نووری بێخاڵی
چیتر وه‌ك ساڵانی ڕابردوو، وه‌ك چیرۆكه‌كانی ناو مێژوو و سه‌ربورده‌كانی ناو كتێبه‌كان، هه‌ندێك چه‌مك و ده‌سته‌واژه، مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ناده‌ن و هه‌ڵگری هه‌مان به‌ها و خه‌سڵه‌ت و جوانی نین، به‌ڵكو ڕێك پێچه‌وانه‌ی كاكڵه و ناوه‌ڕۆكی خۆیان كه‌وتوونه‌ته‌وه و ده‌كه‌ونه‌وه. چش له باری ئه‌زموون و كرده‌نی و ئاكامه‌كانیانه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له باری تیۆریشه‌وه سه‌رنجێكی شۆڕش بده‌ین، ئه‌وا به ئاسانی د‌رك به‌و ڕاستییه ده‌كه‌ین كه شۆڕش شتێكه و ئه‌وه‌ی له دنیای ئێمه‌یشدا گوزه‌راوه و ده‌گوزه‌رێ، شتێكی تر.
دید و ڕوانگه و تێگه‌یشتنی (لینین) ئه‌وه‌یه كه هیچ بزووتنه‌وه و ته‌ڤگه‌ر و جووڵانه‌وه‌یه‌ك، به‌بێ بوونی تیۆری شۆڕشگێڕی، ناچێته خانه‌ی شۆڕشه‌وه. به‌و مانایه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی، به‌رهه‌می تیۆری شۆڕشگێڕی، هاوكات هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێڕیشه (ئه‌گه‌رچی هه‌ر به بۆچوونی لینین، مه‌رج نییه هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشگێڕی، شۆڕش به‌رهه‌م بێنێ)، كه‌واته له‌و ناوه‌دا و پێوه‌ست به چه‌مكی شۆڕش وه‌ك پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی، تیۆر بنه‌ما و بنه‌ڕه‌ته، به دوای ئه‌ودا ڕه‌هه‌نده‌كانی تری شۆڕش دێن.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه و به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زموونه‌كانی ناو مێژووی چاره‌گی كۆتای سه‌ده‌ی ڕابردوو، تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه نه‌ك هه‌ر به تێگه‌یشتنی (لینین)ی، به‌ڵكو به تێگه‌یشتن و باوه‌ڕی (گیڤارا)یش، چیتر سه‌رده‌می شۆڕش و شۆڕشگێڕی به‌سه‌رچوو و له مێژه شۆڕش، به‌تایبه‌تی له‌م جیۆگرافیا به‌ڵالێدراوه‌ی ئێمه‌دا (ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)، بووه‌ته بازرگانی و بزنس. به جۆرێك ئاكامی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ماوه مێژووییه‌دا ناو نران شۆڕش (به‌وه‌ی خۆمان و به‌هاری عه‌ره‌بیش!)، به بارته‌قای ئه‌وه‌ی گۆڕانی ده‌موچاو و شوێنگۆڕكێی سته‌مكارێك به سته‌مكارێكی تر بووه، هه‌رگیز ئاكامی موژده‌به‌خش نه‌بوونه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ڕاستییه خۆی بێت، وای له كه‌سێكی وه‌ك (شاملۆ) كردووه بڵێ: ئه‌و ڕژێمانه یه‌كتری دووباره ده‌كه‌نه‌وه. یان كه‌سێكی وه‌ك (ئه‌حمه‌د مه‌ته‌ڕ) بڵێ: ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕه‌كان هێنده پاك بوون، چۆنه شۆڕشه‌كان هێنده پیس و قێزه‌ون ده‌رچوون؟.
به‌داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا و له سای سیسته‌می نوێی جیهانیدا، سیسته‌می بازاڕی ئازاد، سیسته‌می به كاڵاكردنی مرۆڤ له بازاڕی ململانێی سه‌رمایه و وزه. سیسته‌مێك كه هیچ مانایه‌كی بۆ به‌هاكان نه‌هێشتووه‌ته‌وه، سیسته‌مێك كه تا دێت گێژاوی ململانێی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و جیهانییه‌كانی ئاڵۆزتر، كێبه‌ركێی پله و پۆست و ئیمتیاز و ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌كانی ناشه‌ریفتر، گێژه‌نی ڕكه‌به‌ری ئایدۆلۆجیای سواو و مه‌زه‌وگه‌رایییه‌كانی تووشتر ده‌بن، ته‌واوی چه‌مكه شۆڕشگێڕییه‌كان مانا و به‌هاكانی خۆیان له ده‌ست داوه.
زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین له سه‌رده‌م و دۆخێكداین، بۆ ئه‌وه‌ی له دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان بگه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی سیماكان وه‌ك خۆیان بناسینه‌وه، پێویست ده‌كات زمان‌ناس و زاناكانی سیاسه‌ت چوارچێوه و پێناسه‌ی تری بۆ ئه‌و چه‌مكانه و سروشتی ململانێ و جۆری پێوه‌ندییه‌كان دابڕێژنه‌وه. به زمانێك ئه‌و ڕووداوانه بنووسنه‌وه جیاواز بێت له زمانی سه‌رده‌می شۆڕشه زێڕینه‌كان، زمانێك شوناسی ڕاسته‌قینه بداته‌وه به شۆڕشگێڕه ساخته‌كان، لیبۆكه‌كانی ناو سیاسه‌ت. بۆ تێگه‌یشتنی ورد و قووڵتریش له‌م ڕاستییه، گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچوونێكی جۆرج ئۆروێل كۆمه‌كمان ده‌كات كه ده‌ڵێ: شۆڕشگێڕی ئه‌مڕۆ، سته‌مكاری سبه‌یه. ئێمه د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌وه ده‌ست به جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌وه ناگرێ، تا وازی لێ بێنێ. چونكه ده‌سه‌ڵات ئامراز نییه، به‌ڵكو ئامانجه.
مرۆڤ به مه‌به‌ستی پاراستنی شۆڕش، ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار بونیاد نانێ، به‌ڵكو شۆڕش له پێناو هێنانه‌دیی ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار هه‌ڵده‌گیرسێنێ. چه‌وساندنه‌وه چه‌وساندنه‌وه‌یه، ئامانج له ئه‌شكه‌نجه‌دان، ئه‌شكه‌نجه‌دانه و ئامانجی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌سه‌ڵاته، ئێسته له‌وه تێگه‌یشتی ده ده‌یڵێم؟. ئه‌وه بۆیه هه‌نووكه زۆر له‌وانه‌ی له‌ناو (شۆڕش!)دا بوون و له‌گه‌ڵیدا ژیان ده‌یاندوێنیت، په‌نجه‌ی خۆیان ده‌گه‌زن. به‌و پێیه‌ی شۆڕش یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی له ڕابردوودا زۆر كه‌سی مه‌ست و حه‌یران كرد، كه‌چی دواجار ده‌ركه‌وت ئه‌و مه‌ستییه هیچ نه‌بوو، جگه له خۆشخه‌یاڵی. تا ئه‌و ئاسته‌ی زۆر له‌وانه‌ی نه‌شئه‌ی شۆڕش گرتنی، له‌كاتی بێداربوونه‌وه‌یاندا، به‌سه‌ر ته‌رمی په‌شیمانی خۆیان، به‌سه‌ر چاڵی بێهووده‌یی، به‌سه‌ر گۆڕی خه‌ونی وه‌ریو و گه‌نجێتی وه‌ریو و ته‌مه‌نی له‌ده‌ستچوویاندا كه‌وتن!