به‌شی بیسته‌م و كۆتایی
نووری بێخاڵی
كانیی سه‌ره‌ڕێ و چێژی دیدار
هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌و كاتانه ئاسووده نه‌ده‌بووم كه هه‌واڵی هاتنی هاوڕێیه‌كم ده‌بیست، چونكه ڕۆژانه دوای ده‌وام (سه‌ره‌ڕای ڕۆژانی پشووی كار، كه ته‌واو نه‌ده‌بوون)، به ته‌واوی ده‌ستم به تاڵ ده‌بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌ست به‌تاڵییه ده‌رفه‌تێكی باش بوو بۆ خوێندنه‌وه، هه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش بوو وایكرد له‌و ماوه‌یه‌دا جگه له خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندان كتێب، كار و نووسینی به‌رده‌وام بۆ هه‌ر دوو هه‌فته‌نامه‌ی (باس) له هه‌ولێر و ئیستانبوڵ، هه‌فتانه نووسین بۆ هه‌فته‌نامه‌كانی (وشه) و (ڕووداو)، كاریش له پڕۆژه‌ی سێ كتێبه‌كه‌مدا بكه‌م كه خۆشبه‌ختانه چاپ و بڵاو بوونه‌وه. هه‌موو ئه‌و سه‌رقاڵییانه، به‌ڵام هێشتا ته‌نیایی بۆشایییه‌كی گه‌وره‌ی له ژیانمدا دروست كردبوو، له‌به‌رئه‌وه هاتنی هاوڕێیان هۆكارێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی بڕێك له باری قورسی ئه‌و ته‌نیایییه‌م سووك ببێت.
له‌و ماوه‌یه‌دا ساتگه‌لێكی خۆشمان له‌گه‌ڵ (هه‌رمان و سه‌میر.. هیوا و بیلال.. مه‌حموود یاسین كوردی و به‌شداری برای) به‌سه‌ر برد. ماڵی مه‌حموود و به‌شداریش ئاوا، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه توانیم (ئه‌حمه‌د خان)ی برایان كه له ئه‌نكه‌ره كاری ده‌كرد، ببینم. هه‌روه‌ها یه‌كێك له هاوڕێ هه‌ره خۆشه‌ویسته‌كانم (ڕێبه‌ند سه‌عدوڵا) كه ساڵانێكی زۆر بوو یه‌كتریمان نه‌بینیبوو، چه‌ند جارێك دیده‌نیمان كرد. ڕێبه‌ند له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌ك دوو جار له فینله‌نداوه هات، جاری یه‌كه‌میان بۆ سه‌ردانی دایك و باوكی، به‌ڵام چونكه برایه‌كی كه هه‌مان ڕۆژ له هه‌ولێر هاتبوو، به هۆی خواردنی چێشتخانه‌یه‌كی ناسراوی هه‌ولێر ژه‌هراوی بووبوو، ئه‌ها ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی به یه‌ك ڕۆژ نزیكه‌ی 50 كه‌سی خستبووه گیانه‌ڵاوه، زۆر خۆشیمان له دیده‌نییه‌كه نه‌كرد، به‌ڵام جارێكی تر به ته‌نیا و یه‌كێكی تریش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی هاتن، له‌و دوو سه‌فه‌ره‌یدا خۆش گوزه‌راندمان.
ئه‌و هاوڕێیانه كه له كاتی جیاوازدا هاتن، (ڕێبه‌ند و مه‌حموودی لێ بترازێ)، هه‌فته‌یه‌ك لای من له شوقه مانه‌وه و یادگاریی جوانیان به‌جێ هێشت. به ده‌ست سه‌میر و هه‌رمان گیرم خواردبوو كه نه به‌بێی یه‌كتر هه‌ڵیان ده‌كرد و نه له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانومان ده‌كوڵا. ئه‌ز قه‌زا، له‌وه‌دا هه‌ریه‌كه‌یان و به ڕێی خۆی له‌سه‌ر هه‌ق بوو. سه‌میر له ته‌له‌فۆن و به قسه، بووبووه ئه‌ولادی ته‌قسیم و قاچاخچیی به‌ینه‌لمیله‌لی، ئه‌و هه‌ر به قسه، نیوه‌ی كوردستانی ئاودیوی كه‌نه‌دا كرد، ئینجا به‌سته‌زمانیش هه‌بوو، باوه‌ڕی به قۆشمه‌یی و شۆخییه‌كانی ده‌كرد.
