لەگەڵ بایکۆتم و لەگەڵیشی نیم

PM:05:17:31/10/2019 ‌
کێ هەیە خەو بەوەوە نەبینێ، کاتێک دەچێتە بازاڕی سەوزە و میوە، ئەوەی لێیەتی، هەمووی بەرهەمی جووتیاری کورد بێ و هیچ بەرهەمێکی تری لێ نەبێ! کێ هەیە دڵی بەوە خۆش نەبێ، کاتێک دەچێتە بازاڕی خواردنی وشکە: برنج، گەنم، پاقلەمەنییەکان و خواردنەکانی تر، هەمووی بەرهەمی خۆماڵی بێت! لە مارکێتەکان، زۆربەی خواردنە قوتوکراوەکان هیی کارگەکانی کوردستان بن، وەک قۆناغی یەکەم! لە قۆناغی دواتردا، شمەک و پێداویستییەکانی ماڵمان: مۆبیلیات و هەموو کەرەستە وردەکارییەکان، بەرهەمی کارگەی ناوخۆیی بن! کێ هەیە دڵی مەبە شاد نەبێ؟ ئا لەم کاتەدا ئاساییە وەک زۆربەی وڵاتانی دنیا، با ئۆتۆمبێل و بەفرگر و تەلەڤزیۆن و مۆبایلەکەمان، ئەمەریکی و ژاپۆنی و کۆری بن.

ئەمەی سەرەوە، خەونێکی ڕەوایە، بایکۆت هەبێ و نەبێ، دەبێ حکوومەت لەڕێی بایەخی زیاتر بە کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە، کاری ڕژدی لەسەر بکات، ئاخر پڕۆژەی ستراتیژی، لە دژی ئەو ناکرێ، لەپێناو خۆت دەیکەی. خاڵی دووەمیش کە زۆر بەجێیە، بایکۆتی بەرهەمی هەر وڵاتێک کە دژایەتیی کوردی هەر پارچەیەکی کوردستانی کردبێ، لە هەر کوێ بێت، کارێکی پیرۆزە. بەڵام ئایا، هەلومەرج بۆ بایکۆتی ئێستەی بۆ بەرهەمی تورکی لەبارە؟ لەکاتێکدا بەپێی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنە بازرگانییانەی لەگەڵ تورکیا هەن، دەشێ بایکۆت بکەین؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک بتوانین بدەینەوە، بەوەی ئەوەتا لە بازاڕ وەک چۆن بەرهەمی تورکی هەیە، بەرهەمی وڵاتانی تریش زۆرە و بە ئاسانی دەتوانین بەبێ ئەوەی ناچاری هیچ شتێکی ئەوان بین، پێداویستیی ڕۆژانەی خۆمان پڕ بکەینەوە.

ئەوەی ئاسان نییە، ئەم پرسیارەیانە! ئایا جێگرەوەی کاڵای تورکی کە لە ڕۆژئاوا خوێنی کوردیان ڕشتووە و دوژمنێکی سەرسەختی ئەم وڵاتەن، چییە؟ مەگەر لە زۆربەی کاڵاکاندا، ئێرانی نییە؟

ئەگەر تورکیا خوێنی ڕۆژئاوای بەهۆی خیانەتی ئەمەریکاوە ڕشتبێت، ئەی ئێران چی پێ نەکردووین؟ ئێمە دوای ڕیفراندۆم، هەنگاوەکانی سەربەخۆییمان دەنا و تەنانەت هاووڵاتیی ئەم دەڤەرە هەبوون، پاسپۆرتە عێراقییەکانیان دەسووتاند، ئێران هات، بە سوپای خۆی و میلیشیای لبنانی و میلیشیای عێراقییەوە، زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستانیان داگیر کرد، ئەوەیش کە خیانەتی کرد، زلهێزێکی وەک ئەمەریکا نەبوو، بەڵکوو باڵێکی ناخۆیی بوو! ئایا ئەمیش شایەنی بایکۆت نەبوو؟ ئەی بۆچی بۆ خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی کەرکووک و دووزخورماتوو و شنگال، کەس داوای بایکۆتی کاڵای ئێرانی نەکرد؟ گریمان سەرێ کانێ هێندەی دووزخورماتوو دەبێ، ئەی لە حەقی کەرکووک و شنگال، بۆچی هیچ هەڵوێستێکی ئاوا نەدرا؟ ئایا بەڕاست ئەم کوردەی ئێمە ئەوەندە ڕۆمانسییەتی کوردایەتییان جووڵاوە، لەبەر ئەوان بایکۆت دەکەین؟ یان بابەتەکە ئیننەیەکی تێدایە و بریتییە لە یارییەکی تری نێوان ئێران و تورکیا و وەک هەمیشە ئێمەش بەکارهاتووین و ئەو لایەنەیش کە دەستی لە خیانەتدا هەبوو لەگەڵیان، ئەوەتا بایکۆتی کاڵای تورکی بەسیاسەت دەکات و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە جارێکی تر پشتیوانییان بکات.

هیوادارم بەبێ ئیننە، هیچ هاووڵاتیەک کاڵای تورکی نەکڕێ و ئێمە پێویستیمان پێیان نەبێ و بتوانین بە بەرهەمی خۆماڵی و ئەوی تر بە بەرهەمی وڵاتانی عەرەبی و بیانی، پێداویستیی خۆمان پڕ بکەینەوە، بەڵام جیا لەوە، ئەگەر ئەم بایکۆتە وەک خەریکە یارییەک دەردەکەوێ، بۆ دەرخواردنی بەرهەمی بێ کوالیتیی ئێرانی بێت، ئەوا حاشا، داگیرکەرێک بەوی تر ناگۆڕینەوە. 

دەبێ بیریشمان نەچێ، ئەو هێزە کوردییەی لە ڕۆژئاوا لەلایەن تورکیاوە شەهید دەکران، خۆ هەرگیز نەیانگوت بۆ ئەم قۆناغە سەربەخۆیی داوا دەکەین، بەڵام ئەم هێزەی باشوور کە ئێران خاکەکەی پارچە کرد، لەبەردەم خەونی لەمێژینەی نەتەوەکەدا بوون. با هۆشیارتر بین.