حزبی كوردی دژی ده‌وڵه‌تی كوردی

عه‌زیز ره‌سووڵ هه‌ورامانی

له‌ دوای ده‌سپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، چه‌ند حزبێكی كوردی كه‌ سه‌روبنی زمانیان باسكردن بوو له‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئێسته‌ له‌ بانگه‌شه‌ی 2018 بۆ په‌رله‌مانی عێراق، ڕای گشتی كورد بۆ ئه‌وه‌ ده‌جووڵێنن كه‌ ده‌بێت ده‌ست به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌وه‌ بگرین و پشت له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی بكه‌ین.

ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی ساڵی ڕابردوو، كوردستانیان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌نگیان بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا به‌ ڕێبه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، به‌وه‌یش خه‌باتی 100 ساڵی ڕابردووی گه‌له‌كه‌مان هه‌نگاوی كرداریی بۆ نرا، ئه‌وكاتیش چه‌ند حزبێك دژی ڕیفراندۆم بوون و حزبیش هه‌بوو باڵێكی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و باڵێكیشی كاری ده‌كرد بۆ شكست پێهێنانی پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان 93% به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراقی شۆڤێنی دا و به‌گوێ حزبه‌ به‌ناو كوردییه‌ ناوه‌ڕۆك ئێرانی و عێراقییه‌كانیان نه‌كرد.

ئێمه‌ی گه‌لی كورد ڕۆژی 25 ئه‌یلوولی ساڵی ڕابردوو به‌ ده‌نگه‌كانمان به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانمان دانا، به‌داخه‌وه‌ خیانه‌تی ناوخۆیی وای كرد نه‌توانین به‌ته‌واوه‌تی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ وه‌ك خۆی به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ و بیگه‌یه‌نین به‌ كۆتا و به‌ فه‌رمی ڕای بگه‌یه‌نین، ئه‌و خیانه‌ته‌ بووه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی له‌ نیوه‌ی داهاتی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌نیوه‌ی ئه‌و خاكه‌وه‌ كه‌ خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كوردی تینووی ئازادی  له‌ ده‌ستی دوژمانی كورد و داعشی تیرۆرست ڕزگار كرابوو. ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌سه‌ر دواسنووری خاكمان هه‌ڵكرا، به‌ڵام دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر هه‌موو شت گۆڕا و هه‌ڵكردنی ئاڵا و دروشمی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌و ناوچانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ كرا.

ئێسته‌ ده‌بینین حزب هه‌یه‌ خۆی به‌ حزبی شه‌هیدان ناو ده‌بات له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ حاشا له‌وه‌ ده‌كات ده‌ستی هه‌بووبێت له‌وه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدرێت و داوای یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات، له‌ كاتێكدا ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی شانازی بووبێت كه‌ پاڵپشتی ده‌وڵه‌تی كردووه‌، كه‌چی ئه‌و شانازییه‌ش به‌خۆی به‌ ره‌وا نابینێ. ئاخر زۆر قه‌باحه‌ته‌ له‌ناو كورددا حزب و كه‌سایه‌تی كوردیی هه‌بێت پشت له‌و هه‌نگاوانه‌ بكات كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی نراون و به‌ شه‌رمه‌وه‌ باسی بكات و بڵێت من له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بووم، ئێسته‌ بۆ من پرسیاره‌ ده‌بێت ئه‌و ماڵباتانه‌ی كوڕه‌كانیان به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه‌ له‌و حزبه‌دا شه‌هید بوون، ئێسته‌ چی به‌و سه‌ركردانه‌یان بڵێن.

چه‌ند ڕۆژێكه‌ ڕاگه‌یاندنی بینراو و بیستراو خوێنراو، گوته‌ی به‌رپرسانی حزبی له‌ سنووری هه‌مه‌ڕه‌نگی سلێمانی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ڕۆژانه‌ هوتاف دژی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڵێنه‌وه‌، به‌ماڵ كاولكه‌ری كورد ناوی ده‌به‌ن، سه‌رم سوڕماوه‌ له‌م دۆخه‌ و هه‌ر ده‌ڵێم ده‌بێت ڕۆژێك بێت ئه‌و حزب و سه‌ركردانه‌ له‌ دادگای گه‌ل دادگایی بكرێن كه‌ كوردایه‌تی له‌ مێشكی تاكی كورد ده‌سڕنه‌وه‌، هاوار ده‌كه‌ن پڕ به‌ گه‌روویان به‌ڵێ بۆ عێراقی یه‌كپارچه‌، نه‌خێر بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان.

ئه‌وه‌ چ بارودۆخێكه‌ تێی كه‌وتین حزبی كوردی له‌ ساڵی 2018 بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری ئه‌وه‌ بێت كه‌ دژایه‌تی یه‌كبوونی كورد بكات، دژ به‌ ناسیۆنالیزمی كوردی بێت و ده‌نگ به‌وه‌ كۆ بكاته‌وه‌ كه‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌وه‌ستێته‌وه‌! ئه‌و حزبه‌ نه‌ته‌وه‌یییانه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییان ئه‌نجام داوه‌ به‌ تاوانباریان ده‌زانێت و داوای دادگاییكردنیان ده‌كات، به‌ڵام ڕۆژێك دێت نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌م گه‌له‌ ئه‌و حزبانه‌ سزای توند بدات له‌ پای ئه‌و بێ حورمه‌تییه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ی 93%ی ده‌یكه‌ن.

به‌داخه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنی چه‌واشه‌كاری ئه‌و حزبه‌ خۆپه‌رست و پۆستپه‌رست و پاره‌په‌رستانه‌، كارێكیان كردووه‌ له‌ گه‌لی كورد، كێشه‌كانی خۆی له‌ مێژوودا بچووك بكاته‌وه‌ ته‌نیا له‌ مووچه‌دا و ته‌واوی ئامانجه‌ به‌رزه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی خۆیان، كه‌ خه‌باتیان بۆ كردووه‌ بیریان بچێته‌وه‌ و داوا بكه‌ن پشت له‌ ته‌واوی به‌هاكانی رابردوو و ئێسته‌یان بكه‌ن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا وه‌ك سواڵكه‌ر چه‌ند درهه‌مێكمان بداتێ. ئاخر له‌ مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نه‌بووه‌ و نابێت گه‌لێك قڕ كرابێت به‌ده‌ستی حكوومه‌تێكی داگیركه‌ر، به‌ڵام هه‌ر داوا بكرێت له‌ژێر سایه‌ و سێبه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا وه‌ك كۆیله‌ بژیت، له‌ كاتێكدا ده‌بینین چۆن دوای 15 ساڵ له‌ ئازادی عێراقی كۆیله‌ی وڵاتان، له‌ كه‌ركووك جارێكی تر كوردان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی داگیركه‌ری عێراقدا هه‌موو ئازادییه‌كیان لێ زه‌وت ده‌كرێ و به‌ پله‌ سێ ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

من پێم وایه‌ ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ هه‌ستان به‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی و گه‌یاندنی به‌ئه‌نجام، ئێسته‌ش به‌شانازییه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا به‌ دره‌وشاوه‌یی بۆیان ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وانه‌یشی دژی بوون و كۆسپیان بۆ دروست كرد، به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو ده‌كه‌ون.

كورد ده‌بوو پاش داگیركاری خاكی كوردستان له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی كوردستان، به‌شداری هه‌ڵبژاردنی نه‌كردایه‌ له‌ عێراق كه‌ حكوومه‌تێك سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد هیچ ئازادی و سه‌روه‌رییه‌كی نه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا، به‌ڵام نایشبێت بانگه‌شه‌ی حزبی كوردی هه‌بێت شانازی به‌وه‌وه‌ بكات له‌ كه‌ركووك ماوه‌ته‌وه‌ بێ ئاڵای كوردستان، ته‌نانه‌ت بۆی نه‌بێت له‌سه‌ر باره‌گای حزبه‌كه‌ی خۆیشی ئاڵا هه‌ڵبكات و ریفراندۆم به‌ خیانه‌ت بزانێ هاوشێوه‌ی دوژمنانی كورد.


PM:02:55:01/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