كه‌وكه‌س ئه‌حمه‌د گه‌ڵاڵی
رۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ناو زۆنگاوی سه‌ركه‌وتنه وه‌همییه‌كان نقوم بووه، حه‌ماسه‌تی خرۆشاوی میله‌تانی ناوچه‌كه، كورتبینی و نه‌زانین و غرووری سه‌ركرده‌كان، ئایدیای سه‌قه‌ت و فیكره‌ی نادروست و ناواقیعی و قسه بریقه‌داره بێ بنه‌ماكانی پێشه‌وا فیكری و ئایدیایییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌مانه هه‌مووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان له‌ناو گێژاوی ململانێ و پێكدادانی خوێناوی و كاولكاری نقوم كردووه كه ده‌یان ملیۆن قوربانی و كاولبوونی چه‌ندان وڵات و شاری پڕ له دانیشتوانی گرتووه‌ته‌وه.
با كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه دواوه تا میمۆری هه‌ندێك له‌و ململانێ و رووداوه خوێناوییانه ببینین كه ئێسته رووداوه‌كان كۆتایان هاتووه و ئه‌نجامه‌كه‌شی دیاره:
١-جه‌نگی عێراق –ئێران، هه‌شت ساڵی خایاند، عێراق به‌ناوی قادسیه‌ی سه‌دام گوایه به‌رگری له سه‌روه‌ری خاك و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو له دژی پاوانخوازی ئێران، كۆماری ئیسلامیش گوایه به‌رگری له سته‌ملێكراوان و مسوڵمانی شیعه ده‌كات، بێجگه له سووریا و لیبیا هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی هاوكاری عێراقیان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو كه پاره‌ی زۆریان به‌خشییه عێراق، له‌و ماوه‌یه‌ش باسی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر دوژمن راگه‌یاندنه‌كانی هه‌ردوولای پڕ كردبوو، به‌ڵام له دوای هه‌شت ساڵ، جه‌نگ راوه‌ستا هه‌ردوولا له سنووری پێشوی خۆیان و هه‌ردوو رژێمه‌كه‌یش هیچ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نه‌هات، ئه‌وه‌ی رووی دا ته‌نیا كاولكاری بوو، ته‌نیا سه‌ركه‌وتنی وه‌همی بوو.
٢- ساڵی ١٩٩٠ ئه‌و عێراقه‌ی دوێنێ به‌رگری له وڵاتانی كه‌نداو ده‌كرد، خۆی هێرشی كرده سه‌ر كوێت و داگیری كرد، رزگاركه‌ری دوێنێ بووه داگیركه‌ری ئه‌مڕۆ. ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له ئێران لێی ده‌ترسان سه‌دام كردی به زیادیشه‌وه، دوێنێ وڵاتانی كه‌نداو سه‌ركه‌وتنی عێراقیان به‌رامبه‌ر ئێران به‌سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره داده‌نا بۆ خۆیان و بۆ هه‌موو عه‌ره‌ب، كه‌چی نه‌ك سه‌ركه‌وتن نه‌بوو، به‌ڵكو شكستێكی زۆر گه‌وره بوو، ده‌رچوو سه‌ركه‌وتنه‌كه سه‌ركه‌وتنێكی وه‌همی بوو، ئیتر بیركردنه‌وه‌كان پێچه‌وانه بوونه‌وه و ئه‌وجاره هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی بوون به دوژمنی عێراق و داوایان له ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی كرد كوێت رزگار بكه‌ن و له مه‌ترسی عێراق بیانپارێزن، له‌ولایشه‌وه عێراق ته‌پڵی سه‌ركه‌وتنی لێ ده‌دا كه كوێتی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه سه‌ر نه‌خشه‌ی عێراق، به‌ڵام كاتێك ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له عێراقیان دا و كوێتیان رزگار كرد، هه‌موو سوپای عێراق و چه‌ك و جبه‌خانه و ژێرخانی عێراقیان كاول كرد، ده‌ركه‌وت ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی ئه‌م جاره‌یش بۆ عێراق سه‌ركه‌وتنێكی وه‌همی بوو .
ئیتر وڵاتانی كه‌نداو هاوكاری ئه‌مه‌ریكا بوون له دژی عێراق تا له مه‌ترسی سه‌دام بیانپارێزی و له هه‌ڕه‌شه‌ی عێراق به دوور بن، تا ٢٠٠٣ كاتێك ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی عێراقیان داگیر كرد و كۆتایان به رژێمی سه‌دام هێنا، وڵاتانی كه‌نداو ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكایان زۆر پێ خۆش بوو، چونكه وا تێگه‌یشتن ئیتر نه‌مانی حوكمڕانی سه‌دام ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی حوكمڕانییه‌كی باشتر دێته جێی و ببێت به هاوسێیه‌كی باشی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو و ئه‌مه‌ریكاش، عێراق راده‌ستی دۆستێكی وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات، چونكه ئه‌وان هاوپه‌یمانی باشی ئه‌مه‌ریكان، كه‌چی ئه‌وه‌یشیان وا ده‌رنه‌چوو، به‌ڵكو عێراق كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌كان كه هه‌م له ئایدیا و هه‌م له سیاسه‌ت دژی ئه‌وانن، عێراقیش به‌ره‌و پارچه‌بوون ده‌ڕوات و سه‌ركه‌وتنه‌كان وه‌همی بوون و ئێسته‌ش عه‌ره‌به سوننه‌كان وڵاتانی كه‌نداو له ململانێیه‌كی خوێناوی و سیاسیدان له‌گه‌ڵ ئێران و هاوپه‌یمانانی له عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن و لبنان كه پاش ماوه‌یه‌كی تر هه‌موو بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ ململانێكانیان به‌رهه‌می بۆ ئه‌وان نییه و سه‌ركه‌وتنه‌كانیش هه‌مووی كاتییه و سه‌ركه‌وتنی وه‌همین .
3- توركیا كاتێك راپه‌ڕین له سووریا ده‌ستی پێ كرد، دوایی بوو به شۆڕشی چه‌كداری، توركیا وا تێگه‌یشت ئه‌گه‌ر رژێمی ئه‌سه‌د له‌ناو بچێ، حكوومه‌تێك له سووریا حوكمڕانی ده‌كات سوننی ده‌بێت و له‌گه‌ڵ توركیا پێوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی ده‌بێ له‌ڕووی بازرگانی و ئابووری و سیاسییه‌وه، توركیا زۆر سوودمه‌ند ده‌بێ و چیتر هاوكاری په‌كه‌كه ناكرێت و كێشه‌ی په‌كه‌كه به‌ره‌و كۆتا ده‌چێ، به‌ڵام له دوای چه‌ندان ساڵ ململانێی خوێناوی لایه‌نه‌كان، ئێسته حكوومه‌تی سووریا له‌ناو نه‌چووه و په‌كه‌كه و هاوپه‌یمانانی زۆر له جاران به‌هێزتر بوون و چه‌ندان شاری سووریایان له‌ژێر ده‌ستدایه، ئه‌وه‌ی توركیا بیری لێ ده‌كرده‌وه وا ده‌رنه‌چوو، سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌كان خه‌یاڵ و وه‌هم بوون .
4-زۆربه‌ی خه‌ڵكی سووریا و عێراق (بێجگه له كورد) و میسر و لیبیا وا تێده‌گه‌یشتن ئه‌گه‌ر ئه‌و رژێمه دكتاتۆرانه له‌ناو بچن، حكوومه‌تێكی دیموكراسی مه‌ده‌نی دادپه‌روه‌ر دێته جێیان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وڵاتانی رۆژئاوا هاوكارییان ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش ده‌حه‌سێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رووی دا ته‌نیا كوشتن و كاولكاری و ئاواره‌بوون و نائارامی و برسێتی بوو له‌گه‌ڵ له‌تبوونی وڵات. ئه‌مانه هه‌مووی خه‌یاڵ و سه‌ركه‌وتنی وه‌همی بوون.
5-ئیسلامییه توندڕۆكانیش له هه‌مووان زیاتر له‌ناو وه‌همی سه‌ركه‌وتندا ده‌ژین، وه‌همی مسۆگه‌ربوونی سه‌ركه‌وتنی خودایی و خاوه‌ندارێتی هه‌موو حه‌قه‌كان و خه‌لافه‌تی ئیسلامی، وه‌همی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك كه رووبه‌رێكی زۆر فراوانی هه‌یه، زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فه‌ریقیا ده‌گرێته‌وه و بۆ ئه‌وروپاش ده‌په‌ڕێته‌وه، بێجگه له‌وه ئیسلامییه‌كان له هه‌مووان كه‌متر له سیاسه‌ت و فیكر و سیسته‌می نوێی جیهانی تێده‌گه‌ن، ئه‌مانه وای كردووه گرووپی وه‌ك داعش و قاعیده دروست بێ و جه‌نگێكی سه‌رانسه‌ری بكه‌ن و له‌پێناو سه‌ركه‌وتن، هه‌زاران گه‌نجیان كرد به قوربانی و هه‌موو رێكارێكی به‌ره‌نگارییان به‌كار هێنا. به هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیلیان به ته‌قینه‌وه‌كان كرد به قوربانی، بازاڕ و مزگه‌وت و ئاهه‌نگی هاوسه‌ریی و بۆنه‌ی پرسه‌یشی گرته‌وه. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه وه‌همییه‌ی به‌ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش به‌ده‌ستی هێنا، گه‌وره‌ترین كاولكاری و شكست بوو بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه، پاش ماوه‌یه‌كی تر ئه‌و وه‌همه به‌ته‌واوی كۆتای دێ و شكستێكی گه‌وره‌تر بۆ ناوچه‌كه تۆمار ده‌كرێ. هه‌روه‌ها ده‌بێته شكستێكی گه‌وره‌ی مێژوویی بۆ واقیعی سیاسی و عه‌قڵی و كورتبینی ئیسلامییه‌كان به گشتی .
سه‌ركه‌وتنه وه‌همییه‌كان ته‌نیا شكست و كاولكاری و كوشتاری زۆر و ئاواره‌بوون و به فیڕۆچوونی سه‌روه‌ت و سامان و دوژمنداری بێ بنه‌ما و شكاندنی یه‌كتر و دواكه‌وتن و دابڕان له كاروانی پێشكه‌وتن و له ده‌ستدانی ماف و ئازادییه‌كان، به‌رهه‌می بووه بۆ وڵات و گه‌لانی ناوچه‌كه.
ئه‌گه‌ر گه‌لانی ناوچه‌كه و بیرمه‌ند و رابه‌ره فیكری و یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان، سیاسه‌توان و سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌ت و بزووتنه‌وه و شۆڕشه‌كان، به‌خۆدا نه‌چنه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر عه‌قڵ به‌كار نه‌هێنن و بیر نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئاستی فیكری و تێڕوانین و دووربینییان به‌رز نه‌كه‌نه‌وه له‌ناو ئه‌و گێژه‌نی ململانێ و سه‌ركه‌وتنه وه‌همییانه، ده‌ربازبوون ئه‌سته‌مه.