به‌شی چوارده
نووری بێخاڵی
ورووژانی ده‌ریا و حه‌په‌سانی باخچه!
ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌بوو بۆ ئێواره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ (ئیلهانی)ی هاوكارم بچینه میوانداریی خوانی به‌ربانگه‌كه، نه‌رمه‌بارانێكی خۆشی لێ ده‌هات، پێش بانگی شێوان له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م له ئۆفیس ده‌رچووین. لای دۆڵمشه‌كانی گۆڕه‌پانی ته‌قسیم، ئه‌وانه‌ی له پشت پاركی گازییه‌وه ده‌وه‌ستن و ده‌چنه لای بێشكتاش، به ده‌سته ڕاستدا به‌و شه‌قامه‌ی ده‌چێته لای هۆتێل (ئێنته‌ركۆنتینتال) شۆڕمان كرده‌وه. چه‌ند هه‌نگاوێك و به ده‌سته ڕاستدا دووباره خۆمان به كۆڵانێكدا كرده‌وه و له وێستگه‌یه‌كی وه‌ستانی پاسدا، سواری پاس بووین و له نزیك ئه‌و شوێنه‌ی خوانی به‌ربانگه‌كه‌ی لێ ئاماده ده‌كرا دابه‌زین.
ئه‌و ده‌مه بارانه‌كه خه‌ریك بوو به‌خوڕتر دایده‌كرد، هه‌رچۆنێك بێت به ڕاكه ڕاكه خۆمان گه‌یانده شوێنی میواندارییه‌كه و له ده‌روازه‌كه‌ی چووینه ژوور و خۆمان گه‌یانده بن په‌سارێك. له بن په‌سێوه‌كه‌ی لای ئه‌و ڕاڕه‌وه وه‌ستاوین كه ده‌مانباته ناو كۆشكه‌كه، سه‌رنجی ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆشكه‌كه ده‌ده‌م، هه‌ر ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رزه، تاك تاك و ناوه ناوه دێن و ده‌وه‌ستن و گه‌نجه ڕاسپێراوه‌كانی ئه‌و ناوه كه هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ترێكیان پێیه، به ئه‌ته‌كێته‌وه ده‌رگه‌ی ئۆتۆمبێلی میوانه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، ئیتر هه‌ر پیاوی پۆشته‌یه، به جلی یونیفۆڕمه‌وه، هه‌ر پیاوی ئاینییه به جوبه و مێزه‌ره‌وه، هه‌ر ژنی باڵابه‌رزی سنگ ده‌رپه‌ڕیوی سمت له دواوه جێماوه، به جلی ته‌سك و نیوه‌ڕووت داده‌به‌زن. له‌و ناوه‌دا پاسه‌وان (بۆدی گارد)ی جل ڕه‌شی چاویلكه له چاو و هێدفۆن به گوێ، بڵاوه‌یان كردووه. كه ئه‌و دیمه‌نانه و خۆمان ده‌بینم، سه‌یری تی‌شێرت و كابۆ و كاله‌كه‌ی خۆم ده‌كه‌م (به‌تایبه‌تی كه بۆ خۆم كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ته‌كێت و مۆد و ماركه هه‌یه و زووتریش، هه‌ر له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ئێره، لاپه‌ڕه‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی "وشه"ی ئازیز، قسه‌م له‌باره‌یانه‌وه كردووه) پێكه‌نین ده‌مگرێ و له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم "هه‌ی لادێی چی تۆی هێناوه‌ته ناو ئه‌و دنیایه‌ی كه به خه‌ونیش نه‌تبینیوه و به ڕێچكه‌یه‌كیش ناچیته‌وه سه‌ری؟”.