هه‌رچی من و بیلال بووین، به ده‌ست كه‌مخۆریی و دایمخۆریی هیواوه داد و بێدادمان بوو، كێشه‌ی بیلال ئه‌وه‌بوو، هه‌ر خواردنێك دۆشاوی ته‌ماته‌ی تێدا بووایه، تخوونی نه‌ده‌كه‌وت. له‌گه‌ڵ هیوا و بیلالیش كۆمپانیایه‌كی گه‌شتوگوزار و فڕۆكه‌وانیمان دامه‌زراند، به‌ڵام به هۆی ناوه‌كه‌ی و پشكی قازانجی هه‌ر یه‌كێكمان و بڕێ ورده‌كاری له بابه‌ت نوێنه‌رایه‌تی كۆمپانیا له ئیستانبوڵ، پڕۆژه‌كه له‌سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه. هه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ش بوون (یادگار)، كه سه‌ری سواری خه‌ونێك بووبوو، ڤیزای كوبای بڕی بوو، تا له‌وێوه بچێته ئه‌مه‌ریكا، له ئیستانبوڵ بوو و هاته لامان. ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌بوو بچێته هاڤانا، له به‌یانییه‌وه تا ئێواره‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و و هیوا و بیلال گه‌ڕاین، دواتریش به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه به‌ڕێمان كرد. ئه‌و ڕیسككردنه‌ی یادگار بۆ خۆی چیرۆكێكه، وه‌ك به‌شێك له‌و یاداشتانه، به جیا له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا، ورده‌كارییه‌كه‌یم بڵاو كردووه‌ته‌وه. مه‌حموود یاسین كه له توركیا چانسی وه‌رگرتنی له خوێندنی ماسته‌ر هه‌بوو، به‌ڵام چونكه ده‌رچووی زانكۆی ئیشق بوو، خه‌ونه‌كه‌ی بووه قوربانیی شه‌ڕه‌قۆچی ئه‌ردۆغان و گوله‌ن (ئاكپارتی و جه‌ماعه‌ت). هه‌رچی به‌شدار بوو، خووی دابووه چات و وێنه‌گرتن، له‌گه‌ڵ مه‌حموود ده‌ست و په‌نجه‌مان هیلاك بوون ئه‌وه‌نده‌ی وێنه‌ی بۆ بچركێنین. ئینجا هه‌ر به‌هۆی چات و چرپه چرپه‌كانیشیه‌وه كه تا به‌یانی لێی نه‌ده‌بڕییه‌وه، زانیم به ده‌ردێكی تر كه‌وتووه، ده‌ردی گیرخواردن له‌ناو ئاگری دوو بژارده‌دا، وه‌لێ كه دواتر له كوردستان بینیمه‌وه، له نێڵه‌ی دۆزه‌خی ئه‌و وه‌سوه‌سه‌یه قورتاری بووبوو.
*****
گه‌یشتنی ئاسووده‌یی
پێشتر باسم له ناخۆشیی یه‌كه‌م شوێنی مانه‌وه‌م كردبوو، شوقه‌یه‌ك كه له ژووری گرتووخانه‌ی ده‌كرد، ئیتر ده‌بوو بگوازمه‌وه شوقه‌یه‌كی تر، چونكه جگه له ناخۆشییه‌كه‌ی، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیشم بۆ به‌سه‌ربردنی پشووی هاوین دێنه لام. ئیتر هه‌رزوو و دوای مانگێك، شڕوشیتاڵه‌كانمم گواسته‌وه شوقه نوێیه‌كه.
