به‌شی هه‌ژده
نووری بێخاڵی
دیپلۆماته فۆتۆگرافه‌ره‌كه
ئه‌و ساڵه‌ی مانه‌وه‌م له ئیستانبوڵ، به حوكمی كاره‌كه‌م ده‌رفه‌تێكی باش بوو تا له نزیكه‌وه ئاشنای چه‌ندان كه‌سایه‌تی بم و بیناسم. یه‌كێك له‌وانه، دیپلۆماتكار (بورهان جاف) بوو كه له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندان جار دیده‌نی و گه‌شت و گه‌ڕانمان به‌یه‌كه‌وه كرد.
ئه‌و ناسینه ده‌قۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به كورتی و خێرایی، جوامێر و سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی خێزانی ئه‌و كوڕه جافه‌تان بیر بخه‌مه‌وه، ئه‌ویش ڕه‌وانشاد (جه‌وهه‌ر نامیق سالم)ی برای بورهان جافه.
دوو جار له نزیكه‌وه ڕه‌وانشاد جه‌وهه‌ر نامیق سالم - یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌م بینیوه. ساڵی ١٩٩٣ بۆ یه‌كه‌م جار و بۆ كارێكی ڕۆژنامه‌نووسی بوو. ئه‌و ڕۆژه چاوپێكه‌وتنێكم له‌باره‌ی كاری په‌رله‌مانی و كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی تری سیاسی له‌گه‌ڵی ئه‌نجام دا. جاری دووه‌م كه بینیمه‌وه دووباره هه‌ر بۆ كاری ڕۆژنامه‌وانی بوو. ئه‌وكاته‌ی له دژی شه‌ڕی ناوخۆ و له‌پێناو چه‌سپاندنی ئاشتیدا، له‌گه‌ڵ ٥٨ په‌رله‌مانتاری هاوڕێی، هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی‌یان نواند، هه‌ڵوێستی ١٠٣ ڕۆژ په‌ناگیریی له‌ناو په‌رله‌مان. ئه‌وكاتیش بۆ ئه‌نجامدانی ڕێپۆرتاجێك سه‌ردانی په‌رله‌مانم كرد و له نزیكه‌وه بۆچوونی ئه‌وم وه‌رگرت. وه‌كوتر له بۆنه‌ی جیاواز به ڕێكه‌وت بینیومه‌ته‌وه، سڵاو و چاك و چۆنیمان گۆڕیوه‌ته‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی پێش ئه‌م دیدارانه، زۆر شتم له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه خوێندبووه‌وه و ژنه‌وتبوو. ده‌مزانی یه‌كێك بووه له‌و كاراكته‌ره سه‌ره‌كی و كارایانه‌ی دوای نسكۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول، ڕۆڵێكی گرنگ و به‌رچاوی له دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تیی كاتیی پارتی و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵاندا گێڕاوه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌یشم ده‌زانی كه یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان، له‌لایه‌ن ئه‌و (كه ئه‌وكات به سه‌لیم سۆرانی ناسرا بوو) نووسراوه.
به‌هه‌رحاڵ، بورهان جاف له به‌ریتانیاوه به نیازی گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ هه‌ولێر، دیاره به حوكمی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تییان له‌گه‌ڵ (بۆتان)، له هه‌موو گه‌شت و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كیدا بۆ كوردستان، به‌پێی كات و ده‌رفه‌ت، لای داوه‌ته لای هاوڕێكه‌ی. ئیتر ئه‌مجاره‌ش وه‌ك زۆربه‌ی جاره‌كانی تر، ئێواره‌یه‌ك سه‌ری به ئۆفیسه‌كه‌ماندا كرد و ئه‌وه یه‌كه‌م ساتی ناسین و ئاشنابوونی ئێمه بوو.
