عه‌زیز ره‌سووڵ هه‌ورامانی
ململانێ حزبه‌كان له سلێمانی گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، هه‌میشه یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی پیاوی پارتین یان پارتی دروستی كردوون، یاخۆ باڵی پارتین له زۆنی سه‌وز و نیلی. نه‌وی نوێ و لیستی هاوپه‌یمانی ئه‌و دوو هێزه نوێیه‌ن له سلێمانی له‌دایكبوون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده و لیستی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت بۆ په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان، به‌ڵام هه‌ر له ئێسته‌وه له‌لایه‌ن ڕكابه‌ره‌كانیان كه له سه‌نگی خۆیان ده‌ترسن له‌و ده‌ڤه‌ره، چه‌ندان تۆمه‌تیان خراوه‌ته پاڵ كه ده‌ستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی له پشتیانه بۆ په‌رته‌وازه‌كردنی ده‌نگی سلێمانی.
نه‌وه‌ی نوێ كه شاسوار عه‌بدلواحید خاوه‌نداری ده‌كات و پیاوێكی بازرگانی شاری سلێمانییه، چه‌ندان كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی هه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی حزبه‌كه‌ی ڕۆژانه ڕاپۆرت و هه‌واڵ دژی نه‌یاره‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه و به پیاوی پارتی دیموكراتی كوردستان له قه‌ڵه‌میان ده‌دات. بانگه‌شه‌ی وا بڵاو ده‌كاته‌وه كه ئیتر ئه‌م حزبانه‌ی سلێمانی سڕ كراون و توانای گۆڕانكاری و كێبه‌ركێی سیاسی‌یان نه‌ماوه، بۆیه پێویسته بێنه گۆڕین، كه‌سانی گه‌نج و به‌توانا بێنه سه‌ر ده‌ور. له ڕه‌خنه‌ی له به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كه پێشتر جێگری دووه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی بووه، ده‌ڵێت "پیاوێكی زۆر ترسنۆك و گه‌نده‌ڵه، بۆیه به پیاوی وا هیچ گۆڕانكارییه‌ك ناكرێت".
لای خۆیه‌وه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێسته ڕاگه‌یاندنی خۆی دژی شاسوار عه‌بدلواحید و نه‌وه‌ی نوێ تاو داوه و ڕۆژانه به‌رنامه و ڕاپۆرت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به دروستكراوی ده‌ستی پارتی ناو ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگی سیاسی و ئیداریی حزبه‌كانی سلێمانی به‌ره‌و پووكانه‌وه بڕوات، ئه‌مه ترسه له‌وه‌ی ئه‌و حزبه نوێیه ده‌نگه‌كانی بۆ خۆی ڕابكێشێت.
به گشتیی له سلێمانی فه‌زایه‌ك دروست بووه هه‌ر بازرگان و سیاسییه‌ك كاتێك كه‌مێك ده‌رده‌كه‌وێت، ئیتر ده‌یان خه‌ونی گه‌وره گه‌وره دێنێته به‌رچاوی خۆی و ده‌ست بۆ دروستكردنی حزب ده‌بات. هه‌ر له خه‌یاڵی خۆیشیه‌وه ده‌یان خه‌ونی گه‌وره و ئاواتی به‌دی نه‌هاتوو بۆ كۆمه‌ڵگای كوردیش ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام كاتێك دێته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه بزانرێت ئه‌م حزب و گرووپه نوێیانه چین دروست ده‌بن، ده‌بینین هه‌مان حزبی ته‌قلیدین و بۆ ناوبانگ و پله‌وپایه دروست بوونه، له ڕاگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه سه‌دان ناوناتۆره‌ی ناشیرین له یه‌ك ده‌گرن، دواجاریش شه‌ڕێكی ناشیرین و نامۆ ده‌خه‌نه ماڵی كوردییه‌وه.
ئێسته نه‌وه‌ی نوێ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه پیاوی پارتییه، به پێچه‌وانه‌وه گۆڕان نه‌وه‌ی نوێ به دروستكراوی پارتی ده‌زانێت، له‌لایه‌كی تره‌وه یه‌كێتی هاپه‌یمانییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح به‌نزیك له پارتی تۆمه‌تبار ده‌كات، هاوكات ته‌واوی حزبه‌كانی سلێمانی یه‌كگرتوو به لقێكی پارتی ناو ده‌به‌ن، به‌هه‌مانشێوه مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ناو نراوه مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له به‌رگی یه‌كێتیدا. ئیتر نازانرێت ئه‌و حزبانه‌ی سلێمانی چی‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌وه‌ی یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی پیاوی پارتین، بۆیه پێویسته به‌ڕوونی به خه‌ڵكی كوردستان بڵێن، ئایا ئه‌وان ئه‌وه‌نده لاواز و بێ كاریگه‌رین پارتی دروستكراو و هه‌ڵسووڕێنه‌ریان بێت؟ یان ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ونه‌كانیان تا پارتی بڕ ده‌كات، بۆچی ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه به ئاشكرا بچنه پاڵی و پشتگیریی پڕۆژه‌كانی بكه‌ن، ئه‌وكات كوردستانیش تۆكمه‌تر ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌نگی كوردیش ده‌بێت به یه‌ك.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی ئه‌وه‌ش بكه‌م كاتێك 25-9-2009 بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به سه‌رۆكایه‌تیی نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زرا، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی دا، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وكات پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بووایه، یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی زۆر بچووكی هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا ده‌مایه‌وه، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی كوردستان و عێراق، به جیابوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و دروستكردنی لیستی سه‌ربه‌خۆ و خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، وا ده‌رده‌كه‌وێت دۆخی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و حزبه زۆر خراپ ڕووخاوه، چونكه نه‌یتوانی سوود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرێت كه پارتی بۆی ره‌خساند بۆ راستبوونه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و حزبه و كوردیشی دووچاری ئیحراجی نه‌ته‌وه‌یی و مێژووی كرد. به‌ڵام دیار نییه ئایا پارتی وانه‌یه‌كی وه‌رگرت له سه‌ره‌ڕیی و بێسه‌روبه‌رییه‌كانی یه‌كێتی یان دیسان پاڵپشتی ده‌كاته‌وه. وه‌ك خۆم باوه‌ڕ ناكه‌م پارتی ئه‌مجاره لایه‌نگری بكات له دۆخی یه‌كێتیدا و ره‌نگه گۆڕه‌پانه‌كه بۆ یارییه دیموكراسییه‌كه چۆڵ بكات تا هێزی راستی به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر ده‌ربكه‌وێت، به تایبه‌ت كه ئه‌مساڵ جیاوازه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 و 2013 كه له هه‌ردووكیاندا یه‌كێتی ته‌واو شڕ بوو، ئه‌مجاره پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنه‌كانیان به‌جۆرێك شكستی هێناوه، خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر رووی داوه و كۆچكردوو مام جه‌لالیش نه‌ماوه.
ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌بینین به‌ڕوونی ته‌واوی حزبه‌كانی زۆنی سه‌وز و نیلی ته‌واوی هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه ببن به حاكمی سلێمانی تا بتوانن ببن به جێگره‌وه‌ی یه‌كێتی و هاوشانی پارتی بڕۆنه حوكمڕانی كوردستانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م فره‌لیستی و دروستكردنی تۆمه‌تی جۆراوجۆره به‌رانبه‌ر یه‌كتر، پێمان ده‌ڵێت سلێمانی ساغ نابێته‌وه بۆ هیچ كام له‌و حزبانه‌ی ئێسته له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی شاره‌كه ئه‌سپی خۆیان تاو ده‌ده‌ن.
لای خۆیه‌وه پارتی ئێسته كه حوكمڕانی كوردستانه، چاوی له‌وه‌یه له ئاینده‌دا حوكمڕانی پارێزگای سلێمانی بكه‌وێته بنده‌ست، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه‌ی له سلێمانی هه‌میشه یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پیاوی پارتی و لقی پارتی، له به‌رچاوی جه‌ماوه‌ری سلێمانی ده‌ربكه‌ون، ره‌نگه ده‌نگده‌ر بڵێ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مان شاگرد و لق و مه‌كته‌ب سیاسیی كارتۆنین و پارتی دروستی كردوون، بۆ چانس به‌و حزبه خۆی نه‌ده‌ین ببێت به حوكمڕانی سلێمانی، به‌هۆیه‌وه رزگاریش ده‌بین له‌و هه‌موو حزب و ده‌نگه نه‌شازانه‌ی ڕۆژانه به‌رگوێمان ده‌كه‌ون.