له‌وه‌ته‌ی پارتی هه‌یه، كۆدێكی نه‌كراوه‌ی هه‌یه، زۆرینه‌ی دۆست و نه‌یارانیشی بۆیان نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یش چۆن توانیویه‌تی له‌و ماوه درێژه‌ی ته‌مه‌نی حزبه‌كه‌دا، بمێنێته‌وه و باڵباڵێنی لێ نه‌كه‌وێته‌وه؟ جیا له‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كه له ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردوو تووشی هات.
ئایا پارتی حزبی بنه‌ماڵه‌یه؟ به‌ڵێ. خۆی ئه‌مه پرسیاره گرنگه‌كه نییه، ئه‌وه‌یان جه‌وهه‌رییه، جۆری مامه‌ڵه‌ی حزبه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی و پاشان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا چۆنه؟ ئایا هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ییه، ئیتر كاره‌ساته؟ وێڕای ئه‌وه‌ی حزبه نه‌یاره‌كانی پارتی وایان خستووه‌ته هزری تاكی كورده‌وه كه هه‌ر ئه‌وه‌ی حزبی بنه‌ماڵه‌یه، ئیتر هه‌موو ده‌رگه‌یه‌كی به‌سه‌ردا داده‌خرێ، به‌ڵام ئه‌مه لۆجیك نییه.
ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئاگای له هه‌واڵی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی تر بێت، له چه‌ندان وڵاتی زۆر پێشكه‌وتووش به ڕووی دیموكراتیدا ده‌بینێ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی له چوارچێوه‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌ییدا ته‌سك بوونه‌ته‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سیاسه‌تێكی لیبڕاڵی و دیموكراتی نه‌كردووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك وڵات، له‌وه‌ته‌ی هه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ی بردوون، وه‌ك به‌ریتانیا، به‌هۆی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌وه بووه‌ته سه‌قامگیرترین وڵاتی دنیا و له مێژوویدا هه‌رگیز داگیر نه‌كراوه و تاكه خاكی سه‌ر زه‌وییه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌بێ.
داهێنانی سێكوچكه‌یی له مه‌لا مسته‌فاوه
پارتی نه‌ك حزبی بنه‌ماڵه‌یه، حزبی سێكوچكه‌ی بنه‌ماڵه‌یه. ئه‌مه ئه‌و كۆدهیه كه ده‌مه‌وێ بیكه‌مه‌وه. له دوای جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردوو به سه‌رۆكایه‌تیی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال، چونكه مه‌لا مسته‌فا وه‌ك ئه‌وان ده‌یانگوت، هه‌موو بڕیارێكی له خۆیدا قۆرخ كردووه، ئیتر ئه‌و حزبه سیاسه‌تی خۆی گۆڕی، له جیاتی ئه‌وه‌ی حزبی بنه‌ماڵه و تاكه هه‌ڕه‌م و سه‌ركرده بێت، بوو به حزبی سێ سه‌ركرده‌ی ناو بنه‌ماڵه‌كه. مه‌لا مسته‌فا، ئیدریس بارزانی و مه‌سعوود بارزانی. له‌و سه‌رده‌مه دژواره‌ی به‌سه‌ر قیاده‌ی پارتیدا هات، لایه‌نی به‌رانبه‌ر وایانده‌زانی مه‌لا مسته‌فا هه‌نگاوێك به‌ره‌و ده‌رهێنانی حزبه‌كه‌ی له بنه‌ماڵه‌وه بۆ سیسته‌مێكی تر ده‌گۆڕێ، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه كه دوو كوڕی خۆی خسته پێشه‌وه، به سه‌ره‌تای شكستێكی گه‌وره له قه‌ڵه‌میان دا.
ئه‌وه‌ی كرۆكه لێره‌دا، ئایا ده‌كرێ ستایشی كارێكی ئاوا بكرێ كه زۆربه‌ی بڕیاری حزب، ته‌نیا له سه‌رۆكێك و دوو كوڕه‌كه‌یه‌وه بێنه ده‌ر؟ نالۆجیكه، بێین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئه‌ندامانی حزبه‌كه خۆیان نه‌پرسین و نه‌ڕوانین، هه‌روه‌ها ته‌ماشای ئه‌نجامی ئه‌م ئه‌زموونه نه‌كه‌ین و له دووره‌وه به ڕووكه‌ش، تۆمه‌تی بخه‌ینه سه‌ر. وه‌ڵامیش ئه‌وه‌یه، هه‌رچه‌ندی ڕكابه‌رانی پارتی ئه‌م جۆره سیسته‌مه سێكوچكهیییه بنه‌ماڵه‌ییه به دیارده‌یه‌كی دزێو پێشانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، كه‌چی ئه‌ندامانی حزبه‌كه، بگره زۆریش كه‌یفیان به‌و سیسته‌مه دێت و هه‌رگیز بۆیان نه‌بووه به گرفتێك و وه‌ك پلانێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ دروستنه‌بوونی باڵباڵێن له ناو جه‌مسه‌ره‌كانی حزبدا ده‌یبینین و سه‌قامگیری له ناو حزبه‌كه‌دا دروست كردووه. ئه‌نجامه مێژووه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئێسته ده‌یبینین، حزبه‌كه هێشتا له یه‌كه‌میدایه.
