25ی ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێك بۆ رۆژی نیشتمانی

عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی 

كورد له‌ مێژوودا هه‌موو خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان دابمه‌زرێنێت و خۆی له‌ سته‌مكار و زۆرداریی داگیركه‌ر ڕزگار بكات و وه‌ك هه‌موو گه‌لانی ئازادیخواز خاوه‌نی قه‌واره‌ی خۆی بێت، به‌ڵام ته‌واوی خه‌بات و شۆڕشه‌كانی كورد له‌ ناوخۆدا خیانه‌تكار زه‌فه‌ریان پێ بردووه‌ و كاتێك گه‌یشتووینه‌ به‌ لووتكه‌، دوژمن نه‌یتوانیوه‌ ببێت به‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م خواستی نه‌ته‌وه‌ییمان، به‌ڵام له‌ ڕێی خیانه‌تكارانی ناوخۆوه‌ كار بۆ وه‌ستانی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كراوه‌ و له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوویش بوون.

ڕێفراندۆم وه‌ك شاكاری سه‌ده‌

هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2014دا ئاماده‌كاری بۆ ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كرد، به‌ دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، به‌ڵام شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش به‌رۆكی كوردی گرت و شه‌ڕێكی سه‌ختی خوێناوی بۆ چوار ساڵ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی پێ كرد. سه‌ركردایه‌تیی كورد بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی كوردستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیان دواخست، به‌و ئامانجه‌ی له‌و نه‌به‌ردییانه‌دا سه‌رنجی دنیا رابكێشن و لای كورد بگرن كه‌ گه‌لێكی ژیاندۆست و ئازایخوازه‌، ئه‌وه‌بوو پێشمه‌رگه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی برده‌وه‌ و ته‌واوی ناوچه‌ كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیشی به‌ خوێن پاراست و خستییه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌. به‌ڵام دنیا زۆر دووڕوو ده‌رچوو، به‌و پێیه‌ی دوای شه‌ڕ پشتیان له‌ كورد كرد.

ڕۆژی حه‌وتی حوزه‌یرانی 2017 حزبه‌كانی كوردستان له‌ پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، جگه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، له‌ كۆشكی ‌سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌كه‌یان بڕیارێكی مێژوویییان دا به‌ دیاریكردنی 25ی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و وه‌رگرتنی بۆچوونی گه‌ل به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌ یان سه‌ربه‌خۆ بن، هاووڵاتییانی كوردستان بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان و جیابوونه‌وه‌ له‌و عێراقه‌ی له‌گه‌ڵ پێوه‌لكاندنی به‌ زۆره‌ملێ تا ئێسته‌، جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و قڕكردن هیچی پێ ره‌وا نه‌بینیوه‌، به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رزی 93% خواستی سه‌ربه‌خۆیییان هه‌ڵبژارد.

ریفراندۆم بوو به‌ شه‌هیانی نه‌ته‌وه‌یی كورد و له‌ هه‌موو پارچه‌كان و كوردانی تاراوگه‌یش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازییان له‌و بڕیاره‌ مێژوویییه‌ كرد.

سه‌رۆك بارزانی كه‌ سه‌ركردایه‌تیی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی ده‌كرد، هه‌موو هه‌وڵی دیپلۆماسی خۆی خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دنیا بڵێت ئێمه‌ ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین ته‌نیا بۆ ئازادی و سه‌ربه‌رزی گه‌له‌كه‌مان و نابین به‌ مه‌ترسی به‌سه‌ر هیچ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونی 27 ساڵی دراوسێیه‌تی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكیشی هه‌بوو كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ دروست نه‌كردبوون، به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ رووی خۆیان ده‌رخست به‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ده‌ربڕینی بۆچوونیش له‌ كورد قبووڵ ناكه‌ن.

بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی دنیا، له‌ ناوخۆیشدا شار به‌ شاری كوردستانیش ده‌گه‌ڕا و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی ده‌یان هه‌زاری ئه‌نجام ده‌دا، خرۆشانی سه‌ربه‌خۆخوازان زۆر له‌ ئاستێكی به‌رزدا بوو، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ دڵخۆشكه‌ره‌ی مسۆگه‌ر كرد، ئاخر زۆرینه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێسته‌ له‌ ژیاندان سته‌می رژێمه‌كانی عێراقیان دیوه‌ به‌ چاوی خۆیان، ده‌یان ساڵ ئاواتی رۆژهه‌ڵاتنی كوردیان خواستووه‌، بۆیه‌ به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ به‌ده‌م سه‌ربه‌خۆیییه‌وه‌ رۆیشتن.

