دەرفەتی دەوڵەت پاش 100 ساڵ


عەزیز رەسووڵ هەورامانی

كوردستانی باشوور پاش 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێككەوتنی دابەشكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كوردستانی گەورەشەوە، كە لەو ڕێككەوتنە كوردستان بەسەر وڵاتانی ئێران و توركیا و سووریا و عێراق دابەش كرا بەزۆرەملێ كە بەڕێككەوتنی سایكس بیكۆ ناسراوە، ئەو ڕێككەوتنە بووە هۆكاری ڕۆژانێكی ڕەش بۆ گەلی كوردستان و دروستبوونی چەندان دەوڵەتیش بۆ عەرەب.

كوردستانی باشوور زۆرترین نەهامەتی بەسەردا هاتووە لە پای لكاندنی بە عێراقی عەرەبییەوە كە حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق بە ئاگر و ئاسن حوكمڕانییان لە باشووری كوردستان كردووە، چونكە هەمیشە شۆڕشگێڕانی كورد ژێردەستەی ڕژێمەكانی عێراقیان ڕەت كردووەتەوە، هەمیشە شۆڕشیان دژی ستەم لە باشوور كردووە، بۆ ئازادی سەرفرازی تاكی كوردستان تا بەهاری 1991 ڕاپەڕینی مەزنی گەلی كوردستانی لێ كەوتەوە و بەشێكی باشووری كوردستان ئازاد كرا.

لە ئێستەدا كورد لە باشووردا لە شۆڕشی بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستانە كە لە پاش 100 ساڵ هەلی زێڕینی بۆ هاتووەتە پێش بۆ سەربەخۆبوونی كوردستانی باشوور و دامەزراندنی دەوڵەتی دیموكراسی ئازادی كوردستان.

لێرە و لەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین كە هاووڵاتییان نان نییە بیخۆن، دەوڵەتی چی؟. ئەم ڕستانە تەنیا دروستكراوی وڵاتانی بێگانە و دژە سەربەخۆی كوردستانن، لە ڕێی ئەو كەسانەوە بەگوێی تاكی كوردیدا دەیدەن كە كڕاون، لە ئێستەدا دەزانن كە ناتوانن چیتر ببنە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆیی كوردستان، دەیانەوێت لەڕێی ئەوانەوە ئەجێندا نامرۆڤانەكەیان جێبەجێی بكەن بەوەی ئێستە دەرفەت لەبار نییە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی.
ئەو كارە نابەجێیانەی كۆمەڵێك بەناوی ڕۆشنبیر دەستیان داوەتێ لە جێبەجێكردنی ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی، وەك بوڵقی سەرئاو دەبینم كە لە ڕۆژی 25 ئەیلوول كوردستانییان بەدەنگدانیان بەسەربەخۆییی وەڵامی جەرگبڕیان دەدەنەوە.

هاووڵاتییانی باشووری كوردستان هەزاران شەهیدیان داوە بۆ ئازادی نەك بۆ نانێك كە لەژێر زوڵم و ستەم پێیان بدرێت، ساڵانی هەشتاكان كاتێك كوردستانییان دەبوونە پێشمەرگە، دەچوونە شاخەكان و برسی دەبوون، بەڵام ئەوان بۆ ئازادیی كوردستان ڕێی مەرگیان هەڵدەبژارد، بۆیە ئێستە وا نزیك دەبینەوە لەو ئامانجەی كە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخت كردووە.

وەك هاونیشتمانییەكی باشووری كوردستان، هەرگیز ئەوەم نەبینیوە كە عەرەب و فارس و تورك دژی بەرژەوەندی باڵای كوردستان نەبن، بەڵام كە دەبینم و دەبیستم هاونیشتمانییەكی كوردستان لە ژێر ناوی جیاجیا دژی سەربەخۆیی كوردستان دەوەستێتەوە، زۆر ئازار دەكێشم كە چۆن دەبێت خۆت بەڕۆشنبیر بزانیت و بێی و دژایەتی گەورەترین ئامانجی گەلەكەت بكەی كە ئەویش دەوڵەتی كوردستانە.

لێرەدا بەدەرفەتی دەزانم ڕووی دەمم بكەمە حزب و ڕێكخراو و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمان كە واز لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و شەخسی بهێندرێت و یەكدەست كار بكەن بۆ سەرخستنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانی باشوور كە بووەتە لانكەی حەوانەوەی هەموو ئازادیخوازێكی ئەوسێ پارچەكەی تری كوردستان.

پاش دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، زۆر بەئاسانی دەتواندرێت ئەو ناكۆكی و جیاوازییانە لە ڕێی دانانی دەستوور و یاساوە چارەسەر بكرێت، بەیاسا سیستەمی سیاسیی كۆماری كوردستان دابڕێژرێت كە هەموو تاكێكی كوردستان بەهەموو نەتەوە و ئاینە جیاكانەوە ڕایان هەبێت تێیدا.

بەڵام لەم سەروبەری ڕێفراندۆم كە زۆرێك لە وڵاتانی دنیا پشتگیریی دەكەن، ناكرێت لەناوخۆ لە ژێر هیچ بیانوویەك دژایەتی بكرێت، چونكە لە ئێستەدا هەر دژایەتێكی ڕێفراندۆم دەچێتە خزمەتی وڵاتانی دژە سەربەخۆیی كە لە ئێستەدا ئێران و توركیا زۆر بەزەقی دژی وەستاونەتەوە، بەداخەوە كۆمەڵێك كەس بەناوی ڕۆشنبیر ئەجێنداكانیان جێبەجێی دەكەن.

دەرفەتی دەوڵەت پاش 100ساڵ لەسەر دەستی هەر لایەنێكی ناوخۆ لەبار ببرێت، دەكەوێتە بەرنەفرەتی نەوە دوای نەوەی كوردستان، كە لە ئێستەدا دنیا لە چاوەڕوانی لەدایكبوونی دەوڵەتێكی نوێیە بەناوی دەوڵەتی كوردستان.


AM:09:43:13/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 2331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