میدیای كوردی بۆ وا دەكات؟

میدیا لە  دنیادا كاتێك لەسەر خاكی وڵاتەكەی دادەمەزرێت، بەرژەوەندی و سەروەریی وڵات لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان دەبینێت، 100% هێڵی سووری لە پرەنسیپی نیشتمانی بەدەوری خۆیدا كێشاوە و لەو چوارچێوەیەی پێ دەگوترێت بەرژەوەندی نیشتمانی نابەزێنێت.

لە دنیادا هیچ میدیایەك نەبووە و نییە هەواڵ و ڕاپۆرت دژی وڵاتەكەی خۆی بكات و ترس و تۆقاندن بڵاو بكاتەوە، دوژمن بە پاڵەوان بكات و هاونیشتمانی خۆی هان بدات لە هەر ئەگەرێكی هێرش بۆ سەر خاك و ئاسمان و ئابووری وڵات، هاوكار و دەستەباری دوژمن بن بۆ ڕووخاندنی حكوومەتەكەی خۆیان.

لە كوردستان بێسەروبەرییەكی زۆری میدیایی هەیە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و كەناڵی ئاسمانیدا، لە هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنی عێراق و ئێران و توركیا دێنە پێشەوە، وەك میدیای ئەو وڵاتانە پەخش دەكەن، 100% بابەتەكانیان دژ بە قەوارە و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانە، ئەمە بۆ؟ تەنیا لەبەرئەوەی بڵێن بێلایەنین لە گواستنەوەی زانیاریدا، لە كاتێكدا نەك میدیا، لە كوردستان پەیجی بێلایەنیش نییە و لە دەرەوەش هەر نییە.

گرووپە میلیشیاییەكانی حەشدی عێراقیی سەربە ئێران، بەو چەكانەی لە ئێران و سوپای عێراق وەریانگرتووە، هێرش دەكەنە سەر هەولێر و چەمچەماڵ، میدیا چەواشەكار و نابەرپرسیارەكانی كورد وەك موژدە هەواڵەكە بڵاو دەكەنەوە، لە كاتێكدا ئەركی ئەخلاقی و مرۆیی و پیشەییانە بەرەی بەرگری میلی كورد بەهێز بكەن و كارە میدیاییەكانیان دژ بە دوژمن بێت.

چەند ڕۆژێكە هێرشی مووشەكی دەكرایە سەر كیڵگەی غازی كۆرمۆر، هێزێكی عێراقی نزیك بوونەوە لە كێڵگەكە بێ ئەوەی مەبەستیان دیار بێ، میدیای چەواشەكار و دەست لەپشتدراو، هەواڵەكەیان وا بڵاو كردەوە كە كۆتایی بە هەموو شت هات و سوپای عێراق جووڵەی پێ كراوە، تەواوی نەوت و غاز لە چنگی كورد دەردەهێنرێت، بەشێك لەو میدیایانە سەربە ئێرانن و لەوێوە پشتیوانی داراییان بۆ دێت، بەشێكیشیان سەربە حزبی دەسەڵاتی ناوچەكەن كە شۆكهێنەر بوو، لە كاتێكدا ناوچەكە لە ڕووی نفووسەوە لەژێر چنگی ئەو حزبەدایە.

لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێكی هاوڕێم، زانیاریی زۆری لەسەر ئەو میدیایانە هەیە كە دەكەونە زۆنی سەوز، هەڵسەنگاندنمان بۆ هەواڵ و ڕاپۆرتەكانیان دەكرد، ئاماژەی بەوە دا فڵانە میدیا لە ئێران كۆمەك دەكرێت و فڵانیش سەربە و لایەنەیە، ئەگەر لە هەر وڵاتێكی دنیا میدیایەك دەربكەوێت دارایی لە وڵاتێكی ترەوە بۆ دێت، ئەوە نەك میدیاكە دادەخرێت، بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردنیش وەك ناپاك دەگیرێن یان لە وڵاتەكە دەردەكرێن بۆ وڵاتی پارەداركەرەیان.

پێویستە یاسای تایبەتتر بە سۆشیال میدیا دەربچێت و ڕێ نەدرێ هیچ میدیایەك بە پارە و دەستی دەرەكی پەخش بكات، ئەوانەیش پارەی ناوخۆیش بەكار دێنن، قەدەغە بكرێت بە روونی كە دژی كوردستان بوەستنەوە، چونكە شاگەشكەبوون بە دوژمن و رەخنە لە گەندەڵی و كەموكورتی لێرە تا ئاسمانیان بەینە. 

لە ساڵانی رابردوو كە پێوەندیی قەتەر و سعوودیە پچڕا، میدیاكانیشیان بوون بە بەشێك لە شەڕەكە، زۆر بە روونیش لایەنگری وڵاتی خۆیان كرد، بڕوانە توركیا لە بچووكترین كێشەدا لەگەڵ شوێنێك نەك میدیا وڵاتپەرستە، بگرە مەلاكانیان فتواش دەردەكەن بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكەیان، بەڵام تەنیا ئەو كوردە نەگبەتەیە كە خۆی جارێ نەبووە بە دەوڵەتیش، كەچی میدیاكەی بووە بە نۆكەری دەوڵەتان و ئەوانی تریش بەناوی رەخنەوە بوونەتە ئۆپۆزسیۆن و دژی هەرێمەكە، بێ ئەوەی بیریان بێتەوە كە ئەوان دەبێ پیشەیی بن نەك بەشێك بن لە حكوومەت یانی ئۆپۆزسیۆن.