عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و دوو حزبه بوون كه له چوار ساڵی ڕابردووی كابینه‌ی هه‌شتی حكوومه‌تی هه‌رێمیان به ململانێی سه‌ختدا تێپه‌ڕاند، تا ئه‌و ئاسته‌ی پارتی ڕای گه‌یاند كه ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت دووری خستنه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له كابینه‌ی هه‌شتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به چوار وه‌زیر و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شداری حكوومه‌تی كرد و ناوی لێ نابوو "چوار ساڵی ئارام و خزمه‌تگوزاری"، كه ئه‌وكات ڕێككه‌وتنه‌كه له نێوان پارتی و گۆڕان بۆ به‌شداری ئه‌و حزبه له حكوومه‌ت, نه‌وشیروان مسته‌فا كردی و هێشتا ته‌ندروستی جێگیر بوو. هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه بوون گۆڕان بتوانێ له‌و چوار ساڵه‌دا به‌شێك له به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات كه به‌هاووڵاتییانی دابوو، به‌ڵام هه‌رزوو بینیمان به‌هۆی خراپ مامه‌ڵه‌كردنی ستافه‌كه‌ی له په‌رله‌مان و پابه‌ندنه‌بوون به ڕێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان، وای كرد دۆخی سیاسی به ئاقارێكی خراپ‌دا بڕوات و خۆپێشاندان له ناوچه‌ی نیلی و سه‌وز دروست بكه‌ن، هاوكات هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گاكانی پارتی و سووتاندیانن و به‌و هۆیه‌شه‌وه پێنج كه‌س شه‌هید بوون، ئه‌وه‌ش وایكرد په‌رله‌مان بۆ زیاتر له دوو ساڵ په‌كی بكه‌وێت و گۆڕان له گۆڕه‌پانی حوكمڕانی بخرێته ده‌ره‌وه.
دوای ئه‌و گرژییه زۆره‌ی له نێوان پارتی و گۆڕان له چوار ساڵی ڕابردوو دروست بوو كه تا ئێسته‌یش پێوه‌ندیی ئه‌و دوو حزبه‌ی له دۆخێكی نائاسایدا هێشتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێسته كه هه‌ڵبژاردن كراوه و ژیانی سیاسیی نوێبوونه‌وه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارتی 45 كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێناوه و به‌راورد به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو حه‌وت كورسی زیاد كردووه، گۆڕانیش له 24 كورسییه‌وه دابه‌زیوه بۆ 12 كورسیی په‌رله‌مان، بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه هه‌لومه‌رجی ئێسته وا ده‌خوازێ دیسان گۆڕان بهێنرێته‌وه ناو حكوومه‌ت، به‌ڵام مه‌رجی بۆ دیاری بكرێت.
پارتی له چوار ساڵی ڕابردوودا له‌پێناو ئه‌و ئارامییه‌ی گۆڕان بانگه‌شه‌ی بۆ كرد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه پشكی خۆی بوو له به‌غدا و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی له حكوومه‌تی عێراق به گۆڕان دا، له حكوومه‌تی هه‌رێمدا چوار وه‌زاره‌تی پێ دا كه دوو وه‌زاره‌تیان سیادی بوون، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چه‌ندان پۆستی تر، به‌ڵام له هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی پارتی كه كورسییه‌كانی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان به‌شی نه‌ده‌كردن، پارتی به‌خشی پێیان، به‌ڵام رێك به‌پێچه‌وانه‌وه، گۆڕان ته‌واوی ئه‌و پۆستانه‌ی بۆ دژایه‌تی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتی به‌كار ده‌هێنا.
چی وا ده‌كات پارتی ڕازی بێت گۆڕان به‌شداری له حكوومه‌ت بكات؟
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی كرداره دژه‌كانی گۆڕان بكه‌ین دژی پارتی له به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه به ململانێیه‌كی سیاسیی حزبی ده‌توانین هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌م ململانێیه هه‌رگیز نه‌گه‌یشتووه به ئاستی خیانه‌تی نیشتمانی.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ دوو ساڵی كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بینین گه‌وره‌ترین كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ئه‌وه‌یه باڵێكی ئه‌و حزبه له‌سه‌ر ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان لای داوه به ڕوونی كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تی خواستی نه‌ته‌وه‌یی كورد و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی ئێران و شیعه‌ی عێراق له هه‌رێمی كوردستاندا، هاوكات یه‌كه‌م خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشتمانی ئه‌وه‌بوو كه باڵێكی ئه‌و حزبه كه‌ركووكی له‌سه‌ر سینییه‌ك پێشكه‌شی ئێران و میلیشیاكان كرد، به‌وه‌یش ڕێی له خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گرت، ده‌زانین خیانه‌تیش دۆخێكه كه مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێ به بنبه‌ست له بێ هیواییدا، له كاتێكدا كورد له لووتكه‌ی هیوا نزیك بووه‌وه.
له دووه‌م لادانی ئه‌و باڵه خائینه‌دا، بینیمان له شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراقدا یه‌كێتی له كۆتا خوله‌كدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعییه‌كان ڕێككه‌وتن و سه‌رۆكایه‌تیی له ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی نیشتمانی كوردی هاته هه‌ڵبژاردن، هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستان و ویستیان هه‌رچی له ده‌ستی كوردیان سه‌نده‌وه له خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، به‌شێوه‌ی یاسایی پێشكه‌شی توركمان و عه‌ره‌بی كه‌ركووكی بكه‌ن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاریان پێ ره‌وا ببیننه‌وه، به‌ڵام پێكهاته‌كان له‌وان شه‌ریفتر بوون و به‌و بچووكییهیان رازی نه‌بوون. بۆیه ده‌توانین بڵێین گۆڕان ململانێكارێكی سه‌رڕاسته، به‌ڵام یه‌كێتی دۆستێكی دووڕوو و بێ متمانه‌یه.
ته‌واوی هه‌نگاوه‌كانی یه‌كێتی وامان پێ ده‌ڵێت كه پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری پێ بكات تا ئاستی پێدانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مه زه‌نگێكی توند به یه‌كێتی ده‌دات كه ئیتر ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕی بیه‌وێ له هه‌ولێر هاوبه‌ش بێت و له به‌غدا دژی ڕێككه‌وتنه‌كان بجووڵێته‌وه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه كه‌وتووه‌ته ده‌ست چه‌ند كه‌سێك و پابه‌ندی ئه‌و بڕیار و ڕێككه‌وتنانه نابن كه چه‌ندان ساڵه له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یانبووه، ئیتر ئه‌گه‌ر پارتی بڕوای پێ بكات، خوا خۆی بگرێ، بۆیه پێویسته پارتی چیتر له‌سه‌ر حیسابی ده‌نگ و قورسایی خۆی درێژه به حوكمڕانی یه‌كێتی نه‌دات، به‌ڵكو به روونی ده‌رفه‌تێكی تر به گۆڕان بدات تا وه‌ك هێزێكی سیاسی رۆڵی خۆی ببینێت و له به‌رانبه‌ریشدا گۆڕان خه‌ڵكی به ئهمهكتر و خاوه‌ن به‌هاتر بنێرێته ناو كاروباری گشتیی و حوكمڕانییه‌وه و رێ به‌خۆیان نه‌ده‌ن به میزاج هه‌رچی بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه، له‌ناوی بده‌ن.