له‌وه‌ته‌ی سیسته‌می حزبایه‌تی له دنیادا دروست بووه، هیچ حزبێك نییه له ماوه‌ی 73 ساڵی ته‌مه‌نیدا هه‌ر یه‌كه‌مین ده‌نگ و یه‌كه‌مین نوێنه‌ری خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی بێت. پارتی تاكه حزبه ئه‌و ڕیكۆرده‌ی تۆمار كردووه و ئه‌سته‌مه حزبێكی تری دنیا بتوانن بیشكێنن. ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
بۆ ئه‌و سیسته‌مه سێكوچكهییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ڕابه‌رێك به هه‌مان ئه‌ندازه، دووانه‌كه‌ی تر به‌هێز ده‌كات و جۆره ڕێكخستنێكی دروست كردووه، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان لاواز بێت، ئه‌وانیش وه‌ك سێپا ده‌كه‌ون، ئیتر ناچارن هه‌ریه‌كه‌یان به ئه‌ندازه‌ی به‌هێزكردنی كێرڤی خۆی، هی ئه‌وی تریش به‌هێز بكات. به‌م شێوه‌یه، باڵباڵێن له پارتیدا خۆی ده‌توێنێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێ، شتێكی سروشتییه جگه له كوچكه‌كان خۆیان، ئه‌وانه‌ی لای یه‌كێكیان كار ده‌كه‌ن، له دۆخێكی ڕكابه‌ریدا بن، به‌ڵام ئه‌وه كاریگه‌ری نه‌خستووه‌ته سه‌ر خۆیان. نموونه‌ی كۆمه‌ڵێ یانه‌ی وه‌رزشییه، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێ خۆی پله یه‌ك بێت، له كۆتادا هه‌موویان له خزمه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یانن.
دروستكردنه‌وه‌ی سێكوچكه
دوای وه‌فاتی مه‌لا مسته‌فا و شه‌هیدبوونی ئیدریس بارزانی، به‌رپرسیارێتیی ئه‌و حزبه به ته‌واوی ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی. ئه‌م به‌و ته‌مه‌نه‌وه، له نێوان ئه‌وه‌دا بوو خه‌ڵكێكی به ئه‌زموون و شاره‌زا ببات بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری بن له به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌كه‌یدا، یان به ته‌نیا كاره‌كان بكات. یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد و هه‌موو نزیكه‌كانی باوكی له خۆی نزیك كرده‌وه. به‌ڵام چاویشی له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی سیسته‌می سێكوچكهییه و چاوه‌ڕێیه. له‌م ماوه‌ی چاوهڕێیهیدا، خه‌ریكی په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و برازایهیهتی كه هێشتا باوكیشی شه‌هید نه‌كرابوو، له ژێر چاودێری ئه‌مدا بوو، ئه‌ویش نێچیرڤان بارزانییه.
نێچیرڤان بارزانی له دیمانه‌یه‌كی كۆنی گۆڤاری گوڵاندا ده‌ڵێ: "جارێكیان هه‌رسێكمان دانیشتبووین، من بووم، جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی بوو، له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو باوكم. باوكم ده‌چوو بۆ شوێنێك مامیشم بۆ شوێنێكی تر، لێی پرسیم: له‌گه‌ڵ من ده‌چی یان له‌گه‌ڵ مامت؟ گوتم: وه‌ڵا من له‌گه‌ڵ مامم ده‌چم. ئینجا رووی له سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی كرد و فه‌رمووی: برام ئه‌وه ناوی منی له‌سه‌ره به سیفه‌تی باوك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببێته هه‌ڵبژاردن له نێوان من و تۆدا، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه پێت ده‌ڵێم تۆ هه‌ڵده‌بژێرێ نه‌ك من. پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ مسعوود بارزانی نه‌ك به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی مامه، به‌ڵكو وه‌ك شه‌خسیش، جارێ وه‌ك مرۆڤ زۆر خۆشم ویستووه، دووه‌م وه‌ك سه‌ركرده قه‌ناعه‌تم به بۆچوونه‌كانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه هه‌بووه كه له‌ژێر ئاڵا و سێبه‌ری ئه‌ودا بتوانم كار بكه‌م، وه‌ك مامیش له رووی سۆز و خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌توانم بڵێم به زیاده‌وه ئه‌و بۆشاییه‌ی پڕ كردووه‌ته‌وه كه باوكم به‌جێی هێشتبوو، بۆیه پێوه‌ندی من له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له سێ لاوه خۆی ده‌بینێته‌وه: پێوه‌ندی مام و برازایه، پێوه‌ندی سه‌ركرده‌یه‌كه له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه باوه‌ڕی به‌م سه‌ركرده‌یه هه‌یه، وه‌ك مرۆڤیش خۆشم ده‌وێ."
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، بارزانی به ته‌واوی نێچیرڤان بارزانی ده‌خاته كایه‌ی سیاسه‌ت و بڕیاردان و ئیتر دوو له سێكوچكه وه‌ك نه‌ریتی بۆماوه‌یی مه‌لا مسته‌فا ته‌واو ده‌بێ و سێیه‌م ده‌مێنێته‌وه. بارزانی ده‌زانێ نێچیرڤانی برازای كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ره‌وه‌یه، بۆ كه‌سێك ده‌گه‌ڕێ كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئیدریس بارزانیی كاكی هه‌بێ، توند له بڕیاردان و حه‌دی. زۆر له بنه‌ماڵه‌كه‌ی و كه‌سانی تری ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یش كه شاره‌زای ئه‌وانن، پێی ده‌ڵێن، مه‌سروور بارزانی كوڕی گه‌وره‌ی خۆت، به‌شێكی زۆری له خاسیه‌ته‌كانی كاك ئیدریس و ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مه‌لا مسته‌فای هه‌ڵگرتووه. بارزانی كاتێك له‌مه دڵنیا ده‌بێته‌وه، ئیتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێ توانیویه‌تی سێكوچكه‌كه‌ی له سه‌رده‌می باوكی، نهێنی مانه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی بوو، ته‌واو بووه و بۆ ده‌یان ساڵی داهاتوو پته‌ویی ناو ماڵی حزب مسۆگه‌ر ده‌كات. برازایه‌ك نزیك له خۆی و كوڕێك وه‌ك كاكی و باوكی بیر ده‌كاته‌وه.
له سه‌رده‌می مه‌لا مسته‌فادا دارایی حزب درابووه ده‌ست سه‌رۆك بارزانی و بابه‌تی ته‌ناهیش لای ئیدریس بارزانی بوو. له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا كه بابهتهكان له چوارچێوه‌ی حزبه‌وه فراوان ده‌بێت بۆ بابه‌تی ده‌وڵه‌تداری و حوكمڕانی، نێچیرڤان بارزانیی برازای كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی تێدایه، حوكمڕانی ده‌داتێ، كوڕه گه‌وره‌كه‌شی كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاكی تێدایه، بابه‌تی ته‌ناهیی ده‌داته ده‌ست.
ئێسته چی گۆڕا، بۆ حكوومه‌ت ده‌درێته مه‌سروور بارزانی؟
حزبه‌یلی ئۆپۆزیسیۆن، هه‌وڵی زۆریان دا تا بارزانی له پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لاچێت، ئه‌و سوور بوو له‌وه‌ی ئه‌مانه‌تێك هه‌یه له‌سه‌ر شانی ده‌بێ ته‌واوی بكات ئینجا به‌جێی بهێڵێ. ئه‌مانه‌تی بارزانی كه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، زۆرینه‌ی هه‌نگاوه‌كانی به ڕیفراندۆم بڕی و ئیتر كه زانی دوای ئه‌وه، هه‌نگاوه‌كانی تر ته‌نیا كاتی ماوه، نه‌ك هیچی تر، ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو.
هه‌نگاوی ڕیفراندۆم بارزانی كرده سه‌ركرده‌یه‌كی مێژوویی و تازه كه‌س ناتوانێ هه‌وڵه‌كانی ئه‌و نادیده بكات. بارزانی له‌وه دڵنیایه هه‌نگاوی ڕیفراندۆم داهاتووی كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات، وه‌ك خۆی له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی نیوزویك ده‌ڵێ: "ڕیفراندۆم ئیراده‌ی گه‌لی كوردی زیندوو كرده‌وه و داهاتووی دوای ڕیفراندۆم له ڕابردووه‌كه‌ی گه‌شتر ده‌بێ".
من له یه‌كه‌م ساڵی یادی ڕیفراندۆمه مه‌زنه‌كه‌دا، كتێبێكم له‌سه‌ر بڵاو كرده‌وه، ناونیشانهكهیم به سوودوه‌رگرتن له‌و دێڕانه‌ی پێشووی سه‌رۆك بارزانییه‌وه وه‌رگرت و ناوم لێ نا: ڕیفراندۆم، سه‌ركه‌وتنی ئیراده و پارێزه‌ری داهاتووی گه‌لێك. زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی، شیكاری و وتاری بڵاوكراوه‌ی ناو هه‌فته‌نامه‌ی "وشه"ن.
بێینه‌وه سه‌ر بابه‌ته‌كه، ئێسته قۆناغی كاركردنه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم و جێبه‌جێكردنی ئیراده‌ی گه‌لی كورد كه "به‌ڵێ" بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. ئه‌م قۆناغه پێویستی به‌وه‌یه بارزانی وه‌ك مه‌رجه‌عێك ته‌نیا له‌باره‌ی بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه كار بكات، بۆیه پێویسته كه‌سێك له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بێت، بتوانێ پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان پته‌و بكاته‌وه، تا به ته‌واوی ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و بگره به‌هێزتریش. ئه‌و كه‌سه ده‌بێ ساڵانێكی له پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیدا بڕیبێ و كه‌سێكی دیپلۆماسیی سیاسی بێت، توانای دانوستان و گفتوگۆی هه‌بێت و كه‌سێكی وه‌رگیراو بێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. به دڵنیاییه‌وه له نێچیرڤان بارزانی باشتر نادۆزێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌ركه گرانه، له‌به‌رئه‌وه ئیتر ئه‌ركی ئه‌و ده‌گۆڕێ، چونكه پێوه‌ندی كوردستان به دنیاوه پێویستی به‌وه، بۆیه خۆی و ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی، به یه‌ك ده‌نگ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵیده‌بژێرن. بیریشمان نه‌چێ له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا داوایان له نێچیرڤان بارزانی كرد، دۆخی كوردستان هێور بكاته‌وه و توانی له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌رێمه‌كه بێت.
پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌درێت به مه‌سروور بارزانی. نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێكه له سێكوچكه‌كه، به‌ڵكو دوو هۆی تری گه‌وره‌یش هه‌یه. پێویسته حكوومه‌ت له‌م قۆناغی خۆئاماده‌كردنه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، بدرێته ده‌ست كه‌سێكی توند كه ستافێكی فراوانی هه‌یه بۆ لێپێچینه‌وه و هه‌ر كه‌سێك ده‌ستی له گه‌نده‌ڵیدا گلاوه، دووری بخاته‌وه.
به‌مه جگه له هه‌وڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، پارتی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و خه‌ونه‌ی كه له چوار ساڵی داهاتوودا ده‌یه‌وێ پێی بگات، بتوانێ سه‌رووی 55 كورسیی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بهێنێ، ئه‌م خه‌ونه‌ش مه‌شرووعه و هه‌موو حزبێك ئاواتی بۆ ده‌خوازێ، وه‌ك چۆن باشترین ڕێی حوكمڕانیشه كه ده‌سه‌ڵات یه‌ك حزب به‌ڕێوه‌ی ببات و چه‌ند حزبێك چاودێری بكه‌ن.
خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌یه، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه كه‌سایه‌تیی مه‌سروور بارزانی به ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ئاشنا بكرێ، چونكه سروشتی كاری ته‌ناهیی وایه كه خه‌ڵك له دووره‌وه لێی ده‌ڕوانن و نازانن كه‌سه‌كه له حاڵه‌تی سروشتیی خۆیدا چۆنه و تێڕوانینی چییه، بۆیه پێویست بوو ئه‌و ته‌مه‌ی له‌لایه‌ن میدیای ڕكابهرهوه نیشان ده‌درێ، لاببرێ و وه‌ك كه‌سێكی ته‌واو مه‌ده‌نی له‌ناو جومگه‌كانی خه‌ڵكدا ئاوێته ببێت. ئه‌ز وه‌ك خۆم، زۆرم به‌لاوه گرنگه ئیتر كه‌سایه‌تیی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌سروور بارزانی پێشانی خه‌ڵك بدرێ. خه‌ڵكانێك كه له نزیكه‌وه ده‌یناسن پێیان گوتووم، ئه‌و كه‌سێكی مه‌ده‌نییه، وێڕای ڕژدی له جێبه‌جێكردنی بڕیار، ئه‌و كه‌سه‌یه كه ستراتیجی بیر ده‌كاته‌وه و ده‌ڕوانێ.