كوردۆ شابان
شاری ڕۆشنبیری و كانگه‌ی ئازاديی تاك، كه‌وتووه‌ته به‌رده‌ستی دوو گه‌نج كه ده‌بوو له هه‌ر شوێنێك جێیان بێته‌وه، له سلێمانی جێیان نه‌بێ، ئاخر له‌و شاره خوێنێكی زۆر و خه‌باتێكی درێژ كرا، بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كان پێوه‌ست بن به كه‌سایه‌تیی خۆیانه‌وه و هیچ كه‌سێك موقه‌ده‌س نه‌كه‌ن.
به‌لامه‌وه سه‌یره، خه‌ڵكی ئه‌و شاره گاڵته به پارتییه‌ك ده‌كه‌ن، وێنه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك له فه‌یسبووكه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه و به كۆیله‌ی ده‌زانن، خۆیان به په‌رۆشه‌وه وێنه له‌گه‌ڵ "لاهوور شێخ جه‌نگی" بگرن! من به ته‌واوی نازانم ئیشی ئه‌و به‌ڕێزه چییه، وا بزانم هه‌مان پۆستی "نه‌زهه‌ت حاڵی" هه‌یه، بیر ده‌كه‌مه‌وه ڕۆژێك ئه‌م به‌ڕێزه‌ش له هه‌ولێر، له پڕ خۆی بكات به بازاڕدا و كۆمه‌ڵێ پاسه‌وانی ده‌مامككراو بڕژێنه شه‌قام و ئه‌ویش سیناریۆیه‌ك دروست بكات، گوایه خه‌ڵك وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، كێ لێی قبووڵ ده‌كات؟ له‌و گه‌ڕێ، بڵێ "نێچیرڤان بارزانی" یان "مه‌سروور بارزانی"، وه‌ره ئه‌گه‌ر ئه‌مان خولی مه‌له‌وانی و خه‌یاتی و دووگۆڵی و چاپخانه‌ی كتێب له ژێر سه‌رپه‌رشتیی خۆیاندا بكه‌نه‌وه، چی‌یان پێ ده‌كرێ؟. ماوه‌یه‌ك "به‌ختیار عه‌لی" بۆ هه‌فته‌نامه‌ی "باس"ی ده‌نووسی، هه‌ڵایه‌كی له‌سه‌ر كرا هه‌ر مه‌پرسه، به‌ڵام "مه‌ریوان وریا قانع" سێ كتێبی نوێی به سپۆنسه‌ری كاك لاهوور له "ئه‌ندێشه" چاپ كردووه، كه‌س هیچی پێ ناڵێ.
پێم سه‌یره، میدیای سلێمانی له جیاتی ئه‌وه‌ی له نێوان ئه‌هلی و ئۆرگانی دابه‌ش بكرێن، له نێوان لاهوور و شاسوار دابه‌ش بوون. ڕۆژنامه‌نووسێكی هاوڕێم كه له ده‌زگه‌یه‌كی ئه‌و شاره كار ده‌كات بۆی گێڕامه‌وه، هه‌واڵێكیان له‌سه‌ر پشكه دزراوه‌كانی چاڤی لاند بڵاو كرده‌وه، چه‌ند خوله‌كێكی نه‌برد، به ته‌له‌فۆنێكی شاسوار عه‌بدولواحید بۆ سه‌رنووسه‌ر، هه‌واڵه‌كه سڕایه‌وه. پێش چه‌ند ڕۆژێك ڕۆژنامه‌ی "ئاوێنه"، هه‌واڵێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه له مانشێته‌كه‌ی نووسراوه: "له سلێمانی بارزانی به 25 هه‌زار و لاهوور به 75 هه‌زار دینار" كه ئیقتیباسی قسه‌ی دووكانێكی تابلۆفرۆشه له شه‌قامی مه‌وله‌وی.
كاتێك ده‌چیته ناوه‌ڕۆك، كابرا ده‌ڵێ وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لالیش هه‌ر به 25 هه‌زاره، به‌ڵام ئه‌م ده‌زگه‌یه كه خه‌فه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه سه‌رده‌مێك ئه‌هلی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌ردی ڕۆژنامه‌ی "هاوڵاتی" نه‌چێ، سه‌یر بكه خۆی تووشی چی كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوێرێ ناوی نه‌وشیروان و تاڵه‌بانی به‌و شێوه‌یه ببات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستێتی ناوی لاهوور گه‌وره بكات، ئه‌م داڕشتنه‌ی دروست كردووه. جگه له‌و ئافه‌ته، ئه‌گه‌ر ڕاست بێت و خه‌ڵكی سلێمانی شوێن وێنه‌ی لاهوور بكه‌ون، ئافاته‌كه زۆر گه‌وره‌تره، ئاخر ئێمه ده‌مانویست شوێن هیچ وێنه‌یه‌كی سه‌ركرده نه‌كه‌ون، نه‌ك كه‌سێك كه هێشتا چوار ئه‌زموونی له ژیان نه‌بینیوه. بیر بكه‌ره‌وه، بۆ نموونه ڕۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك "وشه" له هه‌ولێر هه‌واڵێك بكات: خه‌ڵكی به پاره‌ی گران وێنه‌ی مه‌سروور بارزانی یان نێچیرڤان بارزانی ده‌كڕن، تو ویژدان چی پێ ده‌كرێ؟
ئه‌مانه داكۆكی نین له هه‌ر بتپه‌رستییه‌ك ئه‌گه‌ر پارتییه‌ك یان هه‌ر حزبێكی تر بیكات، به‌ڵكو له‌وپه‌ڕی خه‌مخواردنه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی تاك. هه‌موو حزبێك پێی خۆشه سه‌ركرده‌كانی بێنه په‌رستن، به گۆڕانیشه‌وه كه "نه‌وشیروان مسته‌فا" ویستی هیچ نه‌بێ حزبه‌كه‌ی خۆی وا نه‌بێ. من باسی دووفاقه‌یی ده‌كه‌م، لۆجیك نییه، ماده‌م تۆ بڕیارت داوه ده‌بێ پارتی ڕه‌ش پیشان بده‌ی تا قافی قیامه‌ت، ئیتر هه‌موو شتێكی له خه‌ڵك بكه‌ی به دێوه‌زمه و دیكتاتۆریی و سیسته‌می تۆتالیتاری و ته‌واوی ئه‌و وشانه‌ی تر، له به‌رامبه‌ردا هێزێكی تر و خه‌ڵكێكی تر ببینی كه خراپتر ده‌نوێنن، هیچی له‌سه‌ر نه‌ڵێی!
هه‌ڵبه‌ت لێره ته‌نیا له‌سه‌ر مافه مه‌عنه‌وییه‌كانی تاك قسه‌م كردووه، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی تریان ئه‌گه‌ر له كوردستان هه‌ر دزی و تاڵانێك كرابێت، هێنده‌ی پارتی، یه‌كێتی و به‌شێكی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان كه پێشتر له‌و حزبه بوون لێی به‌رپرسن، كه‌چی هیچیان پێ ناگوترێ و ته‌نیا پارتی پێی تاوانباره. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه، ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ماده‌م بارزانی سه‌رمه‌شقێتی، ئیتر ده‌بێ به‌ویش بگوترێ "نه‌خێر له ئێستادا" كه‌سێكیش ڕابه‌رایه‌تی بكات، هه‌رچه‌ند قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ی، خۆت ده‌ڕووشێی، بۆیه هیچی له‌سه‌ر نه‌ڵێی باشتره.