نامه‌یه‌ك به‌ ده‌م (با) وه‌ بۆ كوچه‌كانی ته‌نیایی
بیره‌وه‌ریی شارۆكه‌یه‌ك..

نووری بێخاڵی

هاوڕێم، نازانم ئه‌و نامه‌یه‌ت پێ ده‌گا یان نا، چونكه‌ جگه‌ له‌ تارمایی بیره‌وه‌رییه‌كانمان و چه‌ند نامه‌یه‌كی خوساوی پڕ له‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتن، شتێكی تر شك نابه‌م تیایاندا بتدۆزمه‌وه‌. تۆیه‌كی هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌ریدا زیندوو و له‌به‌رچاواندا سه‌راب. تۆیه‌ك كه‌ ته‌نیا بۆم ده‌كرێ له‌ دنیای ته‌نیایی و بێده‌نگیدا په‌ی به‌ ترپه‌ی دڵ و چرپه‌ی پێت ببه‌م. تۆیه‌ك هه‌میشه‌ هۆگر به‌ خامۆشییه‌كی پڕ نوور و بێده‌نگییه‌كی پڕ له‌ قسه‌!
هاوڕێم، ته‌نیایی و گۆشه‌گیری، سرووتی ئازادبوون و بوارێكن بۆ سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌ی خۆت له‌ كه‌ناری بیره‌وه‌رییه‌كاندا، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كپی شه‌و پڕیه‌تی له‌ حیكمه‌تی ژیان و بێده‌نگی تژییه‌ له‌ ئاماژه‌ی جوان گوتن. 

ده‌شێ مرۆڤ له‌ ته‌نیایی و گۆشه‌گیریدا، له‌ بێده‌نگی و سكووندا، دیوی دووه‌می ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه‌، چوون له‌ سێبه‌ری ئه‌واندا جارێكی تر په‌ی به‌ برینداریی هه‌موو ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ شیرینانه‌مان ده‌به‌ین، كه‌ هه‌ڵپه‌یانه‌ له‌ ده‌رفه‌تی ته‌نیاییماندا بمانهێننه‌وه‌ قسه‌..

هاوڕێم، ئێسته‌ خه‌یاڵ ده‌مباته‌وه‌ بۆ پیاسه‌ كورته‌كانی ژێر سنه‌وبه‌ره‌كانی ته‌نیشت قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی رواندز، ده‌مباته‌وه‌ بۆ سه‌ر ته‌خته‌كانی پۆل، بۆ كۆڕی ئه‌و قسه‌ ژیان و ئومێدبه‌خشانه‌ی له‌ ده‌می فڵچه‌ی ده‌ستته‌وه‌ ده‌ڕژانه‌ سه‌ر تابلۆ و ره‌نگڕێژ ده‌بوون له‌ هیوا. ده‌مباته‌وه‌ بۆ دوا ساته‌كانی پڕبوون و مه‌ستبوون له‌ چریكه‌ی (په‌پووله‌ی ئازادی)، ئێسته‌ تێده‌گه‌م بۆ هێنده‌ مه‌راقی سه‌فه‌ر بوویت به‌سه‌ر باڵی په‌پووله‌كه‌ی (خالقی). چه‌ند جوان و باوه‌ڕمه‌ند بوون ڕوانینه‌كانت بۆ ئاسۆ، چه‌ند پڕ چێژ بوون، ئه‌و مژانه‌ی له‌ جگه‌ره‌كه‌ت ده‌دان!

هاوڕێم، سه‌یر بوو ئه‌و خۆڕاگرییه‌ت، تۆ كه‌ له‌وسه‌ری نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان گه‌ڕابوویته‌وه‌، كه‌ سیمات ڕه‌نگی هه‌ژاری لێ ده‌ڕژا، گوشادتر بوویت له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێك و نه‌فس به‌رزتر له‌ چه‌رچییه‌كی قۆڵبڕی بازاڕی سیاسه‌ت و كوردایه‌تی ده‌ژیایت. تۆ كه‌ له‌ تراجیدیای چیڕۆكی سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانت له‌ گرتووخانه‌كانی بیابان پڕ بووبووی له‌ نووری نیشتمان، بۆیه‌ ڕه‌نگی تابلۆ و ڕیتمی وشه‌كانت لێوڕێژ بوون له‌ وێنه‌ ته‌ڵخه‌كانی بیابان و دڕنده‌یی جه‌لاده‌كانی، ئه‌گه‌ریش ئێسته‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌یت و له‌ سووچێكی ته‌نیای ئه‌و دنیایه‌ خه‌ون به‌ ژیانه‌وه‌ ده‌بینی، باشترین ده‌رفه‌تێكه‌ سه‌رقافڵه‌ی ئه‌وانه‌ بیت كه‌ وه‌ك خۆیان ئه‌نفال ده‌نووسنه‌وه‌ و ده‌یكه‌ن به‌ شاكارێكی مه‌زن.

