نووری بێخاڵی
مه‌به‌ستی ناونیشانی ئه‌م وتاره، به هیچ كلۆجیك به مانای نادیده‌گرتن و بێ به‌ها سه‌یركردنی مێژوو نییه، به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ ده‌رزی ئاژنكردنی یاده‌وه‌ریی ناوكۆیی كورد خۆی، هه‌روه‌ها په‌رده‌لادانه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌پاچه‌یییه‌ی، به‌هۆی خۆڕاده‌ستكردنی بۆ ده‌ستی شانازی مێژوو و شكۆی ڕابردوو، كوردی خستووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی سووڕی مێژوو خۆی، تا ئاستی توانه‌وه له‌ناویدا و ونكردنی ئاسۆكانی ئاینده‌ی خۆی و نه‌وه‌كانی، وه‌ك ئه‌و بیرمه‌نده‌ی كه ده‌ڵێ: نه‌ته‌وه‌یه‌ك چۆن ده‌توانێ تا هه‌تایه له‌ناو چنگی مێژوودا بمێنیته‌وه؟ چۆن ده‌توانێ داهاتووی خۆی بنیات بنێ كه هێشتا دیلی ڕابردووه، ڕابردوو تیایدا قه‌تیس بووه، ڕابردوویه‌ك به جۆرێك ده‌یگوشێ كه گه‌ردێك وزه‌ی ڕاچه‌نین و هێزی جووڵانی بۆ ئاینده تێدا ناهێڵێ”.
قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت، یان شوناس و سه‌روه‌ری، هه‌روه‌ها پێشینه‌یی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویتر، له‌گه‌ڵ سروشتی پێوه‌ندی نێوانیان و خاڵه هاوبه‌ش و جیاوازه‌كانیان، جه‌ده‌لێكی قووڵ و درێژ هه‌ڵده‌گرێ، بابه‌تێكه له وتاری ڕۆژنامه‌دا جێی نابێته‌وه و ئامانجی خۆی ناپێكێ.
ڕووداوه سیاسییه‌كان پرۆسه‌یه‌كی دووباره‌بووه‌وه‌ی ڕووت و پێدراوی جێگیر و بێ گیان نین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابووری و دۆخه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌میشه له جووڵه و گۆڕانكاریی به‌رده‌وامدان. مێژووی دوور و درێژی مرۆڤایه‌تی پێمان ده‌ڵێ، سه‌رده‌م و رووداو و پێشهاته‌كان به ته‌نیا یه‌ك پێوه‌ر، نایه‌نه پێوان. بۆیه له ساته‌وه‌ختێكدا كه گه‌لمان له سه‌روبه‌ندی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمدایه بۆ بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆی، سه‌فسه‌ته‌ی فه‌لسه‌فی و چه‌له‌حانێی سیاسی، چاری ده‌ردی ئێمه ناكه‌ن.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه چیتر له پرسێكی ئاوا چاره‌نووسسازدا، چه‌قه‌چه‌ق و چه‌نه‌چه‌نی (نێره، بیدۆشه)ی نێوانمان، نه‌ك هه‌ر خزمه‌ت به دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ییمان ناكات، به‌ڵكو زه‌برێكی كوشنده له ئێسته و ئاینده‌مان ده‌دات و به ده‌ستی خۆمان چاڵ بۆ له گۆڕنانی ئامانجه‌كانمان هه‌ڵده‌كه‌نین، ئامانج و به‌های باڵا كه نزیك به 100 ساڵه گه‌له‌كه‌مان به خوێن و گیان و سه‌ر و ماڵ، ته‌نانه‌ت به نامووس و شه‌ڕه‌فی خۆیشی، قوربانی له پێناودا داوه.
