عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
له به‌شێكی زۆری پارێزگاكانی عێراق, به‌هۆی كێشه‌ی ئاو و كاره‌با و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و هه‌لی كار, چه‌ند رۆژێكه خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی گه‌وره ده‌ستی پێ كردووه. خۆپێشانده‌ران دروشمی جۆراوجۆر دژی حكوومه‌تی عێراقی ده‌ڵێنه‌وه و هه‌تا دێت داواكارییه‌كانیان فراوانتر ده‌بێ.
دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق وه‌ك پێویست نه‌یتوانی وه‌ڵامی خۆپێشانده‌ران بداته‌وه له پارێزگای به‌سڕه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت و بڕبڕه‌ی پشتی ئابووری عێراق، خۆپێشانده‌ران چیتر باوه‌ڕیان به به‌ڵێنی كاربه‌ده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه و ناڕه‌زاییه‌كانیان زیاتر په‌ره پێ دا، تا ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری پارێزگاكانی تری عێراقی گرته‌وه و ئێسته‌یش به‌رده‌وامن و كوژراو و برینداری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه له كاتێكدایه، له ماوه‌ی ڕابردوو ته‌واوی ئه‌و حزب و كه‌سایه‌تییه كوردییانه‌ی نزیكن له مه‌یلی عێراقییه‌وه، داوایان ده‌كرد هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت و جارێكی تر پارێزگاكانی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه ڕاسته‌وخۆ حوكمڕانی بكرێن، بۆ ئه‌وه‌یش ڕۆژانه ده‌یان دروشمی خۆشگوزه‌رانی و شه‌فافیه‌ت و ئازادی و بوونی هه‌لی كار و دابینكردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن به‌غداوه به گوێی هاووڵاتییانی ئه‌و هه‌رێمه‌دا ده‌دا كه نه‌وه‌كانی پێشتر به خه‌باتی 80 ساڵ توانییان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی جێگیر له ساڵی 1991 به‌ده‌ستی بێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌و حزب و كه‌سایه‌تییه كوردییانه كاریان بۆ ئه‌وه ده‌كرد تاكی كورد بگات به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ڕه‌ت بكاته‌وه و داوای چوونه‌وه سه‌ر حكوومه‌تی میراتگری سه‌دام حوسێن بكات. گوایه ده‌یانگوت عێراق به‌هه‌شته و له هیچی كه‌م نییه!
چه‌ندان په‌رله‌مانتاری كوردی عێراقچیمان هه‌بوو ده‌ڕۆیشتنه ناو خۆپێشاندانی مامۆستایان له‌وكاته‌ی داوای مووچه‌ی شایسته‌ی خۆیان ده‌كرد و خۆیان وشیارانه داواكه‌یان ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و كورده عێراق دۆستانه دروشمی ئاینی و جۆراوجۆری خۆیان ده‌خزانده ناو نیازپاكییه‌كه‌ی مامۆستایان و داوای ڕووخاندنی حوكمڕانی كوردی‌یان ده‌كرد، بۆ چوونه‌وه باوه‌شی ئه‌و وڵاته‌ی له شوباتی 2014 بودجه‌كه‌ی بڕیبوو و هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆی ناڕه‌زایی و تێكچوونی ژیانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌كه بوو، به‌ڵام ئێسته به به‌رچاوییه‌وه برا عێراقییه‌كانیان بۆ نان و ئاو رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و شاره‌كانیان له كه‌لاوه ده‌چێ، كاكی په‌رله‌مانتاری كوردیی عێراقدۆست ناچێ پشتیوانی‌یان بكات، ده‌زانی بۆ؟ چونكه ئه‌م سروشتی كه‌ری دێزه‌ی هه‌یه و حه‌زی له زیانی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی كه خاكی كوردستانه و له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ئازار ده‌درێ له‌لایه‌ن ئه‌و عێراقه‌ی كه ئه‌و داوای ده‌كرد بچینه‌وه سه‌ری.