قه‌یرێك و بارانه‌كه به ته‌واوی ده‌وه‌ستێت، له‌گه‌ڵ ئیلهانی ده‌چینه ناو كۆشكه‌كه، له‌ناو هۆڵی پێشوازیدا، كۆمه‌ڵێك كچ و كوڕی گه‌نج، به ڕیز لای چه‌پ و ڕاستی هۆڵه‌كه ڕاوه‌ستاون، به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كه‌ن و دووپات له پسووله‌ی داوه‌تنامه فه‌رمییه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه. داوه‌تنامه‌كه‌مانیان نیشان ده‌ده‌ین و بۆ لای مێزی پرسگه‌كه ڕێنوێنیمان ده‌كه‌ن. لای مێزه‌كه و له‌سه‌ر سێ كورسی، سێ كچی جوانی سه‌رنجڕاكێش به ته‌نیشت یه‌كه‌وه به دیار لابتۆپه‌كانیانه‌وه دانیشتوون، به ڕووێكی خۆشه‌وه داوه‌تنامه‌كه و ناسنامه ڕۆژنامه‌نووسییه‌كه‌مان لێ وه‌رده‌گرن و به لیستی ناو كۆمپیوته‌ره‌كه به‌راوردیان ده‌كه‌ن. كاتێ له‌وه دڵنیا ده‌بنه‌وه ئێمه‌ش میوانین، به بزه‌یه‌كی پڕ له ناز و عیشوه، له‌و نازه‌ی وه‌ك تیر ده‌چێ به دڵی پیاودا و ده‌یكاته زووخاو، وه‌ك ئه‌و عیشوه‌یه‌ی مرۆڤ مه‌ست و حه‌یران ده‌كات و ده‌یخاته ناو گێژاوی خه‌یاڵات، كارتێكمان ده‌ده‌نێ و بۆ ناو باخچه‌كه ڕێنوێنیمان ده‌كه‌ن.
به قادرمه‌ی ناو هۆڵی پێشوازییه‌كه‌دا سه‌رده‌كه‌وین، له‌گه‌ڵ میوانه‌كانی تر به دوای یه‌ك ده‌گه‌ینه ده‌رگه‌یه‌ك، یان ڕاستتر ناوبڕێك، كه هه‌مووی جامه و له هه‌ردوو دیوه‌كه‌یدا كچێك و كوڕێك وه‌ستاون. ده‌رگه شووشه‌یییه‌كه به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی به‌ڕووماندا ده‌كرێته‌وه، به‌م دیودا و به قادرمه‌یه‌كدا ده‌چینه ناو باخچه‌یه‌كی گه‌وره و ڕه‌نگین و سه‌رنجڕاكێشی كۆشك، كه به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕوانێت.
میوانه بانگهێشتكراوه‌كان، هه‌رچه‌ند كه‌س به‌یه‌كه‌وه وه‌ستاون و دمودوویانه. هه‌ندێكیان به چپه ده‌دوێن، هه‌ندێكی تریان وه‌ك ئه‌وه‌ی نوكته بۆ یه‌كتری بگێڕنه‌وه، قاقا پێده‌كه‌نن، هه‌ندێكی تریش خه‌ریكی وێنه‌گرتن و شتی ترن. من و جه‌سیمیش پاڵمان به دیواره‌كه داوه و له‌و دیمه‌نانه ورد ده‌بینه‌وه و له‌پڕ به قادرمه‌كاندا شۆخێكی عه‌یار كه جانتایه‌كی ماركه‌ی (Gucci) به ده‌سته‌وه‌یه و پێڵاوێكی پاژنه به‌رزی هه‌مان ماركه‌ی له پێیه، عه‌زیه‌یه‌كی ته‌سك و ته‌نكی درێژ، كه لای ڕاستی، له گۆزینگه‌وه تا نزیك شلكه‌ی ڕانی درزه (وه‌ك ئه‌وه‌ی پشتی ماسییه‌ك به‌سه‌ر ده‌ریاوه بێت و پووله‌كه‌كانی له‌به‌ر تیشكی ڕۆژدا بریسكه بده‌ن، ئاوا ئه‌و قاچ و قول و ڕانه سفت و سۆیه‌ی، له درزی عه‌زییه‌كه‌دا و له‌به‌ر تیشكی چراكاندا ده‌بریسكێته‌وه) به له‌نجه‌ولار پلیكانه‌كان ده‌بڕێ و دێته خواره‌وه، میوانه‌كان، به مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كانیشه‌وه، به بینینی ئه‌م دیمه‌نه ده‌حه‌په‌سێن و ده‌ورووژێن. زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم، گیا و گوڵ و گه‌ڵای باخچه‌كه، ته‌نانه‌ت ده‌ریاش ئه‌و ده‌مانه ده‌ورووژێت و به هوروژمی شه‌پۆله‌كانی، خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه.
ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له‌پڕ هاتنی ئه‌و شۆخانه دووباره ده‌بنه‌وه، ئیتر هه‌یانه به ته‌نیا دێ، هه‌یانه دوو كچی تری له‌گه‌ڵدایه، هه‌شیانه له‌گه‌ڵ پیاوێك به‌یه‌كه‌وه دێن. جار جاره پیاوه شیك و بزنسمانه‌كانیش دێن، به‌ڵام كه‌س خه‌یاڵی به لای ئه‌وانه‌وه نییه. خه‌ریكه ژماره‌ی میوانه‌كان ته‌واو ده‌بێت، سه‌رپه‌رشتیارانی خوانه‌كه داوامان لێده‌كه‌ن بچینه ژووره‌وه، ئه‌م هه‌موو هه‌را و هه‌ڵچوونه، هێشتاش (ئۆكتار) دیار نییه!
كۆشكی چراخان!
یه‌كێك له‌و كۆشكه ناودارانه‌ی توركیایه كه له نزیكه‌وه بینیومه و به میوانداریی فه‌رمی چوومه‌ته ناوییه‌وه و تیایدا، چا و قاوه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وه‌زیرانی پێشووی توركیا (ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو) و جێگره‌كه‌ی و چه‌ند وه‌زیرێكی حكوومه‌ته‌كه‌ی خواردووه‌ته‌وه، كۆشكی (چانكایا)یه له ئه‌نكارای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته. كۆشكێكه كه ڕه‌نگه وه‌ك ئه‌وه‌ی له چیرۆكی ته‌مسیلی كوردی (هه‌بوو نه‌بوو)دا بیستمان، ئێمه (چارێگی چارێگی) كۆشكه‌كه‌یشمان نه‌بینیبێت، وه‌لێ كۆشكێكه سه‌رنجڕاكێش. دووه‌م كۆشكێكی تری توركیا كه له باری هونه‌ری بیناسازی و دیزاین و جوانییه‌كه‌ی له یاده‌وه‌ریمدا زیندوو ده‌مێنێته‌وه، كۆشكی چراخانه، ئه‌و كۆشكه‌ی تێیدا میوانی خوانی به‌ربانگه‌كه بووین.
كۆشكی چراخان، ئه‌وه‌ی به توركی پێی ده‌ڵێن (Çırağan Sarayı) و كۆشكێكی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كانه، هه‌نووكه هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره‌یی یه‌كێك له زنجیره هۆتێله‌كانی كیمبنسكییه و ده‌كه‌وێته نێوان بێشكتاش و ئۆرتاكۆی و به‌سه‌ر ته‌نگه‌ی بوسفۆردا ده‌ڕوانێت. مێژووی دروستكردنی ئه‌و كۆشكه بۆ سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولعه‌زیز ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌ندازیاری بیناسازی (سه‌ركیس بالیان) نه‌خشه‌كه‌ی كێشاوه. كرێی مانه‌وه له شوێنه سوڵتانییه‌كه‌ی ناو هۆتێله‌كه‌دا بۆ ته‌نیا یه‌ك شه‌و (15,332) دۆلاری ئه‌مه‌ریكاییه و به‌گوێره‌ی ڕاپرسییه جیهانییه‌كانی گرانترین شوێنی مانه‌وه‌ی هۆتێله‌كان، له ڕیزبه‌ندیی (15)دا دێت.
له‌و كۆشكه‌دا كه هه‌ر خوا ده‌زانێ بۆ ئه‌م خوانی به‌ربانگه چ پاره‌یه‌ك ته‌رخان كراوه، میوانی (ئۆكتار)ی بانگخوازی ئیسلامین، ئه‌و بانگخوازه‌ی ڕۆژگارێك، له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، بانگه‌شه‌ی پێویستیی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشێكی ئاینی له توركیا ده‌كرد و به‌و تۆمه‌ته دراوه‌ته دادگا. پاش ئه‌وه‌ش چه‌ندان جار به تاوانی خواردنی كۆكایین و به‌كارهێنانی كچه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ی بۆ ڕاكێشانی كوڕی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌نجامدانی سێكس له‌گه‌ڵیان و وێنه‌گرتنی كرده سیكسییه‌كان به ڤیدیۆ، وه‌ك كارتی فشار و هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌وه‌ی كچ و كوڕه‌كان نه‌وێرن ڕیكخراوه‌كه جێ بهێڵن، تا ئه‌و ئاسته‌ی داوا له یه‌كێك له كچه‌كان كراوه له یه‌ك كاتدا سێكس له‌گه‌ڵ (10) له‌و كوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌دا بكات.
دواجار له هه‌موو دادگایییه‌كان قورتاری بووه و وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچووه و ئێسته‌یش وه‌ك هاڕوون ئه‌لڕه‌شیدی خه‌لیفه، هه‌ر كچی شۆخ و شه‌نگ و جوان و نه‌شمیل و باڵابه‌رزی ناوقه‌دباریكی سمت و سنگ و كه‌فه‌ڵ پڕه، به جلی نیوه‌ڕووت، وه‌ك كه‌نیزه‌ك و جاریه، به ده‌وری مێزه پڕ له شه‌راب و مه‌ی و مه‌زه‌كه‌یدا، به سه‌ما و لاروله‌نجه‌وه دێن و ده‌چن. دیمه‌نگه‌لێك ڕێك خه‌یاڵت ده‌به‌نه‌وه سه‌ر دێڕه شیعرێكی به‌ناوبانگی (هێمنی موكریانی)، كه ده‌ڵێ:
به‌هار و گوڵ، كچ و مانگه‌شه‌و، شیعری ته‌ڕ و باده
له‌وه زیاتر جه‌نابی شێخ، گه‌ره‌كته عاله‌مێكی تر؟
پشیله‌كانی ئۆكتار!
له‌گه‌ڵ میوانه‌كاندا ده‌چینه ژووره‌وه، به دوو قادرمه‌ی كاره‌بایی ده‌گه‌ینه نهۆمی سێیه‌م، ڕاڕه‌و به ڕاڕه‌و كچ و كوڕ له پێشوازیماندان، له ده‌رگه‌یه‌كی گه‌وره ده‌چینه ناو هۆڵێكی پان و پۆڕ. هۆڵێك له تیشكی گڵۆپه‌كانی و چه‌رچه‌فی سه‌ر مێز و كورسییه‌كانی، سپی و شیری ده‌چێته‌وه. هۆڵێكی پڕ له مێزی ڕازاوه به گوڵ و مۆمی ڕه‌نگاوڕه‌نگی داگیرساو. هۆڵێك كه تاق و دیواره‌كانی، ته‌نانه‌ت بنمیچه‌كه‌یشی هه‌مووی كاری هونه‌ری و هه‌ڵكۆڵین و زه‌خره‌فه‌یه. به‌گوێره‌ی دابه‌شكردنه‌كه، مێزێك من و هاوڕێكه‌م و دوو كچی تری ڕۆژنامه‌نووسی تورك، كه دواتر یه‌كتر ده‌ناسین و ناوه‌كانیان (په‌لین و ئارزو)ه كۆ ده‌كاته‌وه. له‌وسه‌ری هۆڵه‌كه مێزێكی درێژ و نزیك له سته‌یجه‌كه ڕازاوه‌ته‌وه. چه‌ند كورسییه‌ك به شێوه‌ی نیوه‌بازنه‌یی له‌سه‌ر سته‌یجه‌كه دانراون و هه‌ریه‌كه‌یان و ئامێرێكی موزیكی له به‌رده‌م دانراوه و ستاندێك كه كاغه‌زی نۆته‌كانی له‌سه‌ره، له ناوه‌ڕاستی نیوه‌بازنه‌كه، داتاشۆیه‌ك به دیواری پشتی سته‌یجه‌كه‌وه هه‌ڵواسراوه و له سوچێكیشیدا سه‌كۆیه‌ك، دوو مایكی له‌سه‌ر دانراوه. له بۆشایی لای چه‌پ و ڕاستی سته‌یجه‌كه و له یه‌ك دوو گۆشه‌ی به‌رانبه‌ریشیدا، چه‌ند كامێرایه‌كی ته‌له‌ڤزیۆن جێگیر كراون و لۆگۆی (A9)یان پێوه‌یه.
ورده ورده میوانه‌كان شوێنی خۆیان ده‌گرن و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب كه‌م ده‌بێته‌وه. زۆرنابا ئۆكتار به قژێكی به‌ستراو و ڕیشێكی داسوولكه‌یی (نیوه مانگی)، كه قات و پانتۆڵێكی ڕه‌نگ شیری پۆشیوه و شه‌ش تا حه‌وت (پشیله!)ی شۆخ و شه‌نگی چاو ڕه‌نگاوڕه‌نگی به ده‌وره‌وه‌یه و چه‌ند كامێرامانێكی ته‌له‌ڤزیۆن و دوو فۆتۆگرافه‌ری له‌گه‌ڵدایه، چرك چرك، وێنه‌ی ده‌گرن. چوست و چالاك، به خه‌نده‌یه‌كه‌وه له ده‌رگه‌ی هۆڵه‌كه دێته ژووره‌وه. ده‌ستی سڵاو به‌رز ده‌كاته‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ڕاهێنرابن، به یه‌ك ڕیتم میوانه‌كان له شوێنی خۆیان هه‌ڵده‌ستن. كه‌مێك و میوانه‌كان له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان داده‌نیشنه‌وه و ئه‌و به خۆی و پشیله‌كانی، مێز مێز ده‌گه‌ڕێت و به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی ده‌كات و ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات. دواتر له‌گه‌ڵ پشیله‌كانی ده‌چێته سه‌ر مێزه درێژه‌كه‌ی نزیك سته‌یجه‌كه و داده‌نیشن!
ئۆكتار كه به قسه‌ی خۆی نموونه‌یه‌كی نوێ له ئیسلام، نیشانی دنیا و ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌دات، پێی وایه هیچ ناكۆكییه‌ك له نێوان ئیسلام وه‌ك ئاین له‌گه‌ڵ سه‌ما و مه‌ستی و سێكسدا نییه. كاتێكیش سه‌رۆكی كاروباری ئاینیی توركیا (دكتۆر عه‌لی ئارباش) به كه‌سێكی نه‌خۆش له باری ده‌روونی و عه‌قڵی وه‌سفی ده‌كات، ئۆكتار وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێ: "بیرت نه‌چێ، مووچه‌ی مانگانه‌ی كاروباری ئاینیی له توركیا، له باجی ماڵه‌كانی له‌شفرۆشیی توركیا دابین ده‌كرێ”.
بۆ په‌ره‌پێدانی ڕوانگه و بۆچوونه ئاینییه‌كانی، ئۆكتار ساڵی ٢٠١١ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ئاسمانی به ناوی (A9) دامه‌زراند و له ڕێیه‌وه وانه و به‌رنامه ئاینییه‌كانی خۆی ڕاسته‌وخۆ په‌خش ده‌كات و هه‌رزوو سه‌رنجی میدیای توركی و جیهانی به لای خۆیدا ڕاده‌كێشێ. به‌تایبه‌تی له‌و به‌رنامانه‌یدا كه مێزێكی ڕازاوه‌ی پڕ له بوتڵی مه‌ی و مه‌زه‌ی له به‌رده‌مدایه و هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه و ژماره‌یه‌ك كچی شۆخ و شه‌نگ و نیمچه‌ڕووتی له به‌رانبه‌ردان و له‌باره‌ی بابه‌تی ئاینی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و زوو زووش، یه‌ك یه‌ك هه‌ڵده‌ستن و له به‌رده‌میدا و بڕێ جاریش له باوه‌شیدا، سه‌مای ورووژێنه‌ر ده‌كه‌ن.
(پشیله‌كان، یان پشیله بچووكه‌كانی ئۆكتار) كه ناویان له‌گه‌ڵ ئه‌و بانگخوازه‌دا دێ، مه‌به‌ست ئه‌و كچانه‌ن، كچی به ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و جوانیی جیاواز، كه له به‌رنامه‌كانیدا له‌گه‌ڵی ده‌رده‌كه‌ون و بابای بانگخوازیش، به ده‌م سه‌ماوه هه‌ر جاره و بۆن به سنگ و به‌رۆك و لا ملی یه‌كێكیانه‌وه ده‌كات.
ئالووده‌بوون به ژن!