پاساوی ڕاكردن له پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم، به بیانووی پاشه‌كشه‌ی به‌هاكانی دیموكراسی و ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، جگه له‌وه‌ی پاساوێكی پووچ و بێ بنه‌مایه، هاوكات خۆدزینه‌وه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌رمێونه له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی سه‌رشانمان. چونكه گرفتی گه‌وره‌ی ئێمه‌ی كورد، ئه‌وه نییه كه ئاخۆ نه‌ته‌وه پێش ده‌وڵه‌ت دێت، یان ده‌وڵه‌ت پێش ئه‌و؟ ئایا ئه‌وه نه‌ته‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات، یان ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه به‌رهه‌م دێنێ؟ ئایا شوناس گه‌ره‌نتی سه‌روه‌رییه، یا سه‌روه‌ری، قه‌ڵای پاراستن و پته‌وكردنی شوناسه؟
ئه‌مه له كاتێكدایه كه پرسی (نه‌ته‌وه، واته خاك) و (ده‌وڵه‌تیش، له یه‌ك كاتدا واته خاك و گه‌ل و سیسته‌می حوكمڕانی) سه‌ره‌تایترین ئه‌لفوبێ و فاكتی جه‌ده‌لی سیاسی زیاتر له دوو سه‌ده‌یه. ئه‌وه‌ی ئاشنای مێژووی سیاسیی سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده‌ی ئه‌وروپا و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه بێت، ئه‌و ئه‌لفوبێیه باش ده‌زانێ كه به‌ر له شۆڕشی فڕه‌نسا و یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی، ڕێكخستن و ڕێكخراوه‌یی و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن، گه‌شه‌ی به یه‌كه‌میان دا و هۆكار و بناغه‌ی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی بوون. واز له‌وه بێنن مێژوو و ئه‌زموونی دروستبوونی ده‌وڵه‌تانی نوێ، هه‌ر بۆ نموونه له ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیاوه بگره، تا ئه‌مه‌ریكای ئه‌مڕۆ، به‌رهه‌می دیموكراسی و بنه‌ما و به‌هاكانی نه‌بوون، به‌ڵكو به‌سه‌ر پشتی ئێسك و پرووسكی مرۆڤ و له‌سه‌ر ڕووباری خوێن بنیات نران.
ئه‌و مێژووه پێمان ده‌ڵێ، ئه‌و بناغه‌یه‌ی له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنیات نراوه، چه‌مكی مافی نه‌ته‌وه بووه له به‌رخوردبوون له سه‌روه‌ری خۆی. ئاشكرا و ڕوونیشه، له‌ناو فه‌رهه‌نگ و فیكری سیاسیی هاوچه‌رخدا، سه‌روه‌ری به چ مانایه‌ك دێت. دواجاریش ئه‌زموونه‌كان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری جاره‌كان، ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی نه‌ته‌وه (ده‌وڵه‌ت) خۆی، بووه‌ته بنه‌ڕه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی شوناس و له سێبه‌ریدا، ته‌بایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌كردنی بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسیی و یاسا سالاری و دادپه‌روه‌ری، گه‌شه‌یان كردووه و پته‌و بوون.
قسه‌ی ئێمه لێره له‌سه‌ر مێژوو و خاك و زمان و شارستانیی نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری خاوه‌ن ده‌ركه‌وتن له‌و به‌ها و گه‌نجینه‌یه و پاراستن و گه‌شه‌پێدانیدایه. به مانایه‌كی تر، گرفتی ئێمه‌ی كورد له نه‌بوونی خاك و زمان و مێژووی هاوبه‌شدا نییه (بنه‌ما كلاسیكییه‌كانی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه)، به‌ڵكو گرفتی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی ئێمه، له نه‌بوونی چوارچێوه و قه‌واره‌یه‌كدایه كه له سایه‌یدا ئه‌م شوناسه گه‌شه بكات، چوارچێوه‌یه‌ك كه تێێدا خاوه‌نی سه‌روه‌ری بیت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باس له بوونی كولتوور و فه‌رهه‌نگ و شارستانیی كوردیش بكه‌ین، باسێكی بێ مانایه، له كاتێكدا ئه‌و فه‌رهه‌نگ و كولتوور و شارستانییه له سایه‌ی خۆسه‌روه‌ریدا نه‌بێ، گه‌شه ناكات و پێش ناكه‌وێت. به‌و پێیه‌ی مێژووی گه‌لان و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تداری پێمان ده‌ڵێن، گه‌شه‌ی شارستانیی و فه‌رهه‌نگ و كولتووری نه‌ته‌وه، پێوه‌سته به گه‌شه‌ی هۆشیاری و پێگه‌یشتوویی فیكری و مه‌عریفی نه‌ته‌وه‌كه خۆی، پرۆسه‌یه‌كی ئاوا له سای خۆسه‌روه‌ریدا به‌دی دێت، نه‌ك له سای ژێرده‌سته‌یی و داگیركراویدا.
