په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م
توركیای هاوچه‌رخ وه‌ك ده‌وڵه‌ت، هێز، جیۆپۆڵه‌تیك و ناسنامه، به‌رهه‌می دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانه. جه‌سته‌ی ئیمپڕاتۆری عوسمانی پارچه پارچه ده‌بێت، ورد و دابه‌ش ده‌بێت و ده‌یان یه‌كه‌ی سیاسیی تازه‌ی له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هاوچه‌رخ لێ له دایك ده‌بێت.
توركیای هاوچه‌رخ له دوای ساڵی ١٩٢٣ـه‌وه له‌ڕێی ره‌گه‌زه‌كانی (نه‌ته‌وه‌گه‌رایی، سێكیۆلاریزم، گه‌لگه‌رایی، كۆماریزخوازی، ده‌وڵه‌تگه‌رایی و ریفۆرمخوازی) داڕێژراوه‌ته‌وه! فۆڕمی جووڵان و كاركردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته هاوچه‌رخه له فۆڕمی كاركردنی ئیمپڕاتۆری عوسمانی جیاواز و دژ به‌یه‌ك بوو. جیاواز به‌و مانایه‌ی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی توركیا هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌بوو به‌بێ (ئاین) جووڵه میكانیكییه‌كانی خۆی به‌رهه‌م بێنێته‌وه، پێوه‌ندیی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات، پرۆسه‌ی حوكمڕانی و دابه‌شكردنی به‌هاكان تازه بكاته‌وه، به‌ڵام ئیمپڕاتۆری عوسمانی له زیاتر له پێنج سه‌ده له ته‌مه‌ن و حوكمڕانی خۆیدا به‌هۆی ئاین و ریتۆركی ئاینی و خه‌یاڵی ئاینییه‌وه، كرده‌كانی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنا و ناسنامه و شه‌رعییه‌ت و ده‌سه‌ڵات و جیۆپۆڵه‌تیكه‌كه‌ی تازه ده‌كرده‌وه.
دووه‌م
توركیا له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان و سه‌ره‌تاكانی جه‌نگی سارده‌وه به‌هۆی پێگه جیۆپۆڵه‌تیكی و جیۆسیاسییه‌كه‌یه‌وه، ده‌بێته جێی سه‌رنج و تێڕامان له‌لایه‌ن هه‌ردوو بلۆكی سۆسیالیزم به سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو و بلۆكی سه‌رمایه‌داری به رابه‌رایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو ده‌یویست به‌هۆی پێگه جیۆسیاسییه‌كه‌ی توركیاوه سۆسیالیزم بپه‌ڕێنێته‌وه بۆ باشووری ئه‌وروپا و ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا و كه‌ناراوه‌كانی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی.
ئه‌مه‌ریكا ده‌یویست توركیا بكات به دیوار بۆ وه‌ستاندن، شكاندن و لاوازكردنی شه‌پۆله‌كانی سۆشیالیزم، ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێی پڕۆژه‌ی مارشاڵه‌وه هه‌م توركیا و هه‌میش باكور و خۆرئاوای ئه‌وروپا له هه‌ڕه‌شه‌ی سۆشیالیزم و شیوعییه‌ت و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌رباز ده‌كات.
توركیا رۆڵی دیوار و به‌ربه‌ست و كۆنكریتێكی گه‌وره ده‌بینێت له به‌رده‌م گه‌وره‌ترین ئایدۆلۆجیای سه‌ده‌ی بیسته‌م، بۆیه راستییه‌كه‌ی توركیا لێره وه‌ك هێز و بونیاد و جیۆگرافیا، بوو به رووبه‌رێكی كاریگه‌ر بۆ رێنه‌دان و به تڕانزێتبوونی چوارچێوه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ت و ره‌تكردنه‌وه‌ی داگیركردنی ئایدۆلۆجییانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئایدۆلۆجیای سۆسیالیزمه‌وه.
سێیه‌م
توركیا هه‌رسێ كیشوه‌ری ئاسیا، ئه‌وروپا و ئه‌فریقا به یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه و زیاتر وه‌ك پردی پێوه‌ندیی و سیستمی پێوه‌ندییه‌كان له نێوان ئه‌و سێ كیشوه‌ره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. توركیا هه‌م سه‌ر به دنیای خۆرهه‌ڵاته و هه‌میش خۆرئاوا. زیاتر وه‌ها ده‌بینرێت كه توركیا پێیه‌كی له خۆرهه‌ڵاته و پێیه‌كیش له خۆرئاوا.
كۆمه‌ڵگه‌ی توركی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زۆرینه مسوڵمانه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه له پاڵ مسوڵمانبوون و فره‌یی بوون و تا ئاستێك موحافیزكاربوونیشیدا، پڕه له ئایدۆلۆجیای سیاسیی جیاواز و دیدی جیاواز. توركیا چوارچێوه‌كه‌ی وه‌ك ئیسلام و خۆرهه‌ڵاتی ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام دیوی ناوه‌وه‌ی پڕه له یه‌كه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به مۆدێرنكراو، یه‌كه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی به‌مۆدێرنكراو، به‌و مانه‌یه‌ی ئه‌م خانه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ناو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی سه‌رچاوه‌ی هێز و شه‌رعییه‌ت و باڵایی و ناسنامه‌كه‌یان له ئاین و له هیچ تێكستێكی ئاسمانییه‌وه وه‌رناگرن، ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ هیچ ئاینێك به فه‌رمی له پێوه‌ندیدا نییه و به‌ناوی هیچ ئاینێكیشه‌وه جووڵه ناكات و خۆی تازه ناكاته‌وه.
ده‌وڵه‌ت و خانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركی له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكست و یاسا و نۆرمانه له پێوه‌ندیدان كه له‌ڕێی مرۆڤ و عه‌قڵانییه‌ت و كۆمه‌ڵێك چه‌مكی تری نێو مۆدێرنه‌وه به‌رهه‌م هێنراون.
چواره‌م
توركیا وه‌ك جیۆگرافیا كه‌متر ١٠% خاكه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته كیشوه‌ری ئه‌وروپاوه، زیاتر له ٩٠% خاكه‌كه‌ی به‌شێكه له كیشوه‌ری ئاسیا و خاكێكی ئاسیاوییه. به‌ڵام یه‌كێك له داواكارییه سه‌ره‌كییه‌كانی له ٣٠ ساڵی رابردوودا بریتییه له‌وه‌ی ببێت به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا.
دیاره ئه‌م پرۆسه‌یه یه‌كێكه له ئاڵۆزترین و پڕكێشه‌ترین كێشه‌كان بۆ توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌شێك له ده‌سته‌بژێرانی سیاسیی توركیا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن ناسنامه‌ی توركیا و توركبوون به ناسنامه و به‌هاكانی ناو كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كانی ئه‌وروپاوه گرێ بده‌ن، بلكێنن و تێكه‌ڵ بكه‌ن. ئه‌م دیده له‌ناو توركیادا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه توركیا یه‌كه‌یه‌كی دانه‌بڕاو و جیا نه‌كراوه‌یه له ئه‌وروپا، یان توركیا وه‌ك كولتووری سیاسی، به‌های سیاسی، سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی، بازاڕ، تاكگه‌رایی و دامه‌زراوه به‌شێكه له ئه‌وروپا و ئه‌زموونی سیاسی ئه‌وروپا.
ته‌نانه‌ت بژارده ئیسلامی و موحافیزكاره‌كه‌ی توركیا به‌شێكی زۆری ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی هه‌یه و پێی وایه توركیا ده‌بێت وه‌ك جۆلانه له نێوان دنیای خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوادا بێت و بچێت و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه له پێوه‌ندی و گفتوگۆدا بێت.
به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌كته‌ره جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی توركیا وه‌ها نابینن! دیاره ئه‌وان ئه‌گه‌ر توركیا به یه‌كه‌یه‌كی مۆدێرن و جیاوازیش ببین، به‌ڵام وه‌ك بیركردنه‌وه و دامه‌زراوه و كولتوور و مێژوو به به‌شێك له ئه‌وروپای نابینن.
كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ توركیادا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و به‌های سیاسی و فه‌رهه‌نگییه، پێ ده‌چێت یه‌كێتی ئه‌وروپا ترسی له پرسی ناسنامه و ئیسلامیبوونی توركیا و بازاڕ و مۆدێلی سێكیۆلاریزمی توركیا هه‌بێت. دیاره سێكیۆلاریزم له توركیادا چ وه‌ك مێژوو، چ وه‌ك پرۆسه و شێوازی كاركردنی به سێكیۆلاریزمێكی ره‌ق و سه‌رباز و سوپا ناسراوه.
له توركیا سوپا به‌رگری له بنه‌ماكانی سێكیۆلاریزم ده‌كات وه‌ك سیستم، به‌ڵام سێكیۆلاریزم له ئه‌وروپا هه‌م بیروباوه‌ڕه و هه‌میش ئایدۆلۆجیا، لێره‌وه ترسی یه‌كێتی ئه‌وروپا ترسه له تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ سێكیۆلاریزمێكی ساخته و پڕكێشه!