بنیاتنانه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیست

عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی

كورد له‌ ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، به‌هۆی داگیركردنی خاكه‌كه‌ی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس و ڕووخاندنی ته‌واوی میرنشین و حكوومه‌ته‌ كوردییه‌كان، له‌ خه‌باتدا بووه‌ بۆ پاراستنی ناسنامه‌كه‌ی و بنیاتنانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی تری كوردی.
له‌ مێژووی خه‌بات و شۆڕشه‌كانی كورد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌رانی فارس و تورك و عه‌ره‌بدا، په‌ره‌ به‌  هه‌ستی ناسیۆنالیستی كوردی دراوه‌ و لاوان گۆش كراون به‌وه‌ی ده‌بێت له‌ خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی و وه‌ده‌رنانی داگیركه‌ران سارد نه‌بنه‌وه‌، تا ئازادكردنی بست به‌ بستی خاكی كوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و ڕۆژاوا و باكور، چونكه‌ خاكی باوباپیرانی كوردان له‌لایه‌ن چاوچنۆكی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ به‌ هاوكاری ئینگلیز وه‌ك گۆشتی قوربانی به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه‌.

ده‌وڵه‌تی كوردی یان ده‌وڵه‌تی گه‌لان؟
له‌ 20 ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن چه‌ند حزب و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تی كورد كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ دروشمی كوردستانێكی گه‌وره‌ ده‌ستیان به‌ خه‌باتی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان كرد، بیروبۆچوون و پرۆگرامیان له‌ كوردستانی گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی گه‌لان یان "خۆسه‌ری دیموكراتی"، ئێسته‌ به‌شێكی نه‌وه‌ی تازه‌ی كوردیان له‌ بیركردنه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی سارد كردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌یشه‌وه‌ ناوه‌ستن و داوا ده‌كه‌ن كورد بۆ هه‌میشه‌ خواستی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ مێشكی خۆی ده‌ربكات و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌ست و داگیركه‌ردا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی فیدڕاڵی بمێنێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی مافی هیچ به‌ كورد ره‌وا نابینن، دوایین ده‌وڵه‌تانی دنیان كه‌ هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵبچنین دیموكراسی بن.

بیانووی ئه‌و حزب و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تییانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد واز له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان بهێنێت و بیر له‌ ده‌وڵه‌تی گه‌لان بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، له‌گه‌ڵ فارس و تورك و عه‌ره‌ب به‌ تێپه‌ڕبوونی كات تێكه‌ڵ بوون و ژن و ژنخوازی له‌ نێوانیان دروست بووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێكی زۆری كورد له‌ ناوچه‌ فارس و عه‌ره‌ب و توركنشینه‌كان ده‌ژین. 

به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خواسته‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان حزب و كه‌سایه‌تی هه‌ن بوونه‌ته‌ دارده‌ستی وڵاتانی داگیركه‌ر و ده‌وڵه‌تی كوردی و ناسیۆنالیستی كوردی له‌ مێشكی نه‌وه‌كان ده‌سڕنه‌وه‌ و تا ئاستێكیش توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. بۆیه‌ روون دیاره‌ ئه‌م كاركردنه‌ داواكاری ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته‌ له‌ نۆكه‌ره‌كانیان، نه‌ك بیركردنه‌وه‌یه‌ك بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌رهه‌م هاتبێت.

ناسیۆنالیستی كوردی
له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و نۆكه‌رییه‌ بۆ داگیركه‌ران، ئه‌ركی ئه‌و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تی و حزبانه‌ قورسه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ی تاكی ناسیۆنالیستی كوردی ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌مڕۆدا ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ نه‌وه‌ی كورد باوه‌ڕی به‌ ده‌وڵه‌ت و خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه‌ و به‌ ئه‌نجیندای داگیركه‌ران بیر ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێت كه‌مپینی ناسیۆنالیستی كوردی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ڕابگه‌یه‌نرێت، كار له‌سه‌ر بیروهۆشی تاكی كورد بكرێت و جارێكی تر وه‌ك چا‌ندنی دار و ئاودانی تا كاتی گه‌شه‌كردنی، چاودێری و په‌روه‌رده‌ بكرێن، به‌وه‌یش ناسیۆنالیستی كوردی ده‌بووژێته‌وه‌ و هیچ داگیركه‌رێك ناتوانێ مێشك داگیر بكات و هه‌رچه‌ند خاكت ببه‌زێنێ رۆژێك دێت به‌جێی بێڵێ. 

دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، دروستكردنی تاكی هۆشمه‌ندی ده‌وێت كه‌ ئه‌م خه‌باته‌ قوربانی دارایی و مه‌عنه‌وی و جه‌سته‌یی ده‌وێت، بۆیه‌ تاكی كورد پێویستی به‌وه‌یه‌ ڕێك بخرێت و گیانی قوربانیدانی تێدا زیندوو بكرێته‌وه‌.

كورد ده‌بێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت و سوود له‌ هاوكاری وڵاتان وه‌ربگرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان، چونكه‌ داگیركه‌ر پیلانی خۆی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی داوای جیابوونه‌وه‌ و مافی لێ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ وا باشتره‌ هه‌رگیز بیر له‌وه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ فڵان ده‌وڵه‌ت پارێزگاریم لێ ده‌كات یان فڵانه‌ وڵات ده‌وڵه‌تم بۆ دروست ده‌كات. ده‌بێ پشت به‌ هێزی خۆمان و توانای خۆمان ببه‌ستین.

كورد له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ باجی نادیپلۆماسیی و نه‌بوونی كه‌سی ئه‌كادیمی بۆ لۆبیكردن له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان بۆ دۆزه‌كه‌ی و نه‌قۆستنه‌وه‌ی ‌ده‌رفه‌ته‌كانی زۆر داوه‌، له‌ درێژه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییماندا وڵاتان له‌وكاته‌ی تا لووتكه‌ هاوكاری كورد بوون، كه‌ زانیویانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌ماوه‌، ڕاسته‌وخۆ پشتیان به‌رداوین، به‌وه‌یش شۆڕشه‌كه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك هه‌ره‌سی هێناوه‌ یان بۆ ماوه‌یه‌ك خامۆش بووه‌.

باجێكی تری كورد داویه‌تی خۆخۆری و خیانه‌تی ناوخۆی بووه‌، ئه‌گه‌ر چاو به‌ مێژووی بزاڤی ڕازگاریخوازی كورد بخشێنین، دوژمن ڕاسته‌وخۆ نه‌یتوانیوه‌ زه‌فه‌رمان پێ ببات، به‌ڵام توانیویه‌تی لایه‌نی ناوخۆی به‌ گژ یه‌كدا بكات و پاشان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ هاوكاری خیانه‌تكاری ناوخۆی كردووه‌ و قه‌واره‌كه‌ی تواندووه‌ته‌وه‌ یان بچووكی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ریشدا دووباره‌ بووه‌وه‌.

ده‌بێت ئه‌و گرووپ و ڕێكخراوه‌ ناسیۆنالیستانه‌ی دۆزی نه‌ته‌وه‌ییان لا مه‌به‌سته‌، ته‌واوی مێژووی خیانه‌تی ناوخۆ تۆمار بكه‌ن و وه‌ك په‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌ش بۆ نه‌وه‌كانی بگوازنه‌وه‌ و‌ هۆی كه‌وتنی قه‌واره‌ كوردییه‌كان روون بكه‌نه‌وه‌ تا خیانه‌ت بخرێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی گه‌له‌كه‌مان.

ده‌بێت تاكی كورد ئیتر ته‌واوی پڕۆژه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كان به‌ باش و خه‌راپه‌وه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌ كه‌ بیانه‌وێ به‌رده‌وام بن له‌ خامۆشكردنی بیری دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ زه‌ینی تاكی كورد، چونكه‌ ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و كوشتنی خواستی ئێمه‌ پڕۆژه‌ داده‌ڕێژن جا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چ باش بێت یان خراپ.

PM:02:24:06/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