هیگڵ له پێوه‌ست به پێوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئازادی‌دا ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌ت ئه‌و فۆڕم و چوارچێوه مێژوویییه تایبه‌ته‌یه كه له سایه‌یدا ئازادی بوونی بابه‌تییانه‌ی خۆی وه‌دی دێنێ. یان ئه‌وه‌ی له شوێنێكدا ده‌وڵه‌ت به (ڕۆحی ڕه‌ها نه‌ته‌وه) ناو ده‌بات. دیاره له‌م نێوه‌دا به‌شی ئه‌وه ئاگاییمان به بۆچوونه‌كانی (كانت، نیچه، شوبنهاوه‌ر، ڕۆسۆ، هۆبز) له‌مه‌ڕ جه‌ده‌لیه‌تی پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئازادی، ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتی و ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كانی تری ئه‌و بابه‌ته هه‌یه، به‌ڵام له ئاماژه‌دان به ڕوانگه‌كه‌ی (هیگڵ) بۆ ده‌وڵه‌ت، مه‌به‌ستمانه بایه‌خی سه‌روه‌ری بنرخێنین. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا كۆك بین كه هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌بێ بوونی مرۆڤ (نه‌ته‌وه) نه‌بووه و نابێ، ئه‌وا نابێ ئه‌و ڕاستییه‌یش له‌بیر بكه‌ین كه ده‌وڵه‌ت و سنوور و سه‌روه‌ری، ئه‌و قه‌ڵغانه‌ن نه‌ته‌وه له دۆخی مانه‌وه و به‌رده‌وامیدا ده‌هێڵنه‌وه.. ئه‌و چه‌په‌ر و سه‌نگه‌ره‌ن، له مه‌ترسیی توانه‌وه و له‌ناوچوون ده‌یپارێزن.. ئه‌و قوله و قه‌ڵایه‌ن، له‌ناویدا به‌رگری له سووڕی ژیان و به‌رده‌وامی خۆی ده‌كات.
هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، نه‌خشه‌كان نابێ بێنه گۆڕین، یان ئه‌گه‌ری گۆڕانی نه‌خشه‌ی جیۆگرافی بوونی نییه، چییه گوایه نه‌ته‌وه‌كان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یان بنیات ناوه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه نه‌ته‌وه‌كان نین ده‌وڵه‌تیان دامه‌زراندووه و دایده‌مه‌زرێنن، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌وڵه‌ته دواجار وه‌ك قه‌واره‌ی سیاسیی خاوه‌ن شكۆ و سه‌روه‌ری، نه‌ته‌وه و شوناس به‌رهه‌م دێنێته‌وه.
به لایه‌نی كه‌مه‌وه، مێژووی 100 ساڵی ڕابردووی ناوچه‌كه و دنیا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمینێ كه ئه‌وه عه‌ره‌به‌كان نه‌بوون، (٢٢) ده‌وڵه‌تیان بۆ خۆیان دروست كرد. ئه‌وه تورك نه‌بوو، ده‌وڵه‌تی بۆ خۆی دروست كرد. ئه‌وه ئیراده‌ی یه‌كگرتووی ئه‌ڵمانییه‌كان نه‌بوو دیواری به‌رلینی ڕووخاند. ئه‌وه شه‌ڕ و شۆڕشی نه‌ته‌وه نه‌بوو، ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی له چوارچێوه و فۆڕم و به‌رگێكی تردا داڕشته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه پێدراو و پێشهاته سیاسییه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندی و ململانێی هێز و سه‌رمایه بوون. ئه‌وه‌ی هه‌نووكه مێژوو دروست ده‌كات و شوناس له فۆڕمی ڕێزلێگیراویدا به‌رهه‌م دێنێ، شه‌ڕ و شۆڕش و توانای جه‌سته‌یی و هێزی بازووی نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵكو بوونی ئیراده‌ی سیاسی و ویستی خۆسه‌لماندنه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی نوێی دنیا، له‌ناو گوتاری سیاسیی نه‌ته‌وه‌دا، وه‌به‌رهێنانه له‌ناو گه‌مه‌ی سه‌رمایه و هێزدا به قازانجی مسۆگه‌ركردنی سه‌روه‌ری.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كورد ئه‌و گرێ مێژوویییه‌ی بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه به خۆی و له خۆی به خاوه‌ن ده‌ربكه‌وێت. سه‌ره‌تا ده‌بێ خۆی له‌و ترس و فۆبیایه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌م و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و دابماڵێ و نه‌كه‌وێته‌وه ژێرباری سۆزی برایه‌تیی ساخته و پێكه‌وه‌ژیانی درۆینه له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌یدا. هاوكات چیتر نابێ به درۆی شاخداری جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ، ڕێككه‌وتننامه‌ی تایبه‌ت به مافی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌مینه و پێكهاته‌كان، هاوسۆزی درۆینه‌ی سه‌كۆ و ڕێكخراوه مرۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێ و له‌و ده‌رگایانه‌دا سواڵ بكات و بنووزێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه ئیراده‌یه‌كی سیاسیی ڕاستگۆ و باوه‌ڕبه‌خۆكردووی هه‌بێت، ویستێكی ئیراده‌گه‌رانه‌ی ده‌سته‌جه‌معی كۆمه‌ڵگه هه‌بێت، یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی هه‌بێت، بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه ناسروشتییه‌ی خۆی، بۆ تێپه‌ڕاندنی مه‌ینه‌تی بێ ده‌وڵه‌تی و بێ سه‌روه‌ری.
