هه‌رێمی كوردستان پاش سه‌رپێخستنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازی، ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری وڵات و چاوپۆشی نه‌كردن له هیچ كه‌موكوڕییه‌ك، تا ئاستێكی باش ڕووی حوكمڕانی بۆ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له شه‌قامیشه‌وه زۆرینه ئومێدیان به هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت هه‌یه كه بتوانێ له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا به‌شێكی به‌ڵێنه‌كانی كاتی سوێندخواردنی سه‌رۆك و وه‌زیره‌كان جێبه‌جێ بكرێت.
هه‌موو چاو و گوێی هاونیشتمانیان له‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بینه‌ر و گوێبستی بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت بن بۆ چاككردنی یه‌كێكی تر له سێكته‌ره‌كانی هه‌رێمه‌كه، گرنگییه‌كی تری ئه‌م حكوومه‌ته ئه‌وه‌یه وه‌زیره‌كان له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی كاركردنیان، تا ئاستێك توانیویانه وه‌ك وه‌زیری حكوومه‌ت ڕه‌فتار بكه‌ن نه‌ك ده‌ستكه‌لای ده‌ستی حزب و كه‌ی له مه‌كۆ یان لق و مه‌ڵبه‌ند بڕیار هات، جێبه‌جێی بكه‌ن. ئه‌وه‌ش بۆ هۆشداری سه‌رۆك وه‌زیران له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌ركابوونیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه گوتی ئێمه خزمه‌تكاری گه‌لین.
ئه‌و دۆخه حوكمڕانییه‌ی له كابینه‌ی نۆی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ته ئاراوه، پشتیوانی شه‌قامی هه‌یه تا بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی بنێت و هیچ حزب و كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ژێر هیچ ناو و ناونیشانێكدا نه‌توانێ هه‌وڵی به لاڕێدابردنی پرۆسه‌كه بدات و ڕێگر بێت له هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت بۆ چاكسازی وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ل ده‌یه‌وێت، نه‌ك حزب.
پرسی یه‌كگوتاریی كوردی
پرسی یه‌كگوتاریی كورد ئێسته له كوردستان بابه‌تی گه‌رمی شه‌قامه، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حزبه‌كان و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له ناوچه‌كه بێنه ئارا، به‌تایبه‌ت به‌غدا و پاش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیر، كورد بتوانێ به یه‌كده‌نگ ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه و هیچ درزێك له ناوخۆمان ڕوو نه‌دات و ئه‌و ئاگره‌ی ناوچه‌كه ده‌سووتێنێت، پریشكی به‌ر كوردستان نه‌كه‌وێت.
دۆخی ئێسته‌ی ناوچه‌كه به‌بۆچوونی زۆرینه‌ی چاودێرانی سیاسی، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ حزبه‌كان زۆر به وردی هه‌نگاو بنێن و ڕێ نه‌ده‌ن ئه‌و كه‌شه له‌باره‌ی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان له چه‌ند مانگی ڕابردوو ده‌ست پێ كراوه، زه‌فه‌ری پێ ببرێت.
به‌هێزكردنی پێگه‌ی دیپلۆماسیی كوردستان
هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به دروستتر له چوارچێوه‌ی چوار ده‌وڵه‌ته پڕكێشه و ململانێ و جه‌نگه‌كه‌دایه، به‌ڵام به ڕێژه‌یه‌كی باش توانیویه‌تی هه‌رێمێكی ئه‌وه‌نده ئارام بێت، له وڵاتانی دراوسێوه خه‌ڵكانێكی زۆر بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕووی تێبكه‌ن، ئه‌و هێمنییه‌ی كوردستانیش هه‌میشه چاوی دۆست و نه‌یاری له‌سه‌ره.
مه‌سروور بارزانی له ئه‌نكه‌ره، مایك پێنس له هه‌ولێر
له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی كوردستانی كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و حكوومه‌ت كۆ بووه‌وه، ئه‌وه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دنیا ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكایی گوتی، واشنتن عێراق به وڵاتێكی شكستخواردوو ناو ده‌بات، به‌ڵام ڕوانگه‌ی بۆ پێگه‌ی كوردستان جیاوازه. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی تووڕه كرد، تا ئه‌و ئاسته‌ی قینه له دڵی وه‌ك عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق بڵێت، جه‌نابی پێنس هه‌ولێر پایته‌ختی عێراق نییه.
سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا و پێشوازییه‌كه‌ی به ئاڵای كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه وڵاتانی ناوچه‌یی و جیهانی هه‌میشه به گرنگی ده‌ڕواننه پێگه‌ی حوكمڕانی كوردستان.
قۆناغی نوێی حوكمڕانی
ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی خۆمان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها بۆ فه‌رمانگه و فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی، یه‌كگوتاری و گرنگیدان به به‌هێزكردنی پێگه‌ی دیپلۆماسی حكوومه‌تی نه‌ك حزبی، قۆناغێكی نوێیه له حوكمڕانی كوردیدا ده‌ستی پێ كردووه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ دۆزی كورد به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ین و ڕووداوه خێراكانیش له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بقۆزینه‌وه، ئه‌وه ده‌بێت یه‌كه‌م، چاكسازی ڕیشه‌یی به‌رده‌وام بێت. دووه‌م، چاوپۆشی له هیچ گه‌نده‌ڵێك نه‌كرێت سامانی وڵات بۆ خۆی به‌كار بێنێت. سێیه‌م، ده‌بێ ده‌ستی حزب له حكوومه‌ت به یه‌كجاری دوور بخرێته‌وه و به یه‌كگوتارییه‌ك كه حكوومه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی بكات، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین، ئیتر ئه‌و سیما ناشارستانییه رابگرین كه هه‌ر حزبه و به وڵات و پایته‌ختێكدا راكه‌ڕاكی بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و كه‌لێن دروستكردن بۆ ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتان.