كامه‌ران عه‌لی ئه‌حمه‌د
له راستیدا هۆشیاری ئه‌ندامانی خواره‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان، زۆر له پێشتر و به‌رزتره له هۆشیاری سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر سۆزی ئاینیش پاڵنه‌ری ئه‌و هۆشیارییه بێ، دیسان هه‌ر له تێگه‌یشتن و دركی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان له پێشتره.
ده‌شێ ئاماژه به‌وه بكه‌ین ده‌مێكه ئیسلامییه‌كانی كوردستان له په‌راوێزی گۆڕه‌پانی سیاسیدان، په‌راوێزبوون مانای ئه‌وه نییه له په‌رله‌مان و حكوومه‌تدا نین، په‌راوێزكه‌وتن مانای ئه‌وه‌ش نییه كه بوونیان نییه، په‌راوێزبوون له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا ئه‌وه‌یه دوایین هێز بی د‌رك به هه‌ستیاری قۆناغه‌كه بكه‌ی، په‌راوێزبوون ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه له هه‌ڵبژرادنه‌كانی 2005ه‌وه و پاش چه‌ند هه‌ڵبژاردنێك نه‌توانی نه‌ك به‌ته‌نیا هێزێك، به‌ڵكو به سێ هێز ببیته هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه و فراكسیۆنێك له پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومیدا و نه‌توانی به مانای وشه به‌شدار بی له حكوومه‌تدا.
ده‌شێ ئه‌و پرسیاره پێشوه‌خت بكه‌ین، ئاخۆ ئیسلامییه‌كان ده‌توانن جارێ پێكه‌وه كار بكه‌ن، تا باسی یه‌كگرتن بكرێ؟ ئایا ئه‌گه‌ر ده‌توانن بۆ تا ئێسته نه‌یانكردووه؟ یاخۆ رێگره‌كانی ئه‌و كاركردنه هاوبه‌شه چییه؟ ئایا له‌مپه‌ری كه‌سیی و ده‌روونییه یان بابه‌تیی؟ وه‌ك پرسیاری ئیحراجكه‌ر بۆ ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه ئێوه ده‌توانن له‌گه‌ڵ زه‌حمه‌تكێشان و سۆسیالیست به لیستی به‌هاوبه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، ئه‌ی خێره ناتوانن سێ حزبی ئیسلامی یان لانیكه‌م دوو حزبی ئیسلامی پێكه‌وه له لیستێكدا بچنه كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌وه؟
له راستیدا ئیسلامییه‌كان وه‌ڵامیان بۆ ئه‌م پرسیاره پێ نییه، جگه له ئیحراجبوون له ئاستی ئه‌ندامانی خواره‌وه و هه‌وادار و لایه‌نگرانیان. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده ناكۆكییه سیاسییه‌كان و هێنده جیاوازییه فیكرییه‌كان قووڵن، كاریگه‌ریی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی پانتایییهكانی نزیكبوونهوهكه كه‌متر بكه‌نه‌وه، ته‌نیا به سه‌رنجدانێكی سۆسیال میدیا و ئه‌كاونت و په‌یجه‌كانی ئیسلامییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ئه‌وانن ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه له كاتی ره‌خنه‌گرتن و رووداوێكدا چۆن سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك ده‌گرن، بڕوانه چه‌ند توند په‌لاماری یه‌كتر ده‌ده‌ن. ئه‌مه نموونه‌یه‌كی بچووكه له‌چاو جیاوازییه قووڵه فیكری و سیاسییه‌كان.
زۆر دوور نه‌ڕۆین، ئێسته رێگری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵ پێی باشه جارێ ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌نیا له نێوان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوودا بێت، به‌مه‌ش بێت بزووتنه‌وه كه خاوه‌نی پڕۆژه‌كه بوو چه‌ند جار پێشنیازی كرد دهسبهدهر ده‌كرێ له‌م نێوانه‌دا. چونكه كۆمه‌ڵ له ئاكامی ناكۆكی ناو بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوون دروست بووه، كه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئێسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كاتی خۆی ناكۆك بوون. به‌شێكی سه‌ره‌كیی هۆكار و پاساوی كۆمه‌ڵ له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه به بچووك ده‌بینێ له‌ڕووی سیاسییه‌وه و ئاماده نییه خۆی بۆ بچووك بكاته‌وه. بۆیه ناكۆكییه سیاسییه مێژوویییه‌كان رێگری سه‌ره‌كین. هه‌روه‌ك وا ده‌بینرێ كۆمه‌ڵ زیاتر مه‌یلی به‌لای یه‌كگرتندایه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی پێكهێنانی به‌ره‌ی هاوبه‌شدایه له نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه ئیسلامییه‌كه، به‌هه‌مان شێوه بزووتنه‌وه‌یش كێشه‌ی نییه یه‌كگرتن بێت یا به‌ره‌ی هاوبه‌ش. بۆیه له‌م نێوانه‌دا یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو مومكین نییه، چونكه راسته هه‌ردوولا دوو حزبی ئیسلامین، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به‌دوو قوتابخانه‌ی فیكری ئیسلامیی جیان، یه‌كگرتوو به فیكر و بانگه‌واز ده‌چێته‌وه سه‌ر ئیخوان موسلیمین و كۆمه‌ڵ قوتابخانه‌یه‌كی جیهادی شۆڕشگێڕ مه‌شره‌ب، هه‌روه‌ك مه‌حاڵه یه‌كیش بگرن، نه ئه‌ندام و كادرێكی یه‌كگرتوو به‌و نه‌هجه سیاسیی و عه‌قیده‌یی و فیكرییه‌ی كۆمه‌ڵ په‌روه‌رده ببێت و نه ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵیش ده‌چنه ژێرباری نه‌هجی ئیخوانیی یه‌كگرتووه‌وه.