له ڕوانگه‌ی ئۆكتار، ژن جوانترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وی و جوانترین كاری هونه‌ری و داهێنه‌رانه‌ی ئافه‌ریده‌یی خودان، پێویسته هۆگریان بین و بكه‌وینه داوی خۆشه‌ویستییانه‌وه. به جۆرێك شێتگیری مێینه‌یه، تا ئه‌وه‌ی هیچ ناجۆری و دژایه‌تیه‌ك له نێوان بنه‌ماكانی ئیسلام و ئه‌وه‌ی كچان و ژنان به جلی ورووژێنه‌ری په‌كینی (جلی ژێره‌وه) ده‌ربكه‌ون نابینێ و ده‌ڵێ: "باڵاپۆشی و حیشمه‌ت له ئیسلامدا ته‌نیا ده‌رنه‌خستنی هه‌ردوو گۆی مه‌مك و ناوچه‌ی ڕه‌حم، ده‌گرێته‌وه".
هه‌ندێ به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌نووسی باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی ئۆكتار بۆ ژن، هێنده‌ی سه‌رچاوه له هه‌وه‌س و شه‌هوه‌تبازییه‌وه ده‌گرێت و گوزارشته له چڵێسیی ئه‌و پیاوه، دوور و نزیك پێوه‌ندی به سه‌رسامیی ئه‌وه‌وه نییه بۆ جوانترین داهێنان و ئافه‌ریده‌یی خوا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌و ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌نووسییانه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئۆكتار نه‌ك هه‌ر نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌یه، به‌ڵكو چێژیش له‌و لادانه كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌فتاره ناجۆره سێكسییانه‌ی وه‌رده‌گرێت. له‌مه‌شدا نموونه به بۆچوونی چه‌ند كچێكی شایه‌تحاڵ ده‌هێننه‌وه، كه پێشتر كه‌وتوونه‌ته داوی و دواتر به په‌ڕجوو له‌و بازنه ترسناكه‌ی ئۆكتار ده‌ربازیان بووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له هه‌نگاوی یه‌كه‌می كاره‌كه‌یدا، ئۆكتار توانیویه‌تی زیاتر له 300 كه‌س له هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كانی له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه، ئیتر ڕۆژ دوای ڕۆژ ئه‌و ژماره‌یه زیادی كردووه و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی لێیه‌وه نزیكن، له چینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانن. راستییه‌كه‌ی جۆری ده‌ركه‌وتن و ئه‌و هه‌موو ده‌ست و پێوه‌ند و كوڕ و كچه‌ی به ده‌ورییه‌وه‌ن، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌یه‌وێ وه‌ك سه‌ركرده‌ی تایه‌فه‌یه‌كی ئاینی، یان هه‌ر گرووپێكی تری ناو ده‌نێن، ده‌ربكه‌وێت. ده‌گوترێ ده‌رچوون بۆ هه‌ر كه‌سێك له بازنه‌ی ئۆكتار كارێكی هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵكو پڕه له ڕیسك و مه‌ترسی.
نهێنیی ئه‌وه‌یش كه ده‌رچوون له‌و بازنه‌یه‌ی ئاسان نییه و مه‌ترسیداره ئه‌وه‌یه، كه له‌گه‌ڵ هاتنه ناو بازنه‌كه‌دا، یه‌كه‌م هه‌نگاو كه ئۆكتار ده‌ینێت، شووشتنه‌وه‌ی مێشكی ئه‌و كه‌سانه‌یه و دواتر ناچار به كاری سێكسییان ده‌كات و به ڤیدیۆ ئه‌رشیڤیان ده‌كات، پاشان له باری ئابووری و دارایییه‌وه ده‌یانڕووتێنێته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه بۆ هه‌ر شتێك حاجه‌ت به ده‌ستی ئه‌و بن.
ڕاچڵه‌كینی دوای خه‌ون!
گارسۆنه‌كان وه‌ك شانه‌ی هه‌نگ، هه‌ر ده‌سته‌یه و كاپتنێكیان له‌گه‌ڵدایه و مێزه‌كانی ئه‌و ناوه له چاوترووكانێكدا پڕ ده‌كه‌ن له شیرینی و شه‌ربه‌ت و شه‌راب و میوه، زۆر نابات بانگ ده‌دات و میوانه‌كان (ڕۆژووه‌كه‌یان!) ده‌شكێنن. موزیكێكی نه‌رم ده‌ڕوا و به دڵۆپه ئاوی ئه‌ودیوی سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی هۆڵه‌كه‌وه ده‌زانم كه له ده‌ره‌وه نمه نمه باران ده‌بارێ. هه‌ڵده‌ستێت و هه‌ر شه‌ش حه‌وت پشیله جوانه‌كه‌ی، كه سه‌رنجی هۆڵه‌كه‌یان به ژن و پیاوه‌وه بردووه، به‌ده‌وره‌وه‌ن و ده‌چێته سه‌ر سته‌یج، له پشتی مایكه‌كانی سه‌ر سه‌كۆیه‌كه ڕاده‌وه‌ستێت و پشیله‌كان ده‌وریان داوه. زۆر به كورتی به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كات، سوپاسیان ده‌كات كه داوه‌ته‌كه‌یان قبووڵ كردووه، ئایه‌ته‌كانی "كتب علیكم الصیام" و "لان شكرتم، لازیدنكم" و چه‌ند ئایه‌تێكی تر ده‌خزێنێته ناو ڕسته‌كانی و خۆشحاڵی خۆی ده‌رده‌بڕێ كه ئه‌مساڵیش توانی به‌ربانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بكاته‌وه و هیوای به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش و به‌ڕێكردنی شه‌وێكی خۆشتر بۆ هه‌مووان ده‌خوازێ و به یاوه‌ریی پشیله‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی و هۆڵه‌كه چه‌پڵه ده‌یخواته‌وه.
ئا، بیرم كه‌وته‌وه، له‌سه‌ر داتاشۆی سه‌ر دیواری پشتی سته‌یجه‌كه دیمه‌نه‌كانی ناو هۆڵه‌كه ده‌بینم له شاشه‌ی (A9) ده‌گوازرێنه‌وه و له سووچی سه‌ره‌وه‌ی شاشه‌كه‌ش نووسراوه (Canlı). موزیكژه‌نه‌كان ده‌چنه سه‌ر سته‌یج و موزیكی نه‌رم ده‌ژه‌نن، گوێچكه‌مان لای ئاوازی موزیكه‌كه‌یه، ورده ورده مێزه‌كه پڕ ده‌بێت له خواردنی جۆراوجۆر. خوا نه‌كا په‌رداخی ئاوه‌كه‌ت، یان ئه‌وه‌ی شه‌ربه‌ت، یاخۆ هی شه‌راب به‌تاڵ بێت، گارسۆنێك به‌سه‌ر سه‌رته‌وه‌یه و پڕی ده‌كاته‌وه. موزیك ده‌ڕوا و خواردن ته‌واو ده‌بێت و مێزه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچیان له‌سه‌ر نه‌بووبێت، ئه‌مجاره به جۆره‌ها شیرنه‌مه‌نی پڕ ده‌بنه‌وه.
سه‌رنج ده‌ده‌م ئه‌وه‌ی جگه‌ره‌كێشه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، من و په‌لین و ئارزوو به شوێن خه‌ڵكه‌كه ده‌چینه ده‌ره‌وه، له بالكۆنه‌كه به دیار ده‌ریای خامۆش، كه ڕه‌نگی سووری چرای سه‌ر پرده‌كه‌ی بۆسفۆر ڕۆچووه‌ته قووڵایییه‌كانی، جگه‌ره‌كانمان داده‌گیرسێنین و به توركییه‌كی شه‌ق و شڕی تێكه‌ڵ به ئینگلیزییه‌كی دووكه‌ڵاوی، له‌گه‌ڵ په‌لین سه‌ری گفتوگۆ داده‌نێین. له قسان‌دا ڕۆ چووین، جار جاره له‌گه‌ڵ شنه‌یه‌كی ده‌ریا كه به‌ڕوومانه‌وه دێت، تنۆكی بارانێك له ڕووخسارمان ده‌دا و هه‌نگاوێك ده‌چینه‌وه دواوه.
ژنێكی پۆشته‌ی سه‌رووی 65 ساڵ، خۆی ده‌كا به بالكۆنه‌كه‌دا، ده‌ستی ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی له دوو پلیكانه‌كه نه‌خلیسكێ، یان ڕاستتر ساتمه نه‌بات، سوپاسمان ده‌كات و ده‌چێته سووچه‌كه‌ی ئه‌وسه‌ری بالكۆن و جگه‌ره‌كه‌ی داده‌گیرسێنێ. جگه‌ره‌كه‌مان ته‌واو ده‌كه‌ین و ده‌چینه ژووره‌وه و گۆرانیی كۆنی توركی، ئه‌وانه‌ی ڕیتمه‌كانیان هی مه‌یخانه‌یه، ده‌ژنه‌وین. سه‌رنج ده‌ده‌م، تاك و ته‌را له‌م مێز و ئه‌و مێز، ژنێك، یان پیاوێك هه‌ڵساوه و له‌سه‌ر ڕیتمی گۆرانییه‌كه، نه‌رم نه‌رم ده‌له‌رێنه‌وه. زۆرینه‌ی میوانه‌كان و به‌تایبه‌تی ژن و كچه‌كان وه‌ك كاروانسه‌را، بۆ وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ ئۆكتار له نێوان مێزه‌كاندا یه‌كتری ده‌سمن.
سه‌یری ئه‌و هه‌واڵه ناوه‌خته، ته‌له‌فۆنێك بۆ جه‌سیمی هاوڕێم دێ، ڕه‌نگی ڕووخساری ده‌گۆڕێ و زمانی ته‌ته‌ڵه ده‌كات، به جۆرێك له په‌شۆكاوی به‌ره‌و ڕاوڕه‌وی ده‌ره‌وه، مێزه‌كه جێ دێڵێ، قه‌یرێك و به په‌شۆكاوی دێته‌وه. براكه‌ی بوو ته‌له‌فۆنی بۆ كردووه، كچه‌كه‌ی كه منداڵه، ئاوی گه‌رمی به‌سه‌ردا ڕژاوه و سووتاوه. دوو هاونشینه ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌مان نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕن و هیوای سه‌لامه‌تی بۆ برازاكه‌ی ده‌خوازن. خۆی كۆ ده‌كاته‌وه و منیش هه‌روا، زۆر تكا ده‌كا بمێنمه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه كاری مانه‌وه نییه، به‌تایبه‌تی كه جگه له هاوكاریمان له ڕۆژنامه، وه‌كتر له ڕۆژی گه‌یشتنم بۆ ئیستانبوڵ و یه‌كترناسینمان تا ئه‌و چركه‌یه، بۆ زۆر كاری پێویست، له هاوكاریكردنمدا درێغی نه‌كردووه. له‌گه‌ڵ په‌لین و ئارزوو ژماره‌ی مۆبایل و ئه‌دره‌سی كار ده‌گۆڕینه‌وه و خواحافیزیان لێ ده‌كه‌ین و ئه‌و ناوه جێ دێڵێن.
به‌ژێر نمه‌ی باراندا خۆمان ده‌گه‌یه‌نینه ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه و له شوێنی چاوه‌ڕوانی پاس ده‌وه‌ستین، چوار پێنج پاس دێن و هیچ كامیان ئه‌وه نین كه ئێمه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین. ناچار له ترافیكه‌كه ده‌په‌ڕینه‌وه و سواری دۆڵمشێك ده‌بین، تا ته‌قسیم و له‌وێش دۆڵمشێكی تر ده‌گۆڕین و ده‌چینه نه‌خۆشخانه. منداڵه‌كه له ژووره‌وه‌یه و وه‌ك هه‌ر دایكێكی جگه‌رسۆز، براژنی هاوڕێكه‌م بۆ كچه‌كه‌ی ده‌گری، منداڵه‌كه ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده زۆر نییه، مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی دروست بكات. دوای ماوه‌یه‌ك به باوه‌شی باوكیه‌وه‌یه‌تی و ده‌یهێنێته ده‌ره‌وه، ده‌ستێكی تا مه‌چه‌ك و هه‌ردوو قاچیشی تا خوار ئه‌ژنۆ له له‌فاف پێچراون و ده‌گریی. وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ له خه‌ونێكی خۆش له خه‌و ڕابچڵه‌كێ، ئه‌م ته‌له‌فۆنه له پێش خۆی دابڕین و شه‌وه‌كه‌مان به‌وه كۆتای دێت و ئیتر ئۆكتار و پشیله‌كانی له خه‌ونیشدا نابینمه‌وه.
له به‌زمی ئۆكتار و پشیله‌كانی بووینه‌وه، هه‌نووكه خه‌یاڵتان ده‌به‌مه‌وه سه‌ر دیمه‌نی نێره‌مووكه‌كان و بازاڕی سێكسفرۆشییه‌كانی دوای به‌ربانگ، ئینجا بازاڕه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی!