مەریوان وریا قانع
ھەفتەیەک لەمەوپێش لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکەوە, خوێنەرانم لە وەرگێڕانی ئەم کتێبە خراپە "حهرامكردنی شۆفێری ئافرهتان" ئاگادار کردهوە و داوام لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد سكاڵا لە وەرگێڕەکەی و سپۆنسەرەکەی و چاپکەرەکەی و بڵاوکەرەوەکەی، بکەن. خۆشحاڵانە نووسینەکە کاردانەوەی گەورەی ھەبوو، بە جۆرێک ھەم وەزارەتی ئەوقافی ھێنایە سەرخهت و ھەم ڕێکخراوی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی. ھەردووکیان ھەڵوێستی ڕەخنەیی خۆیان بەرامبەر بە ناوەڕۆکی کتێبهکە نیشان دا و بە تێگەیشتنێکی ئاینی زۆر خراپ و داخراوەوە گرێیان دا.
لە دوێنێوە خاتوو بەھار مونزیر کەمپنیێکی بۆ دادگایکردنی کتێبەکە دەست پێ کردووە، لەم ڕووەوە من بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ھەم دەستخۆشیی تەواوی خۆمی لێدەکەم، ھەم بەھەموو توانایەکیشەوە پاڵپشتیی لە کارەکەی دەکەم.
ئەو خاڵەی دەمەوێت لێرهدا باسی بکەم، پرسی ئازادیی ڕا دەربڕین و گرنگیی بەرگریکردنە لە ئازادیی بیروڕا و ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە. ئەم پرهنسیپی ئازادییە لای من یەکێکە لەو پرهنسیپە گرنگانەی ناکرێت دانوستانی لەسەر بکەین و بەھەموو ھێزێک بەرگریی لێدەکەم. ھەروەھا بڕوایەکی تەواو بەھێز و قووڵم بە پاراستن و پێشخستن و گەشەپێدانیەتی.
ھاوکات باوەڕی تەواوەتیشم بەوەیە ھەموو پرۆژەیەکی دەسەڵاتگەر و دیکتاتۆریی، ھەموو دەسەڵاتدارێتییەکی نەخۆش، بە پەلاماردانی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی نووسین دەست پێ دەکات، بۆ ئەوەی لەگەش خۆیدا بە سووتاندنی کتێبدا تێبپەڕێت تا لە دوا وێستگەدا بە کوشتنی نووسەران کۆتای پێ بێت. سانسۆری ڕای جیاواز و دەنگی جیاواز و دنیابینی جیاواز، سەرەتای سانسۆرکردنێکی بەربڵاوی ھەموو ژیانە.
ئازادیی ڕادەربڕین تەنیا یەک مانای ھەیە، مانای ھەبوونی ماف بۆ گوتن و نووسین و بڵاوکردنەوەی ھەموو ئەو ڕایانەی لەگەڵ ڕای مندا ناگوجێن و پێی ناکۆکن و ھەندێکجاریش بریندارکەرن. تا ئێرە بەرگریکردن لە پرهنسیپی ئازادی نووسین و بیرکردنەوە بەرگریکردنە لە یەکێک لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگەکانی ژیانێکی پلورال بە دەیان و سەتان دەنگی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکەوە،
بەڵام ئەم کتێبە لەوە دەرچووە بتوانین بە پرهنسیپی ئازادی نووسین و ڕا دەربڕین بەرگریی لە بڵاوبوونەوەی بکەین.
ئەم کتێبە بەر لە ھەموو شتێک ناچێتە خانەی دەربڕینی ڕایەکی جیاواز و ناکۆکەوە، لە بنەڕەتیشەوە خۆی وەک ڕایەک لەپاڵ زۆر ڕای دیکەدا نمایش ناکات، بەڵکو لە یەککاتدا ھەم خۆی وەک ”ھەقیقەت"ێکی ئاینی ڕەھا نمایش دەکات و ھەم سووکایەتیەکی تەواویشە بە ئافرەتان لە کۆمەڵگادا. ئەو پرهنسیپەی کە دەکرێت زۆر بە ئاسانی بەسەر ئەم کتێبەدا پێڕهو دەبێت، پرنسیپی ”ھەڵاوێردن"ـە، بە ئینگلیزیی discrimination، ھەڵاوێردن بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگاش لەسەر بنەمای رەگەز.
بێدەنگ نەبوون لەم ھەڵاوێردنە ئەرکێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. لەپاڵ ئەمەدا ئەم جۆرە ”ھەقیقەت"ـە کە ئەم کتێبە خۆی بە ھەڵگری دەزانێت، بەشێکە لە سیستمێکی تایبەتی ”ھەقیقەت" و لە سیستمێکی سیاسیی و ئاینی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو لە ناوچەکەدا، وەک لە سعوودیەدا دەبینین، کە لەسەر سووکایەتیکردن و ھەڵاوێردنێکی سیستماتیک بەرامبەر بە ئافرەتان کار دەکات. کاری ئەم سیستمە تەنیا جیاکردنەوەیەکی بە زۆر و نائینسانی ژنانە لە پیاوان نییە، بەڵکو بە کەمزانین و کەمنرخاندنێکی کەم وێنەی ئافرەتانیشە.
بەم مانایە ئەم کتێبە نەک تەنیا ”ڕا"یەک نییە لە پاڵ کۆمەڵێک ڕای تردا کە پێویست بێت بەرگریی لە ئازادیی بوونی بکەین، بەڵکو ھەڵگری ”ھەقیقت"ێکی ڕەھایە و بەشێکە لە سیستمێکی سیاسیی و ئاینی و کۆمەڵایەتی بەرچاو لە ناوچەکەدا کە سووکایەتیکردن بە ژنان و تەماشاکردنیان وەک بوونەوەری نووقسان و بێنرخی پلە دوو و پلە سێ، لە ئاکارە سەرەکییەکانیەتی.
ھەموو ئەمانە وا دەکات من ئەم پرسه وەک مەسەلەی ڕادەربڕین نەبینم و پێم وانەبێت کە بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین لەم دۆخەدا گونجاو بێت.