عومه‌ر ئاواره
من ڕقم له‌و هه‌واڵه ده‌بێته‌وه كه زۆرینه‌ى میدیا كوردییه‌كان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌ن به مانشیتێكى گه‌وره و گرنگ بۆ ئه‌وه‌ى خوێنه‌رى پێ په‌یدا بكه‌ن و له سه‌ره‌وه‌یشی ده‌نووسن "به په‌له" گوایه ئه‌و په‌له‌یه هه‌واڵێكى مژده‌به‌خشه بۆ دابه‌شكردنى ئه‌و روبعه مووچه‌یه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان كه دوو مانگ جاریك هه‌ندێك پاره به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا به‌ناوی مووچه‌وه دابه‌ش ده‌كات.
پاره‌كه له مووچه ناچێت، وه‌ك ئه‌وه‌یه ده‌مكوتی فه‌رمانبه‌رانى پێ بكرێت، ئه‌گینا فه‌رمانبه‌رێك ده‌وامه‌كه‌ى به ته‌واوه‌تى له فه‌رمانگه‌كاندا ده‌باته سه‌ر چۆن روبعه مووچه‌ى پێ ڕه‌وا ده‌بینرێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى به‌ڕێوه ده‌بات، ده‌ڵێت من لایه‌نى جێبهجێكارم و ده‌سه‌ڵات لاى من نییه با ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و واز بێنێت و خۆى به‌رامبه‌ر توانج و قسه‌ى ناخۆشى شه‌قامى كوردى رانه‌گرێت.
من ئه‌وه‌م پێ سه‌یره كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن ئه‌وه‌نده بایه‌خ به‌و زانیارییه سهقهتهى وه‌زاره‌تى دارایى له‌باره‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌وه ده‌ده‌ن و گه‌وره‌ى ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یكه‌ن به چالاكییه‌ك بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته, به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌نده زانیاری‌یان له دژی بڵاوبكردایه‌ته‌وه به‌خۆیدا ده‌چووه‌وه و بیرێكى له خۆى ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به 20 رۆژ روبعه مووچه‌ى دابه‌ش نه‌كات، كه ئه‌و دیارده‌یه یاریكردنه به هه‌ستى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌گه‌ر وا نییه با ڕوونكردنه‌وه بده‌ن و تێمانبگه‌یه‌نن كێ له‌و سیسته‌مى دابه‌شكردنى مووچه‌یه به‌رپرسیاره.
له وه‌زاره‌تى دارایى ده‌پرسم ئایا خۆى به‌و سیسته‌مه رازییه هه‌یه كه مووچه‌ى پێ دابه‌ش ده‌كات؟ ئاخر ده‌بێت ئه‌وه بزانێت كه فه‌رمانبه‌ر هه‌یه هیچ كارێكى تر‌ى نییه و ته‌نیا ئه‌و مووچه‌یه سه‌رچاوه‌ی داهاتیه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش به‌و جۆره بدرێت كه له سه‌رفیتره و زه‌كات ده‌چێت، ئه‌وا فه‌رمانبه‌ر خۆى و منداڵه‌كانى له جیاتى خواردنێكى چه‌ور و به‌له‌زه‌ت نانوپیاز ده‌بێ بخۆن. كاتێكیش فه‌رمانبه‌ر حاڵى گه‌یشته ئه‌و حاڵه، ئیتر ئینتیماى بۆ وڵاته‌كه‌ى نامێنێت و بڕواى به‌و ده‌سه‌ڵاته نامێنێت كه له سایه‌یدا ژیانى كوله‌مه‌رگى ده‌گوزه‌رێنێت، ئه‌وه حه‌قیقه‌ته و نابێت كه‌سمان خۆمانى لێ ببوێرین.
سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتكردنى مووچه به راستى شتێكى داهێنه‌رانه‌ى خراپه كه له هه‌رێمێكی وه‌ك كوردستان به‌ڕێوه ده‌برێت و یه‌كه‌مجاره سیسته‌مێكى له‌مجۆره له جیهاندا كارى پێ ده‌كرێت. گریمان ئه‌م سیسته‌مه ئێستا پێویستی دۆخه‌كه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێم زاڵ بێت به‌سه‌ر باری ئابووریی خۆیدا، به‌ڵام خۆ ده‌بێت كۆتاییه‌كی بۆ دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌میش فه‌رمانبه‌ران له‌و سیسته‌مه جه‌نجاڵه ڕزگاریان ببێت.
وڵات به روبعه مووچه به‌ڕێوه نابرێت، به‌وه‌یش به‌ڕێوه نابرێت كه‌س نه‌زانێت كه‌ى كۆتایی به ته‌نگژه‌كان دێت و دووباره خۆشگوزه‌رانى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژیانی، خه‌ڵكیش به‌م سیسته‌مه كه وه‌زاره‌تى دارایى كارى پێده‌كات ناچاره له‌به‌ر دۆخی ته‌ناهیی ناوچه‌كه بێده‌نگ بێت، به‌ڵام بێده‌نگبوون ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه رازین به‌م حاڵه خراپه‌مان، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر بێ باكی وه‌زاره‌تی دارایی، هێشتا خه‌ڵك به‌رپرسیارانه تر بیر ده‌كاته‌وه و نایه‌وێ دۆخێك بێته ئاراوه ره‌نج و خه‌باتی شه‌هیدان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به فیڕۆ بڕوات، ئه‌گینا سبه‌ى ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وا ده‌بینیرێت خه‌ڵك به چ خێراییه‌ك ده‌چێت بۆ سه‌ر سه‌ندوقى ده‌نگدان، خێرایی كه‌روێشك نا، هی كیسه‌ڵ به‌كار دێنن به‌رامبه‌ر پرۆسه‌كه.