جاف كه ئێسته باڵوێزی عێراقه له نایڕۆبیی پایته‌ختی كینیا، پێشتر باڵوێزی بوو له یۆنان. ئه‌مه‌م بۆ ئه‌وه باس كرد، تا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ بابه‌تێكی گرنگی پێوه‌ست به ناكۆكی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بخه‌مه ڕوو. به‌و پێیه‌ی له ته‌ك پرسه‌كانی بودجه، پێشمه‌رگه وه‌ك هێزێكی یاسایی و ده‌ستووری، ماده‌ی ١٤٠ و زۆر شتی تر. پرسی پۆسته سیادییه‌كان و پشكی كورد له عێراقدا، كێشه‌یه‌كی تری جه‌وهه‌ری و قووڵ و هه‌ستیاریی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه. ئه‌مه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌ی دووانه‌ی به‌شداریی سیاسی و هاوبه‌شیی سیاسی له حوكمڕانیدا، دوو شتی زۆر جیاوازن. ئه‌وه بۆیه به‌غدا ده‌یه‌وێ یان ڕاستتر بڵێین، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌غدا ده‌ستی خۆی بینیوه و داشی سواره (به‌تایبه‌تی له سای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)، وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورد كردووه و ده‌كات كه له حوكمڕانی و بڕیاری سیاسیی عێراقدا به‌شدار بێت، نه‌ك هاوبه‌ش.
بورهان كه‌سێكی ساده و هێمنه، سیاسییه‌كی هۆشیار و خاوه‌ن ئه‌زموونه، له قسه‌كردندا ورد و به‌ئاگایه، به‌تایبه‌ت له پێوه‌ست به باس و خواسی سیاسی، ئه‌و چه‌ندان جاره‌ی یه‌كتریمان بینی و گه‌ڕاین و به‌یه‌كه‌وه دانیشتین، گفتوگۆی زۆرمان كرد، سه‌رنجی زۆر ورد و پێشبینیی سه‌یری له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم هه‌بوون و هاتنه دی، ڕوانگه‌یه‌كی ڕۆشنی بۆ پێوه‌ندی كورد - ئیسرائیل هه‌بوو، كه وا كه‌وته‌وه. ئه‌مه‌و زۆر بابه‌تی تر كه ئێره جێی باسكردنیان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موو ئه‌و شتانه زۆرتر سه‌رنجی ئه‌وی بۆ لای من ڕ‌اكێشا، خۆشه‌ویستیی ئه‌و بۆ وه‌رزش، له‌گه‌ڵ حه‌ز و خولیایه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ی بۆ فۆتۆگرافه‌ری بوو.
جگه له به‌شداریكردنی ساڵانه‌ی له پێشبڕكێ ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ماراسۆندا، وه‌كوتر شه‌یدایه‌كی سه‌یری وه‌رزشی ڕۆیشتن و شاخه‌وانییه. ئه‌گه‌ر به ڕێكه‌وت و بێ ده‌ستی خۆیشی له ده‌رچوون و گه‌ڕانێكدا، كامێراكه‌ی لا نه‌بێت، ئه‌وا بۆ ڕاوكردنی جوانترین گرته‌ی دیمه‌نه‌كانی سروشت و ژیان، په‌نا بۆ مۆبایله‌كه‌ی ده‌بات. سه‌لیقه و جوانبینییه‌كی سه‌یری له فۆتۆگرافه‌ریدا هه‌یه، گۆشه‌ی سه‌رنجڕاكێش ڕاو ده‌كات و گرته‌ی جوان ده‌خاته سێره‌ی زوومی كامێراكه‌ی. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، وه‌رزش (به‌تایبه‌تی ڕۆیشتن و شاخه‌وانی) و فۆتۆگرافه‌ری، دوو خولیای هه‌میشه‌یی ئه‌ون و تێیاندا به‌هره‌مه‌نده.
*****
به‌لگراد، به‌هه‌شتی ون
ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كوڕه جافه‌كه هاته ئۆفیسی باس، تا دره‌نگانێك مایه‌وه و دواتر گه‌ڕایه‌وه هۆتێل. پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی، له‌گه‌ڵ بۆتان و جاف ڕێككه‌وتین، ڕۆژی دواتر (كه ڕۆژی پشوومان بوو)، پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین. به‌یانییه‌كه‌ی زوو بۆتان ته‌له‌فۆنی كرد كه ئه‌وان له به‌رده‌م ئۆفیس چاوه‌ڕێی منن، داوای كرد له‌سه‌ر ڕێی خۆم یه‌ك دوو سمیت و شه‌ربه‌تێك بۆ جاف له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م. لای كافتریایه‌ك چاوه‌ڕێم كردن، زۆری نه‌برد ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆتان له به‌رده‌مم وه‌ستا، سه‌ركه‌وتم و به‌ڕێ كه‌وتین. نه‌مده‌زانی ده‌چینه كوێ، به‌ڵام دڵنیا بووم هاوڕێ و هاوكاره‌كه‌م، شوێنێكی دڵگیر هه‌ڵده‌بژێرێت. هه‌ر واش بوو، بۆتان له ڕێ باسی ئه‌و شوێنه‌ی بۆ كردین (به‌لگراد)، دارستان و پاركێكی سروشتی، ڕازاوه و دێراو، كه ڕۆژانه و به‌تایبه‌تی ڕۆژانی پشوو، به سه‌دان خێزانی ئیستانبوڵ ڕووی تێده‌كه‌ن.
