سەركردە ئیسلامییەكان بۆ بیر لە لابردنی پاشگری ئیسلامی بە حزبەكانیان دەكەنەوە؟



لە ساڵی 1954 یەكەمین تەوژمی ئیسلامی سیاسی كە خۆی لە لقی ئیخوان موسلیمینی میسڕی دەبینێتەوە، لە باشووری كوردستان دادەمەزرێت و دەست بەكاری ڕێكخستن و جەماوەری بانگەوازی خۆیان بەنهێنی و ئاشكرا دەكات.

بزاوتی ئیسلامی لە كوردستان هەمیشە لەلایەن كارەكتەرەكانیانەوە كاریان كردووە بۆ جووڵاندنی هەستی ئاینی هاووڵاتییان، زۆرینەی كورد پێڕەوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامن تا بتوانن زۆرینەی جەماوەر لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە، بەڵام تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت نەیانتوانیوە ببنە جێی متمانەی زۆرینەی جەماوەر و لە كوردستان ڕەوتی ئیسلامی كەمینەیە.

لە 13-5-1987 بزووتنەوەی ئیسلامی بەفەرمی لە لقی كوردستانی ئیخوان موسلیمین جیا دەبێتەوە بە ڕابەرایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیزی هەڵەبجەیی، دەبێتە حزبێكی جیهادی سەلەفی و چەك هەڵدەگرێت و هێزی پێشمەرگە هاوشێوەی حزبە چەپ و ڕاست و نەتەوەییەكانی كوردستان، شەڕ دژی سەدام حوسێن و ڕژێمی عێراق ڕادەگەیەنێت.

بزووتنەوەی ئیسلامی لە درێژەی كاری سەربازی و ڕێكخستنی دەتوانێ بەئاستێك جێی پێی خۆی لە ناو كوردستان بكاتەوە لە ڕێی هێزە چەكدارەكەی كە هەیبوو، لە پاش ڕاپەڕینی گەلی كورد و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، بەڵام نەیتوانی ڕێژەیەكی وا بەدەست بهێنێت پێ بگوترێت حزبێكی جەماوەری، بۆیە زیاتر لە ڕێی بانگەشەی ئاینی و بەهێزكردنی هێزی سەربازی كاری بۆ فراوانكردنی جێنفووسی خۆی دەكرد.

لە 6-2-1994 لقی كوردستانی ئیخوان موسلیمین بە ئەمینداری گشتیی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیان ڕاگەیاند، ئەو ڕۆژە یەكێتی بە شەڕ بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە وەدەرنا كە جێنفووس و حوكمڕانیی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو.

یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ڕاگەیاندنی كاری لەسەر ئەوە دەكرد وەك حزبێكی ئیسلامی میانڕەوی بێ چەك زۆرترین جەماوەر لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە، بەردەوامیش لە ڕێی ڕابیتەی ئیسلامی كورد لە وڵاتان پارەیەكی زۆری لە دەوڵەمەندە ئیسلامییەكان كۆ دەكردەوە، نەخۆشخانە و پڕۆژەی ئاو و قوتابخانە و چەندان كاری تری دەكرد بۆ گوندەكان و شارەكان، لەگەڵ بڕینەوەی مووچەیەك بۆ منداڵانی بێ باوك، لەوكاتەدا شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەكێتی و حزبەكانی نزیكیان گەرم بوو، یەكگرتوو كاتەكەی بەفرسەتی جێپێ جێگیركردنی خۆی دەزانی، گرنگیدان بە ڕاگەیاندن و ڕێكخراوانی قوتابیان و لاوان و ژنان، لە هەڵبژاردنەكان توانی بە ڕێژەیەكی باش لە پێش حزبە ئیسلامییەكانی تری كوردستان بێت، بەڵام هەمانشێوەی حزبەكانی تر نەیتوانی ببێتە جێی متمانەی زۆرینەی جەماوەر.

بەرپرسان و سەركردەكانی حزبە ئیسلامییەكان تا ساڵانی 2003 بەردەوام ناكۆكی دەسەڵات و جێنفووسیان لە ناوخۆی حزبەكانیان هەبووە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە ساڵی 31-5- 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیا دەبێتەوە بە ئەمیریی عەلی باپیر، ئەو جیابوونەوەیەی كۆمەڵ دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئەوكات عەلی عەبدولعەزیز ڕابەرایەتی دەكرد، جگە لە كۆمەڵ چەندان هێز و گرووپی تری لێ جیابوونەوە، گرووپەكان یەكیان گرت و ئەنسارولئیسلامیان دامەزراند و شەڕیان دژی یەكێتی ڕاگەیاند.

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و داماڵینی چەك لە حزبە ئیسلامییەكان، تا ئەوكاتە ناوچەی هەورامان بەگشتی لە ژێر دەسەڵاتی هێزە چەكدارییە ئیسلامییەكان بوون كە شارەدێی تەوێڵە لەژێر كۆنتڕۆڵی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، شارەدێی بیارە و گوندەكانی دەوروبەری لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەنسارولئیسلام بوو،‌ ئەم حزبەیان بەهۆی شەڕی لەگەڵ یەكێتی، لەگەڵ لێدان لە عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە هێزەكانی یەكێتی بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هێرشیان دەست پێ كرد و لە ناوچەكە دەریان كردن. شارەدێی خورماڵ و گوندەكانی لەژێر دەسەڵاتی كۆمەڵی ئیسلامی بوون، هەریەكە و حوكمڕانێكی بەدڵی خۆیان ئیسلامییان ڕاگەیاندبوو و فەرزیان كردبوو بەسەر هاووڵاتییانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان، دەتوانین بڵێین حوكمڕانیی ناتەندروستیان لە هەڵەبجە و هەورامان بووەتە هۆی ڕێگرتن لە گەشەیان لە كوردستان كە هاووڵاتییان بۆ حوكمڕانی خۆیان قبووڵیان نەبوون.

