به‌شی چواره‌م
نووری بێخاڵی
به‌یانیی دڵه‌ڕاوكێ!
وه‌ك پێشتر باسم كرد، یه‌كه‌م شه‌وم به خۆخواردنه‌وه و خه‌وزڕانی به‌رده‌وامه‌وه به‌سه‌ر برد، به‌یانییه‌كه‌ی (له به‌دبه‌ختیی من ئه‌و ڕۆژه پشوو بوو، واته هاوكارانی - باس - یش نه‌ده‌هاتنه ده‌وام) دووشێكم گرت، چایه‌كی شوانیم خسته سه‌ر ته‌باخه‌كه و به چه‌ند دانه كولیچه‌یه‌كه‌وه چاكه‌م خوارده‌وه. خۆمم پێچایه‌وه و جانتا بچووكه‌كه‌مم كرده پشت و له ماڵ چوومه‌ده‌ر. هه‌ورازه ڕكه‌كه‌ی هه‌ردوو كۆڵانه‌كه‌م بڕی و له كۆتادا و له‌سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه، به ده‌سته ڕاستدا ڕێی گۆڕه‌پانی ته‌قسیمم گرته‌به‌ر. به‌ده‌م پیاسه‌یه‌كی نه‌رمه‌وه، سه‌رنج ده‌ده‌مه دار و دیوار، هه‌ر خه‌ڵكه و به ڕه‌نگ و ڕووخسار و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌نی جیاواز به‌ره‌و ڕووم دێن و به‌هه‌ردوولامدا ڕه‌ت ده‌بن، هه‌ر خه‌ڵكه و له دواوه‌مه به خێرایی و گورجوگۆڵییه‌وه به ته‌نیشتمدا تیژ تێده‌په‌ڕن و ده‌كه‌ونه پێشم، بڕێ جار زۆری نامێنی له‌گه‌ڵ یه‌كێك تامپۆن بكه‌ین.
دووسه‌د مه‌ترێك ڕۆیشتووم و له به‌ری ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه باڵاخانه‌یه‌ك ده‌بینم، ئاڵایه‌كی گه‌وره‌ی توركیای به‌سه‌ردا ده‌شه‌كێته‌وه و تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ش به ده‌روازه‌ی پێشه‌وه‌یه‌وه هه‌ڵواسراوه، زمان نازانم، به‌ڵام به وشه‌ی (ته‌ره‌ته TRT)دا تێده‌گه‌م كه ئه‌وه باره‌گای ڕادیۆ، یان ته‌له‌ڤزیۆنه (دواتر زانیم ئه‌وه باره‌گای ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌یه كه شه‌وی سیناریۆكه‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ی ناویان نا كوده‌تا، له لایه‌ن به‌ناو كوده‌تاچییه‌كانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو و دواتر سوڵتان به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ كچه پێشكه‌شكار و بێژه‌ره‌كه‌ی هه‌مان ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه، شكستی كوده‌تاكه‌ی ڕاگه‌یاند!).
دوو ترافیك لایت ده‌بڕم، له سێیه‌میاندا و له سووچی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه (دیڤان هۆتێل)م به‌رچاو ده‌كه‌وێ. ئای له‌وه، خۆ دیڤان لێره‌ش هه‌یه، وه‌لێ بۆ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌ژن بڵند و جوان و سه‌رنجڕاكێش نییه؟
له ترافیك لایته‌كه ده‌په‌ڕمه‌وه و سه‌یرێكی لای ڕاستم ده‌كه‌م، ڕیزێك پاسی گه‌وره كه به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ڕه‌نگی شین و نیلی له‌سه‌ر جامی دواوه و ته‌نیشته‌كانیان نووسراوه (HAVABUS)، دواتر ده‌زانم له‌و شوێنه ڕاسته‌وخۆ و له ڕێی ئه‌و پاسانه‌وه، گه‌شتیار ده‌توانێ بچێته هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی (ئه‌تاتورك به ١٢ لیره، سه‌بیحه‌گۆكچه‌ن به ١٥ لیره). ئه‌وه بۆ كه‌سی ناشاره‌زا، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سێك كه ماوه‌یه‌كی كورت له‌و شاره بمێنێته‌وه و ئاشنا و شاره‌زای هێڵه‌كانی میترۆ نه‌بێ، ئاسانترین ڕێ و ئامرازه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ هه‌ڵه نه‌كا و له گه‌شته‌كه‌ی دوا نه‌كه‌وێ و به ماوه‌یه‌كی كورت له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ركام له‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌ی بیه‌وێ، داببه‌زێ.