دوای زیاتر له سه‌عاتێك بڕینی ڕێ، گه‌یشتینه ده‌روازه‌ی پاركێك، له ڕووخساردا پاركێكی ئاسایی بوو، به‌ڵام دوای بڕینی چه‌ند كیلۆمه‌ترێك، له‌به‌ر سێبه‌ری دار و دره‌ختی سه‌وز و باڵا كردوو و ڕێی پڕ پێچ و لوولدا، ته‌نیشت و پێشه‌وه‌ی خۆمان نه‌ده‌بینی، زانیم له‌ناو دارستانێكی سروشتیی چڕدامێنداین. ئۆتۆمبێله‌كه‌مان پارك كرد، هه‌ر خێزانه و له‌ژێر دارێك بارگه‌یان خستووه، وه‌ك به‌هار و نه‌ورۆزی لای خۆمان، دووكه‌ڵی مه‌قه‌ڵه‌كان ئه‌و ناوه‌ی قانگ دابوو، بۆ هه‌رلایه‌ك ده‌تڕوانی، دار و دره‌ختی به‌رز و به ته‌مه‌ن و سه‌ركردوو بوو. له‌و گۆڕه‌پانه بچووكه‌ی ئه‌وبه‌ر گه‌راجی ئۆتۆمبێله‌كان، دانه دانه كۆشك هه‌بوون، سارده‌مه‌نی و ئاو و شیرنه‌مه‌نی و نه‌سته‌له‌یان ده‌فرۆشت، هه‌ندێكیشیان شه‌ربه‌تی سروشتیی میوه جۆراوجۆره‌كان.. لامان دایه كوشكێك و سه‌ر و ده‌به‌یه‌كی یه‌ك لیتریی ئاو و چه‌ند دانه نه‌سته‌له‌یه‌كمان كڕی و ڕێك ڕوومان كرده ئه‌و ڕێیه‌ی كه بۆ وه‌رزش و ڕێكردن دروست كراوه.
ڕێیه‌كی شه‌ش كیلۆمه‌تری پڕ پێچ و لوول، كه به‌ناو دارستانه‌كه‌دا و به كه‌نار ده‌ریاچه، یان چه‌مێكی دڵگیر ده‌ڕوات. له سه‌ره‌تای ڕێیه‌كه پارچه‌یه‌ك زه‌وی هه‌یه پڕ له ئامێری هه‌مه‌جۆری وه‌رزشی، ده‌روازه‌یه‌كی جوان، كه سه‌ره‌وه‌ی ئامێرێكی ژمێره‌ی ئه‌لیكترۆنییه و یه‌كه‌م هه‌نگاوی ڕۆیشتنه‌كه‌ت به ڕێیه‌كه‌دا، به ژێر تاقی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌دا ده‌ست پێ ده‌كه‌یت، كه ئامێره‌كه سفر كیلۆمه‌تر نیشان ده‌دا. ئیتر تا ڕێوڕۆیشتنه‌كه‌ت ته‌واو ده‌كه‌یت و له‌وسه‌ر له ده‌روازه‌ی كۆتایی، كه نووسراوه شه‌ش كیلۆمه‌تر، ده‌رده‌چیت، هه‌ر كیلۆمه‌ترێك و ئامێرێك دێته ڕێت و دووری ئه‌و ماوه‌یه‌ت بۆ ده‌خوێنێته‌وه كه بڕیوته.
به ده‌م باس و خواسی ژیان و قسه‌ی نه‌سته‌ق، له سفری ڕێیه‌كه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین. ناوه ناوه بۆ گرتنی وێنه‌یه‌ك.. هه‌ناسه‌دانێك.. چێژوه‌رگرتن له سیحری دیمه‌نه‌كانی دارستانه‌كه، له زایه‌ڵه‌ی جریوه و جوكه‌ی مه‌ل، له ناسكیی ئه‌و ده‌زووه خۆرانه‌ی جار جاره له درزی په‌رچه‌می دره‌خته‌كانه‌وه له پشتمان ده‌ده‌ن و له پێشمانه‌وه سێبه‌رێكی باریك دروست ده‌كه‌ن، ده‌وه‌ستین و تێی هه‌ڵده‌چینه‌وه. هه‌ر ئێمه نین، كچ و كوڕ، ژن و پیاو، منداڵ و گه‌نج و پیر، هه‌ر یه‌كه‌یان و به خه‌یاڵێكه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له‌وه‌ی ته‌نیشت، یان پێش خۆیان بێت، به شێوازی خۆیان ڕۆچوونه‌ته ناوخۆیان و هه‌موو هه‌سته‌كانیان لای ئه‌و سروشته‌یه.
*****
هاوڕێ و سه‌فه‌ر
ڕێكه‌وتێكی خۆشه، چه‌ند مانگێكه چاوه‌ڕوانی دیده‌نیم، بیری قسه خۆش و نه‌سته‌قه‌كانی، نوكته و تریقانه‌وه‌كانی ده‌كه‌م. ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ ده‌گات، ئه‌و شه‌وه تا دره‌نگ، به یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و و بۆتان، كاتێكی خۆشمان به‌سه‌ر برد. دواتر هه‌ڵساین، له‌و خه‌یاڵه‌دا بووم كه له‌گه‌ڵ من دێته‌وه، كه‌چی حه‌په‌سام كاتێ گوتی ده‌چمه ئوتێل، دیاره ده‌بوو وابێت، بۆیه به پیاسه تا به‌ر ده‌رگه‌ی ئوتێله‌كه له‌گه‌ڵی چووم و ماڵئاواییم لێی كرد، به‌یانیی ڕۆژی دواتر زوو چوومه دوای و جانتاكه‌یم پێی پێچایه‌وه و چووینه‌وه شوقه‌كه‌م.
به‌رهه‌م عه‌لی هاوڕێ و هاوكارم، یه‌كێك له دۆست و ئاشنا و هاوڕێ ڕاستگۆ و سه‌رڕاست و خۆشه‌ویسته‌كانم، كه له‌وه‌ته‌ی یه‌كتری ده‌ناسین، وه‌ك دوو كه‌سی گیانی به گیانی، خۆشی و ناخۆشییه‌كانی له‌گه‌ڵدا به‌ش كردووم. ئینجا جیا له چه‌ندان ساڵ به‌یه‌كه‌وه كاركردن، دیوێكی هه‌ره جوانی یادگاری و به‌یه‌كه‌وه‌بوونمان، گه‌شته‌كانمان بووه به‌یه‌كه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له جۆرجیاوه بگره، تا ده‌گاته ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، فینله‌ندا، سوید، كرواتیا، توركیا و ئه‌رمینیا، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن مه‌ودا بدات و ده‌رفه‌ت و هه‌لی تر بڕه‌خسێ، ئه‌وا به‌یه‌كه‌وه گه‌شتی تر ئه‌زموون ده‌كه‌ین و وڵاتی تریش به‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه، گه‌شتگه‌لێك له هیچ كامیاندا به‌بێ فێربوونی شتی نوێ و هه‌گبه‌یه‌كی پڕ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی كاری ڕۆژنامه‌نووسی نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه.
ئه‌و پرس و باس و خواسی سه‌فه‌ره، سه‌رنجم بۆ ئه‌وه ڕاده‌كێشێت كه باس له سه‌فه‌ر و هاوڕێ ده‌كات. ڕاستییان فه‌رموو، ئه‌وانه‌ی گوتوویانه له سه‌فه‌ردا هاوڕێ بناسه، چونكه ئه‌وه سه‌فه‌ره به‌شێكی ئه‌و په‌رده‌یه‌ی نێوان دوو كه‌س لاده‌دا و بڕێكی نهێنییه‌كانیان بۆ یه‌كتری ئاشكرا ده‌كات.. ئه‌وه سه‌فه‌ره وا ده‌كات ئه‌و دوو كه‌سه ئیتر ناتوانن به ده‌مامكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بدوێن و پیاسه بكه‌ن و بخۆن و بخۆنه‌وه.. ئه‌وه ته‌نیایییه‌كانی سه‌فه‌رن وا ده‌كه‌ن، دوو هاوڕێ و هاوسه‌فه‌ر، ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له نازی خۆیان بن و بۆشایی ڕۆحی یه‌كتر پڕ بكه‌نه‌وه.. ئه‌وه سه‌فه‌ره فێرت ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتن بیت له هاوڕێكه‌ت، تا ئه‌وپه‌ڕی به‌خشنده بیت له ئاستیدا.. ئه‌وه سه‌فه‌ره وا له دوو كه‌س ده‌كات، هه‌ست به ساردی و گه‌رمی، نه‌خۆشی و ماندووبوونی یه‌كتری بكه‌ن و هه‌میشه چاوێكیان به‌سه‌ر ته‌ندروستی یه‌كترییه‌وه بێت.. ئه‌وه سه‌فه‌ره فێرمان ده‌كات هاوڕێیه‌تی واته پشوودرێژی و بوونی حه‌وسه‌ڵه‌ی یه‌كتر.