ده‌رگه‌ی قوتابخانه داخراون، منداڵه‌كانم ئه‌زموونه‌كانیان ته‌واو كردووه، مانگێك پێش هاتنیان، ڤیزایان وه‌رگرتووه و تكیتی فڕۆكه‌یان بڕیوه، ئیتر به‌ره‌به‌یانێكی زووی دواڕۆژی ڕه‌مه‌زانه (عالفه)، تاریك و ڕوونه، له فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌بیحه گۆكچه‌ن چاوه‌ڕێی گه‌یشتنیان ده‌كه‌م. له ده‌روازه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه‌دا و له‌گه‌ڵ دایكیان، سه‌ر و جانتا به دوای خۆیاندا ڕاده‌كێشن و چاو ده‌گێڕن، هه‌ناسه‌یه‌كی فێنك هه‌موو گیان و جه‌سته‌م ده‌ته‌نێ، ده‌گه‌شێمه‌وه و خۆشیی ده‌ڕژێته چاوم، ئاخر نزیكه‌ی پێنج مانگه نه‌مبینیون. ده‌ستم به‌رز ده‌كه‌مه‌وه و بانگی دایكیان ده‌كه‌م، منداڵه‌كان پێش دایكیان وه‌ك هه‌نگ لێم ده‌ئاڵێن، قه‌یرێك باوه‌ش و ماچ و مووچ. سواری پاس ده‌بین و ملی ڕێی چوونه‌وه ماڵ ده‌گرین. نه‌خه‌وتنی شه‌وی پێشتر كه خه‌ریكی خۆكۆكردنه‌وه بوونه، ماندوویه‌تی و شه‌كه‌تیی ڕێ، وای لێ كردوون هه‌ر كه ده‌گه‌نه شوقه، جانتاكانیان له‌ناو هۆڵه‌كه فڕێ ده‌ده‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان و له سووچێكدا پاڵ ده‌كه‌وێ و خه‌وێكی قووڵ ده‌یانباته‌وه. به سه‌عاتێك زیاتر، یان كه‌متر، پێش بانگی ئێواره (به‌ربانگ)، بێداریان ده‌كه‌مه‌وه و به‌یه‌كه‌وه ده‌چین له چێشتخانه‌یه‌ك نان ده‌خۆین، پیاسه‌یه‌كی كورت ده‌كه‌ین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌وه و یه‌كه‌م شه‌ومان به‌سه‌ر جه‌ژندا ده‌كه‌ینه‌وه.
پێش هاتنیان، خه‌یاڵی خواردنی به‌یانیی جه‌ژن له كه‌له‌ی دابووم، بۆیه زووتر ئه‌وه‌ی پێویست بوو، ئاماده‌م كردبوو، ئیتر هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ به‌یانییه‌كه‌ی، به‌سه‌ر سفره‌یه‌كی ئاوه‌داندا ڕۆژه‌كه‌ی كردینه‌وه و ڕۆژانی ئه‌م جه‌ژنه‌مان به گه‌شت و گه‌ڕان، زۆر خۆش گوزه‌راند.
منداڵه‌كان له یه‌كه‌م ڕۆژیانه‌وه تا دوا ڕۆژی ته‌واوبوونی پشووی هاوین و گه‌ڕانه‌وه‌یان، دڵخۆشیی خۆیان نه‌شارده‌وه، به‌ڵام هه‌فته‌یه‌ك، یان كه‌مێك زیاتر تێپه‌ڕی، دایكیان خه‌ریك بوو دڵی ده‌گوشرا، چونكه له‌و كه‌شه ڕانه‌هاتبوو، نه دراوسێكه‌ی ته‌نیشتی ده‌ناسێ، نه له كاته‌كانی ته‌نیایی و بێزاریدا وه‌ك هه‌ولێر، ده‌توانێ بچێته سه‌ردانی خوشكێك، یان ده‌سته‌خوشكێكی سه‌رده‌می زانكۆی، نه ماڵه‌كه‌ی به میوان ئاوه‌دان و گه‌رمه، به‌ڵام دواتر ڕاهات، به‌تایبه‌تی كه هه‌رزوو كارتی هاتوچۆی میترۆ و پاس و سه‌ر و سیمكارتێكی مۆبایلم بۆ دابین كردن و كه‌م و زۆر ئاشنای گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و پارك و مۆڵ و ماركێته‌كانی ئه‌و ناوه و بازاڕكردن بوون، ئیتر پێویستیان به من نه‌ما. ده‌بوو هه‌رواش بێت، چونكه به‌هۆی ده‌وامه‌وه، نه‌مده‌توانی هه‌موو كات به دوایانه‌وه بم، بۆیه ده‌بوو پشت به خۆیان ببه‌ستن، ئیتر هه‌روایش كه‌وته‌وه، زۆری نه‌برد و له من بێ منه‌ت بوون.