ڕێفراندۆم سه‌ركه‌وت یان شكستی هێنا

وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ڕێبه‌ری سه‌ربه‌خۆخوازانی كورد له‌ هه‌شتی ته‌مووزی ئه‌مساڵ 2018 گوتی، به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی به‌ڵێ به‌ رێژه‌ی 93%، خۆی سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆمه‌، ئه‌وكات و ئێسته‌یش نه‌گوتراوه‌ ئه‌مڕۆ ڕیفراندۆم كرا به‌یانی ده‌وڵه‌تی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی خیانه‌تیان كرد، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ گه‌لی كورد بڵێن ڕیفراندۆم شكستی هێناوه‌.

زۆرن ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ قۆناغی هه‌رێمبووندا ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییان ئه‌نجام داوه‌ و چه‌ندان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانیدا تێپه‌ڕیوه‌ ئینجا به‌رهه‌مه‌كه‌یان چنیوه‌ته‌وه‌ و هه‌رێمه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه‌، ڕاسته‌ ئێسته‌ كوردستان ڕیفراندۆمی سڕ كردووه‌، به‌ڵام ڕۆژانێك دێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بێت، ئه‌وكات هیچ سته‌مكارێك ناتوانێ ڕێگر بێت له‌ به‌رده‌م ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان كه‌ ساڵی رابردوو نه‌خشاندمان.

سه‌ركردایه‌تیی كورد به‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم به‌ هه‌موو دنیای گوت، ئێمه‌ی گه‌لی كوردستان هه‌رچه‌نده‌ به‌ چه‌ك قه‌تلوعام كراوین و به‌ زۆر له‌گه‌ڵ عێراق ماوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئازادی و له‌ ڕێی دیموكراسییه‌وه‌ داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌كه‌ین، ده‌بێ ئێوه‌ش به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی خۆتان داتانناون، ڕێز له‌ بۆچوونی گه‌لێك بگرن.

ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌ چوو به‌ سه‌ركه‌وتوویی و چه‌ندان ڕۆژی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بوو،  هێدی هێدی لێدوانه‌كانی ده‌وروبه‌ر خاو ده‌بوونه‌وه‌ و دۆخی كوردستان قۆناغێكی زۆر گه‌وره‌ی بڕیبوو، هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوون ئه‌گه‌ر عێراق نه‌یه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ دۆخی ئابووری كوردستان به‌ره‌و باشی ده‌ڕۆیشت و مووچه‌ كه‌ مانگه‌كانی پێش ڕیفراندۆم زۆر خراپ و دره‌نگ دابه‌ش ده‌كرا، تا ئاستێك جێگیر بووه‌وه‌ و كورد له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستابوو، له‌ شه‌ڕی داعش براوه‌ بوو و شه‌ڕی ئابووریشی له‌ به‌غدا بردبووه‌وه‌ و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاستێكی باشدا موماره‌سه‌ ده‌كرد، وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ پشتیوانی كورد نه‌بوون، وه‌ك دژیش ده‌رنه‌كه‌وتن، ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش به‌ ده‌نگی خۆیان داوای سه‌ربه‌خۆیییان كرد له‌گه‌ڵ كوردستان، بۆیه‌ به‌گشتیی دوژمن به‌ره‌و چه‌مانه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت و ئه‌مری واقیع قبووڵ بكات، به‌ڵام خیانه‌تی ناوخۆ هاوكێشه‌كانی جارێكی تر دژی به‌رژه‌وه‌ندی كورد پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌.

ئێران و عێراق كاتێك زانییان ڕیفراندۆم به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دراوه‌ و كوردیش ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و به‌هێزی هه‌نگاو ده‌نێت، جارێكی تر بیریان له‌ كڕینی خه‌ڵكی ناوخۆ كرده‌وه‌ و سه‌ركه‌وتووش بوون له‌و پیلانه‌ دوژمنكارانه‌یاندا، توانییان دیسان به‌هۆی كورد خۆیه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌تك بكه‌ن و كه‌ركووكیش له‌ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ گه‌رمه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان دابڕێنن.

مێژووی ڕه‌شی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر

ڕۆژی 15ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌ دووكان پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا و به‌ به‌شداری سه‌رۆك بارزانی، پارتی گومانی لا دروست بووبوو كه‌ جموجووڵی یه‌كێتی چه‌ند رۆژێك بوو گوماناوی بوو، بۆیه‌ به‌ شاندی یه‌كێتییان گوتبوو ئه‌گه‌ر هیچ رێككه‌وتنێكی نهێنیتان هه‌یه‌ ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام شاندی یه‌كێتی ره‌تی كردبووه‌وه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا و تاران و له‌و رووه‌وه‌ دڵنیایییان به‌ شاندی پارتی دابوو.