ڕاستییه‌كه‌ی سه‌فه‌ركردن له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م، هه‌موو ئه‌وانه‌ی فێر كردم كه ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر دوو سه‌ده‌ی تریش لێره له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌مدا پێكه‌وه بووینایه, ئه‌وه‌نده ئاوێته‌ی ڕۆحی هاوڕێیانه‌ی یه‌كتری نه‌بووینایه, ئیتر خوای ده‌كرد هه‌موو به‌یانییه‌ك و به‌ر له‌وه‌ی بچینه ئۆفیسی كار، له چایخانه به‌رچاییمان به‌یه‌كه‌وه ده‌خوارد، نیوه‌ڕۆكان له‌ناو ڕاڕه‌وی شوێنی كاردا بابۆڵه‌ی ته‌ماته‌وڕۆنمان ده‌كرد و ئێوارانیش له قوژبنی یانه‌یه‌كدا پێكمان به یه‌كدا ده‌كێشا.
بۆ من سه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌مدا ئاوا بوو، ساتگه‌لێك كه به ئاسانی بیر ناچنه‌وه. ئه‌م هاتنه‌یش هه‌روا كه‌وته‌وه كه نه‌خشی دنیایه‌ك یادگاریی خۆش و شۆخی و قسه‌ی نه‌سته‌قی (له هه‌موویان خۆشتر، شوقه، وه‌ك مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی.. باسووقی سلێمانی، وه‌ك بڕاندی جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌یی و زۆر شتی تریان) له یاده‌وه‌ریماندا هه‌ڵكۆڵی.
*****
گه‌رماوه‌كانی ته‌رمال
ته‌رمال، یه‌كێكه له‌و گوندانه‌ی به سه‌رچاوه و كانیی ئاوی كانزایی ناسراوه. ئه‌و كانییانه له سه‌رده‌می ڕۆمانه‌كانه‌وه له‌و ناوچه‌یه دۆزراونه‌ته‌وه، دواتر له سه‌رده‌می بێزه‌نتییه‌كان په‌ره‌یان پێ دراوه، كاتێكیش عوسمانییه‌كان هاتوونه‌ته سه‌ر حوكم، بایه‌خێكی زۆریان به‌م كانییانه داوه و چه‌ندان گه‌رماویان له‌و ناوه‌دا دروست كردووه. گه‌رماوگه‌لێك كه به‌هۆی جوانی دیزاین و نه‌خش و نیگاری ناوه‌وه‌یان، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ناوبانگیان ده‌ركردووه.
ئاوی كانییه‌كانی ته‌رمال له قووڵایی زه‌وییه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێن و گه‌رمن، پله‌ی گه‌رمیان له نێوان ٥٥ بۆ ٦٥ پله‌ی سه‌دی دایه. وێڕای بوونی كلۆرید و سۆدیۆم و كالیسیۆم و فلۆرید تیایدا، به‌ڵام له یه‌ك كاتدا بۆ خواردنه‌وه و خۆشووشتنیش به‌كار ده‌هێنرێن.
ئه‌و گه‌رماوانه ده‌كه‌ونه باشووری ڕۆژئاوای شاری یه‌لۆڤا، جگه له مه‌به‌ستی خۆشووشتن، وه‌كوتر خه‌ڵكێك بۆ چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی بۆ چاره‌سه‌ریی هه‌ندێ نه‌خۆشی سوودیان هه‌یه (ڕۆماتیزم، ده‌مار، كێشه و گرفته‌كانی میزه‌ڕۆ و كۆئه‌ندامی هه‌رسكردن). گه‌رماوه‌كانی دایكه سوڵتان، سوڵتان و ڕه‌ساس، سێ له به‌ناوبانگترینی گه‌رماوه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن كه هه‌ریه‌كه‌یان و تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازیی خۆیان هه‌یه.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ناوچه‌كه ئه‌وه‌یه، ژینگه و سروشتێكی جوان و دڵڕفێنی هه‌یه و شوێنێكی سه‌رنجڕاكێشی گه‌شتیارییه. به جۆرێك له یه‌لۆڤاوه تا ده‌گه‌یته ئه‌و ناوه، هه‌مووی دارستان و سه‌وزاییه، ڕێیه‌كه‌یشی به درێژایی خۆی، له كه‌ناری ده‌ریایه و چێژیكی جیاواز به مرۆڤ ده‌به‌خشێ.
یه‌ك دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه، هه‌رسێكمان بڕیار ده‌ده‌ین سه‌ردانی گه‌رماوه سروشتییه‌كانی ته‌رمال بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌یش ده‌بێ له ئیستانبوڵه‌وه به سواری كه‌شتی بپه‌ڕینه‌وه یه‌لۆڤا و له وێوه‌شه‌وه به سواری تاكسی بچینه ئه‌و ناوه.
*****
خه‌ونه كوژراوه‌كه‌ی ناو دوورگه‌كه!
ڕۆژێكی ڕه‌مه‌زانه، له وێستگه‌ی كه‌شتییه‌كاندا له به‌نده‌ری یه‌نی كاپێ، یان ئه‌وه‌ی توركه‌كان پێی ده‌ڵێن یه‌نی كاپێ ئه‌سكه‌له‌سی، بلیت ده‌بڕین و سواری كه‌شتییه‌ك ده‌بین، دوای زیاتر له سه‌عاتێك، له به‌نده‌ره‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر له یه‌لۆڤا ئه‌سكه‌له‌سی داده‌به‌زین. چه‌ند هه‌نگاوێك له به‌نده‌ره‌كه دوور ده‌كه‌وینه‌وه و به‌سه‌ر باخ و چیمه‌نێكی ڕازاوه‌دا ده‌كه‌وین، كه له گژوگیا و جۆره‌ها گوڵ، ڕه‌نگاڵه‌یی ده‌چێته‌وه، له به‌رانبه‌رماندا بازاڕێكی گه‌وره‌ی میلی هه‌یه كه هه‌رچی كاڵا و كه‌لوپه‌لێكت بووێت، تیایدا ده‌ستت ده‌كه‌وێت. سه‌رێك به بازاڕه‌كه‌دا ده‌كه‌ین، كوچه‌كانی ڕێك وه‌ك ئه‌وانه‌ی قه‌یسه‌ری لای خۆمان له هه‌ولێر، ته‌سك و به‌رته‌نگن. قه‌یرێك ده‌سووڕێینه‌وه و له بازاڕه‌كه دێینه ده‌ره‌وه، پیاسه‌یه‌ك به كووچه و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی ئه‌و ناوه‌دا ده‌كه‌ین.
یه‌لۆڤا و خه‌ڵكه‌كه‌ی زۆر جیاواز له ئیستانبوڵ دێنه پێش چاو، ئه‌وێ وه‌ك ئیستانبوڵ نییه، ڕه‌مه‌زان لێره ڕه‌مه‌زانه. وه‌ك ئه‌وه وایه له مه‌كه بیت، جا مه‌كه‌ی بۆ چییه، وه‌ك لای خۆمانه، كه‌سێك نابینی ده‌به‌یه‌ك ئاوی به ده‌سته‌وه بێت، یان جگه‌ره‌یه‌كی به ده‌مه‌وه بێت، جا خوای ده‌كرد ڕۆژووه‌وانیش نیت، چونكه له دۆخی وادا ده‌كه‌ویته به‌ر تانه و ته‌شه‌ر، وای له شتی تر. دواتر ده‌زانین كه خه‌ڵكی ئه‌و شاره له‌باری ئاینییه‌وه، وشك و برینگ، داخراو و ترش، توند و پارێزگارن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له میانی پرسیار و سۆراخكردندا ده‌ستمان كه‌وتن، عه‌ره‌بێكی زۆری شاره‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق له‌و شاره‌دا گیرساونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان، زۆربه‌یان خانوو و ڤێلایان كڕیوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان له بواری خانووبه‌ره و زه‌ویوزاردا بزنس ده‌كه‌ن.
