(یاداشتی ڕۆژانی ئیستانبوڵ)
به‌شی شه‌شه‌م
نووری بێخاڵی
به دوای چوواندا مه‌چوو!
"كه ژیان هه‌مووی به‌شی خۆشه‌ویستی ناكات، سه‌یره مرۆڤ بیر له ڕقلێبوونه‌وه ده‌كاته‌وه”. بیرم نه‌ماوه كێ ئه‌مه‌ی گوتووه، به‌ڵام ئه‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی و سروشتی مرۆیی وێنا كردووه. كه‌واته پێویست ناكات مرۆڤ به‌هۆی برینێكی ناو یاده‌وه‌ریی خۆی، دڵی خۆی و خوێنه‌ر و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی توند بكات. چ جای ئه‌وكاته‌ی به مه‌به‌ستی به‌شداری پێكردنی خوێنه‌ر به خۆشی و ناخۆشییه‌كان، یاداشت و ورده بیره‌وه‌ریی ئه‌زموون و قۆناغێكی ژیانی ده‌گێڕێته‌وه، وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وه‌ك ئه‌ستۆپاكی نا، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆشنایی خستنه‌سه‌ر گۆشه‌یه‌كی په‌نهان، هه‌ر باشه بڕێ ورده سه‌رنج ون نه‌كات و به بنمیچی مێژوودا ههڵیانبواسێت.
ساڵ و شتێك پێش ئه‌و سه‌فه‌ره، ماوه‌ی دوو ساڵ بوو كارێك و مووچه‌یه‌كی گونجاوم هه‌بوو، زۆر له شوێن و ستافی كاره‌كه‌م ڕازی بووم، له خاوه‌ن كاره‌كه‌یش هه‌ر هیچ، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌روا. ته‌نانه‌ت به ماوه‌یه‌كی كورت، وای لێ هات له‌گه‌ڵ هاوكارانم وه‌ك ئه‌ندامانی خێزانێك ده‌ژیاین. دوای ئه‌وه، بێ ویست و ئاره‌زووی خۆم، دوای ته‌كلیفێكی زۆر، كارێكی ترم دهكۆڵ هێندرا. كاری نوێ وه‌ك شوێن بۆ من نوێ بوو، ده‌نا وه‌ك كار، تێیدا شاره‌زا و قاڵ و خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بووم. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌رچی مووچه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ی پێشتر، باشتر بوو، به‌ڵام دڵنیا بووم ڕۆژێك هه‌ر دێت وه‌ك ئه‌وه‌ی به نابه‌دڵی چوومه ئه‌وێ، به دڵشكانیشهوه ده‌ڕۆم. چونكه من سروشتی سركی خۆمم ده‌ناسی و ده‌مزانی له وێستگه‌یه‌كدا به‌ر سروشتی ده‌سته‌مۆكراو ده‌كه‌وم، ئیتر هه‌رواش كه‌وته‌وه!
به‌شبه‌حاڵی خۆم ددان به‌وه‌دا ده‌نێم، تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش، من باجی هه‌ڵه‌ی خۆشباوه‌ڕی و خه‌وشی نیازپاكیی خۆم ده‌ده‌م. به دیوه‌كه‌ی تریشدا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه ده‌مناسن و ئاشنای منن، ئه‌گه‌ر به ویژدانه‌وه له پێوه‌ست به پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و جۆری مامه‌ڵه‌كردنم له ته‌ك بهرانبهرهكانمدا، بڕیارم له‌سه‌ر بده‌ن. ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كه دڵڕه‌شی ناناسم، نازانم قین له ناوه‌وه‌مدا هه‌ڵگرم، نه‌متوانیوه و ناتوانم به خه‌یاڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بژیم. بۆیه له پێوه‌ست به‌م باسه‌دا، هه‌ر به‌وه‌نده كۆتای دێنم و ده‌ڵێم: ڕووی زه‌مانه نا، به‌ڵكو ڕووی بازی به‌ختی حزب ڕه‌ش بێت كه له‌و سه‌رده‌مه‌ی دووڕوویی و مهرایییهدا، زۆرجار به‌سه‌رشانی هه‌ندێ له (فشه تووڕه و یاخییه‌كانی دوێنێ و سوپه‌ر ده‌سته‌مۆ و ماڵیكراوهكانی ئه‌مڕۆ!)دا ده‌نیشێته‌وه و دانیشن به‌خێر.
*****
جوانی دلبه‌ر و شۆخی عه‌ییار!
بێزه‌نته، قوسته‌نتینه، ئیسلامبۆل، ئه‌ستانه، بابولعالی و ئیستانبوڵ. ناوی یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین شاری توركیا و هه‌شته‌م گه‌وره‌ترین شاری دنیایه له ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه، كه ڕه‌گه‌كانی شۆڕ بوونه‌ته‌وه قووڵایییه‌كی مێژوویی دوور و درێژ و پایته‌ختی هه‌ریه‌ك له ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی ڕۆمانی و بێزه‌نتی و لاتینی و عوسمانی بووه. ته‌نگه، یان ده‌ربه‌ندی بۆسفۆر (كه هه‌ر دوو ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه و ڕه‌ش، به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت)، شاره‌كه به‌سه‌ر هه‌ردوو كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئاسیا دابه‌ش ده‌كات. شارێك كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و كولتووری و ئابووری توركیا و ڕووگه‌ی گه‌شتیارانی دنیایه، شوێنه‌واره مێژوویییهكانی له ساڵی (1985)دا خراونه‌ته لیستی شوێنه‌واره جیهانییه‌كانی یۆنسكۆ و ساڵی (2010)یش، وه‌ك پایته‌ختی هاوبه‌شی ڕۆشنبیریی ئه‌وڕوپی ده‌ستنیشان كراوه.
من باسی ئیستانبوڵ ده‌كه‌م، به‌ڵام ئیستانبوڵی گه‌وره و پان و پۆڕ نا (1,830.93كم چوارگۆشه، ڕووبه‌ری گشتی سنووره‌كه‌ی - 6,220 كم چوارگۆشه، ڕووبه‌ری پارێزگاكه). ئه‌و شاره نا كه بۆ ناسین و ئاشنابوونی جوانی و نهێنییه‌كانی، پێویستت به ساڵان هه‌یه بۆ مانه‌وه و گیرسانه‌وه و گه‌ڕان و سووڕان تێیدا. واته ته‌نیا باسی ئیستانبوڵێكی بچووك، بازنه‌یه‌كی سنوورداری ناو بیره‌وه‌رییه‌كانم ده‌كه‌م. شارێك به سروشته ڕه‌نگین و دڵڕفێنه‌كه‌ی، به ده‌ریا و دارستانه‌كانی، به هونه‌ری بیناسازییه هه‌مه‌چه‌شنه كۆن و نوێیه‌كانی، به قوله و قه‌ڵا و شوێنه‌واره‌كانی، به سیما و ڕووخساره تێكه‌ڵ له كلاسیك و مۆدێرنه‌كه‌ی، به پێگه گه‌شتیارییه‌كه‌ی، سه‌رنجی دنیای بۆ خۆی ڕاكێشاوه.
به‌شبه‌حاڵی خۆم له كۆی ئه‌و وڵاتانه‌ی گه‌شتم بۆ كردوون، ئه‌و شاره زۆرتر سه‌رنجی بردووم. ته‌نانه‌ت له زۆر كه‌سی تری خاوه‌ن ئه‌زموون، گه‌ڕیده و دنیادیته، ئاشنای وڵاتان و گه‌شت و گهڕاندۆستم بیستووه كه ئیستانبوڵ یه‌كێكه له شاره باڵكێشه‌كانی دنیا، شارێكه به جووڵه و زیندووێتییهكهی، به ته‌ڕێتی و ڕووخساری ئاودامان له سه‌وزیی خۆی، له جوانێكی دلبه‌ر و شۆخێكی عه‌ییار ده‌كات!
