عه‌زیز ره‌سووڵ هه‌ورامانی
شاری سلێمانی له ساته‌وه‌ختی دامه‌زراندنییه‌وه له‌لایه‌ن بابانه‌كانه‌وه هه‌رده‌م شاری نیشتمانپه‌روه‌ران، ڕۆشنبیر و ئه‌قڵمه‌ند و شۆڕشگێڕان بووه، شاری شێخ مه‌حموودی حه‌فید بووه كه ئاماده نه‌بووه یه‌ك زه‌ڕه له مافی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان خۆش بێت و هه‌میشه نه‌وه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ری په‌روه‌رده كردووه.
سلێمانی شارێكی نموونه‌یی پڕ له هه‌موو جوانییه‌ك بوو، به‌مانای وشه مرۆڤ شانازی ده‌كرد له دایكبووی شاری سلێمانیم یان ڕۆژێك به‌سه‌ردان چووبێته ئه‌و شاره پڕ له مه‌عریفه و جوانییه. ئه‌و شاره‌ی به "پایته‌ختی ڕۆشنبیری" هاته ناساندن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێسته هه‌زاران كه‌س دروست بوون له سلێمانی سووكایه‌تی به‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن وه‌ك حزبه‌كه‌یان یان وه‌ك خۆیان بیر ناكه‌نه‌وه.
كاتێك له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینی چه‌ندان ئه‌كاونتی جۆراوجۆر كراونه‌ته‌وه له‌ژێر ناوی جیاجیادا و ته‌نیا كاریان شكاندنی كه‌سی به‌رامبه‌ر و قسه‌ی نابه‌جێ و ناشیرینه به خه‌ڵكی شاره‌كانی تری كوردستان و سووكایه‌تی به‌ته‌واوی پیرۆزییه‌كانی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ن، بیر بكه‌ره‌وه شاری بابانه‌كان و شێخ مه‌حموود له‌م سه‌رده‌مه‌دا چ نه‌وه‌یه‌كی تێدا به‌رهه‌م هاتووه، ئه‌وه سته‌مێكی گه‌وره‌یه له سلێمانی پایته‌ختی قوربانیدان شاری هه‌ڵكه‌وتنی گه‌وره پیاوانی كورد ده‌كرێت.
ئه‌ركی قورس ده‌كه‌وێته سه‌رشانی نووسه‌ر و ئه‌دیب و ڕۆشنبیرانی سلێمانی له ڕێی نووكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌یانه‌وه، هه‌وڵ بده‌ن جوانییه‌كانی سلێمانی و په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رده‌می كه‌ڵه‌پیاوانی دیرۆكی شار، ئاخر چۆن ده‌بێت كه من وه‌ك تۆ بیرم نه‌كرده‌وه له پایته‌ختی ڕۆشنبیری سه‌تان سووكایه‌تیم پێ بكه‌یت؟ بۆ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك حزبه‌كه‌ی تۆ بیر ناكه‌مه‌وه له كاتێكدا تۆ خۆت ماف به ئازادی خۆت ده‌ده‌یت، ده‌بێت ڕێگه به بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی من و خه‌ڵكی تریش بده‌یت كه هاودیدی تۆ نه‌بین، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا خودا هه‌مووانی به ئازادی هێناوه‌ته دنیاوه به جیاوازییه‌كانیشمانه‌وه جوانین، بۆیه ده‌بێت ڕێز له جیاوازی یه‌كتری بگرین.
ئه‌كاونته ساخته‌كان كاریگه‌ریی خستووه‌ته سه‌ر كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی كه له ترسی سووكایه‌تی پێكردنیان نه‌توانن ڕای خۆیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ڕۆژ ده‌رببڕن، له‌م ڕۆژانه‌دا بۆ بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌نووسی چوومه لای كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری شار تا دیدارێكی له‌گه‌ڵ بكه‌م له‌سه‌ر ڕێفراندۆم، پێی گوتم قسه ناكه‌م. بۆ؟ گوتی ئێسته بۆ تۆ قسه بكه‌م باس له گه‌وره‌یی ڕێفراندۆم بكه‌م سبه‌ی هه‌زاران جوێنی ناشیرین و سووكایه‌تی به خۆم و خێزانم ده‌كرێت و ئه‌وه بووه‌ته نه‌ریتی شاره‌كه‌مان.
ئه‌ڕێ گه‌لۆ ئه‌وه شاره‌كه‌ی شێخی نه‌مره كه كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری سلێمانی نه‌توانێت قسه له‌سه‌ر بابه‌تێكی نیشتمانی بكات له‌به‌ر سووكایه‌تی له فیسبووك؟ ئه‌رێ ئه‌وه ئه‌و سلێمانییه‌یه كه هه‌رده‌م دوژمن به‌زێن بووه له پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كاندا؟ ئه‌مڕۆ كه‌سانێك دێن و كه‌مپینی دژه ڕێفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازی سلێمانی بووه له شۆڕشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كورد كه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی تێكۆشاوه.
ئه‌وه‌ی ئێسته له سلێمانی ده‌گوزه‌رێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شانازییه‌یه كه له پای خه‌بات و ڕۆشنبیری ئه‌و شاره گه‌وره‌یه‌وه هه‌بووه، بۆیه نابێت سلێمانی له‌ژێر هیچ ناوێك‌دا له‌كه‌دار بكرێت. ئه‌گه‌ر باسی ئازادی ده‌ڕبڕین ده‌كرێت، ئه‌وه هه‌مووان له‌گه‌ڵ ئازادیداین، به‌ڵام نه‌ك له په‌نای ئازادی سه‌تان سووكایه‌تی به نیشتمان و كه‌سایه‌تییه‌كان بكرێت، نابێت قبووڵ بكرێت و پێویسته سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می جوانییه‌كه‌ی.