ده‌بێت ئه‌وانه‌ی له سه‌روبه‌ری خۆپێشاندانی مامۆستایانی كوردستان ده‌هاتن و عێراقییان لێ كردبووین به‌و به‌هه‌شته‌ی خه‌ونی پێوه ببینین، ئاخر خۆمان نه‌ماندیوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی جیا له خزمه‌تگوزاری، عێراق ته‌ناهیشی نییه و كه‌س ناوێرێ سه‌ردانی شاره‌كانی بكات، ئه‌ی ئێسته چ وه‌ڵامێكیان پێیه بۆ ناڕه‌زایی هاووڵاتییانی پارێزگاكانی عێراق؟ كاتی ئه‌وه‌یشه ئێمه خوێندنه‌وه بۆ مه‌رام و سیاسه‌تی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردییانه بكه‌ین كه ئاخۆ بۆ ده‌بێت وێرانه‌یه‌ك بكه‌ن به به‌هه‌شت له گه‌له‌كه‌ی خۆیان كه پێشتر سه‌دان هه‌زاریان له‌لایه‌ن ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی عێراقه‌وه قه‌تلوعام كراون و له دوا رووداویشدا له خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر پێشمه‌رگه كه‌وته ژێر زنجیری تانكه‌كانیان.
ئه‌و ناڕه‌زایییه‌ی ئێسته له‌لایه‌ن گه‌لی عێراق به‌تایبه‌ت شیعه‌وه ده‌یبینین دژی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی هی خۆیانه، زۆر تووڕه‌یی پێوه دیاره به‌رانبه‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی مرۆڤ، تووڕه‌یییه‌كه‌یان په‌نگی خواردووه‌ته‌وه بۆیه ده‌ست له هیچ ناپارێزن، چونكه دیاره لای ئه‌وان نه ئاو، نه كاره‌با، نه شه‌قام، نه هۆكاره‌كانی خۆشگوزه‌رانی شار نه باخچه و سه‌وزایی بنیات نه‌نراوه، ئێسته تێده‌گه‌م بۆ گه‌شتیاره‌كانیان هه‌میشه له رێی كوردستانن و به كه‌سوكاریان ده‌ڵێن "وه‌ڵا له به‌هه‌شتین به‌هه‌شت" به‌ڵام مافی خۆمانه بیر بكه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر عێراق حكوومی هه‌رێمی بكردایه، ده‌بوو حاڵی ئێمه چۆن بێ؟ له‌وكاته‌ی شیعه به‌و تووڕه‌یییه ده‌بینین.
به‌ڵام كاكی په‌رله‌مانتار له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا نه‌چووه ده‌ره‌وه تا بزانێ له دنیای خه‌ڵكدا چی ده‌گوزه‌رێ، مانگانه‌كه‌یشی 30 ملیۆن دیار بووه، بۆیه وا لاڵ بووبوو بۆ عێراق، ئاخر شۆك ده‌بی كه رۆژانه ئه‌و هه‌موو زانیارییه له دنیا له باره‌ی ره‌وشی خراپی عێراق ده‌بینی، به‌ڵام ئه‌و له شاشه‌وه وه‌ك به‌هه‌شت بۆت وێنا ده‌كات، به‌ڵام هێشتا دره‌نگ نییه بۆ ئه‌وه‌ی كورد بین و خاك و ژیانی خۆمان خۆش بوێ.
ئه‌و رستانه‌ی سه‌ره‌وه ئامانجی ئه‌وه نییه چاوپۆشی له كه‌موكورتییه‌كانی كوردستان بكات كه رۆژانه ده‌بینین كێشه‌ی به‌نزین و كاره‌با و هه‌لی كار هه‌یه، به‌ڵام له‌چاو عێراق به‌راورد ناكرێین، بۆیه گرنگه ئه‌وانه‌ی لێدوان ده‌ده‌ن خه‌ڵك به هه‌ڵه‌دا نه‌به‌ن و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان به ئه‌مانه‌ته‌وه به‌كار بێنن نه‌ك له دیدی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه.