عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ڵبژاردنی 30ـی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی كوردستان، توانی 45 كورسی به‌ده‌ست بێنێت و ببێ به گه‌وره‌ترین فڕاكسیۆنی په‌رله‌مانی به دروشمی كوردستانێكی به‌هێز، ده‌نگده‌رانیش له‌ناو كارنامه‌ی ته‌واوی حزبه‌كان، زۆرینه‌یان پارتییان په‌سه‌ند كرد و متمانه‌ی خۆیان به كوردستانێكی به‌هێز دا.
ئێسته حزبه‌كان كه‌وتوونه‌ته گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی وه‌ك هێزی یه‌كه‌م شاندی دانوستاندنی پێكهێناوه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی خواستی به‌شداری حكوومه‌تیان هه‌یه، به‌ڵام پارتی مه‌رجی هه‌یه، نابێت ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت ده‌بن، له پشتگیریی حكوومه‌ت لا بده‌ن و ئه‌زموونی كابینه‌ی هه‌شت دووباره نه‌بێته‌وه كه له نیوه‌ی ڕێ پارتییان به‌جێ هێشت و كاتێك گه‌مارۆی ئابووری و سه‌ربازی و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كوردستان بوو، له‌بری هاوكاری، ئه‌مانیش بوون به دژ و جۆرێكی تری گه‌مارۆ بوون له‌سه‌ر ده‌روونی خه‌ڵك، بۆیه پارتی به‌ته‌نیا شانی خسته ژێربار و نه‌یهێشت ئه‌زموونی كوردستان له‌بار بچێت، ئه‌وه‌تا كوردستان هه‌ستایه‌وه.
ئێسته پارتی كه پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ده‌بێت كار بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له هه‌ڵبژاردن داویه‌تی به هاووڵاتییان، چاوه‌ڕێی كردار له پارتی و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كرێت به‌وه‌ی كوردستان چه‌ند قۆناغێك به‌رێته پێشه‌وه. یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پێگه‌ی كوردستان به‌هێز بكاته‌وه و پێوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كان فراوان بكات و هه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كی هه‌رێم له وڵاتان كه‌مته‌رخه‌مییان هه‌بووه، گۆڕانكاری له ستافه‌كانیان بكرێت و كه‌سانی شاره‌زا و ئه‌كادیمی له شوێنیان دابنرێ. دووه‌م كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕیشه‌كێش بكات و ڕۆتین له ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت نه‌هێڵێت. سێیه‌م بژێوی ژیانی هاووڵاتییان باش بكات.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه به كاندیدكردنی مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، پارتی یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌هێزكردنی كوردستانی ناوه، چونكه بارزانی كوڕ له سه‌رۆكایه‌تیی ده‌زگه‌یه‌كی ته‌ناهیی گرنگ زۆر سه‌ركه‌توو بووه، توانیویه‌تی ئارامی بۆ كوردستان دابین بكات له ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزی گۆی زه‌ویدا و رۆڵێكی باڵای هه‌بووه له كۆتاهێنان به تیرۆرستانی داعش له پاڵ بارزانی باوكدا، هاوكات پێگه‌یه‌كی دیپلۆماسی به‌هێزی هه‌یه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی، كۆ بووه‌وه و مه‌سروور بارزانیی كاندید كرد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دنیا پێشوازی گه‌رم له‌و بڕیاره كرا، هه‌موو لایه‌ك وای ده‌بینن مه‌سروور بارزانی ده‌توانێ پێگه‌ی كوردستان به‌هێز بكات و ژیانێكی شایسته بۆ هاووڵاتییانی ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی.
ته‌واوی ئه‌و حزبانهیشی ده‌یانه‌وێ به‌شداری حكوومه‌ت بكه‌ن، به‌هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و ئه‌و كاندیدانه‌ی ده‌یاننێرنه حكوومه‌ت، گۆڕانكارییان تێدا كرد، چونكه ده‌زانن مه‌سروور بارزانی بنیاتی كوردستانێكی به‌هێز داده‌ڕێژێته‌وه و حوكمڕانییه‌كی نوێ پێڕه‌و ده‌كات و له‌و دۆخه‌یشدا هه‌موو كه‌سێك شیاو نییه بڕواته حكوومه‌ته‌كه‌ی.
ئه‌ركی مه‌سروور بارزانی قورسه
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئێسته به‌و ستافانه‌ی كه هه‌یبوو و زۆرینه‌یان ده‌یان ساڵه له پۆسته‌كانیان نه‌گۆڕاون، هه‌رێمه‌كه‌یان تا ئێره هێناوه كه دنیایه‌ك گه‌نده‌ڵی و ڕۆتین له به‌ڕێوه‌بردنی ڕۆژانه‌ی داودهزگاكاندا هه‌یه، به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه ماوه‌ته‌وه وه‌ك په‌یكه‌ری كارگێڕی، ئیتر نه‌وه‌یه‌كی تر پێگه‌ییوه و كاتی خۆیه‌تی ئه‌وان رۆڵ ببینن و كوردستان بگوازنه‌وه قۆناغێكی رێكخراوتر له هه‌موو رووه‌كانه‌وه، دڵسۆز بن و خۆیان به خزمه‌تكار بزانن نه‌ك هه‌رچی هه‌یه بیخه‌نه خزمه‌تی خۆیانه‌وه و ئه‌ركه‌كانیان پشتگوێ بخه‌ن له وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه و راوێژكاریی و ده‌سته‌كان. ئه‌و نه‌وه نوێیه ده‌بێت په‌یمان بده‌ن كاروباری كارگێڕی تۆكمه بكه‌نه‌وه و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كوردستان پێش بكه‌وێت و زیاتر متمانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ داوده‌زگا و خه‌ڵك، نه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته كه هه‌ریه‌كه‌مان كارێكی تایبه‌تمان له فه‌رمانگه‌یه‌ك هه‌بێت، بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه چۆن كه‌سێك بدۆزینه‌وه له‌وێ به نۆره‌بڕی و سه‌رپێچی بۆمان بكه‌ن، راسته من وه‌ك هاووڵاتی هه‌ڵه‌م له‌وه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه سیسته‌مێك به‌رهه‌می هێناوه ده‌بێ ئه‌وه چاك بكرێت، ئینجا هه‌مووان به یه‌كسانی كارمان رایی ده‌كرێ.
ده‌نگده‌رانی كوردستان دڵخۆشن به‌وه‌ی پیاوێك ده‌بێته سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ده‌رفه‌ت بۆ گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵكاری ناهێڵێته‌وه و ته‌نانه‌ت چاویان له‌وه‌یه گه‌نده‌ڵكاران له حكوومه‌ت ڕیشه‌كێش بكات و ده‌یانداته ده‌ست یاسا، به‌ڕاستی زۆر له دواین و چیتر ئه‌م گه‌نده‌ڵی و بێ سیسته‌مییه رێك نه‌خرێته‌وه، كوردستان دوژمنی ناوێ، چونكه خۆی رووخاوه. بۆیه ناكرێ ئیتر گه‌نده‌ڵی له حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامی هه‌بێت.
مه‌سرور بارزانی ده‌بێت شه‌فافییه‌ت له داهاتی گشتی زیاتر بكات و ته‌واوی ئه‌و ده‌نگۆیانه نه‌هێڵێت كه باس له ناڕوونی داهات ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت داهاتی نه‌وت كه چه‌ندان ساڵه بووه‌ته هۆی ڕه‌خنه‌گرتن له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌بێت ته‌واوی وه‌زیره‌كان بگۆڕێن، كۆتایی به ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سانه بهێنرێت له حكوومه‌ت كه چه‌ندان ساڵه له كابینه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆستی وهزاریدان، ئێسته كوردستان پێویستی به ئه‌قڵی تازه هه‌یه كه پۆسته وه‌زارییه‌كان به‌ڕێوه به‌رن.
له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌سروور بارزانی ده‌بێت له ئاست ئه‌و متمانه‌یه‌دا بێت كه ده‌نگده‌ری پارتی به حزبه‌كه‌ی داوه و به‌هۆیه‌وه 45 كورسیی په‌رله‌مانی بردووه‌ته‌وه، چونكه پارتییه‌كان و ته‌واوی كوردستانیش چاویان له‌وه‌یه حوكمڕانی چوار ساڵی ئاینده جیاواز بێت، خواسته‌كانیان به‌گشتی به‌دی بهێنرێت، پارتیش ده‌یه‌وێ له ڕێی حوكمڕانی چوار ساڵی ئاینده ڕێژه‌ی كورسییه‌كانی به‌رز بكاته‌وه و له 2022 ده‌نگده‌رانی كوردستان زیاتر متمانه‌ی پێ بكه‌نه‌وه، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له حوكمڕانی زیانی گه‌وره‌ی ده‌بێت. به‌و پێیه‌ی ئه‌و 45 كورسییه هی پارتی نییه به‌ته‌نیا، هی ئه‌و خهڵكانهیشه كه داوای حوكمی به‌هێز و سیسته‌م ده‌كه‌ن.