به‌هه‌رحاڵ، پرسیار ده‌كه‌ین چۆن بگه‌ینه گه‌رماوه‌كان، زانیاری و ناونیشان وه‌رده‌گرین، تاكسییه‌ك به‌كرێ ده‌گرین و ده‌كه‌وینه ڕێ. شوفێرێكی چه‌نه‌باز له‌وانه‌ی له‌به‌ر قسه‌كردن فریای هه‌ناسه‌دانیش ناكه‌ون، باسی ورد و درشت ده‌كات، هیچ پرسیاریشی لێ مه‌كه، ئه‌و له قسه‌كانی خۆی هه‌ر ناكه‌وێت. ده‌ڕۆین، زۆریش ده‌ڕۆین، به ڕێوه سه‌رنجی جوانیی ده‌ریا و كه‌ژ و كێ‌و و دارستانه سه‌وز و ئاوادمان له سه‌وزی و ته‌ڕێتییه‌كان ده‌ده‌ین، كه یه‌كه‌میان له ده‌سته ڕاستمانه و كه‌ژ و كۆ و دارستانه‌كه‌یش له ده‌سته چه‌پ. به دووری سه‌ت مه‌ترێك، زیاتر یان كه‌متر، به هه‌ڵگیرسانی چرای سووری ئیستۆپه‌كه‌یانه‌وه ده‌زانین كه ئۆتۆمبێله‌كانی پێش ئێمه خاو ده‌كه‌نه‌وه، كه‌مێكی تر لا ده‌ده‌ن و ده‌وه‌ستن و سه‌رنشینه‌كانیان داده‌به‌زن. نزیك ده‌بینه‌وه، دوو ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ك جه‌ندرمه به چه‌كه‌وه له چه‌قی شه‌قامه‌كه‌دا ده‌بینین. ئای له‌وه، تۆ بڵێی ڕووداوێك هه‌بێت، ئاوا ئه‌و ڕێیه‌یان گرتووه؟ پاشان تێده‌گه‌ین كه بۆڕیی سه‌ره‌كی پڕۆژه‌ی ئاوه، نه‌وته، نازانم چییه، كه به‌و ناوه‌دا ڕه‌ت ده‌بێ، تێكچووه و تیمێك له‌و سه‌ره‌وه خه‌ریكی كاركردنن تیایدا.
باشییه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له شوێنێك وه‌ستاین، دووكان و چێشتخانه‌ی لێ بوو. زۆر چاوه‌ڕێمان كرد، هێشتا ڕێیه‌كه نه‌كراوه‌ته‌وه، خۆمان به چێشتخانه‌كه‌دا ده‌كه‌ین، كه به بناری شاخه‌كه و له‌ناو دارستانێك دایه و خوڕه‌ی ئاوێكی سازگار، ئه‌و ناوه ده‌خواته‌وه. كه‌شێكی فێنك، دیمه‌نی دڵگیر، داده‌نیشین و داوای خواردن ده‌كه‌ین، بۆ شوفێره چه‌نه‌بازه‌كه‌شمان كه هێنده‌ی هه‌رسێكمانی خوارد. ته‌نانه‌ت چاوی له‌و پارچه گۆشت و ئێسكه كڕێنداراوانه‌ش بوو كه جار جاره فڕێمان ده‌دانه به‌رده‌می ئه‌و دوو پشیله‌یه‌ی ئه‌و ناوه‌یان به میاوه میاو له زه‌واق نابوو و خه‌ریك بوو به‌سه‌ر شان و ملماندا هه‌ڵده‌گه‌ڕان.
نانمان خوارد و چامان خوارده‌وه. جگه‌ره له دوای جگه‌ره داده‌گیرسێنین (من و به‌رهه‌م)، تاوێك خۆمان به وێنه‌گرتنه‌وه خه‌ریك ده‌كه‌ین، تاوێكی تر به سه‌رنجدان و گه‌ڕان له‌ناو چه‌م و دارستانه‌كه. به كورتی، كات ده‌كوژین و ڕێیه‌كه هه‌ر داخراوه، جه‌ندرمه‌كانیش كه به مرچ و مۆنی له چه‌قی ڕێیه‌كه وه‌ستابوون، هه‌ر له شوێنی خۆیانن. به‌و ماوه‌یه‌ی به‌ڕێوه بووین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له‌و شوێنه ماینه‌وه، زیاتر له سێ سه‌عاتمان پێ چوو، ئیتر كێ ناڵێ، ده‌بێ دوو تا سێ سه‌عاتی تریش پێویست بكات چاوه‌ڕێ بین، یان كێ ده‌ڵێ ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕێیه هه‌ر ده‌كرێته‌وه؟ له‌م بیركردنه‌وانه‌دا بووین، بڕیارمان دا چۆن هاتووین، ئاواش بگه‌ڕێینه‌وه. چونكه بۆ شه‌و ئوتێلمان له یه‌لۆڤا گرتبوو، كه‌واته كاتێكی ئه‌وتۆمان له ده‌ست نه‌ماوه‌ته‌وه بچینه گه‌رماوه‌كان و پشوویه‌ك بده‌ین و له‌ناو حه‌وزی گه‌رماوه‌كاندا بمێنینه‌وه و بشگه‌ڕێینه‌وه، ئێ خۆ بڕیار نییه ده‌ست له‌و پاره‌یه‌ش بشۆین كه داومانه‌ته ئۆتێله‌كه‌ی یه‌لۆڤا و له ته‌رمال ئوتێل بگرین؟ باشترین شت گه‌ڕانه‌وه‌یه، ئیتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو چه‌نه‌بازییه‌ی شوفێره كلاوچییه‌كه‌ی تاكسییه‌كه‌دا، كه به ڕێوه بووین بۆ ته‌رمال، ڕسته‌یه‌ك سه‌رنجی ڕاكێشاین " ها ها ها، ئه‌و تارمایییه ده‌بینن؟ ئه‌و دوورگه‌یه‌ی چه‌قی ده‌ریاكه؟ ئه‌وه دوورگه‌ی ئیمیرالییه كه ئۆجه‌لانی تێدا زیندانی كراوه. ئه‌و ناوچه‌یه هه‌مووی، تا ده‌چینه ته‌رمال و له‌وێشه‌وه هه‌تا ئه‌وێ، وه‌ك ناوچه‌ی سه‌ربازی و قه‌ده‌غه هه‌ژمار ده‌كرێ. كه‌س ناتوانێ بگاته ئه‌وێ. كه گه‌یشتینه ته‌رمال و ئه‌و ناوه، زۆر به ڕوونی دوورگه‌كه ده‌بینین، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌له‌م و قه‌یاغه سه‌ربازییانه‌ی چاودێریش كه به‌و ناوه‌دا ده‌ور و خولیانه”. له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم: زۆر باشتر كه نه‌گه‌یشتینه ته‌رمال. باشتریش كه هه‌ر تارمایی دوورگه‌كه‌م بینی، نه‌ك وێنه ڕوونه‌كه‌ی. وێنه‌ی ڕوونی قوله سه‌ربازییه‌كانی ناوی، دیمه‌نی ڕۆشنی خاڵه چاودێرییه ته‌ناهییه ڕه‌شه‌كانی ئه‌و ناوه و بیچمی زیاتری جه‌نده‌رمه، دیمه‌نی ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ی خه‌ونی ئازادیی سه‌رۆكێكی كوردانی پارچه‌یه‌كی نیشتمانی تێدا كوژراوه، كه به لایه‌نی كه‌مه‌وه 10 تا 15 ملیۆن كوردی هاوخوێنم، خۆیان به‌و خه‌ونه‌وه هه‌ڵواسیوه و ئومێدی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رۆكه (ئاپۆ) هه‌ڵچنیوه. خه‌ونێك، كه له‌و دوورگه دووره ده‌سته‌ی قووڵایی ده‌ریادا خنكێنراوه، سه‌رۆكێك كه له‌و بسته زه‌وییه بێ هاوار و بانگه‌دا، بێ ده‌ره‌تان و ده‌سته‌وه‌ستان، شه‌وی ته‌نیایییه‌كانی به‌سه‌ر ڕۆژه كوژراوه‌كانیدا ده‌كاته‌وه.
سپۆت
نزیك ده‌بینه‌وه، دوو ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ك جه‌ندرمه به چه‌كه‌وه له چه‌قی شه‌قامه‌كه‌دا ده‌بینین. ئای له‌وه، تۆ بڵێی ڕووداوێك هه‌بێت، ئاوا ئه‌و ڕێیه‌یان گرتووه؟ پاشان تێده‌گه‌ین كه بۆڕیی سه‌ره‌كی پڕۆژه‌ی ئاوه، نه‌وته، نازانم چییه كه به‌و ناوه‌دا ڕه‌ت ده‌بێ، تێكچووه و تیمێك له‌و سه‌ره‌وه خه‌ریكی كاركردنن تیایدا.