هەوە کریڤێن ڕی سوورێن مە نە!

AM:10:02:15/08/2018 ‌
لە ساڵوەگەڕی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدیدا

نووری بێخاڵی

گرفتی سەرەکیی ئێمەی کورد لەوێدایە کە ناتوانین، یان لە بنەڕەتدا نامانەوێ کارەسات و تراجیدیاکانمان وەک کەرەستەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شوناس بەکار بێنین، بەڵکو هەمیشە ئەو کارەسات و تراجیدیایانە دەکەینە بۆنەیەک بۆ لاواندنەوە و خۆ بە ستەملێکراو و دەستەپاچە نمایشکردن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی سۆز و بەزەیی ئەوانی تر. لە کاتێکدا خەڵکی تر تراجیدیاکانیان کردووەتە بناغەی خۆشوناسکردنەوە و گەشەپێدان، لەو ناوەدا (جوو و شیعەکان) نزیکترین نموونەی ئەو ڕاستییەن.

کیمیاباران، ئەنفال و تراجیدیای جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان و زۆر کارەساتی تر، ساڵانە دەکرێنە بۆنەی ناڵە و نووزانەوە، تا ئاستی سواڵ. لە کاتێکدا دەکرێ ئەم کارەساتانە لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەیاندا، بکرێنە بناغەیەکی پتەوی خۆشوناسکردنەوە وەک کورد، وەک چەکی هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی، وەک هەوێنی دامەزراندنی دەوڵەت، وەک قەڵا و قەڵغانی دووبارە بە ئامانج نەکردنەوە و لەناوبردنمان. 

ئەم خۆشوناسکردنەوەیە نەک تەنیا لە ئاستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، بەڵکو پێویستە لە ئاستە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکەیشیدا کاری لەسەر بکرێ. ئەمەش وەک پڕۆژەیەک بۆ هەڵتەکاندنی ئەتمۆسفیری نەخۆش و سەقەتی هۆیاری و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان. بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر نەشێوێنم، هەوڵ دەدەم بە سادەیی پرسی بە کەنیزەک بردن و سەبی کردنی کچ و ژنە ڕووسوورەکانی ئێزیدی لەلایەن چەتە و تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و کاردانەوەی کۆمەڵگەی ئاینی و کۆمەڵایەتیی ئێزیدییەکان بخەمە بەرباس.

کچ و ژن شەرەف و نامووسی هیچ پیاوێک نین، بەڵکو شەرەف و نامووسی خۆیانن، ئاخر هەر ئەم تێگەیشتنە نەخۆش و دنیابینییە کۆمەڵایەتییە سەقەتە و پێوەندییە پیاوسالارییە کوشندەیەیە کە دوژمن و نەیارانمان کردوویانەتە کارت و چەکی شکاندنی ئێمە لە ناوەوەماندا. بە مانایەکی تر، کاتێ دوژمن و نەیارەکانمان کچ و ژنەکانمان دەکەنە ئامانج، زۆر باش لەو سایکۆلۆجیایەی ئێمە تێگەیشتوون کە بەهۆیەوە رادەست دەبین، بۆیە هەمیشە و لە هەموو پڕۆژە دوژمنکارییەکانیان بۆ سەرمان، ئەم پرسە دیوێکی گرنگ و سەرەکی کار و پلانی ئەوان بووە.

پیاوی کورد بە لایەوە ئاسایییە دایک، هاوسەر، کچ و خوشکەکانی بکوژرێن، تەنیا گوێبیستی ئەوە نەبێت کە لەلایەن دوژمنەکانیەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ئەمە نەک هەر بۆ ئاستە گشتی و سادە و ساویلکەکەی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو بۆ دەستەبژێرە سیاسی و ڕووناکبیرەکەیشی هەر ڕاستە، بۆیە کاتێ مەترسیی هەڕەشە و هێرشێکی دوژمنان دێتە پێش، هەمووان بیر لەوە دەکەینەوە چۆن دایک و خوشک و کچ و هاوسەرەکانمان بپارێزین و دووریان بخەینەوە، کە ئەمەیان خاڵی لاوازی ئێمەیە و دوژمنان بەردەوام قۆستوویانەتەوە.