*****
سه‌رزه‌وینی سه‌وز و ته‌ڕ
سروشت و ژینگه‌ی ئیستانبوڵ و توركیا به گشتی، سه‌وز له ڕه‌نگ و ته‌ڕ له ئاو ده‌چێته‌وه. دارستانی سروشتیی چڕ، پاركی ده‌ستكردی سه‌رڕێژ له دار و دره‌خت و گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، ده‌ریا و ده‌ریاچه و ڕووبار و جۆگه‌له و جوێباری سروشتی، ده‌ریاچه و تاڤگه‌ی ده‌ستكرد، كه‌شوهه‌وای شێداری به‌رده‌وام باراناوی، جوانی و چێژێكی تریان به ئیستانبوڵ داوه.
ژینگه‌ی سه‌وز و ئاودامان له ته‌ڕێتی، شوێنه‌واری مێژوویی و ئاینی، كه‌شوهه‌وا، هه‌موو ئه‌وانه شاره‌كه‌یان كردووه‌ته ڕووگه‌یه‌كی گرنگی گه‌شتیاری. به جۆرێك ساڵانه ملیۆنان گه‌شتیار له وڵاتانی دنیاوه ڕووی تێده‌كه‌ن، به‌مه‌ش گه‌شتیاری بووه‌ته یه‌كێك له گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی داهاتی نیشتمانی و كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگی ئابووری ئه‌و وڵاته. كاتێكیش ئه‌م دۆخه، به بارودۆخی گه‌شتیاریی باشووری كوردستان به‌راورد ده‌كه‌یت، كه ده‌وڵه‌مه‌نده به ناوچه‌ی گه‌شتیاریی سروشتی، مێژوویی و ئاینی، گریانت بۆ كورد دێت. به‌تایبه‌تی له بێنازیی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان.. نه‌بوونی هۆشیاری گه‌شتیاری.. ورده ورده وێرانبوونی شوێنه‌واره مێژوویی و ئاینییه‌كان، كه یه‌كێكن له سه‌رچاوه‌كانی داهاتی گه‌شتیاری. ئاست و كوالێتیی نزمی خزمه‌تگوزاریی گه‌شتیاریی له كوردستان، به‌راورد به ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خزمه‌تگوزاریی گه‌شتیاری، جگه له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی كوردی له ترسی كولتوور و ئاین و داونه‌ریت، ناوێرێ پێداویستییه مۆدێرن و ژیانییه‌كانی گه‌شتیاری فه‌راهه‌م بكات!
به‌هه‌رحاڵ، واز له‌وه بێنن كه به‌گوێره‌ی هه‌ندێ داتا و ئامار، توركیا له بواری به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵیدا، به‌تایبه‌تی له بواری به‌رهه‌می میوه و سه‌وزه (به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه)، جگه له‌وه‌ی پێداویستیی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی تێر ده‌كات. ڕێژه‌یه‌كی زۆریشی هه‌نارده‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌كات. هه‌ر پێوه‌ست به توانای به‌رهه‌مهێنان و هێزی ڕكابه‌ری كشتوكاڵیی ئه‌و وڵاته، ده‌گوترێت شه‌ڕی ئایندهی نێوان ئێران و توركیا له ناوچه‌كه‌دا، له‌سه‌ر كێبه‌ركێی به‌رهه‌می فستق ده‌بێت. ئه‌مه له كاتێكدایه له كوردستانه حه‌یاته‌كه‌ی خۆمان كه یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی له باری هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی و ئاوهه‌وا و زه‌ویی به پیت بۆ كشتۆكاڵ، یه‌كێكه له باشترین سهرزهوینهكانی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی. كه‌چی به درێژایی زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كی حوكمڕانیی كوردی، ئه‌و زه‌وییه به پیته كشتوكاڵییه كرایه زه‌وییه‌كی قاقڕ، تا ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆش، هه‌موو كورد بۆ ده‌سكه (كه‌ره‌وز)ێك و كیلۆیه‌ك (ته‌ماته)، چاو له ده‌ستی ئێران و توركیا بێت.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو له سای ئه‌و سیاسه‌ته سه‌قه‌ته ئابوورییه‌ی ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان له بواری كشتوكاڵ، كه ده‌كرا باشترین سوود له هێزی مرۆیی و گونجاوی ئاوهه‌وا و زه‌وی وه‌ربگرێت، له‌وه‌ی ببێت به كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رهه‌مهێن و خۆبژێو. كه‌چی له‌پێناو فراوانكردنی ئۆتۆریته‌ی حزبی و قه‌ره‌باڵغكردنی باره‌گاكاندا، له میانی سیاسه‌ته‌كانی دامه‌زراندنی هه‌ڕه‌مه‌كی و چه‌كداركردن، ئه‌زموونی كوردی هه‌رچی هێزی به‌رهه‌مهێنانه له مرۆڤی كوردی كوشت و كردییه مرۆڤێكی به‌رخۆری ته‌نبه‌ڵ، بێ به‌رهه‌م و به‌كاربه‌ر. له‌وه‌ش وێرانتر، گیانی كار و به‌رهه‌مهێنانی له خه‌ڵكی گوند و ئاوایییهكاندا كوشت. ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵداری كه یه‌كێك بوو له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی بژێوی و به‌رهه‌مهێنانی ئابووری، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته كورتبینهوه، گه‌یه‌نرایه پله‌ی سفر، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ژێر سفریش.