به‌هه‌رحاڵ، قه‌یرێك و قه‌ره‌باڵغیی ڕێبوار و گه‌شتیار و كاسبكارانی ناو گۆڕه‌پانی ته‌قسیم، قووتم ده‌دات. گۆڕه‌پانه‌كه مه‌یله‌و شین و خۆڵه‌مێشی ده‌چێته‌وه له كۆتر و پۆل پۆل ده‌نیشنه‌وه و دواتر به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌وه و به شوێن چنگه گه‌نمێكی تره‌وه، كه گه‌شتیارێك له گۆشه‌یه‌كی تری گۆڕه‌پانه‌كه بۆیان فڕێ ده‌داته سه‌ر زه‌وی، ده‌فڕن (ئه‌و دیمه‌نانه زێده‌تر به‌یانی تا نیوه‌ڕۆ به‌رچاو ده‌كه‌ون، ئێواران كه‌متر). فڕین و شه‌قه‌ی باڵه‌كانیان، دیمه‌نێكی جوان و ڕیتمێكی ناوازه‌یه.
سێ چوار دووكانه گوڵفرۆشییه‌كه‌ی سووچی خۆرئاوای گۆڕه‌پانه‌كه كه چه‌ند ژنێك خاوه‌نیانن و گوڵی هه‌مه‌ڕه‌نگی سروشتی ده‌فرۆشن، سه‌رنجڕاكێشن. منداڵه ده‌ستگێڕه گوڵفرۆشه چه‌توونه‌كان كه قردێله و تۆقه‌ی له گوڵچنراویان به‌ده‌سته‌وه‌یه و كچان بۆ گرتنی وێنه ده‌خه‌نه سه‌ریان، ڕێ به ڕێبواره‌كان ده‌گرن، به كچه‌كان، به كه‌پڵه‌كان. ئه‌گه‌ر لێیان كڕین باشتر، ئه‌گه‌ر نه‌یكڕن، ئه‌وا به دوایاندا ڕاده‌كه‌ن، به جووڵه و هونه‌رێك كه دڵی ئه‌و كچ و كه‌پڵانه نه‌شكێ و ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و منداڵه ده‌ستگێڕه گوڵفرۆشانه ئه‌و هونه‌ره به‌ڵه‌د بن، له دواوه قردێله و تۆقه گوڵچنه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیان ده‌خه‌نه سه‌ر سه‌ری كچه‌كان. كچێك سه‌به‌ته‌یه‌كی پڕ له په‌رداخ و كه‌وچكی سه‌فه‌ری و ترموزێكی ئاوی گه‌رمی پێیه، به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕێته‌وه، چا و نسكافه ده‌فرۆشێ. دوو كچی تری هه‌راش، له به‌رانبه‌ر دووكانی گوڵفرۆشه‌كان، به‌دیار چه‌ند سێتێك ئاو دانیشتوون و به ڕوویه‌كی خۆشه‌وه، داوای كڕینی بوتڵێك ئاو له ڕێبواره‌كان ده‌كه‌ن. له‌و خه‌یاڵانه‌دام و له‌پڕ ئاژیری جاڕسكه‌ری ئه‌مبوڵانسێك، ئه‌و ڕامان و خه‌یاڵاته‌م ده‌شێوێنێ. ئه‌و دیمه‌نه‌ی ئه‌مبوڵانسه‌كان له هه‌موو شوێنێكی ئه‌و شاره و به به‌رده‌وامی دووباره ده‌بنه‌وه، بۆیه دواجار له‌گه‌ڵ ویقه و زیقه‌ی ئه‌وانیش ڕادێم.
*****
سووری و سواڵ!
له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له ئه‌یلوولی ساڵی ٢٠١٧، سلێمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا ڕای گه‌یاندبوو كه ژماره‌ی په‌نابه‌ران له وڵاته‌كه‌یدا گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌یچوار ملیۆن و نیو په‌نابه‌ر، له‌و ڕێژه‌یه‌ش سێ ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌س، سوورین. ئه‌وانی تریش خه‌ڵكی وڵاتانی عێراق و ئه‌فغانستان و ئێران و پاكستان و سۆماڵ و هه‌ندێ وڵاتی ترن. سۆیلۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو كه له‌و ژماره‌یه‌ی په‌نابه‌رانی سووریا، زیاتر له 330 هه‌زار و 744 په‌نابه‌ر له كه‌مپ و خێوه‌تگه‌كاندا نیشته‌جێ كراون.
