خزمه‌تی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی كردووه؟