دوای تێكەڵبوونی تەواوی گرووپ و حزب و ڕێكخراوە ئیسلامییەكان بە كۆمەڵگەی مەدەنی و كرانەوەیەكی زۆرباش لە كاری ڕێكخراوەیی و حزبی بەڕووی كوردستاندا، فراوانبوونی مەودای كاركردن، بیری كادران و ئەندامانی حزبە ئیسلامییەكان كرانەوەی زیاتریان دەبێت لەگەڵ ئەقڵیی حزبەكانیان یەكانگیر نابێت، كێشەی قووڵی فكری لەناو ئەو حزبانە سەری هەڵدا و كادرانی پێشكەوتووی ئەو حزبانە بەئاشكرا داوای ئەوەیان كرد پێویستە حزبەكانیان پاشگری ئیسلامی بەخۆیانەوە لابەرن، بەڵام نەبووە ڕای زۆرینەی بڕیاربەدەستەكانی حزبەكان لەكاتی خۆیدا، ئەوەبوو چەندان بەرپرسی ئەو حزبانە داوای لابردنی پاشگری ئیسلامییان لە حزبەكانیان دەكرد، ناچار بەڕۆیشتنە دەرەوە لە حزبەكانیان كران.

سەرەتای بیرۆكەی لابردنی پاشگری ئیسلامی بەحزبەوە لە یەكگرتووی ئیسلامییەوە سەری هەڵدا لەلایەن چەندان كادری پێشكەوتوویان، كە دواجار هەریەكە لە محەمەد ڕەووف و ئەبو‌بەكر عەلی و عەبدولڕەحمان سدیق و چەندان سەركردە و كادری باڵا و ئەندامانی خوارەوە وازهێنانیان لە حزبەكەیان ڕاگەیاند، تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت یەكگرتووی ئیسلامی دەنگی كەسانێك ماوە لەناوی داوای لابردنی پاشگری ئیسلامی و حزبێكی مەدەنی و وەڵامدەرەوەی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و تەواوی ئاین و مەزەوەكان بێت دەكەن.
كۆمەڵی ئیسلامی كە سەرەتای دامەزراندنی وەك حزبێكی جیهادی سەلەفی چەكداری دامەزرا، بەڵام لە كۆنگرە و كۆنفڕانسەكانی ئەو حزبەش داوای لابردنی پاشگری ئیسلامی یەكێك بووە لە بابەتەكانی كۆنگرە و كۆبوونەوە و كۆنفڕانسەكان، كە باڵی ئارام قادر سەرۆكی ئێستەی هاوپەیمانی نیشتمانی زیاتر سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام پڕۆژەكەی زۆر بەتوندی ڕەت كرایەوە، تەنانەت ناچار كرا بەوەی واز لە حزبەكە بێنێت تەواوی پڕۆژەكانی ڕەت دەكرانەوە.

بەڵام لە ساڵوەگەڕی 18 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر دەڵێ، ئەگەر پاشگری ئیسلامی بووبێتە هۆی ڕێگری لە بەردەم گەشەی كۆمەڵ، ئەوە ئامادەین لە كۆنگرە پاشگری ئیسلامی لە ‌كۆمەڵ لابەرین، حزبێكی مەدەنی دابمەزرێنین، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر لە سەلەفی و پیاوانی ئاینی ناو حزبەكەی بووەوە. ئەوەبوو عەلی باپیر لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێ، پێغەمبەری ئیسلام محەمەد كە دەوڵەتی دروست كرد، ناوی نەنا دەوڵەتی ئیسلامی، دەوڵەتێكی مەدەنی دامەزراند، هیچ یەكێك لە خەلیفەكانی ئیسلام دەوڵەتی ئیسلامییان دانەمەزراند.

كاتێك حزبێكی كوردی پاشگری ئیسلامی پێوەیە، كەواتە هیچ كەسێك لە دەرەوەی پێڕەوی ئیسلام و تەنانەت ئەو كەسانەشی كرچوكاڵن لە پێڕەوكردنی بنەماكانی ئاینی ئیسلام، ناتوانن پشتیوانی ئەو حزبانە بن، بۆیە ئێستە لە ناو تەواوی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان كار دەكرێت كۆنگرە ببەسترێت و پاشگری ئیسلامی لابەرن.

ئیسلامییەكانی كوردستان دەیانەوێ وەك حزبی داد و گەشەپێدانی توركیا بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان حزبەكەیان بەرەو مەدەنییەت بەرن بە ئامانجی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئایندە، ببنە هێزی یەكەم و دووەمی كوردستان.
لەكۆتادا بەقسەیەكی ئەبوبەكر كاروانی كۆتایی بەوتارەكەم دەهێنم كە دەڵێ، حزبە ئیسلامییەكان لەگەڵ ئەقڵیی كادرانیان گەشە ناكەن، بۆیە لەگەڵ تێكەوتنی ناكۆكی ناوخۆیی بەردەوامیش لەڕووی جەماوەرییەوە بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە.

ئیسلامییەكانی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی كوردستان تەنیا 12 كورسیی پەرلەمانیان هێناوە كە پێنج كورسییان لە دەست داوە، ئەوەش پرسیارێكی رژدی لەسەر ئیسلامییەكان و سەركردەكانیان دروست كردووە كە خیتابی ئێستەی ئەو حزبانە نە بەناوخۆی خۆیان و نە بەكەڵكی جەماوەر دێت و گوێیان لێ ناگیرێت.