به‌پێی ئامارێكی ده‌زگه‌ی ئاماری توركی (كه ده‌زگه‌یه‌كی فه‌رمیی حكوومه‌تی توركیایه) له ساڵی 2015، په‌نابه‌ره سوورییه‌كان به ڕێژه‌ی جیاواز، به‌سه‌ر ته‌واوی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته (81 پارێزگا) دابه‌ش بوونه. پێوه‌ست به ڕێژه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره سوورییانه‌ی هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌خۆی گرتوون، ئیستانبوڵ به پله‌ی یه‌كه‌م و دوای ئه‌ویش پارێزگاكانی عه‌نتاب، ئه‌نكه‌ره، هاتای، ماردین، ئیزمیر، ئه‌ده‌نه، دیابه‌كر، مێرسین، بۆڕسه، كلس و قۆنیا دێن.
لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری ناوخۆی توركیا له‌كاتێكدا بوو كه شه‌ش مانگ پێش ئه‌وه، واته له مانگی ئاداری ساڵی 2017، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولوود چاویش ئۆغڵو به میدیاكانی ڕاگه‌یاندبوو، كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی (قه‌ڵغانی فوڕات) نزیكه‌ی 50 هه‌زار كه‌س له‌و په‌نابه‌ر و ئاواره سوورییانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاتی خۆیان.
له لایه‌كی تر و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و كاتی (ناوه‌ڕاستی 2017) ده‌زگه پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی توركیا، زیاتر له 17 هه‌زار و 500 په‌نابه‌ری سووری، ڕه‌گه‌زنامه‌ی توركیان پێ دراوه و تا كۆتای ساڵیش، ئه‌و ژماره‌یه ده‌گه‌یننه 50 هه‌زار كه‌س.
لای ماڵی خۆم تا ده‌گه‌مه ناو گۆڕه‌پانه‌كه، چه‌ند كه‌سێك ده‌بینم له ژێر دیواری باڵاخانه‌كاندا سواڵ ده‌كه‌ن، یان هه‌ر به ڕێوه لووتت ده‌چێ به لووتی یه‌كێكیاندا. له‌وانه‌ی دانیشتوون، پیره‌ژن و پیره‌مێردێكی به ساڵاچووی لێ ده‌ربچێ كه تورك بوون، ئه‌وانی تر چ پیاو و ژن، یان منداڵ، هه‌موویان سووری بوون. ئینجا زه‌لامێكی كه‌ته و چوارشانه‌ی عه‌ره‌بی عێراقیشم بینی، به خێزانه‌وه سواڵیان ده‌كرد. كه‌واته ئه‌و سوورییانه كێن و بۆ سواڵ ده‌كه‌ن؟
وه‌ك فزووڵی ڕۆژنامه‌نووسی، هه‌وڵم دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، ڕاستتر هی ئه‌و دوو پرسیاره وه‌ربگرم. دواجار گه‌یشتمه ئه‌و ئاكامه‌ی ئه‌وانه زۆرینه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ن كه له كه‌مپ و خێوه‌تگه‌كانی په‌نابه‌ری نیشته‌جێ كراون و هێشتا ڕه‌گه‌زنامه‌یان وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌وان له ته‌ك هاوكارییه‌كانی حكوومه‌ت و ئاژانسی (UNGCR)ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاواره‌ی ناو كه‌مپه‌كان، هاوكات چونكه حكوومه‌تی توركیا به (میوان)، نه‌ك به ئاواره و په‌نابه‌ر ناویان ده‌بات، ده‌رفه‌ته‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه و كه‌سابه‌تێكی باشیش به‌و سواڵكردنه‌وه ده‌كه‌ن!