به جۆرێك جگه له فه‌رامۆشكردن و په‌راوێزكردنی بواری كشتوكاڵ، دوای ڕاپه‌ڕین له‌و كاته‌ی كه كوردستان به ملیۆنان سه‌ر ئاژه‌ڵی شیرده‌ر و باره‌به‌ر و په‌له‌وه‌ری هه‌بوو، گوند و ئاوایییهكان پڕ بوون له مێگه‌ل و ماڵباتی ئاژه‌ڵدار، كه پێشتر نه‌ك هه‌ر پێداویستیی گونده‌كانیان تێر ده‌كرد، به‌ڵكو بازاڕه‌كانی كوردستانیان پڕ كردبوو له به‌رهه‌می سپیایی و گۆشت و هێلكه. كه‌چی هه‌نووكه ده‌بێ چاوه‌ڕێی ماستی یۆنانی و گۆشتی جۆرجی و چی و چیتری وڵاتان بین.
به كورتی، به درێژایی زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك، حكوومه‌ت به هه‌موو كابینه‌كانی، به هه‌موو ڕه‌نگ و هێز و ئهتوارهكانییهوه، ته‌نانه‌ت به‌و ئۆپۆزسیۆنه دووڕوو و درۆزنهیش كه له خۆپیشاندانه‌كاندا بازرگانییه‌كی پووچیان به خوێنی منداڵی خه‌ڵكی ڕه‌ش و ڕووت كرد و به‌سه‌ر پشتی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت و تووڕه‌دا په‌ڕینه‌وه ده‌سه‌ڵات و كه‌وتنه ناو زه‌لكاوی پله و پۆست و ئیمتیازات، هه‌رچی وزه‌ی به‌رهه‌مهێنانه له مرۆڤی كورددا كوشتیان، هه‌رچی ئومێده تیایاندا وشك كرد، هه‌رچی خه‌ونی هه‌بوو لێیان كرد به بڵقی سه‌رئاو!
*****
كۆڵانه‌كانی ده‌تكوژن!
ئیستانبوڵ جوانێكی جادووگه‌ر، شۆخێكی ته‌نافباز، ڕووخسارێكی فریوده‌ر، ڕۆحێكی لاسار، پاسارییه‌كی چه‌توون و جوانووێكی چه‌مووشه. له‌گه‌ڵ جوانیی سروشت و ژینگهكهیشیدا، شاره‌كه جوانییه‌كی تری سه‌رنجڕاكێش، به‌ڵام په‌نهانی هه‌یه، ئه‌ویش كۆڵانهكانیهتی، كۆڵانی ته‌نگ و پێچاوپێچ، پڕ چیرۆك. سه‌ر به‌هه‌ر یه‌كێكیاندا بكه‌یت، بۆنی جۆرێك له خه‌مگینی ده‌كه‌یت، چه‌نده قه‌ره‌باڵغیش و پڕ جووڵه دێنه پێش چاو، وه‌لێ له‌ودیویاندا خه‌مێكی سه‌یر خۆی حه‌شار داوه، ڕه‌نگه له شه‌واندا باشتر ڕووخساری ئه‌م خهمگینییهت بۆ ده‌ربكه‌وێ.
كۆڵانگهلێكن، سه‌ربه هه‌ر كامیاندا ده‌كه‌یت، ده‌ستت به‌ر برینی مرۆڤ ده‌كه‌وێ. ڕاستییه‌كه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و كۆڵانانه ده‌مامكن، هه‌ریه‌كه‌یان عه‌وره‌تی گوناهێك ده‌شارنه‌وه و ڕووخساری تاوانێك داده‌پۆشن. به‌وه نییه ڕۆژانه پڕ جووڵه و شه‌وانه سه‌رڕێژن له ئاواز، به‌وه نییه ڕۆژانه ڕه‌نگاڵه‌یی و شه‌وانیش چراخان. سه‌رنجدانێكی ورد به‌سه، مڕومۆچیان نیگا بكه‌یت. گوێههڵخستنێكی به ئاگا به‌سه، ناڵه و نركه‌یان بژنهویت.
له سووچه تاریكه‌كانی ئه‌و كۆڵانانه‌دا، به‌سه‌ر ته‌رمی ده‌یان په‌شیمانیدا ده‌كه‌ویت، پێیه‌كانت له چاڵی سه‌دان فریودا ده‌چه‌قن، توێڵت به‌ر دیواری دنیاییه‌ك بێ متمانه‌یی ده‌كه‌وێ. فریو ده‌بینی له‌ناو لهفهیهكدا گرمۆڵه بووه، فێڵ له‌گه‌ڵ دووكه‌ڵدا ده‌فڕێ، هه‌ژاریی له هه‌موو سووچێكیاندا سواڵ ده‌كات، درۆ له‌وسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر جلیتبازییهتی. تیله‌ی چاوێك، ئێوه بڵێن سكێچی بزه‌یه‌ك. نا، سه‌رنجی سه‌رسامییه‌ك به‌سه، له خوێنی گوناهدا بگهوزیت.
ئه‌و كۆڵانانه سه‌رڕێژن له برین، برینی ئه‌و سواڵكه‌رانه‌ی له سووڕانه‌وه ماندوو نابن. برینی ئه‌و ده‌ستگێڕانه‌ی، سواڵی به ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن. برینی ئه‌و عارهبانچییانهی، پارچه‌یه‌ك دڵی برژاویان له‌گه‌ڵ گه‌نمه‌شامیدا ده‌فرۆشن. برینی ئه‌و موزیكژه‌نانه‌ی، به ده‌نگی نه‌شاز سواڵی ژیان ده‌كه‌ن.
ئه‌و كۆڵانانه ڕۆژ به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی برینی شهوهكانیاندا ده‌كه‌نه‌وه، برینی ئه‌و سه‌رخۆشانه‌ی له تاوی بێهووده‌یی، سنگیان خه‌ریكه شه‌ق ده‌بێ. برینی ئه‌و سۆزانییانه‌ی له پێكه‌نینی جادووبازییاندا، له نمایشی ساخته‌ی نازیاندا، چیڕۆكی ده‌یان دڵشكان ده‌خوێنیته‌وه. برینی ئه‌و ژوانانه‌ی كات دهیانكوژێ و دووكه‌ڵ ده‌یانخواته‌وه. برینی ئه‌و سه‌دان باوه‌ش و ڕامووسانانهی، ڕه‌نگه له یه‌كێكیاندا، ئێوه بڵێن له دووانیاندا، هه‌ناسه‌ی عیشقێك به‌ر ڕووخسارت بكه‌وێ.
كۆڵانی ته‌نگ، وه‌ك دڵی ڕێبواره‌كان. پێچاوپێچ، وه‌ك گێژه‌نی خه‌ون، درێژ وه‌ك ڕووباری خوێنی خه‌مه‌كانیان. سه‌یره، ئه‌م كۆڵانانه له‌ژێر باری ئه‌و هه‌موو چیڕۆكانه‌دا، پشتیان نه‌چه‌ماوه‌ته‌وه، به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو قیژه خنكاوه ده‌گرن، ده‌ره‌قه‌تی بیستنی ئه‌و هه‌موو ئازاره دێن و بڕستیان له بینینی ئه‌و هه‌موو كێم و زهخمهدا ناچێ! كۆڵانی سه‌یرن، سه‌یر!