"زۆری نه‌ماوه‌ شه‌مشه‌كوێره‌كانی تاریكی و كونده‌پۆ شوومه‌كان، سه‌ر ته‌لی كاره‌با و لكی دره‌خته‌كانی شه‌قامی نیشتمان بۆ قومری و بولبووله‌كان چۆڵ ده‌كه‌ن. زۆری نه‌ماوه‌ باز و شه‌هێنه‌كان دێنه‌وه‌ و ئه‌و ناوه‌ پڕ ده‌كه‌ن له‌ چریكه‌ی ئازادی".هاوڕێم ئه‌م وشانه‌ت له‌ بیره‌؟ 

ئه‌وه‌ مشتێ چرای ئومێدی ناو نامه‌یه‌كی خوساوی عه‌ره‌قی ژێر هه‌نگڵی ژنێك بوون، كه‌ له‌ چركه‌ساته‌ تاریكه‌كانی دوای ئه‌نفال، به‌ده‌م شنه‌بای كوێستانه‌كانی نیشتمان، ژووری پڕ هاڵاوی گه‌رمای به‌شی ناوخۆیی له‌ به‌غدا فێنك فێنك كردمه‌وه‌، نامه‌یه‌ك خوێنی ١٣ شلێری سه‌ربڕاوی ده‌ستی جه‌لاده‌كانی لێ ده‌چۆڕا. نامه‌یه‌ك هاواری (لێیده‌ عه‌رووس)ی عه‌بدوڵا شێتی تێدا ده‌زرنگایه‌وه‌. نامه‌یه‌ك بۆسۆی سووتان و تی ئێن تی ژێر خانووه‌كانی (گه‌رده‌ گه‌رد و گه‌روێ ناو ڕه‌زا)ی لێ ده‌هات. نامه‌یه‌ك نه‌عره‌ته‌ی قوتابییانی شاری له‌ ١٩٨٣ و چاونه‌ترسی (لوقمان جۆڵا و هاوڕێكانی) بیر ده‌خستمه‌وه‌ كه‌ به‌عس به‌ ده‌ستییانه‌وه‌ زراوی تۆقیبوو. نامه‌یه‌ك حیكایه‌تی ئازایه‌تی و جوامێرییه‌كانی (محه‌مه‌د زیاد فه‌قیانی و سه‌ید سه‌لیم بێخاڵی و ساڵح ئاكۆیی) و جه‌ربه‌زه‌یی سه‌رده‌سته‌ی فیداییانی داستانی هه‌ندرێن (سه‌ید مسته‌فای بنه‌كاول) و سه‌ركه‌شی و خوێنی به‌غه‌در ڕژێنراوی پێشمه‌رگه‌ی كوردایه‌تی (جه‌میل عه‌مباری باپیره‌م)ی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌.

نامه‌یه‌ك له‌ ته‌وێڵیدا كه‌سایه‌تی پڕ ویقاڕی (مه‌لا مه‌مدووح مزووری) و نه‌فسبه‌رزی و مێرخاسی (حاجی سه‌یدی بێخاڵی) و كوردپه‌روه‌ری (شێخ تاهێری سه‌ران) و (مه‌لای وه‌رتی) و ئیمانداری بێ رییایی (مه‌لا خدری ئاكۆیی) و خێرخوازی و خاكه‌رایی هه‌ردوو برا (سه‌ید ساڵح و سه‌ید محه‌مه‌د) بریسكه‌ی ده‌دا.

نامه‌یه‌ك پڕ له‌ سه‌ربورده‌ی خۆش مه‌شره‌بی و خاكه‌رایی (حاجی موسڵیح گه‌ره‌وه‌یی) و گاڵته‌ و قۆشمه‌بازی پڕ سوێ و برینی (مدیری باوكم) و كۆڵنه‌ده‌ری و به‌ عیزه‌ت ژیانی (سه‌ید برایمی كۆڵنه‌ده‌ر) و ژیری و ده‌ستڕه‌نگینی (سه‌ید حوسێن)ی برای و ساده‌یی و رۆحی په‌پووله‌یی (خه‌لیفه‌ حوسێن) و غه‌ریبزه‌ده‌یی (مام نووری زه‌ینه‌ل) و هێمنی و بێده‌نگی (حاجی شه‌ریفی جامچی) و قۆشمه‌یی (مام زاهیر و مام مسته‌فا)ی حه‌لاق..

نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا گه‌رمایی كولێره‌كانی (مام موعته‌سه‌م) و بۆنی كه‌بابی (وه‌ستا قادری كه‌بابچی) و كوببه‌كانی (حاجی یوونسه‌ لار) و تامی مزری هه‌ناره‌كانی (مه‌لا تاهێره‌ كۆر) و هاڵاوی گه‌رمی چای (عه‌بدوڵای خه‌لیل به‌گ) و سه‌دای پڕ نه‌واو نه‌غمه‌ی ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ره‌كه‌ی (سۆفی عه‌بۆ) و قاقای پڕ حیكمه‌تی (ئه‌سعه‌ده‌ فه‌ندی) و پرخه‌ و هه‌ناسه‌ سواری ناو خه‌وی قووڵی (فه‌قێ شێت) له‌ ژێر ده‌ڕابه‌كانی بازاڕ و خشپه‌ خشپی گه‌سكه‌ هیلاكه‌كه‌ی (مام حه‌سه‌ن ڕه‌زانی) و بێ حه‌وسه‌ڵه‌یی و ده‌می به‌ خه‌نده‌ی (حاجی حاجی برایم)ی بۆ هێنابووم.
نامه‌یه‌ك سه‌ربورده‌ی غه‌ریب و هه‌ژار دۆستی (حاجی مه‌حموود په‌ڕۆ) و خانه‌دانی و چاكه‌خوازی (حاجی ئه‌حمه‌د پوشۆ) و میواندۆستی و ده‌ستكراوه‌یی (قادری حاجی مسته‌فای قه‌ساب) و كارزانی و ده‌ستڕه‌نگینی (حاجی مه‌لا عه‌زیزی دارتاش) و وره‌ی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی (وه‌ستا ئه‌حمه‌د)ی نه‌جاڕی گه‌ره‌وه‌یی و په‌ند و حیكمه‌تی ئه‌زموون و ژیانی (عه‌وڵای سێمانی و حاجی ئه‌حمه‌د كاروانچی) و گفت و لفتی شیرین و په‌یامی منه‌وه‌ری (عه‌لی مه‌كته‌به‌) و نه‌جیبزاده‌یی و خانه‌خوێی (شێخ سلێمان) و حه‌وسه‌ڵه‌ و ئۆقره‌یی و دڵفراوانی (مام ئه‌حمه‌د شینكه‌ڵه‌) به‌ده‌ستی تانه‌ و توانجی هاوڕێكانی و ده‌ستی شیفای مامانی و دایه‌نی دڵسۆزی (هه‌مینا حاجی و پوور حه‌لیم) و گفت و لفت شیرینی (پلكه‌ دووڕ) و قۆشمه‌بازی و قسه‌ی نه‌سته‌قی (عه‌بدوڵا فه‌ندی) بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌.

نامه‌یه‌ك له‌ هه‌ناویدا مه‌ستیی پڕ له‌ به‌رائه‌تی (به‌رخۆكه‌ و عه‌لییه‌ گڕو) و پاكی و عیشقی پڕ له‌ قوربانیدانی (وه‌رداش و مسته‌فا و ئاغه‌ به‌گ)ی هه‌ڵگرتبوو. دواجاریش نامه‌یه‌ك ته‌ڕ به‌ فرمێسك و چاوی خوێن تێزاوی (پوره‌ شاز)ی دایكت، له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی تارمایی (عیسا)ی جگه‌رگۆشه‌ و نۆبه‌ره‌یدا، كه‌ گه‌رده‌لوولی شوومی ئه‌نفال ڕه‌گی گه‌نجێتی هه‌ڵكێشا و له‌ بیابانی گرتووخانه‌ نوته‌كه‌كاندا ناشتی! هاوڕێم، ئێسته‌یش دیمه‌نی قژی ئاورشمینی ئاڵۆزكاوت ده‌كه‌م، ئه‌و تاڵه‌ مووانه‌ی دڵنیام تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ش، بۆ رۆژێك شانه‌یه‌كت پێدا نه‌هێنان، ئاخر په‌نجه‌كانی ده‌ستت شوێن تیخی پرچتیان پێوه‌ دیاربوو. دیمه‌نی سرووتی خوێندنه‌وه‌ی شه‌وانتم له‌به‌ر چرای كز داگیرساوی (له‌مپا) له‌به‌رچاوه‌، چۆن خۆت و هه‌موو كه‌س و شته‌كانی ده‌وربه‌رت بیر ده‌چووه‌وه‌ و ئه‌و ناوه‌ت پڕ ده‌كرد له‌ سكوون. پڕۆڤه‌كانت له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكاندا، ڕه‌نگاڵه‌یت له‌ناو تابلۆی پێشانگه‌كاندا، تریقه‌ی ئه‌و پێكه‌نینانه‌تم له‌ گوێچكه‌دا ده‌زرنگێته‌وه‌، كه‌ له‌ رێیانه‌وه‌ گاڵته‌جاڕیت به‌ پووچی ژیان ده‌كرد. سه‌مای فڵچه‌كه‌ت ده‌بینم له‌ناو په‌نجه‌كانتدا شه‌ڵاڵ له‌ ڕه‌نگ، نیگاری ئازادیی ده‌نه‌خشاند. كیسه‌ی تووتن و جار جاریش پاكه‌تی (سۆمه‌ر)ه‌ هه‌ڵگڵۆفراوه‌كه‌ی ناو گیرفانی پاڵتۆكه‌ت ده‌بینم، كه‌ به‌ شێنه‌یی دانه‌یه‌كت له‌ویان ده‌پێچایه‌وه‌ و دانه‌یه‌كت له‌ میان له‌سه‌ر نینۆكی په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌دا ده‌كووتی. عه‌به‌سییه‌تی پۆشین و خواردن و رۆیشتنتم بیر دێته‌وه‌، ده‌ستی هه‌میشه‌ به‌رزی پرسیار و گومانی ناو پۆله‌كانی خوێندنتم بیر دێته‌وه‌. ئێسته‌یش ده‌تبینم به‌سه‌ر موكێتی لاپه‌ڕه‌كانی (وڵات)دا چه‌ماویته‌وه‌ و به‌ چاوه‌ كزه‌كانت ورد ورد ڕاوی هه‌ڵه‌ی چاپ ده‌كه‌یت.

گه‌لۆ، له‌و شاره‌ی هیلاكی ژێر باری داگیركاریمان، كوڕێك هه‌بوو ئازا، سه‌ركێش، یاخی، ناوی (ئازاد) بوو، پێم وا نییه‌ كه‌سێك هه‌رنا له‌ نه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌یناسنه‌وه‌، ئه‌و ئێسته‌یش سێبه‌ره‌كانی به‌سه‌ر ته‌خته‌كانی شانۆ و به‌ ته‌وێڵی پێشانگه‌ شێوه‌كارییه‌كانی شار ئاماده‌ن، له‌ كۆڕ و وتوێژه‌ فیكری و سیاسی و ئه‌ده‌بییه‌كاندا تارمایییه‌كانی ئاماده‌ن. له‌ كوێدا ده‌نگێگ بۆ ئازادی و ڕه‌نگێك بۆ ژیان هه‌بووایه‌، ئه‌و له‌وێ بوو. بۆ خۆم ئێسته‌یش كه‌ گوێ له‌ (په‌پووله‌ی ئازادی) و (كوردستانی خۆش) و (ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌)ی خالقی ده‌گرم، (ئازاد) به‌ هه‌موو بوونییه‌وه‌ ده‌بینم، به‌ قژه‌ ئاڵۆزكاوه‌كه‌ی، به‌ سمێڵی پڕ و ڕیشه‌ لوولپێچه‌كه‌ی، به‌ نیگا پڕ ئومێده‌كانی. ئه‌و ئازا و ئازاد ژیا، ئیتر نازانم ئێسته‌ هه‌واری له‌ كوێ هه‌ڵداوه‌ و خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینێ؟!

AM:09:40:04/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 367 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