به‌ڵام راستییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ بوو، زۆری نه‌برد بینیمان له‌ پشته‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كورد، گرووپێكی ناو یه‌كێتیی ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و ئێران ئه‌نجام دابوو بۆ فرۆشتنی كه‌ركووك، ئه‌وه‌بوو كه‌ركووك به‌بێ ته‌قه‌ و له‌ دیمه‌نێكی زۆر شه‌رمهێن و نه‌خوازراودا، پێشكه‌شی میلیشیای عێراقی و ئێرانی كرا، كورد ئه‌و رۆژه‌ سه‌ختترین كاتی خۆی له‌ رووی سیاسیی و مرۆیییه‌وه‌ بینی، بۆیه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناو نرا خیانه‌تی سه‌ده‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ متمانه‌كردن به‌ یه‌كێتی، سه‌ركردایه‌تیی كوردستان بڕیاری گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا دا، به‌ڵام له‌ به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شدا ئه‌وه‌ خرایه‌ ڕوو كه‌ ئه‌گه‌ر له‌شكركێشی كرا پێكه‌وه‌ به‌رگریی له‌ كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر هێزه‌كانی عێراق به‌ره‌و كه‌ركووك جووڵه‌یان كرد و له‌و میحوه‌رانه‌ی دووره‌ده‌ستی خیانه‌تكاران بوون، پێشمه‌رگه‌ گورزی كوشنده‌ی له‌ دوژمن دا، به‌ڵام له‌ پشته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و باڵه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ دوژمن كردبوو، ده‌رگه‌ بۆ هێزه‌كانی دوژمن كرایه‌وه‌  و میلیشیاكان به‌ ئۆتۆمبێل و به‌ خێرایی تا ناو كه‌ركووك هاتن، پشتیان له‌و پێشمه‌رگانه‌یش گرت كه‌ به‌رگرییان ده‌كرد، بۆیه‌ شكستی كورد له‌و قۆناغه‌دا له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ كه‌ نیوه‌ی خاكیان پێشكه‌شی عێراق كرده‌وه‌، له‌ كاتێكدا 97 ساڵ بوو كورد خوێنی بۆ ده‌دا و به‌دیاریكراوی ئه‌و ناوچانه‌ چوار ساڵ بوو پێشمه‌رگه‌ ده‌یپارست به‌هۆی خۆنه‌گرتنی سوپای به‌زیوی عێراق به‌رانبه‌ر داعش.

دوژمن كه‌ بینی كورد خۆخۆره‌ و خیانه‌ت له‌ خۆی ده‌كات، چاوی بڕییه‌ هه‌ولێری پایته‌ختیش، بۆیه‌ ڕۆژی 20ـی ئه‌یلوول هێرشیان كرد به‌ ئامانجی داگیركردنی هه‌ولێر و له‌و خه‌یاڵه‌دا بوون كه‌ هاوشێوه‌ی كه‌ركووك به‌ ئۆتۆمبێل بۆی ده‌چن، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ توانی به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ بگرێت و سه‌دانیان له‌ بكوژێت و بریندار بكات، ئه‌و رۆژه‌ سوپا و میلیشیاكانی عێراق و وڵاتانی هاوكاریان، له‌ پردێ چه‌مانه‌وه‌.

پێوه‌ست به‌م خیانه‌ته‌، له‌ رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا گوتی، "ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئێران نه‌بووایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ئه‌وه‌ هێزه‌كانی ئێمه‌ به‌ خه‌ونیش نه‌یانده‌توانی بڕۆنه‌ ناوشاری كه‌ركووك". بۆیه‌ خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك مێژوویه‌كی ڕه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییش وه‌ك مێژوویه‌كی دره‌وشاوه‌ی پڕ شانازی به‌رده‌وامه‌ تا ده‌گات به‌ ئامانجه‌كه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌.

بۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆژی 25ـی ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێك به‌ ڕۆژی نیشتمانیی كوردستان بناسرێت و به‌ یاسا ڕێك بخرێت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هاوكات هه‌ر به‌ یاسا خیانه‌ت قه‌ده‌غه‌ بكرێت و حوكمی زۆر توند بۆ هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بیری لێ كرده‌وه‌ له‌ داهاتوو ئه‌نجامی دا و هاوكاری دوژمن بوو، به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێت، بۆ ئه‌وه‌یش گرنگه‌ به‌ یاسا 16ـی ئۆكتۆبه‌ری هه‌موو ساڵێك به‌ ڕۆژی خیانه‌ت ناو بنرێت.

PM:01:28:28/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 165 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