دەی، بە درێژایی دەیان ساڵ شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیمان لە باشووری کوردستان، بە کۆی حزبەکان، لە چەپیانەوە تا ڕاست، چەند کچ و ژن لە ڕیزی ڕێکخستنە نهێنییەکانیان، یان کەم و زۆر لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیاندا هەبووە و کەوتوونەتە دەستی دوژمن و زیندانی کراون، کەچی هەمیشە چ شۆڕش و چ خێزان و کەسوکاری ئەو کچ و ژنانە شوکرانەبژێری لەسێدارەدان و گولەبارانکردنی کچ و ژنەکانیان بوون، تەنیا ناوی ئەوەیان نەکەوێتە سەر کە لە گرتووخانەکاندا دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ئەمە ئەگەر بەشێکی پێوەندی بە سایکۆلۆجیای پیاوی کوردەوە هەبێت، ئەوا بەشی هەر زۆری پێوەندیی بەو هۆشیارییە سەقەت و کۆنەستە ئیفلیجەی کوردەواری، لە سەروویشیانەوە بەو نەبوونی گیانی لێبوردەیییەی ناو ژیانی کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. 

ئەوە بۆیە زۆرترینی ئەو کچ و ژنانەی لەپێناو خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە پای تێکۆشانی سیاسی و ئازادیخوازی کەوتوونەتە گرتووخانەکان و دواتر بە هەر هۆکاریک بووبێت، ئازاد کراون، بوێری ئەوەیان نەبووە ئەو بەشەی ژیانیان یاداشت بکەن، تەنانەت کچ و ژنە دەستەبژێرەکانیش نەیانوێراوە خۆیان لە قەرەی نووسینەوەی وردەکاریی سەرگوزەشتە و ئەزموونی تاڵی ئەو ژیانەیان بدەن. ئەمە بۆ خۆی خەوش و کێماسییە، کۆمەڵگە بە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لێی بەرپرسیارە و بۆ هەمیشەش هەلێکە بە دەستی دوژمن و نەیارانمانەوە کە بیکەنە چەکی مل پێ کەچکردنمان. 

لەم ڕوانگەیەوە، کاتێ تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەک کوردی ڕەسەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر کچ و ژنانی ئێزیدی، وەک کەنیزە و سەبی لە بازاڕەکاندا مامەڵەیان پێوە دەکەن، دەزانن چییان دەوێ و بۆ وا دەکەن. ڕوونتر بڵێین، زۆر بە وردی کاریان لەسەر ئەو پاشخان و ئەتمۆسفیرەی کۆمەڵگەی ئێمە، وەک کۆمەڵگەیەکی نەریتگەرا و باوەڕسالار کردووە و بە دیقەتەوە کار لەسەر ئەو ژێ هەستیار و کۆنەستە بریندارەی کۆمەڵگەی ئێمە دەکەن.

بۆچی کچ و ژنی ئێمە کە لە گرتووخانەکانی بەعس ئازاد دەکرێن، ناتوانن ڕاستگۆیانە خۆیان بنووسنەوە (بە دەستەبژێرەکەشیانەوە)؟ ئایا بۆ لەبیربردنەوەی ئازارەکانیانە، یان لەبەر هەڵوێست و پەرچەکرداری کۆمەڵگە و دەوروبەریان؟ ئەی ئەگەر ڕاستگۆیانە ئەو ئەزموونانەیان بگێڕنەوە و بنووسنەوە، هەڵوێستی خێزانەکانیان و کۆمەڵگە چی دەبێت؟ ئەمانە و زۆری تر، ئەو پرسیارە گرنگانەن کە دەبێ لە باری سایکۆ - سۆسیۆلۆجییەوە کاری رژد و لێکۆڵینەوەی وردی لەبارەوە بکرێت.

کاتێک دوای ئازادکردنیان لە دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، کچان و ژنانی ئێزیدی چیرۆکی برینەکانیان بەبێ هیچ سانسۆر و پەردەیەک دەگێڕنەوە.. ئەو دەمەی کوڕێکی ئێزیدی هانی خوشکە بە کەنیزەک براو و بە سەبی کراوەکەی دەدات، خۆی بنووسێتەوە و قەتماخەی هەموو برینەکانی هەڵداتەوە.. کاتێک جڤاتی ڕۆحانیی ئێزیدی داوا لە کۆمەڵگەی ئێزیدی دەکات، وەک پاکیزە، کچ و ژنەکانیان بگرنەوە باوەش.. ئەو دەمەی دەیان گەنجی ئێزیدی، ئەو کچانە مارە دەکەن و لەگەڵیاندا دەچنە ناو ژیانی هاوسەرییەوە. ئەوە بوێریی تێکشکاندنی تابۆ و تەوتەمە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانە، کە ساڵەهای ساڵە وەک خێو، چۆکیان بەسەر سنگی هەمووماندا داوە. 

ئەوە خاڵی دەسپێک و جەوهەری گۆڕانی کۆمەڵایەتییە، گۆڕانێک کە ئەو ئەتمۆسفیرە بۆگەنە لە ڕیشەوە هەڵدەکێشێت. ئەم هەڵوێستەی کەسوکاری کچ و ژنە ئێزیدییەکان، ئەم پەرچەکردارە بوێرانەی کایەی ئاینی ئێزیدی و ڕێبەرە ئاینییەکانیان، ئەو ئازایەتییەی کوڕە گەنجەکانیان، وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا، دەبێ لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنی لەبارەوە بکرێت. هەنگاو و هەڵوێستێکە پێویستە هەموو کۆمەڵگەی کوردی بیکاتە بناغەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە و دەرزی ئاژنکردنی یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خۆی. بیکات بە پەندێک بۆ پێداچوونەوە بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییە سواو و نەخۆشەکانی.

چ ئەو کچ و ژنانە ڕووسوورانەی ئێمە کە لە ڕابردوودا و لەسەر هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و خەباتی سیاسی و ئازادیخوازانەیان، خراونەتە کونجی گرتووخانەکانی دوژمن و داگیرکەر، چ کچ و ژنە ڕووسوورە ئێزیدییەکان، کە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی وەک غەنیمەی جەنگ بە کۆیلەی کردن، ئەگەر هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک درابن، تەنانەت ئەگەر دەستدرێژیشیان کرابێتە سەر، ئەوە بەبێ ویست و ئیرادە و ئارەزووی خۆیان بووە. ڕاستییەکەی ئەوان لەلایەن جەلاد و تیرۆریستان بە پلان کراونەتە ئامانج، ئەوان بە بەرنامە کراونەتە ئامرازی تێکشکاندنی کەسێتی و ئیرادەی پیاوی کورد. 

بە کورتی و بە کوردی، تراجیدیای کچ و ژنانی ئێزیدی، هەروەها هەڵوێستی کەسوکارەکانیان و جڤاتی ڕۆحانی و ئەو گەنجانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵدا کردن، دەبێ بکرێتە سەرەتایەک بۆ سەرلەنوێ خۆشوناسکردنەوەی کورد. تەنانەت دەبێ ئەم کارەسات و ئەو هەڵوێستە ڕاستەقینە مرۆیییەی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکەی، بکرێتە پەند و عیبرەت بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکەی، کە تا ئێستەیش لەژێر مەترسی لەناوبردندایە. 

ئەوەی بەسەر کچ و ژنانی ئێزیدی هێنرا، نە لەکەیە و نە شەرمەزاری، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی دوژمنانی کورد تا ئەم چرکەساتەش دەزانن، گرێکوێرەی ڕاستەقینەی ناو ژیانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کورد چییە، خاڵە لاوازە سایکۆ - سۆسیۆلۆجییەکەی مرۆڤی کورد لە کوێدایە. ئاماژەیە بەوەی هێشتا پاشخانی کولتووری و ئەتمۆسفیری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی ئێمە، کارت و چەکێکی کارایە بە دەستی دوژمن و نەیارانمان کە لە هەر دەرفەتێکدا بتوانن بە هۆیەوە ملمان کەچ بکەن.

دەبێ تراجیدیای کچ و ژنانی ئێزیدی بکرێتە سیمبۆلی شانازی، بکرێتە کەرەستەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیمان، دەبێ بە شانازییەوە و بەیەک دەنگ لە ئاست ئەم برینە قووڵەی کچان و ژنانی ئێزیدیدا بڵێین: هەوە کریڤێن ڕی سۆرێن مە نە!