به دیوه‌كه‌ی تردا و له‌گه‌ڵ ئه‌و دیمه‌نه ناچیزه‌یه‌ی سواڵكردنی ئاواره سوورییه‌كان كه خه‌ڵكه‌كه‌یان هه‌راسان كردووه، هه‌ر له‌و شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌دا چه‌ند دیمه‌نێكی شكۆمه‌ندیی مرۆڤ سه‌رنجیان بردم. لای ترافیك لایتی یه‌كه‌م، به‌رانبه‌ر باره‌گای ته‌ره‌ته، له‌سه‌ری كۆڵانه‌كه پیره‌مێردێكم بینی به‌دیار عاره‌بانه‌ی فرۆشتنی گه‌نمه‌شامی به شه‌وقه‌وه كاری ده‌كرد، به‌درێژایی ئه‌و ساڵه‌ی له‌و شاره‌دا بووم، ئه‌و پیره‌مێرده له به‌یانییه‌وه تا دره‌نگانی شه‌و، به سه‌رما و گه‌رما هه‌ر له‌و شوێنه بوو. له به‌رده‌م ده‌رگه‌ی باڵاخانه‌یه‌كی نزیك گۆڕه‌پانی ته‌قسیمیش، ژنێكی به ته‌مه‌ن كه هاوسه‌ره‌كه‌یشی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵی بوو، جلوبه‌رگ و كڵاو و گۆره‌وی منداڵانیان له سوفی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و به نه‌خش و نیگاری جیاواز ده‌چنی و له جێوه ده‌یانفرۆشتن. ئه‌وانیش چه‌شنی پیره‌مێرده گه‌نمه‌شامی فرۆشه‌كه، ئه‌و ناوه‌یان ئاوه‌دان كردبووه‌وه.
*****
به شوێن ڕێبواره‌كانه‌وه!
به ڕووخسارمه‌وه ڕاستییه‌كه‌ی به جووڵه و ڕه‌فتار، به ڕۆیشتن و وه‌ستان و ته‌ماشاكانمه‌وه دیاره، غه‌ریبم. بۆیه وه‌ك ئه‌وه‌ی له چاویاندا نێچیرێكی چه‌ور بم، جار جاره گه‌نجێك یان بڕێك به ته‌مه‌نتر، له به‌رده‌مم قووت ده‌بێته‌وه و به توركی كه نازانم چی ده‌ڵێ، قسه ده‌كات، منیش خۆم نه‌بان ده‌كه‌م، یان بۆڵه‌بۆڵێك ده‌كه‌م، ڕێی خۆم ده‌گرمه‌به‌ر و به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕێمه‌وه.
دوای یه‌ك دوو خول و پێچكردن له‌ناو گۆڕه‌پانی ته‌قسیم، دێمه‌وه چه‌قی گۆڕه‌پانه‌كه و له‌و خه‌ڵكه ڕاده‌مێنم كه به تاسه‌وه وێنه له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه‌ی ئه‌تاتورك ده‌گرن. تێده‌گه‌م له‌و ناوه‌دا هه‌ر من نیم غه‌ریب، چونكه به ژنه‌وتنی فارسی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و ته‌نانه‌ت زمانی تریش، ده‌زانم خه‌ڵكێكی تری زۆری گه‌شتیاری بێگانه له‌و شاره‌دا هه‌ن. قه‌یرێك وه‌ستان و سه‌رنج ده‌ده‌مه ئاراسته‌ی ڕێبواره‌كان، بزانم زۆرینه (به‌تایبه‌ت بێگانه‌كه‌ی) ڕوو به‌ره‌و كوێن، دواجار ئاراسته‌یه‌ك دیاری ده‌كه‌م و شوێن قه‌ره‌باڵغی و هاتوچۆی ڕێبواران ده‌كه‌وم. سه‌ر به‌و شه‌قامه‌دا ده‌كه‌م كه هه‌مووان ڕووی تێده‌كه‌ن (ئیستیقلال)، ده‌گه‌مه سه‌ری شه‌قامه‌كه و چاوێك به‌وسه‌ریدا ده‌گێڕم، شه‌قامێكی دوور و درێژ، هه‌ر خه‌ڵكه و وه‌ك ده‌ریا شه‌پۆل ده‌دا، هێند قه‌ره‌باڵغ و جه‌نجاڵه، ڕواندزیان گوته‌نی (ده‌رزیێ هه‌راوێی، ناكه‌ویته عاردی!). هه‌ر كه‌سه و سواری سه‌ری خه‌ون و خه‌یاڵی خۆی بووه، كچ و كوڕ، ژن و پیاو (سفوور و موحه‌جه‌به، نیوه‌ڕووت و نیقابپۆش، ڕیشن و بێ ڕیش، كه‌چه‌ڵ و قژبژ، ڕه‌ش و سپی، كورت و درێژ، قه‌ڵه‌و و لاواز)، به‌بێ هیچ به‌ركه‌وتنێك، هه‌ر كه‌سه و به ئاراسته‌ی جیاواز ڕێ ده‌كات. وه‌ك هه‌ردوو شاره‌كه‌ی خۆمان (پایته‌ختی مێژوویی و پایته‌ختی ڕۆشنبیری!) نییه، نه كه‌س سه‌رتاپێ به چاوێكی عه‌جیب سه‌یری ڕه‌نگ و جۆری جلوبه‌رگی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، نه تانه و توانج له كچان ده‌گرن، نه هۆیها بۆ كچ و ژن ده‌كه‌ن، نه سووكایه‌تی به شێتێك ده‌كه‌ن و چه‌ندان دیارده‌ی تری دواكه‌وتوو. هه‌ندێك سیما و ڕووخساری سه‌یری كچ و كوڕانت (سه‌یر له ستایلی قژ و تاتۆ و ئه‌و هه‌موو گواره و ئه‌ڵقه ئاسنینه بچووكانه‌ی له لووت و لێوه‌كانیان خستووه) به‌رچاو ده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر لێره‌بن، نه‌ك هه‌ر هۆیهایان لێ ده‌كرێ و تیزابڕێژ ده‌كرێن، دوور نییه به قوربانی گوله‌یه‌كیشیان بكه‌ن!