ئێسته‌ی ئێمه، ئه‌و دۆخه‌ی هه‌نووكه ئێمه تێیدا ده‌گوزه‌رێنین، ئه‌و ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنانه‌مان له ناوخۆماندا، ئه‌و چركه‌ساته‌یه كه هیگڵ ناوی ناوه (چركه‌ساتی هۆشیاریی ئازارچه‌شتوو)، چركه‌ساتێك، برینی ئاگایی و هۆشیارییه‌ك ده‌بێ بێدارمان بكاته‌وه له‌وه‌ی له‌و ڕاستییه تێبگه‌ین، كه‌وا كورد و هیچ گه‌لێكی تر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شكۆیه، له نه‌بوونی ئه‌و چوارچێوه و سه‌روه‌رییه‌دا، ناتوانێ وه‌ك نه‌ته‌وه خۆی پێناس بكات، وه‌ك نه‌ته‌وه بێته‌وه ناو مێژوو، وه‌ك نه‌ته‌وه شان و باڵی به پاشخانی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و شارستانیی با بدات.
دواجار به قسه‌یه‌كی (د. زه‌كی نه‌جیب مه‌حموود) له‌باره‌ی مه‌ترسیی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕابردوو به‌سه‌ر ئێسته و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی به‌سه‌ر ئاینده‌دا كۆتای دێنین كه ده‌ڵێ: باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی ڕابردوو به‌سه‌ر ئێسته، وه‌ك هه‌ژموونی مردووه‌كان وایه به‌سه‌ر زیندووه‌كاندا، بۆیه شتێكی سه‌یره مردوو ئه‌م شێوه هه‌ژموون و باڵاده‌ستی و زاڵبوونه‌یان هه‌بێت.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌دا ده‌پرسین: به ڕاست خۆ وه‌ك كورد به نیاز نین تا 100 ساڵی تر نه‌وه‌كانمان گیرۆده‌ی ئه‌وه بكه‌ین هاوار بكه‌ن:
ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی كورد زمان.
ده‌ی مه‌گه‌ر بڕیارمان داوه هه‌ر له‌و دۆخی متبوون و خۆجووینه‌وه‌ماندا بمێنینه‌وه؟ مه‌گه‌ر بڕیارمان دابێت ڕۆڵه و نه‌وه‌كانمان تا هه‌زار ساڵی تر، هه‌ر به شانازی ناو و ئه‌و وه‌همه‌ی مێژوو خۆیان بخۆنه‌وه و له‌ناو دۆزه‌خی ئه‌و شكۆی ڕابردووه‌دا بسووتێن؟ مه‌گه‌ر به‌شی ئه‌وه بێ‌دار نه‌بووینه‌ته‌وه كه‌س به‌م (ڕببه)یه‌مان ناپێوێ و پێمان ناڵێ: كیلۆتان به چه‌ند؟
به كوردی و به كورتی، ئاوا بڕوا، یه‌كه‌م و دوا شوناسمان هه‌ر عێراقی، چاره‌نووس و ئاینده‌مان هه‌ر پاشكۆیه‌تی و شوێنكه‌وته‌یی و برابچووكی گوێڕایه‌ڵی عه‌ره‌ب ده‌بێ و دانیشن به‌خێر.