وا جارێكی تر ساڵێكى نوێ له كایه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیى ئێمه‌دا ده‌ستی پێ كرده‌وه و چه‌ند رۆژێَكه ده‌رگه‌ى په‌یمانگه و زانكۆكان كراونه‌ته‌وه به‌ڕووى ئه‌م نه‌وه نوێیه‌دا، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یش دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یییه‌كانى وڵاتى ئێمه، نه‌وه‌یه‌كى نوێیان له به‌رده‌م ده‌روازه‌كانى ساڵێكى نوێ‌دا به‌بێ گۆڕانكارى و به‌بێ ریفۆرم له‌و بواره‌دا جێ هێشتووه.
ئێمه هه‌میشه به گه‌شبینییه‌وه له‌باره‌ى ئاینده‌ى كایه‌ى خوێندنى میله‌ته‌كه‌مان ده‌دوێین، به‌رده‌وام ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه نه‌وه‌كانمان نه‌وه‌یه‌كى هۆشیار و به‌ئاگا و ژیر و دانان. هیچ گرفتێكیان له بوارى په‌روه‌رده و فێركردن و خوێندندا نییه به‌گشتى و ئه‌گه‌ر هه‌یشیانبێت، ئه‌وا شتێكى ئه‌وتۆ نییه، وه‌لێ له راستیدا ئه‌مه بوونى نییه و ته‌نانه‌ت ئێمه نه‌مانتوانیوه ساده‌ترین گۆڕانكارى و كارئاسانى بۆ نه‌وه‌ى نوێی قوتابخانه و په‌یمانگه و زانكۆكانمان بكه‌ین. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه ئێمه‌ین زۆر بێ باكانه رۆژه‌كان ده‌ده‌ینه ده‌ستى مانگ و مانگه‌كانیش به ساڵه دوور و درێژه‌كان ده‌سپێرین.
ئێمه له به‌رده‌م ده‌روازه‌كانى ساڵێكى نوێداین، جگه له ده‌سته‌وه‌ستان و چاوه‌ڕوانى، شتێكى ئه‌وتۆمان بۆ ئه‌م نه‌وه نوێیه نه‌كردووه، هاوكات ساڵێكى نوێ دێته پێشه‌وه بێ ئه‌وه‌ى توانیبێتمان نه‌وه‌ى نوێ له مه‌ینه‌تییه‌كانى ساڵانى رابردوو رزگار بكه‌ین، بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆگرام و ماده بێ كه‌ڵك و بێ تامانه‌مان بۆ ده‌ستكاری كردبن كه هێنده‌ى تر نه‌وه‌ى نوێى ئێمه‌یان له ره‌وڕه‌وه‌ى شارستانیی تۆراندووه.
ئێمه نه‌مانتوانیوه بچووكترین گۆڕانكارى له‌و پێوه‌ندییه پۆلیسییه‌یشدا بكه‌ین كه له نێوان مامۆستا و قوتابى له سیسته‌مى په‌روه‌رده و فێركردن و له پرۆسه‌ى خوێندنى باڵاماندا ئاماده‌یی هه‌یه. ئێمه ده‌سته‌وه‌ستانین له‌وه‌دا ته‌نانه‌ت كه‌مێك مه‌عریفه‌ى بابه‌تى ببه‌خشینه مامۆستا و فێركاران تا چیتر له‌و بوار و ئه‌ركه‌ی خۆیان كه پێیان سپێردراوه، سه‌ركه‌وتووانه كاره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن و دوو رسته‌ى مه‌عریفى ببه‌خشنه قوتابییه‌كانى به‌رده‌ستیان.
ئێمه له به‌رده‌م ده‌روازه‌كانى ساڵێكى نوێداین، وه‌لێ هێشتا دوو پۆل و دوو ژوورى رێك‌وپێك و شیاو شك نابه‌ین تا قوتابى و نه‌وه‌ى نوێی تێ بئاخنین، بۆیه ئێمه به‌م شپرزه‌یی و په‌رته‌وازه‌یی و په‌رپووتییه‌وه، هه‌موو ساڵێك نه‌وه‌یه‌ك به‌رهه‌م ناهێنین له بوارى په‌روه‌رده و فێركردن و پرۆسه‌ى خوێندن كه نه‌وه‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنه‌ر و كارا و چالاك بێت و بتوانێت به كه‌ڵكى خۆى و میله‌ته‌كه‌ى خۆی بێت، به‌ڵكو هه‌موو ساڵێك نه‌وه‌یه‌كى گرنگ و هه‌ستیار له ده‌ست ده‌ده‌ین و خۆمان ده‌ده‌ینه ده‌ستى قه‌ده‌ر بۆ ساڵێكی تر.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا نه‌وه‌ى نوێ تاوانى نییه، چونكه ئه‌و خوازیاره پێداویستى و گۆڕانكارى و ریفۆرمى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، كه ئه‌مه نه‌كرا و نه‌بوو، ئه‌وكاته ئه‌وان تاوانیان نییه، به‌ڵكو ئه‌و ویژدانه بیماره كه بێ ده‌نگه له به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ى نوێ‌دا.
كامه‌ران عه‌لی