ملی ڕێم گرتووه، ناوه ناوه چاو به‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری خۆمدا ده‌گێڕم و سه‌یری باڵاخانه‌كان و تابلۆی دووكانه‌كان ده‌كه‌م. لێره و له‌وێ له سه‌ری یه‌ك دوو له‌و كۆڵانانه‌ی له شه‌قامه‌كه ده‌بنه‌وه، گه‌نجگه‌لێك ده‌بینم به‌دیار سندووقێك كه خوانچه (سنی)یه‌كی له‌سه‌ره ڕاوه‌ستاون، خوانچه‌كه شتێكی ڕه‌نگ قاوه‌یی له‌سه‌ره و هه‌ر له قه‌پێلكی هێلكه شه‌یتانۆكه ده‌كات (به‌ڵام به قه‌باره گه‌وره‌تر)، خه‌ڵكێك ده‌چێته لایان و گه‌نجه فرۆشیاره‌كانی سه‌ر سندووقه‌كانیش، كه‌رتێك لیمۆ به‌سه‌ر هێلكه شه‌یتانۆكه‌كه‌دا ده‌گوشن و ده‌یده‌نه ده‌ست كڕیاره‌كان، ئه‌وان به تامه‌زرۆوه ده‌یخۆن، من له شوێنی خۆمه‌وه هێڵنج ده‌ده‌م. پاشان و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، ده‌زانم ئه‌وه جۆره خواردنێكی تایبه‌ته به ناوی (میدیات) و خه‌ڵكی ماردینی باكوری كوردستان تێیدا وه‌ستان و بۆ خۆم ده‌بمه كڕیارێكی به‌رده‌وامی ئه‌و خواردنه.
ڕاسته‌وڕاست ده‌ڕۆم، نه شه‌قامه‌كه كۆتای دێت و نه شه‌پۆلی ڕێبوارانیش هێور و كه‌م ده‌بێته‌وه، تا دواجار خۆم له كۆتای شه‌قامه‌كه ده‌بینمه‌وه و ورده ورده ڕێیه‌كه‌م لێژ ده‌بێته‌وه. وه‌ك خه‌ڵكی تر به‌و نشێوه‌دا شۆڕ ده‌بمه‌وه، هه‌تا ده‌گه‌مه سه‌ر ده‌ریا ناوه‌ستم، به‌سه‌ر پردی (گاڵاته) ده‌په‌ڕمه‌وه به‌ری ئیمینینۆ، له‌وێ خۆم ناگرم و له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه ده‌په‌ڕمه‌وه، ده‌گه‌مه گۆڕه‌پانێك خه‌ڵكێك بۆ پشوو له‌سه‌ر كورسییه‌كان و له‌ژێر سێبه‌ری دره‌خته‌كان دانیشتوون، پشوویه‌ك ده‌ده‌م، بۆن و به‌رامه‌یه‌ك كاسم ده‌كات!
*****
بازاڕی ڕه‌نگاڵه و بۆندار
دوای پشوویه‌ك هه‌ڵده‌ستم، چه‌ند مه‌ترێك ده‌ڕۆم و غه‌رقی بۆنێكی سه‌یری ئاوێته له بۆنی به‌هاراتی ڕۆژهه‌ڵاتی و قاوه‌ی توركی ده‌بم. ئه‌و بۆنه ده‌مباته ناو بازاڕێك، دووه‌م گه‌وره‌ترین بازاڕی شاره‌كه به ناوی (بازاڕی میسری - Misir Carsisi) كه مزگه‌وتێكی گه‌وره به‌سه‌ریدا ده‌نۆڕێ (مزگه‌وتی نوێ -Yeni Camii ).
سه‌ره‌ڕای قه‌رباڵغییه‌كه‌ی كه ده‌بێ وه‌ك با، درزی نێو هاموشۆكاران بسمیت، كه‌شی بازاڕه‌كه، ڕێ به‌ردڕێژه‌كانی، دیواره كۆنه‌كانی، گومبه‌زه نه‌خشێنراوه‌كانی و نه‌خشه‌سازییه‌كه‌ی سه‌رنجت ده‌به‌ن و ده‌تگه‌ڕێننه‌وه ڕۆژگارێكی كۆن، بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان.
له‌و بازاڕه‌دا كه ساڵی ١٥٩٧ له سه‌رده‌می سوڵتان مورادی سێیه‌م، ده‌ست به دروستكردنی كراوه و ساڵی ١٦٦٤ ته‌واو بووه، شه‌ش ده‌روازه‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی هه‌یه و ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته به‌شی باشووری ڕۆژئاوا، به‌رانبه‌ر مزگه‌وتی نوێ، هه‌رچی پێداویستیێك هه‌یه، لێی ده‌ست ده‌كه‌وێ. ته‌نانه‌ت وه‌ك باس ده‌كرێ له ڕۆژگاری دووردا و بۆ ماوه‌ی دوو سه‌ده، سه‌نته‌ری سه‌ره‌كیی بازرگانیی به‌هارات و گیاده‌رمان و قوماش و قاوه بووه له نێوان توركیا و هیند و وڵاتانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و میسر.
بازاڕی میسری كه به شێوه‌ی پیتی (ئێڵ)ی ئینگلیزی هه‌ڵكه‌وتووه، نزیكه‌ی ١٤٠ دووكانی تێدایه و ٨٨ هه‌شت گومبه‌ز بازاڕه‌كه‌ی داده‌پۆشن، له دووكانی به‌هارات و قاوه‌فرۆشییه‌وه بگره، تا گیاده‌رمان و میوه‌ی وشككراوه، مڕه‌بای هه‌مه‌چه‌شن و به‌رهه‌می سپیایی، شیرنه‌مه‌نی و چه‌ره‌زات، زێڕنگه‌ری و زیوسازی، جلوبه‌رگ و جوانكاری، ئه‌نتیك و كاری ده‌ستی و كه‌له‌پووری و.. هتد، له‌خۆی ده‌گرێ. بازاڕێك ڕه‌نگاڵه‌یی و سه‌رڕێژ له بۆن و به‌رامه.
دووكاندار و ده‌ستگێڕ و كاسبكاری فره ڕه‌گه‌ز (تورك و كورد و عه‌ره‌ب) له‌و بازاڕه‌دا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان له ڕاكێشانی سه‌رنجی كڕیاره‌كان كه زۆربه‌یان گه‌شتیارن، زیره‌ك و لێهاتوون. زمانێكی شیرین و تۆنێكی سه‌یری قسه و شێوازێكی نه‌رمی مامه‌ڵه‌یان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی وات لێ بكه‌ن كاڵاكانیان بكڕیت. ئه‌وان وه‌ك دووكانداری لای خۆمان نین كه زۆرینه‌یان وا ده‌زانن چوویت سواڵیان لێ بكه‌یت.
دووكانداری ئێمه به هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی كاڵایه‌ك، به دوو پرسیاری كڕیار، به مامه‌ڵه‌كردن له‌سه‌ر نرخی كاڵاكه‌ی، ده‌موچاویان له ئاستی كڕیار لۆچ ده‌یگرێت و گه‌ده‌یان ده‌ترشێ. زۆرجار لای خۆمان ته‌نیا له‌به‌ر ساردی و سڕی دووكاندار له مامه‌ڵه و لالووتی و زمانی بێزارییه‌كه‌ی، به دڵ ویستوومه كاڵایه‌ك كه سه‌رنجی ڕاكێشاوم، لێی بكڕم، كه‌چی گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌گه‌ر به خۆڕاییش كاڵاكه‌م بداتێ، نه‌یبه‌م. ئاخر كاسبی هونه‌ره، هونه‌ری دواندنی كڕیار، هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی و ناچاركردنی به كڕینی شته‌كانت، به گشتی هونه‌ری ڕه‌واجدانه به بازاڕی كاڵاكانت. له بازاڕی میسری كه نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانیان به‌راورد به شوێنه‌كانی تری شاره‌كه، زۆر هه‌رزانه، فرۆشیار ئاوا به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری كڕیاره‌كه‌ی نابێت. هه‌تا تاقه‌تت هه‌یه پرسیاری لێ بكه، مامه‌ڵه له‌سه‌ر نرخی كاڵاكه بكه، به بیانووی بینین و تاقیكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگ و قه‌باره و جۆر و چی و چیتر، ده‌یان جار كاڵاكه‌ی پێ بهێنه و ببه، ئه‌و وه‌ڕس نابێت. ئه‌وه بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و مۆڵ و ماركێت و بازاڕه هاوچه‌رخانه‌ی شاره‌كه‌ش، نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێكی زۆری شاره‌كه، به‌ڵكو هیچ گه‌شتیارێكیش نادۆزیته‌وه بێته ئه‌و وڵاته و سه‌رێكی ئه‌و بازاڕه نه‌دا و بڕێك له پێویستییه‌كانی له‌وێ نه‌كڕێ.
*****
سه‌گی میهره‌بان!
چش له‌و هه‌موو سه‌گه ماڵییه جۆراوجۆره‌ی به زنجیرێكه‌وه به ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه بوون، وه‌كوتر شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاره‌كه له سه‌گی به‌ڕه‌ڵا و بێ خاوه‌نیان كه‌م نه‌بوو. كاتێ ئه‌و هه‌موو سه‌گه به‌ڕه‌ڵایانه‌م ده‌دی، خه‌یاڵم ده‌چووه‌وه سه‌ر ساته‌وه‌ختی منداڵی و مێرمنداڵی خۆم.
له گونده‌كه‌ی ئێمه‌دا چونكه به‌شێكی زۆریان ئاژه‌ڵدار بوون، سه‌گیان هه‌بوو، ئینجا سه‌گی شوانیش تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، جگه له‌وه‌ش له هاتوچۆشمان به‌پێ بۆ خوێندن له ڕواندز، ده‌یان سه‌گی به‌ڕه‌ڵَا، ئه‌وه‌ی لای خۆمان پێمان ده‌گوتن (كسۆكی تۆڕی، سه‌ی تۆڕی!) هه‌بوون.
بیرمه به منداڵی و له ته‌مه‌نێكی بچووك، له ترسی ئه‌و سه‌گانه ڕامكردووه و ڕه‌نگم په‌ڕیوه. به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی له گردی ملتۆكر، ئه‌و گرده‌ی به‌سه‌ر ڕواندز ده‌ڕوانێ و ئێسته قه‌ڵا و باره‌گایه‌كی پێشمه‌رگه‌ی لێیه، ئه‌وكاتیش ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم، سریه‌یه‌كی سه‌ربازیی سوپای عێراقی لێ بوو، ده‌وروبه‌ری ئه‌و سه‌ربازگه‌یه پڕی بوو له‌و سه‌گه به‌ڕه‌ڵایانه، خوانه‌كا كه‌سێكیان به ته‌نیا بدیبایه، به‌تایبه‌تی له وه‌رزی زستان و سه‌رما و سۆڵه، ده‌بوو هه‌تا هێزی پێت هه‌یه ڕا بكه‌یت.
سه‌گه به‌ڕه‌ڵا و بێ خاوه‌نه‌كانی ئه‌و شاره، له سه‌گه تۆڕییه‌كانی لای خۆمان ناكه‌ن. ڕێ به كه‌س ناگرن، هێرش ناكه‌نه سه‌ر كه‌س. وه‌ك دواتر بیستم، شاره‌وانی ئیستانبوڵ له بری كوشتن‌یان (وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه كه زۆرجار گوێبیست ده‌بین، شاره‌وانییه‌كانمان سه‌گكوژیان هه‌یه!)، له‌وێ دوو ده‌رزی جیاواز له‌و سه‌گانه ده‌ده‌ن. یه‌كێكیان له‌به‌ر مه‌ترسی نه‌خۆشی، دووه‌میان بۆ كوشتنی ده‌ماری هاری و دڕی تێیاندا. ئه‌وه بۆیه‌شه ئه‌وان به كامی دڵ له كۆڵان و شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كان ده‌سووڕێنه‌وه و خه‌ڵكیش ئه‌رخه‌یان و دڵنیا به ته‌كیاندا ڕه‌ت ده‌بن و هه‌ندێ جار یاریشیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ به‌ر له كه‌وتنی تاریكی ئینجا كوا له‌ناو ئه‌م هه‌موو چراخان و ڕۆشنایییه‌دا، مرۆڤ هه‌ست به تاریكی ده‌كات؟ (شه‌وی یه‌كه‌می شوقه، سه‌ره‌ڕای ته‌نیایی و بێزاری، وه‌لێ له خۆشیی كاره‌بای به‌رده‌وام و له ڕقی درۆی بیست و ئه‌وه‌نده ساڵه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی خۆمان، خه‌ریك بوو تا به‌یانی گڵۆپه‌كان نه‌كوژێنمه‌وه!) ملی ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌م گرته‌به‌ر. به پرده‌كه‌دا په‌ڕیمه‌وه به‌ری كه‌دی كۆیی، له‌وێوه به هه‌ورازه ڕكه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتم، ئاپۆرای شه‌قامه بێداره‌كه‌ی ئیستیقلال ده‌بڕم و ده‌گه‌مه گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و پشوویه‌ك ده‌ده‌م. له یه‌ك دوو شوێنی جیاوازی گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، خه‌ڵكێك گرووپ گرووپ به ده‌وری شتێك‌دا كۆبوونه‌ته‌وه و وێنه ده‌گرن، نازانم چییه، به‌ڵام به بیستنی ده‌نگی موزیك و گۆرانیی عه‌ره‌بی و فارسی و زمانی تر، تێده‌گه‌م له‌و ناوه به‌زمه. له هاتوچۆی ڕێبواران ورد ده‌بمه‌وه، له سووچی جیاوازدا ده‌بینم له پڕ گه‌نجێك، به ته‌مه‌نێك، لای یه‌ك دوو كچ ده‌وه‌ستن (كچه‌كان عه‌ره‌بن و دوو دوو، سێ سێ، به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه)، چرپه‌یه‌ك ده‌كه‌ن و ژماره‌ی مۆبایل ده‌گۆڕنه‌وه. قه‌یرێك و كچێك، یان دووانیان به شوێن ئه‌واندا ده‌ڕۆن، یان هه‌ر ناڕۆن و پێچێكی تر به ده‌وری گۆڕه‌پانه‌كه و ناو قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌دا ده‌كه‌ن و دیمه‌نه‌كان دووباره ده‌بنه‌وه. له پڕ یه‌ك دوو كه‌س ده‌بینم، به جلی نیوه‌ڕووت و مكیاجێكی ناشیرین، له ڕووخسار و قژ و جه‌سته و جلوبه‌رگیاندا له كچ ده‌كه‌ن، جگه‌ره به لا لێویانه‌وه‌یه و زۆر شه‌لاتییانه ئه‌م كوڕ ڕاده‌گرن و ته‌شقه‌ڵه به‌و پیاو ده‌كه‌ن، دواتر به ده‌نگی گڕ و نه‌شازیاندا ده‌زانم، ئه‌وانه نێره‌مووكن (دێمه‌وه سه‌ر باسی چرپه چرپی ئه‌و كچه عه‌ره‌ب و گه‌نجه ڕێبوارانه و نێره‌مووكه‌كانیش). چایه‌ك له گه‌نجه ده‌ستگێڕه چا و نسكافه فرۆشه‌كه ده‌كڕم، جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنم، دوای كه‌مێكی تر هه‌ڵده‌ستم و به‌ره‌و ماڵ ده‌بمه‌وه. تا ده‌گه‌مه به‌رده‌م شوقه‌كه‌م، ده‌یان له‌و سه‌گه تۆڕییانه له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامی سه‌ره‌كی و له‌ناو كۆڵانه‌كاندا ده‌بینم ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌كه‌ن، نه كه‌س لێیان ده‌سڵه‌مێته‌وه و نه ئه‌وانیش بازی كه‌س ده‌ده‌ن، ده‌رگه ده‌كه‌مه‌وه و ته‌نیایی و بێزاری له ژووره‌وه چاوه‌ڕێم ده‌كه‌ن!