ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی بۆ جێبەجێ نەكرا؟


عەزیز رەسووڵ هەورامانی

لە یەكەم ساڵوەگەڕی ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆراندا، چەند سەرنجێكی رەخنەیی لەسەر ئەو ڕێككەوتنە و زیانەكانی بۆ سلێمانی و تەواوی كوردستان، لەجێی ئەوەی ببێتە هەوێنی ئاشتی، بەپێچەوانەوه بوو به هۆی ‌شڵەقانی زیاتری نێوان لایەنه ‌سیاسییەكان.

ڕۆژی 17-5-2016 لە دەباشان لە ماڵی تاڵەبانی و به واژووی هەردوو سەركردە نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت ڕەسووڵ و ئامادەیی مام جەلال، ڕێككەوتنێكی سیاسیی و كارگێڕی لە نێوان گۆڕان و یەكێتی كرا بۆ كاركردنی هاوبەشی هەردوو حزب لە ئاستی پەرلەمان و حكوومەت، بەڵام هەرزوو ئەو ڕێككەوتنە 25 خاڵییە مردنی دەركەوت و بوو بە ‌سەرئێشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان.

ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی تەنیا دوو خاڵی جێبەجێ كرا، ئەویش تا واژووی نەكەن بە ڕاگەیاندنەكانی نەدەن، پاشان راگەیاندنی بۆ رای گشتیی لە بۆنەیەكی حزبیدا كە سادەترین خاڵی ناو ڕێككەوتنەكه بوون بۆ جێبەجێكردن، بەڵام 23 خاڵە جەوهەرییەكە بوون بە ئەرشیڤ.

لە كاتی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەدا لە سلێمانی، نەوشیروان مستەفا لە وتارێكیدا ڕای گەیاند عیبرەت لە جێبەجێكردنیەتی نەك وەرەقەیەك بێت لەسەر ڕەفەكان تۆزی لێ بنیشێت. هەر ئەوكات به ‌چەند هاوڕێیەكم گوت ئەو قسەی نەوشیروان مستەفا وا دەخوێنمەوە كە سوور‌ دەزانێت ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی هیچی لێ سەوز نابێت، بەڵام گۆڕان لەبەر گۆشەگیریی سیاسیی و كارگێڕی ئەم ڕیككەوتنە لەگەڵ یەكێتی واژوو دەكات، ئەگەر نا هەرگیز نەوشیروان مستەفا جارێكی تر نەدەچووەوە ژێرباری حزبێك كە چەند ساڵه ‌به "‌شەیتان" بە جەماوەری كوردستانی دەناسێنێت.

باش بیرمە هەر ئەو شەوەی گۆڕان و یەكێتی لە رۆژەكەیدا ڕێككەوتنەكەیان واژوو كرد، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی گاڕگێڕیی یەكێتی لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پارتی لەگەڵ ئەم ڕێككەوتنەی گۆڕان و یەكێتی نەبێت، ئەوا هەڵدەوەشێتەوە و یەك هەنگاو نامانباتە پێشەوە، ئەگەر بەرەو دواوەمان نەگەڕێنێتەوه، ترسەكەی مەلا بوو بە راستی و هەرچەند ڕۆژێك دوای ڕێككەوتنەكە پارتی له ‌بەیانامەیەكدا ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی ڕەت كردەوە‌. لەوێوە دەركەوت رێككەوتنەكە هەر بە مردوویی لە دایك بوو لە نێوان گومانی خاوەنەكانی و رەتكردنەوەی لایەنی بەرامبەردا، جیا لە ئامادەنەبوونی زۆر سەركردەی هەردوو حزب لە بۆنەی راگەیاندنی رێككەوتنەكەدا.

ناواقیعی و خەیاڵی دابڕاوی حزبەكان لە دۆخی باوی كوردستان، هۆیەكی تری فەشەلی رێككەوتنەكە بوو، ئاخر چۆن دەبێت ڕێككەوتنێك بكرێت زۆربەی خاڵەكانی دژی حزبێكی سیاسیی گەورەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان داڕێژرابێت، لە كاتێكدا یەكێتی پێش ڕێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان، ڕێكەوتنی ستراتیجی لەگەڵ پارتی هەبوو و هەیە و ئەنجامەكەیشی ئەرێنی بوو بۆ ژیانی گشتیی لە كوردستان، دوای كۆتاهێنان بە شەڕی براكوژی. خەڵك هێشتا زیاتری دەویست لە خۆشگوزەرانی پارتی و یەكێتی، كەچی لەولاوە هەموو شتێك سڕ كرا، بێگومان رێككەوتنی وا سەركەوتوو نابێ، چونكە خەڵكی لە پشتەوەی ناوەستن.

‌ئێستە له ‌ڕیككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان، یەكێتی پەشیمان بووەتەوە كه ‌دەزانێت هیچی لێ بەرهەم نایەت، بگرە بەپێی مادەیەكی ڕێككەوتنەكە یەكێتی سەربەخۆیی خۆی لە دەست دەدات و دەبێت بۆ زۆر بابەت كە بیەوێت لەگەڵ حزبێك‌ ڕێككەوتن بكات، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ لای گۆڕان، ئەوەش لای سەركردەكانی یەكێتی دژە رێككەوتن قبووڵ ناكرێ، خۆ دووریش نییە یەكێتی ئەو رێككەوتنەی وەك تاكتیك بۆ قۆناغێك واژوو كردبێت و گۆڕانی بەكار هێنابێت تا كەمێك هێز بداتەوە دۆخی حزبیی یەكێتی و دواتر كە هەستی كرد قۆناغەكەی تێپەڕاندووە، بێباك بێت بەرامبەر بە گۆڕان، بە تایبەت كە نموونەی پارێزگاری سلێمانی بەردەستە و یەكێتی زۆر بێمنەت دەردەكەوێ بەرامبەر بە گۆڕان.

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر رێككەوتنەكەدا تێدەپەڕێ، رەنگە كۆتایشی ساڵیشی بێت بە تایبەت كە گۆڕان بە نهێنی خەریكی گفتوگۆیە بۆ كشانەوە لە یەكە كارگێڕییەكانی سلێمانی. بەڵام بەداخەوە لە سایەی ڕێككەوتنەكه، دۆخی سیاسیی و كارگێڕی و خزمەتگوزاری لە دەڤەری نیلی-سەوزدا زۆر خەراپ بووه ‌و كار گەیشتووەتە ئەوەی هاووڵاتییان بەڕوونی دژی هەردوو هێز بوەستنەوە و داوایان لێ بكەن ئەگەر ناتوانن بەڕێوەیان بەرن، دەستیان لێ هەڵگرن و نەیانكەن بە قوربانی ململانێی سیاسیی خۆیان، لە كوێ بووە پارێزگایەك چوار پارێزگاری هەبێت و كەسیش دەوام نەكات، هەڵەبجەیش دوو پارێزگاری هەبێت هیچیان مافی واژووی نووسراوێكیان نەبێت. لە سایەی دنیابینی مۆدێرن و پێشكەوتوو و دیموكراسیی گۆڕان و یەكێتی، دوو پارێزگاكەیان شەش پارێزگاری هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێن ڕیككەوتنی گۆڕان و یەكێتی فاشیلترین ڕێككەوتنی نێوان هێزەكان بووە لە مێژووی نوێی حزبایەتیدا لە كوردستاندا.