*****
چ شووره‌یییه عێراقی بیت!
گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌كانی ڕیفراندۆمه، هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانمان له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی ئیستانبوڵ (به ترس و پارێزه‌وه، له گۆكردنی وشه‌یه‌ك كه گه‌ده‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكپارتی بترشێنێ!) ده‌خه‌ینه گه‌ڕ، شه‌و و ڕۆژ ده‌خه‌ینه سه‌ر یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ڕا و بۆچوونی یار و نه‌یاری پرۆسه‌كه، له شه‌قامی توركیا به گشتی و باكوری كوردستان به‌تایبه‌تی بخه‌ینه به‌رچاوی خوێنه‌رانمان. بۆیه ئه‌م بابه‌ته‌م هێنایه‌وه به‌رباس، چونكه ئێسته‌یش نه‌مزانی ئه‌و هه‌موو زله ڕووناكبیر، قه‌به تیۆریسێن، نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاره زه‌به‌لاحه‌ی زۆنی ڕه‌نگاڵه‌یی كه له سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه و گۆڤار و پشت مایكی ڕادیۆ و سه‌ر شاشه به‌ناو ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن و هاوسه‌نگه‌كانه‌وه، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك و به‌رمه‌بنای چ فاكت و ئه‌رگۆمێنتێك، مۆری ڕیفراندۆمه‌كه‌ی (ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌یان) به ناوچاوانی ئه‌و پرۆسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه نا؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی ناشزانم، ئه‌و بابایانه بۆچی و له‌به‌رچی، تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش به لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ شكۆی خۆیان و ئاوی ڕووخساریان، كه گریمانه نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به فاكت و ئه‌رگۆمێنت به خه‌ڵكیان فرۆشته‌وه، لنگه‌وقووچ و بێ بنه‌ما و درۆ و ده‌له‌سه ده‌رچوون، داوای لێبوردنێكیان له خوێنه‌ر و بیسه‌ر و بینه‌ره‌كانیان نه‌كرد؟ ئه‌وه چ مۆراڵێكه به ناوی فیكر و تێز و شرۆڤه‌كاری (كه بنه‌ما و سه‌رچاوه‌كه‌یان ڕقی سیاسی، كینه‌ی ئایدیۆلۆجی و دڵڕه‌شیی مێژوویییه)، خۆڵ بكه‌یته چاوی خه‌ڵك و هۆشیارییان كوێر بكه‌یت، كه‌چی وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچیت و خۆت له به‌رپرسیارێتیی نووسین بدزیته‌وه؟
ماڵه‌وه دامه‌زران و كه‌وتنه سه‌ر سكه‌ی ژیانی ئاسایی خۆیان، ئیتر ده‌بوو تا واده‌ی ڤیزه‌كانیان به‌سه‌ر نه‌چووه، مشوورێك له ئیقامه‌كه‌یان بخۆم. له ڕێی كۆمپانیایه‌كه‌وه مامه‌ڵه‌كانیانم ده‌ست پێ كرد، لای خۆشمه‌وه ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به كاری دادگا و ئه‌منیه‌ت و نۆته‌ره‌وه هه‌بوو، ته‌واوم كردن. ڕۆژی چاوپێكه‌تنه‌كه‌یان هات، شتێك كه كۆمپانیاكه له بیری كردبوو، وه‌رگێڕانی ناسنامه‌كان، ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی، گرێبه‌ستی هاوسه‌ریی و بڕوانامه‌ی له‌دایكبوونی منداڵه‌كان بوو، بۆیه ڕیسه‌كه‌مان لێ بووه‌وه به خوری. بۆ ڕۆژی دواتر هه‌موو ئه‌و كاره یاسایییانه‌یشم له نۆته‌ر ته‌واو كردن، ئیتر بۆ په‌سندكردن و پشتڕاستكردنه‌وه‌یان، ده‌بوو به‌ڵگه‌كان ببه‌مه كونسوڵگه‌ی عێراق و پارێزگای ئیستانبوڵ.
له‌و توركیایه كه نه‌ك هاووڵاتیی ئه‌وێ نیت، به‌ڵكو وه‌ك هه‌موو كورد میوانێكی ڕه‌زا قورسیت، كه‌چی كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كاری یاسایی، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر كاره‌كانت ئه‌گه‌ر به‌بێ كه‌موكوڕی بن، ڕایی ده‌كرێن. له نۆته‌ر، دادگا، ئه‌منیه‌ت و ئیقامه، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر، بلیتێكم ده‌بڕی و چاوه‌ڕێی هاتنی ژماره و نۆره‌كه‌م ده‌بووم، ئیتر كه نۆره‌م ده‌هات، خوای ده‌كرد دوو سه‌عات له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌مامه‌وه، هه‌تا ورده‌كاریی مامه‌ڵه‌كان ته‌واو ده‌بوون، كه‌سی تر نه‌ده‌هات به‌سه‌ر كات و كارته‌وه، كه‌چی له‌و كونسوڵگه‌یه‌ی عێراقی هیوا و ئاشتی، ئه‌و عێراقه شوومه‌ی دوای ڕووخاندنی سه‌دام تڕه‌كه‌ڵه‌ك بوو و كورد خۆبه‌خشانه چوو قیتی كرده‌وه، ئه‌و عێراقه‌ی به ده‌ستووری نووسراو, فیدڕاڵییه و به پراكتیكی ناوه‌ندی و كه‌ڵه‌گا، هه‌زار ده‌ستی ده‌ستیم پێ كرا، نه‌ك هه‌ر به من، به‌ڵكو به هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی ڕێیان ده‌كه‌وته ئه‌وێ.
لای نووسینگه‌یه‌كی یاسایی، به‌ڵگه‌نامه‌كانم وه‌رگێڕانه سه‌ر زمانی توركی و ئینگلیزی، دوای په‌سندكرنیان له تۆمه‌ر، به‌یانیی ڕۆژی دواتر چوومه كونسوڵگه‌ی عێراق كه له (شیشلی)یه و یه‌ك وێستگه‌ی میترۆ له ماڵه‌كه‌م دوور بوو. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم یه‌كه‌م كه‌س، به‌ڵام سێ یان چواره‌م كه‌س بووم گه‌یشتمه ئه‌وێ، هه‌تا ده‌وام كرایه‌وه، به‌رده‌رگه‌كه جمه‌ی ده‌هات. ده‌وام كرایه‌وه و به قه‌ره‌په‌ستانێ خۆم به پرسگه‌دا كرد، مۆبایلیان لێ وه‌رگرتم و چوومه ژووره‌وه، له ئامێره‌كه‌ی ده‌روازه‌ی هۆڵه‌كه بلیتێكم ڕ‌اكێشا ژماره (٦)ی به‌سه‌ره‌وه بوو، ئیتر هه‌ر به حیسابی سیسته‌می فه‌رمانگه‌كانی توركیا، چاوم له‌سه‌ر شاشه‌كه‌یه و گوێشم بۆ ده‌نگی مایكرۆفۆنه‌كه ڕاگرتووه، كه‌چی ژماره بیستیش ڕۆیشت، شه‌شه‌كه‌ی من هه‌ر نه‌بوو، ئه‌مه و چش له‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی به به‌رده‌م هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه بوو، كه‌ربازاڕییه‌ك بوو نه‌بێته‌وه.
زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كان به واسته كاری خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ڕێ ده‌كرد، بۆیه یه‌ك دووجار گوێم له ده‌مه‌قاڵێ و به‌یه‌كدا ته‌قینه‌وه بوو. دۆخه‌كه هێور بووه‌وه، منیش چونكه ژماره‌كه‌م له‌سه‌ر شاشه‌كه ده‌رنه‌كه‌وت و ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌م ده‌بینی، گه‌یشتبووه لووتم. ئیتر خۆم له‌ناو قه‌ره‌باڵغییه‌كه سمی و به‌رده‌می په‌نجه‌ره‌یه‌كم گرت، به‌ڕێزه‌وه سڵاوێكم له فه‌رمانبه‌ره مڕ و مۆچه‌كه كرد و مامه‌ڵه‌كانم دایه ده‌ست، هه‌ر به مه‌به‌ست و به ده‌ستی ئه‌نقه‌ستیش، به عه‌ره‌بییه‌كی شڕ و شه‌ق قسه‌م كرد، كابرا كه پێش ئه‌وكات له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر ده‌مه‌قاڵه‌ی بوو، ده‌یویست تووڕه‌یییه‌كه‌ی له من به‌تاڵ بكاته‌وه، بۆیه دوای هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی مامه‌ڵه‌كه‌م و یه‌ك دوو پرسیار، به بێڕێزییه‌وه گوتی "ما تحلوا عنا انتو الاكراد.. ماحد یفهم منكم، تریدون الانفصال و تجون نمشی معاملاتكم. دروحوا لدولتكم اللی ناوون تبنوها و دبروا حالكم”.
به‌و قسانه‌ی چاوه‌كانم په‌ڕینه پشتی سه‌رم، بۆیه به عه‌ره‌بییه‌ك كه وشه وشه وه‌ك تیغ بچن به جه‌رگیدا، هه‌رچی هاته سه‌رده‌مم نه‌مگێڕایه‌وه، پێیشیم گوت : "لا تاكل هم, راح ی‌جی یوم نحل عنكم و ننفصل, و راح نلعن العراق و ابو اللی جبرنا ان نكون عراقیین”. ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر قوڕه‌كه‌م خه‌ستتر كرده‌وه و به‌به‌ر یه‌كدا چووین، تا یه‌ك دوو فه‌رمانبه‌ر كه‌وتنه نێوانمان كه یه‌كێكیان كورد ده‌رچوو، به‌ڵام كوردییه‌كه‌ی دووكه‌ڵی ده‌كرد. ئه‌و ڕۆژه هیچم به هیچ نه‌كرد، ڕۆژی دواتر چوومه‌وه و مامه‌ڵه‌كانیان لێ وه‌رگرتم و گوتیان سێ ڕۆژی تر وه‌ره. دوای ئه‌و ماوه‌یه چووم و له‌سه‌ر ڕێی خۆم بردنمه بینای پارێزگا و له‌وێش په‌سه‌ند و پشتڕاستم كردنه‌وه و چووم دانمه‌وه ده‌ست دوو فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی ئیقامه و دوای كه‌متر له دوو هه‌فته، په‌ته‌ته (فه‌رمانگه‌ی پۆسته) به ئێس ئێم ئێسێك ئاگاداریان كردمه‌وه كه ئیقامه‌كان ده‌رچوون، ڕۆژی دوای ئه‌وه، كارمه‌ندی په‌ته‌ته به ڕێزه‌وه له ده‌رگه‌ی دا و ئیقامه‌كانمان وه‌رگرتنه‌وه، كه بۆ ماوه‌ی ساڵێك بوو.
به‌هه‌رحاڵ، تا له وڵاتانی ده‌ره‌وه كارێكت نه‌كه‌وێته باڵوێزخانه و كونسوڵگه‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی كه ده‌زانن كوردیت، نازانی كه له چاوی عێراقی عرووبه‌دا، كورد هاووڵاتی پله ده‌ش نییه. ئه‌وكاته‌ی بۆ نووسراوێك، پشتگیرییه‌ك، واژوویه‌ك، حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی لێی ده‌ژیت، ڕه‌وانی باڵوێزخانه، یان كونسوڵگه‌ی عێراقت ده‌كات، ئه‌وده‌م ده‌زانی ئه‌گه‌ر كوردێك شانازی به عێراقیبوون و عێراقچێتییه‌وه بكات، چه‌ند سووك و چرووكه. هه‌ر به رژدی شه‌رم و شووره‌یییه‌كی گه‌وره‌یه كورد شانازی به عێراقه‌وه بكات، ئینجا له‌وانه‌ش سووكتر، ئه‌و كوردانه‌ن كه به بۆنه و به‌بێ بۆنه، ده‌هۆڵی عێراقچێتی ده‌كوتن.
خوێنه‌ر ئازاده هه‌رچۆنێك لێكی ده‌داته‌وه، به‌ڵام هه‌زار خۆزگه به ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تێكی كوردی ده‌خوازم، با دیكتاتۆریش بێت، ته‌نیا كارم نه‌كه‌وێته به‌رده‌گه‌ی كونسوڵگه‌ی عێراق و به‌رده‌ستی عه‌ره‌بی ناكه‌س به‌چه‌ی شۆڤینی كه هێشتا وه‌ك مه‌والی و سواڵكه‌ری به‌ر ده‌رگه‌ی خۆیان، سه‌یری كورد ده‌كه‌ن.
*****
به بارانتان ده‌سپێرم!
هیچ هێزێكی مرۆیی و ته‌كنه‌لۆجی، ته‌نانه‌ت چه‌نده‌ش زه‌به‌لاح و پێشكه‌وتوو بێت، ده‌ره‌قه‌تی هێزی سروشت و كاره‌ساته‌كانی نایه‌ت. به درێژایی مێژوو تا ئه‌مڕۆ، مرۆڤ ته‌نیا توانیویه‌تی زیانه‌كانی دوای كاره‌ساتی سروشتیی كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیوه، وێناچێ ئاوا زووش بتوانێ به‌ر به ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساتانه بگرێت و مرۆڤ له مه‌ترسییه‌كانی بپارێزێت.
به كورتی، نه ده‌توانرێ ڕێ له هه‌ڵكردنی ڕه‌شه‌با و باهۆز، ڕوودانی تۆفان و لافاو، ته‌قینه‌وه‌ی گڕكان بگیڕێ، نه له كاتی ڕوودانیشیاندا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان ئاسانه. ئه‌وه بۆیه كاتێ ئه‌و كاره‌ساته سروشتییانه ڕوو له وڵاتان ده‌كه‌ن و زیانی زۆری گیانی و دارایی‌یان لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كه‌س یه‌خه‌ی حكوومه‌ت ناگرێ. كه‌چی له كوردستان كه ساڵی جارێك به هۆی زۆری ڕێژه‌ی بارانبارینه‌وه له شار و شارۆكه‌یه‌ك لافاوێك هه‌ڵده‌ستێ و زیانێكی سنوورداری گیانی و دارایی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئیتر هه‌ر كێ ده‌می ده‌كاته‌وه، به دار و به‌ردی وڵات و حكوومه‌تدا دێته‌خوار. باشه ئه‌ی ئه‌گه‌ر گه‌رده‌لوول و باهۆزێكی وێرانكه‌ری وه‌ك ئه‌وه‌ی (ئێرما) كه مانگی ئه‌یلوولی ٢٠١٧ له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی هه‌ڵی كرد و ئه‌مه‌ریكا و كوبا و ناوچه‌ی كاریبیی كرده ئامانج، له كوردستان بدات، ده‌بێ خه‌ڵك به‌تایبه‌تی ده‌مگه‌رمه‌كانیان، ئه‌وانه‌ی به بازرگانیكردن به هه‌ستی هاووڵاتییان و قوربانییه‌كانیان ڕاهاتوون، چ قیامه‌تێك به‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم بێنن؟.
له‌و ئیستانبوڵه كه به‌هۆی كه‌شوهه‌واكه‌یه‌وه، چوار وه‌رزه و له‌ناویشیاندا له هاویندا له پڕ باران و ته‌رزه‌یه‌ك داده‌كات نه‌بێته‌وه. لافاو شه‌پۆل و فواره ده‌كات، شه‌قام و تونێڵ و ژێر پرده‌كان له ئاو ده‌پنگێنه‌وه، له زۆر شوێن جووڵه‌ی هاتوچۆ په‌كی ده‌كه‌وێت، زۆرجار زیانی گیانی و دارایشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه هێزی سروشته، چی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟
قرچه‌ی گه‌رمای مانگی ئابه، ئازیزێكم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی دێته ئیستانبوڵ و ده‌بێ بچم له فڕۆكه‌خانه پێشوازییان لێ بكه‌م، باشترین و كورتترین ڕێیش بمگه‌یه‌نیته فڕۆكه‌خانه، میترۆیه، كه‌چی ڕۆژی پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ن، به درێژایی ڕۆژ و شه‌وه‌كه‌ی، باران و ته‌زره‌بارینێك بوو نه‌بێته‌وه. زۆربه‌ی شه‌قامه‌كان سه‌رڕێژبوون له ئاو (ڕه‌نگه به‌شێكتان دیمه‌نه‌كانی لافاوه‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نكه‌ره‌شتان بینیبێت كه چۆن له هه‌ندێ شوێندا دار و دیوار و دووكان و ئۆتۆمبێل له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاپێچ ده‌كات)، ڕێژه‌ی بارینه‌كه به جۆرێك بوو، هه‌موو هێڵه‌كانی میترۆ په‌كیان كه‌وت، تا ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌بوو له ژێرزه‌وینه‌كانی میترۆ، بۆ جوانی و یادگاری، فۆتۆی سێلڤی و ڤیدیۆی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و تاڤگانه ده‌گرت، كه باران دروستی كردبوون و به پلیكانه ئاسایی و كاره‌بایییه‌كاندا خوڕه و هاژه‌یان ده‌هات. زۆربه‌ی شه‌قامه‌كان سه‌رڕێژبوون له ئاو، تا ئه‌وه‌ی له به‌شێكیاندا هاتوچۆ په‌كی كه‌وت، كه‌چی كاردانه‌وه‌كانی شه‌قام، ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیش، نه‌ك هه‌ر ئاسایی بوون، به‌ڵكو بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه، كۆمه‌كی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تیش ده‌كه‌ن.
ده‌توانن له‌و شانده هونه‌رییه‌ی باشووری كوردستان بپرسن كه دوای به‌شدارییان له فێستیڤاڵی كولتووریی نه‌ته‌وه‌كان له كرواتیا گه‌ڕابوونه‌وه و له گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و شه‌قامی ئیستیقلال پیاسه‌یان ده‌كرد، چۆن له‌به‌ر تینی گه‌رما، هه‌ریه‌كه و شه‌بقه‌یه‌كیان له‌سه‌ر بوو، كه‌چی له پڕ ڕێژنه و گێژه‌نی ته‌زره‌بارینێك، ئه‌و بازاڕ و گۆڕه‌پانه‌ی له خه‌ڵك كرده كونه‌مشك و ئه‌و ناوه‌ی سه‌رتاپا كرده ده‌ریاچه و لافاو!
*****
نمه‌كزانیی
هێشتا زۆر وێستگه‌ی تر له‌و یاداشتانه‌دا (كه ته‌نیا سه‌رنجی ڕۆژنامه‌نووسین) ماون، به‌ڵام دوای 20 ئه‌ڵقه، كاتی ئه‌وه هاتووه، نووسینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و گرته و دیمه‌نانه‌ی ماون بۆ شوێنكاتێكی تر هه‌ڵبگرین.
مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌دا كاری كردبێت و بكا، ده‌نا كه‌م كه‌س ده‌زانن ته‌رخانكردنی لاپه‌ڕه‌یه‌كی هه‌فتانه بۆ نووسینێك، نووسه‌ره‌كه ده‌خاته به‌رده‌م چ به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك. له‌وه‌ش گرنگتر، پێدانی ئه‌و پانتایییه فراوان و به‌رده‌وامه به نووسینێك، چ ڕێز و قه‌درزانینێكه كه ستافی ڕۆژنامه‌كه له نووسه‌ره‌كه‌ی ده‌نێن. بۆیه له دڵه‌وه سوپاسی هاوڕێ و هاوكارانم له هه‌فته‌نامه‌ی (وشه)، به‌تایبه‌تی كاك (سه‌رباز ساڵح)ی سه‌نووسه‌ر ده‌كه‌م كه بۆ ماوه‌ی 20 هه‌فته به دوای یه‌كتر، دڵاوا و پشوودرێژ، حه‌وسه‌ڵه‌ی درێژدادڕیی نووسینه‌كه‌یان هه‌بوو و لاپه‌ڕه‌یه‌كیان (كه ده‌كرا زۆر ده‌نگ و ڕه‌نگ و قه‌ڵه‌می تریش لێی به‌رخورد بن) بۆ ئه‌و یاداشت و سه‌رنجانه‌م ته‌رخان كرد.
هاوكات سوپاسی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش ده‌كه‌م كه كاتی خۆیان بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ڵقه دوای ئه‌ڵقه‌ی ئه‌م یاداشتانه ته‌رخان كرد (چ له هه‌فته‌نامه‌كه، یان له ماڵپه‌ڕ) و دوای خوێندنه‌وه‌یشیان، له ڕێی ئیمه‌یل و ته‌له‌فۆن و ئێس ئێم ئێسه‌وه، وێڕای ده‌ستخۆشی و ستایش، ڕه‌خنه و سه‌رنج و بۆچوونی خۆیانیان پێ ڕاگه‌یاندووم كه ئه‌وه بۆ من گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه.