عه‌زیز ره‌سووڵ
له دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ڕای گه‌یاند لیستێكی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی كوردستان و عێراق له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست كردووه، چیتر هیچ پێوه‌ندێكی به‌و حزبه‌وه نه‌ماوه كه ساڵانێكه كه‌سی دووه‌می بوو، هۆی ده‌رچوونی له یه‌كێتی ململانێی بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و برایم ئه‌حمه‌د كه له یه‌كێتیی ئێسته‌دا ده‌سه‌ڵاتدارن، له ئاراسته‌ی حزبه‌كه‌یان كه هه‌میشه ته‌واوی پێشنیار و بۆچوونه‌كانی به‌هه‌ند وه‌نه‌گیراوه.
به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر داوای كۆچكردوو مام جه‌لال له ئه‌مه‌ریكاوه ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام به‌ختی به‌رهه‌م ساڵح تا ئه‌و ڕۆژه له یه‌كێتی به‌دره‌وشاوه‌یی مایه‌وه كه مام جه‌لال ته‌ندروستی جێگیربوو، هه‌میشه بایه‌خی تایبه‌تی به كاره سیاسی و ئیدارییه‌كانی ده‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێكچوونی ته‌ندروستی تاڵه‌بانی ئیتر به ته‌واوی له پێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح درا، بۆیه كه بۆی ده‌ركه‌وت چیتر له‌ناو یه‌كێتی ژماره نییه، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ژیانی سیاسی كوردستان بمێنێت، ئه‌وه ده‌بێت زوو له‌و حزبه بڕواته ده‌ره‌وه و حزبێكی سیاسی دروست بكات، سوود له هه‌ڵه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆی و حزبه‌كانی سنووری سلێمانی وه‌ربگرێت، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌شێك له جه‌ماوه‌ر له ده‌وروبه‌ری خۆیدا.
هه‌ریه‌كه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به ڕووكه‌ش جۆرێك له به‌ره‌یان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی دروست كردووه، به‌ڵام له ناو لایه‌نگران و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح و ڕه‌وته‌كه‌ی، به پیاوی گه‌نده‌ڵی ناو حكومڕانی كوردستانی ناو ده‌به‌ن، نموونه به‌و چه‌ند ساڵه‌ی سه‌رۆك حكوومه‌تی دێننه‌وه كه له ڕووداوه‌كانی 17ـی شوباتی 2011 كه چه‌ند ڕووداوێكی نه‌خوازراو ڕوویان دا، هاووڵاتییان بۆ دوو مانگ له‌سه‌ر شه‌قام مانه‌وه به هۆی گه‌نده‌ڵی حكوومه‌ته‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م، ده‌یگه‌ڕێننه‌وه.
ئێسته‌یش به ڕوونی دژایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح له ناو یه‌كێتییه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، به‌تایبه‌ت شانازی برایم ئه‌حمه‌د كه به‌رهه‌م ساڵح به‌وه تاوانبار ده‌كات له‌سه‌ر جه‌سته‌ی یه‌كێتی خۆی پێ ده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته به‌زووی له یه‌كێتی ده‌ربكرێت، ته‌واوی په‌یجه‌كانی له فه‌یسبووك ڕاسپاردووه هێرشی توندی بكه‌نه‌سه‌ر، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك بێ ئاست و لاوازی ناو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی، مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یه‌كێتی گوتی دكتۆر به‌رهه‌م بۆ هه‌رسێ كۆنگره‌ی یه‌كێتی مام جه‌لال به ته‌زكیه دایناوه، نه‌ك جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی هه‌ڵیانبژاردبێت بۆ به‌رپرسیاره‌تی، له كۆنگره‌كانی حزب.
ڕه‌نگه لای قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیار زۆر قورس بووبێت، بۆیه نووسه‌رانی نزیك له هاوپه‌یمانی له ڕێی ماڵپه‌ڕی خه‌ندانی تایبه‌ت به به‌رهه‌م ساڵح، یه‌یجه‌كانی له فیسبووك چه‌ندان وتاری دژبه مه‌لا به‌ختیاریان نووسی و پشتیوانی گه‌وره‌یان بۆ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ربڕی.
هه‌موو ئه‌و كێشمه كێش و ده‌نووكبازییه له ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌وه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه هه‌ڵبژاردنی ئاینده له سنووری ناوچه‌ی سه‌وز پڕ ململانێی و تێكهه‌ڵپژان ده‌بێت، به‌وه‌ی ته‌واوی حزبه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن، پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان بپارێزن، هه‌رچیش قه‌واره‌ی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئه‌م سنووره بۆ خۆی ڕابكێشێت، به‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح زۆر ژیرانه توانیویه‌تی كه‌سه كاریگه‌ره‌كانی ناو حزبه‌كانی سلێمانی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.
ئه‌وه‌ی هه‌یه ترس له پێكدادانی چه‌كداری ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنی ئاینده، به‌ڵام پێم وایه به‌رهه‌م ساڵح له‌پاڵ بردنی كه‌سانی مه‌ده‌نی و نووسه‌ری حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی نووسینه‌كانیانه‌وه به‌ره‌نگاری نه‌یاره‌كانی ببێته‌وه، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیشی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه كه دیارترینیان مه‌حموود سه‌نگاوی لێپرسراوی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتییه، له ڕۆژانی ئاینده‌ش كه نزیك ده‌بینه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه چه‌ند به‌رپرسێكی تری سه‌ربازی واز له یه‌كێتی دێنن و پێوه‌ندی به به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ن، تا ڕێ بگرێت له‌و پلانانه‌ی كه پێشبینی ده‌كرێت هه‌بێت بۆ ڕێگه‌گرتن له جووڵه‌ی سیاسی ناوبراو له سنووری سلێمانی له ڕێی هێزه‌وه.