ئه‌مه ساده‌ترین جیاوازی بوو، بۆیه پڕۆژه‌ی یه‌كگرتن پڕۆژه‌یه‌كی فاشیله وه‌ك پڕۆژه شكستخواردووه بێ زه‌وینه بابه‌تیی و واقیعییه‌كه‌ی نێوان بزووتنه‌وه و نه‌هزه كاتی خۆی، هه‌رچه‌نده هه‌ردوولا له‌ڕووی بانگه‌واز و فیكر و عه‌قیده‌وه زۆر نزیك بوون له یه‌ك و تا ئاستێك له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی ئیسلامیی بوون كه تا ئێسته‌یش شوێنه‌واری ماون و كاریگه‌رییان هه‌یه. با له‌وه‌ش بگه‌ڕێین ده‌یان كادر و سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌ب سیاسیی هه‌ن له‌به‌ر لایه‌نه ده‌روونیی و كه‌سییه‌كان پێیان خۆش نییه، ره‌نگه بگوترێ ئه‌مه وانییه، به‌ڵام كاتی خۆیشی له یه‌كگرتنی بزووتنه‌وه و نه‌هزه‌دا حیساب بۆ ئه‌مه نه‌كرابوو، بۆیه چه‌ندان كادر و سه‌ركردایه‌تی كه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرابوون ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه. بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ پڕۆژه‌ی كاری هاوبه‌شه.
خاڵێكی گرنگ تا ئێسته باسی لێوه ناكرێ، له پرسی یه‌كگرتن و كاری هاوبه‌شی نێوان ئیسلامییه‌كاندا، كه به بڕوای ئێمه ئه‌ویش رێگره و كاریگه‌ریی هه‌یه، پرسی ئه‌و جۆره جه‌مسه‌رگیری و دابه‌شبوونه ناڕاسته‌وخۆ و سه‌ره‌تایییه كه له كوردستان و پاش په‌كخستنی په‌رله‌مان و رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا هاتووه‌ته ئاراوه، ئێمه باوه‌ڕمان وایه له داهاتوودا ئه‌مه به‌ربه‌سته نه‌ك بۆ یه‌كگرتن ئه‌گه‌ر بێته ئاراوه، به‌ڵكو بۆ پڕۆژه‌ی كاری هاوبه‌شیش دروست ده‌كات به ئه‌ندازه‌ی به‌ره‌و پێشچوونی رووداو و پێشهاته سیاسییه‌كان.
روونتر بدوێین به حوكمی نزیكی هێڵی بانگه‌واز و فیكری یه‌كگرتوو له ئیخوان و ئاكه‌په‌ی توركیا و سوننه‌ی جیهانی ئیسلامی، به‌تایبه‌ت كه ئێسته د. عه‌لی قه‌ره‌داغی وه‌ك ئیخوانێكی كورد رابه‌رایه‌تی گوتاره ئیسلامییه سوننهگهراكه له چوارچێوه‌ی پۆستی یه‌كێتیی جیهانی زانایانی مسوڵماندا ده‌كات، یه‌كگرتوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و هێڵه‌دایه به ناسنامه‌ی كوردستانییه‌وه، له هه‌مان هێڵیشدا وه‌ك پڕۆژه‌ی سیاسیی پارتی دیموكراتی كورستان بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ها بوونی قاعیده‌ی حزبی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو له ناوچه‌ی بادینان و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان دیسان یه‌كێكی تر له‌و پاڵنه‌رانه‌یه كه له ئاسته سیاسییه ناوچهیییهكهدا پارتی و یه‌كگرتوو پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه به چاوپۆشین له‌و پرته و بۆڵه و ره‌خنه گرتنه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی یه‌كگرتوو له پارتی و سیاسه‌ته‌كانی.
ئه‌گه‌ر له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌نیا دوو نموونه وه‌بیر بێنینه‌وه، راستی ئه‌م بۆچوونه‌مان لا روون ده‌بێته‌وه، یه‌كه‌م دابه‌شبوونی پارله‌مانتارانی یه‌كگرتوو له دانیشتی دووه‌می په‌رله‌مان له رۆژی 19ی ئابی 2015 بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و تایبه‌ت به پۆسته‌كه‌ی بارزانی، به جۆرێك رێك فیفتی به فیفتی یه‌كگرتوو له‌لایه‌ك ناوچه‌یی (بادینان) و له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌رێمیی (قه‌ته‌ر، توركیا، پارتی، هێڵی وڵاتانی سوننه‌گه‌را) دابه‌ش بوو، (به‌تایبه‌ت پاش هاتنه‌وه‌ی د. عه‌لی قه‌ره‌داغی له قه‌ته‌ره‌وه و بینینى بارزانی و لێدوانه میدیایییه‌كانی و به ئاشكرا پشتیوانی له مانه‌وه‌ی بارزانی، به‌ڵام به‌شێوازێكی دیپلۆماسییانه)، دانیشتنه‌كه په‌ك خرا و پڕۆژه‌یاساكه‌ش یه‌كلا نه‌بووه‌وه، ئیتر ئه‌وه‌ی ئایا یه‌كگرتوو به‌رپرسیار بوو یان نا، ئه‌وه بابه‌تێكی تره‌و پێویستی به شیكردنه‌وه و ئارگومێنتی تر هه‌یه كه ئێره جێگه‌ی باسكردنی نییه.
بۆیه له رابردوودا به‌پێی هه‌ندێ زانیاری له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكیی نێوان پارتی و گۆڕان له پرسی ئه‌دای حكوومه‌ت و ره‌خنه‌گرتن و بیرۆكه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی زۆرینه كرا، له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی پارتی تا ئه‌م دواییه‌ش بۆ دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی له گۆڕان و دیسان پێكهێنانی حكوومه‌تی هاوبه‌ش وه‌ك جاران، به‌ڵام رووداو و پێشهاته جیهانی و هه‌رێمییه‌كان ئه‌و هه‌وڵانه‌یان بێ ئاكام كرد.
ئه‌م دابه‌شبوون و جه‌مسه‌رگیرییه نوێیه كه ئێسته ورده ورده شكڵگیر ده‌بێت، به جۆرێك یه‌كێتی و گۆڕان له‌لایه‌ك و پارتی و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان و ئه‌و پارتانه‌ی تر كه له هه‌ولێرن، به‌م باڵهشهوه كه ناویان له خۆیان ناوه (ناوه‌ندی بڕیار) له‌ناو یه‌كێتی، پێشبینی ده‌كرێ وه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی خۆشیاندا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی پێ دراوه له پارتییه‌وه نزیك بن له داهاتوودا ئه‌گه‌ر هه‌ر جموجوڵێكی تر بكه‌ن به ئاراسته‌ی جیابوونه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ری كاری هاوبه‌شی ئیسلامییه‌كان له نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌دا بێت، یان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له نێوان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووشدا بێته ئاراوه له‌م جه‌مسه‌رگیرییه بێ به‌ش نابێت، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵ به‌حوكمی نزیكی له ئێرانه‌وه و نزیكی له تێڕوانینی سیاسیی یه‌كێتی و گۆڕان له هه‌ندێ بابه‌تی گه‌وره‌ی وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و گۆڕینی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی بۆ پارله‌مانی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه ئاخۆ تا چه‌ند ئیسلامییه‌كان ده‌توانن به‌ربه‌سته خۆیی و ده‌روونی و بابهتییهكان تێپه‌ڕێنن به‌ره‌و پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش، ئاخۆ جیاوازییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌لایه‌ك و ناكۆكییه‌كانی نێوان بزووتنه‌وه و كۆمه‌ڵ له‌لایه‌كی تره‌وه، رێگه به‌م پڕۆژه‌یه ده‌دا یان نا؟ ئایا ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئیسلامی كه چه‌ندان ساڵه خه‌ون به‌پڕۆژه‌ی كاری هاوبه‌شه‌وه ده‌بینن، به‌م خه‌ونه‌یان شاد ده‌بنه‌وه، یان ناهۆشیاریی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان ئه‌م خه‌ونه‌ش له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا له گۆڕ ده‌نێت؟ چونكه وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌ی پێ درا ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی پۆسته سیاسییه باڵاكان و مانه‌وه‌ی ده‌موچاوه كۆنه‌كان له ناوه‌نده‌كانی بڕیارسازی ئیسلامییه‌كاندا، هۆی سه‌ره‌كی نه‌بوونی هۆشیاری سیاسییه بۆ درككردن به هه‌ستیاری قۆناغه‌كه، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده له بورجی عاجه‌وه ده‌ڕواننه خواره‌وه‌ی خۆیان و گۆڕه‌پانی سیاسیی باشووری كوردستان كه هێز و لایه‌نی چه‌پ و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ما له‌یه‌ك نزیك نه‌بنه‌وه، ئینجا تازه به‌تازه و به‌كاوه‌خۆ وه‌خه‌به‌ر دێن، به‌ڵام چۆن وهخهبهرهاتنێك، كه نه له ئاستی گرنگی قۆناغهكهدایه و نه له ئاستی حه‌ماسه‌ت و سۆزی ئاینی ئه‌ندام و لایهنگرهكانیشیاندایه.